دەروازە:مۆسیقا/وتاری ھەڵبژێردراو/٩

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پیانۆ ئامێرێکی بیستۆکی ژێدارە کە لە ١٧٠٠کاندا لە ئیتالیا لە لایەن بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری داھێنراوە. ئەم ئامێرە چەند چەکوشێکی تایبەتی ھەیە کە دەکێشرێت بە تەلەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ؛ چەکوشەکانیش لە ڕێگەی فشار خستنە سەر کلیلەکانی سەر پیانۆکەوە دەخرێنە جووڵە. ئەم کلیلانە لە چەند دەنگێکی سەرەکی پێکھاتوون بە پەردەی جیاواز (بەرز و نزم)؛ لەکاتی ژەنینی پیانۆدا، پیانۆژەن پەنجەکانی دەنێت بە کلیلە دیاریکراوەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ و مۆسیقا. دروستبوونی پەردە و دەنگی گڕ و بەرز بە ھۆی توندکردن و شلکردنەوەی تەلەکانەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ھێزی پیاکێشان بە کلیلەکاندا. وشەی پیانۆ کورتکراوە فۆرتپیانۆیە، کە ناوی ڕەسەنی ئامێرەکە بوو بۆ یەکەمین وەشانەکانی لە ١٧٠٠کاندا، کە فۆرتپیانۆیشی لێوە دروست بووە. لە زمانی ئیتالیدا، فۆرت و پیانۆ بە واتای «نەرم» و «بەرز» دێن، کە ئاماژەیەکە بۆ ڤۆلیومی ئامێرەکە. ژمارەیەکی زۆر لە مۆسیقییەکان بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە مەشقیان کردووە و یەکێکە لە ناسراوترین ئامێرەکان لە ڕۆژاوا. یەکەمین فۆرتپیانۆکانی ١٧٠٠کان دەنگێکی کزتریان ھەبووە بەراورد بە پیانۆکان لەمڕۆدا.

پیانۆکان بە گشتی زۆرجار بەرگێکی دارییان بەسەرەوەیە کە دەوری تەختەی دەنگ و تەلەکانی داوە بۆ پارستنیان. تەلەکانی پیانۆکە بە بەھێزی پەستانیان دەخرێتە سەر لەسەر چوارچێوەیەکی ئاسنینی قورس. کاتێک پەنجە دەنرێت بە کلیلێک یان زیاتردا لەسەر تەختەکلیلی پیانۆکە، بەو ھێزەی پەنجە نراوە بە کلیلەکاندا، وا لە چەکوشە ناوەکییەکانی پیانۆکە دەکات کە بجوڵێنەوە و لە تەلەکانی ناوی بدەن. کاتێک چەکوشەکان لە تەلەکان جیا دەبنەوە، تەلەکان ھێشتا لە لەرەلەر بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەکی دیاری کراو. دواتر، ئەم لەرینەوانە لە ڕێی پردێکەوە دەگوازرێنەوە بۆ تەختەی دەنگی ئامێرەکە، کە دەبێتە ھۆی دووھێندەکردنی دەنگەکەی و گواستنەوەی بۆ ناو ھەوا، دواتریش ھەوا دەیگوازێتەوە بۆ گوێکان. دوای ئەوەی پەستان لەسەر کلیلەکان لابرا، خامۆشکەرێک لەرەی تەلەکان دەوەستێنێت، کە دەبێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی دەنگەکە. بەھەرحاڵ، ڕێگەیەک ھەیە بۆ ڕاگرتنی خامۆشکەرەکە و ڕێپێدان بە تەلەکان بلەرنەوە، ئەویش بە بەکارھێنانی پەیدانەکان کە لە ژێر پیانۆکەدا دیاری کراون. پەیدانەکانی ڕاگرتن یارمەتی پیانۆژەنان دەدەن کە مۆسیقای وا بنووسنەوە یان بژەنن کە بە بێ ئەو پەیدانانە ژەنینیان ئەستەم بێت. بۆ نموونە: کاتێک پیانۆژەنێک پەیدانی ڕاگرتن بەکاردەبا، دەتوانێت ئەو نۆتانەی کە ژەنیوێتی بە پێی بگرێت و بە خێرایی دەستەکانی بگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆ ژەنینی ئاوازی تر بەسەر نۆتە ڕاگیراوەکاندا. بە پێچەوانەی ئۆرگنی بۆری و ھارپسیکۆردەوە، کە دوو ئامێری زۆر بەناوبانگ بوون پێش سەرھەڵدانی پیانۆ، پیانۆکان بەپێی ئەو ھێزەی خراوەتە سەر کلیلەکان ڕێگە بە کزی و بەرزی دەنگ دەدەن.
خوێندنەوەی زیاتر...