دەروازە:ئایین/وتاری ھەڵبژێردراو/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئایینی مەسیحییەت (لە وشەی عەرەبی مەسیح، بەواتای شۆراو بە ڕۆنێکی پیرۆز، بە ئینگلیزیی: Christianity، لە وشەی یۆنانی: Xριστός، Khristos، یاخود "Christ"، وێژەیییانە: "کەسێکی پاکبووەوە لە گوناح") لەکوردەواری پێیان دەڵێن (فەلە)،یەکێکە لە ئایینە ئاسمانییەکان، ئایینە ئیبراھیمییەکان و ئایینە یەکتاپەرستییەکان، رەگی وشەی مەسیحییەت لە مەسیحەوە ھاتووە، بەواتای کەسی ھەڵبژێردراو یاخود بە ئاو شۆراوە و پاکبوەوە، ئەم ناونانەش ئەگەڕێتەوە بۆ مەسیح یاخود یەشوو کە بەپێی بڕوای مەسیحییەت بێ، یەشوو کوڕی خوایە، خودای جەستەگەرە، خودای بەوەفایە و ھتد... لەو جۆرە ناونانانە؛ ئاینی مەسیحییەت لەئێستادا گەورەترین دینە و بە پلەی یەکەم دێت و بەدوای ئەویش ئاینی ئیسلامە. مێژووی درووستبوونی مەسیحییەت ئەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٢٧ ی زایین لەڕەگێکی ھاوبەش لەگەڵ ئایینی جودایزم، کە تا ئێستا شوێندەستی ئەو ئەسڵییەتە ھاوبەشییە وەک خۆی ماوەتەوە لەڕێگەی بەپیرۆزڕاگرتنی تەورات و تەناخ لەلایەن مەسیحیەوە کە ناوی دەبەن بە پەیمانی کۆن کە بەشی یەکەمی کتێبی پیرۆز پێک دێنێ لەلای مەسیحییەکان لەکاتێکدا کە پەیمانی نوێ، بەشی دووەم پێک دێنێ. مەسیحییەکان پێیان وایە کە پێشگوێیەکانی کە پێغەمبەرانی پەیمانی کۆن کردوویانە، لە یەشوودا رووی داوە، ئەمەشە ھۆی رێزگرتنییان لە تەورات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەیمانی نوێ باس لە خوێندنەکان و ئامۆژگارییەکان و ژیانی مەسیح دەکات، کە کۆی بڕواکانی مەسیحییەت پێک دێنێ.

زیاتر...