دێرک، سووریا
| دێرک، سووریا | |
|---|---|
| بە عەرەبی: المالكية | |
| ناو بە زمانی فەرمی | المالكية |
| ناونراوە لەدوای | Adnan al-Malki |
| وڵات | سووریا |
| پایتەختی | Al-Malikiyah District |
| دابەشکاریی کارگێڕی | Al-Malikeyyeh Subdistrict |
| ناوچەی کاتی | UTC+02:00، UTC+03:00 |
| پۆتانی شوێن | ٣٧°١٠′٤١″N ٤٢°٨′٢٥″E |
| دانیشتووان | ٣٩٬٠٠٠ |
| بەرزی لە ئاستی دەریا | ٥٠٠±١ مەتر |
| کۆدی تەلەفۆن | 052 |
![]() | |
دێرک یان دێریکا ھەمکۆ (بە عەرەبی: المالكية) شارێکە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا لە ڕۆژاوای کوردستان، ناوەندی ناوچەیەکی کارگێڕییە سەر بە پارێزگای حەسیچە. ئەم ناوچەیە گۆشەی باکووری ڕۆژھەڵاتی وڵات پێکدەھێنێت و شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD)ە. شارۆچکەکە نزیکەی ٢٠ کم لە ڕۆژاوای ڕووباری دیجلەوە دوورە، کە سنووری سێگۆشەی نێوان سووریا، تورکیا و عێراق دیاری دەکات. بەپێی نووسینگەی ناوەندیی ئاماری سووریا (CBS)، لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٤دا دانیشتووانی دێرک ٢٦٬٣١١ کەس بووە. سەرچاوەکانی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ھەتا ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٣٩٬٠٠٠ کەس. ئەم شارە ناوەندی کارگێڕیی «شارەدێ»یەکە کە لە ١٠٨ گوند پێکھاتووە و کۆی دانیشتووانەکەی ١٢٥٬٠٠٠ کەسە. دانیشتووانەکەی خاوەنی فرەیییەکی دیمۆگرافی و نەتەوەیین کە تایبەتمەندیی زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای حەسیچەیە. شارۆچکەکە لە کورد، ئاشووری، عەرەب و ئەرمەنییەکان پێکھاتووە.[١]
ناو
[دەستکاری]دوو تیۆری ھەن دەربارەی ناوی خۆجێییی سوریانی و کوردیی شارەکە. تیۆریی یەکەم دەڵێت شارەکە بە ناوی دێرێکی دێرین ('دێر' بە سوریانی) کە دەکەوێتە نزیکییەوە ناونراوە، لەکاتێکدا تیۆریی دووەم دەڵێت کە ناوی «دێرک» لە وشەی کوردیی «دوو ڕێک»ەوە ھاتووە. لە ساڵی ١٩٥٧دا، ناوی شارۆچکەکە گۆڕدرا بۆ «المالکیة» (مالیکییە)، بە ناوی ئەفسەرێکی سوپای سووریاوە بە ناوی عەدنان مالیکی. لە ساڵی ١٩٧٧دا، بڕیارێک دەرچوو بۆ قەدەغەکردنی ھەموو ناوە نا-عەرەبییەکانی شوێنەکان. بەو ھۆیەوە بەکارھێنانی ناوە کوردی و سوریانی-ئارامییەکان قەدەغە کران.[٢]
مێژوو
[دەستکاری]شارەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی دەشتی ھەسنان لە نێوان ھەردوو ڕووباری دیجلە و سەفان. ناوچەکە ھەتا ساڵی ١٨٤٨ لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی بۆتاندا بووە و زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھۆزی ھەسنانی کورد بوون، کە ناوی خۆیان داوە بە دەشتەکە. پێش ئەوەی ببێتە شار، گوندی دێرک لەلایەن میر بەدرخان بەگی بۆتانییەوە لە کۆتا ساڵەکانی میرنشینی بۆتاندا بە دیاری دراوە بە ھەمکۆ ھەسینی، کە سەرکردەیەکی سەربازی بوو؛ ھەر بۆیە ناوە جێگرەوەکەی شارەکە بریتییە لە: دێریکا ھەمکۆ.[٣]
دوای جەنگی جیھانیی یەکەم، فەڕەنسییەکان داوای یارمەتییان لە ھۆزی کوردیی «میللی» کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فورات ھەتا دیجلە. فەڕەنسییەکان گوندی «عەین دیوار»یان وەک ناوەندی ناوچەکە ھەڵبژارد، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٧دا ناوەندی کارگێڕییان گواستەوە بۆ دێرک؛ و لەو کاتەوە گوندەکە گەشەی کرد و بوو بە شار. ھەتا ساڵی ٢٠٠٤، دێرک پێنجەم گەورەترین شاری پارێزگای حەسیچە بووە.[٤]
شەڕی ناوخۆیی سووریا
[دەستکاری]وەک دەرەنجامی جەنگی ناوخۆی بەردەوام، دێرک لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا (AANES) دایە. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠١٢، یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) دەستیان بەسەر دێرکدا گرت، کە تەنھا ١٠ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە، ئەگەرچی ھەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە دەکرد کە شەڕ ھێشتا لە شارەکەدا بەردەوام بووە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢، ھێزەکانی حکوومەت لە شارەکە کشانەوە.[٥][٦][٧]
دەسەڵاتدارانی بە ڕێبەرایەتیی کورد دواتر «زیندانی دێرک»یان بۆ ئەندامە دەستگیرکراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە دێرک دامەزراند. لە نیسانی ٢٠١٩دا، زیندانەکە بووە شوێنی ھەوڵێکی گەورەی ھەڵاتن لەلایەن نزیکەی ٢٠٠ دەستگیرکراوی داعشەوە، لەنێویاندا چەندین جیھادیی فەڕەنسی؛ بەڵام ھەوڵەکە پووچەڵ کرایەوە و ھەندێک لە زیندانییەکان دابەشکران بەسەر ناوەندەکانی تری دەستبەسەرکردندا.[٨]
لە ئایاری ٢٠٢٠دا، ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کرد کە ڕووسیا دەستی کردووە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ لە «قەسر دیب»، گوندێک لە دەرەوەی دێرک. لە ساڵی ٢٠٢١دا، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکان بنکەیەکی پێشڕەوی لە ٣٫٨ کیلۆمەتریی باشووری شارەکە دروست کرد. بنکەکە لەلایەن ھێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و تیمێکی چالاکیی جەنگییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بەشێوەیەکی ڕۆتینی لە نزیک شارەکە بە زرێپۆشی برادلی دەورییە دەکەن.[٩][١٠]
لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢، چوار ھاووڵاتیی مەدەنی کوژران دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چەکداری تورکیا وێستگەیەکی کارەبای لە نزیک شارەکە بۆردوومان کرد.[١١]
پێشانگا
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ https://aurorareach.com/places/sy/al-malikiyah/forecast
- ↑ https://books.google.com/books/about/Out_of_Nowhere.html?hl=ar&id=c8SHCwAAQBAJ#v=onepage&q=al%20malikiyah%20Arabization%20Michael%20M.%20Gunter&f=false
- ↑ https://www.arknews.net/en/node/17907
- ↑ https://archive.assafir.com/#.UrbZIuK_guh
- ↑ https://web.archive.org/web/20120802071420/http://en.firatnews.com/index.php?rupel=article&nuceID=4957
- ↑ https://www.cnn.com/2012/07/21/world/meast/syria-unrest
- ↑ https://www.lci.fr/terrorisme/info-tf1-lci-syrie-des-cadres-djihadistes-francais-de-daech-impliques-dans-une-mutinerie-a-la-prison-kurde-de-derik-2118134.html
- ↑ https://www.syriahr.com/en/?p=166974
- ↑ https://www.kurdistan24.net/en/story/23976-Americans,-Russians-compete-for-Kurdish-support-in-northeast-Syrian-border-area
- ↑ https://www.arabnews.com/node/1810576/middle-east
- ↑ https://www.syriahr.com/en/237487/
