بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دیۆگێنێس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دیۆگێنێس فەیلەسووفێکی یۆنانیە و یەکێکە لە بنیاتدانەرانی قوتابخانەی سینیسیزم (کەلبیگەری). ناوبراو ساڵی ٤١٢ یان ٤٠٤ی پێش زایین لە شاری سینۆب کە کۆلۆنییەکی ئایۆنییە و لە کەنارەکانی دەریای ڕەشی ئەنادۆڵ لەدایکبووە و ساڵی ٣٢٣ی پێش زایین لە شاری کۆرینس کۆچی دوایی کردووە.

دیۆژن کەسایەتییەکی ئاڵۆز و سەیری ھەبووە. دەڵێن لەبەر دابەزاندنی بەھای دراو و تێکدانی دراوی ئەو شارە لە سینۆب تارێندراوە و یان لەو شارە ھەڵاتووە. ناوبراو کوڕی وەستای نەعنا (میناماستەری) سینۆب بووە و کۆمەڵە مشتومڕێک لە ئارادایە کە ئایا دیۆژن دراوی سینۆب تێکداوە یان باوکی بەرپرس بووە و یان ھەردووکیان پێکەوە دەستێوەردانیان ھەبووە. پاش بەجێھێشتنی سینۆب ڕووی لە دەتینا کردووە و لەوێ یاسا و ڕێساکانی دەتینای داوەتە بەر ڕەخنە. دیۆژن پاشان لەلایەن چەتەیەکی دەریایییەوە دەستبەسەر دەکرێت و وەک کۆیلە دەیفرۆشن و لە کۆتاییدا نیشتەجێی کۆرینس دەبێت.

ھیچ بەرھەمێکی نووسراوی دیۆژن نەماوەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوە لەسەر ژیانی ھەیە و بەتایبەت لە کتێبی ژیان و بۆچوونی فەیلەسووفە بەناوبانگەکانی دیۆژن لارتیۆس ژیانی دیۆژن و چیرۆکەکانی باس کراوە. دیۆژن ھەژاریی ستایش کردووە. زۆر جار بۆ بەدەستھێنانی بژێوی ژیانی سواڵی دەکرد و زۆر جاریش لەنێو گۆزەیەکی گەورەی سەرامیکی ناو بازاڕدا دەخەوت. ستایلی ژیان و ھەڵسوکەوتی ساکاری تایبەتی خۆی ھەبووە و ئەم ستایل و ھەڵسوکەوتەی وەک کەرستەیەکی ڕەخنەگرتن لە بەھا کۆمەڵایەتییەکان و دامودەزگاکانی کۆمەڵگای گەندەڵ و ئاڵۆزەی ئەو سەردەمە دەکار ھێناوە. بەناوبانگ بوو لەسەر ئەوەیکە بەشێوازێکی ناوازە کە لە ھیچ کەسی دیکە ناچێت دەخوا و دەخەوێ. وەک کۆسمۆپۆلیتان (جیھان وەتەن) خۆی پێناسە کردووە و وتوویە: «من شارومەندی جیھانم.»

دیۆژن ھێراکلیسی وەک ھێما و سەرمەشقی خۆی پێناسە دەکرد و پێی وابوو کە چاکە و جوانی لە کردەوەدا زیاتر خۆیان دەنوێنن تا لە تیۆری و قسەدا. لەبەر کردەوە سەیر و سەمەرە فەلسەفییەکانی بەناوبانگ بوو، بۆ نموونە ئەوەیکە لە ڕۆژدا چرایەکی ھەڵدەگرت و دەیگوت خەریکە لە «پیاوێک» دەگەڕێت (لە زمانی ئینگلیزیدا «لە پیاوێکی ڕاستبێژ دەگەڕێت» دەنووسن). ئەفلاتوونی دابووە بەر ڕەخنەوە و گێڕانەوەکانی ئەفلاتوون لە سوقراتیشی دابووە بەر پرسیار و گومان، جاروبار لە میانەی وتووێژەکاندا خواردنی دەھێنا و بەردەنگەکانی سەرقاڵ دەکرد و تووشی سەرلێشێوانی دەکردن. دیۆژن ھەروەھا لەسەر ڕووداوێکی دیکەش ناوبانگی ھەیە، گاڵتەی بە ئەسکەندەری مەزن کردووە، ھەم بە ئامادەبوونی خەڵکەوە گاڵتەی پێکردووە و ھەمیش جارێک ساڵی ٣٣٦ی پێش زایین لەبەردەم خۆیدا و ئەو کاتەی سەردانی کۆرینسی کردووە گاڵتەی بە ئەسکەندەر کردووە.

لەسەر سەرەتا و دەسپێکی ژیانی دیۆژن ھیچ زانیارییەک بەردەست نییە و تەنیا دەزانین باوکی دیۆژن ھیسێسیاسی بانکدار بووە. ڕەنگە دیۆژن ناوی خۆیشی بۆ کاروباری بانکی تۆمار کردبێ و یارمەتی باوکی دابێت.

جارێک (کە ڕێکەوت و کاتەکەی دیار نییە) ھیسێسیاس و دیۆژن چیرۆکێکیان بەسەردا دێت و لەسەر دراوی تێکدراو تووشی گێچەڵ دەبن و دیۆژن لە زێدی خۆی دوور دەخرێتەوە و ناسنامە و ھەموو سامان و دارایییەکەی دەستی بەسەردا دەگیردرێت. ئەم بەشەی چیرۆکەکە پێدەچێت لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دەرکەوتبێت: ژمارەیەکی زۆر دراوی ساختە لە سینۆب دۆزراونەتەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی قەڕنی چوارەمی پێش زایین و دراوەکانی دیکەی ئەو سەردەمە بە بەرپرسیارێتی ھیسێسیاسەوە لێدراون و ئەو دراوە ناڕەسەنانەش دەگەڕێنەوە سەر ئەو سەردەمە. لەو ماوەیەدا بڕێکی زۆر پارە و دراوی ساختە لە سینۆبدا بوونی ھەبووە. بە ئەنقەست دراوەکانیان تێکداوە تا وەک پارەی یاسایی بێ نرخ و بەھا بن. سینۆب لە قەڕنی چوارەمی پێش زاییندا ناکۆکی و موناقەشەی لەسەر بووە و لایەنگرانی ئیمپەراتۆری فارس و لایەنگرانی یۆنانییەکان بەردەوام لەسەری ناکۆکییان ھەبووە بۆیە پێدەچێت پاڵنەرێکی سیاسی لە پشت ئەو چیرۆکەوە ھەبووبێت و باسەکە پێوەندیی بە ئابووری و دارایییەوە نەبێت.

دەتینا

[دەستکاری]
دیۆژن لە گۆزەکەی خۆیدا دانیشتووە، بەرھەمی ژان لیۆن جیرۆم (١٨٦٠)
دیۆژن و گەڕان بەدوای پیاوێکی ڕاستگۆدا، دەگەڕێتەوە بۆ JHW Tischbein (1780)

چیرۆکێک دەڵێت کە دیۆژن لە دێلفی سەردانی ئۆراکڵی کردووە تا داوای ئامۆژگاری لێبکات و لەوێ پێیان وتووە کە پێویستە "دراوەکە تێکبدات". پاش ئەو شکستەی سینۆب دیۆژن گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە داواکارییەکەی ئۆراکڵ ئەوەیە کە دراوی سیاسی تێک بدات نەک دراوی ڕاستەقینە و بازرگانی. ڕۆشتە دەتینا و لەوێ بەھا و دابونەریتەکانی ژیانی دایە بەر ڕەخنە و گاڵتەی پێکردن و ئەمە بوو بە ئامانجی ژیانی. دیۆژن پێی وابوو خەڵک لەباتی ئەوەیکە لەسەر چییەتی ڕاستەقینەی شەڕ و خراپە نیگەران بن تەنیا گێڕانەوە باوەکانیان کردووەتە پێوەر و سەرچاوە و پشتیان پێدەبەستن. دیۆژن لەگەڵ کۆیلەیەک بەناوی مانیس گەیشتبووە دەتینا کە پاش ماوەیەکی کورت لێی ھەڵاتبوو. دیۆژن ئەمەی وەک نەھامەتی نەدەبینی و بە گاڵتەوە ئاوای شرۆڤە دەکرد: "ئەگەر مانیس ئەتوانێ بەبێ دیۆژن بژیت، لەبەرچی دیۆژن نەتوانێ بەبێ مانیس بژیت؟" دیۆژن گاڵتەی بە پێوەندییە زۆر قووڵەکان دەکرد. مامۆستایەک کە نەیدەتوانی ھیچێک بۆ خۆی بکات لە ڕوانگەی دیۆژنەوە سووک و بێدەسەڵات بوو. ڕاھێنان و شێوازی زاھیدانەی ئەنتیستەنیس دیۆژنی ڕاکێشا، وەک باس دەکرێت ئەو کاتەی داوای لێکردووە وەک قوتابی وەری بگرێت ئەنتیستەنیس داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێن لە کۆتاییدا "بۆ گۆچانەکەی لێیداوە". شیاوی باسە کە ئەنتیستەنیس قوتابی و خوێندکاری سوقرات بووە. دیۆژن لە وەڵامی ئەو لێدانەدا دەڵێت: "لێدە کێشە نییە، تا ئەو کاتەی پێم وابێ شتێکت بۆ وتن ھەیە ھیچ دارێک نادۆزیتەوە ھێندە ڕەق بێت کە بتوانێ منت لێ دوور بخاتەوە." دیۆژن سەرەڕای ئەوەیکە لە سەرەتاوە بەو شێوازە دڕندانە پێشوازیی لێکرابوو بوو بە خوێندکار و قوتابیی ئەنتیستەنیس. ئەوەیکە ئایا ئەو دوو کەس لە ڕاستیدا قەت یەکیان بینیوە یان نا ھێشتا ڕوون نییە؛ بەڵام ھەم لەباری ناوبانگەوە و ھەمیش لەباری ژیانی خۆپارێزانە و زاھیدانەوە پێشی مامۆستاکەی کەوت. دووربوونەوە لە چێژ و حەزە زەوینییەکانی وەک بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی ھەڵسوکەوتی ئەو سەردەمەی دەتینا پێناسە دەکرد. ئەو ھەڵویست و بۆچوونە بنەمای سووکایەتیکردنی دیۆژن بوو بەو شتانەی کە وەک گەمژەیی و خۆنواندن و دووڕوویی و خۆفریودان و ھەڵسوکەوتی دەسکرد و درۆینەی مرۆڤ ئاماژەی پێدەکردن.

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

لەسەر کۆچی دوایی دیۆژن گێڕانەوەی جۆراوجۆر ھەیە و گێڕانەوەکان یەک ناگرنەوە. ھاوچەرخەکانی خۆی باس لەوە دەکەن کە بۆ خۆی ھەناسەھەڵکێشانی ڕاگرتووە تا گیانی دەرچووە؛ چیرۆکی دیکەش ھەیە کە دەڵێت لەبەر خواردنی ئەکتۆپوسی خاو نەخۆش کەوتووە و مردووە؛ یان گێڕانەوەی دیکەش ھەیە کە دەڵێت سەگی ھار قەپی لێگرتووە و ھۆکاری مردنی دەگەڕێتەوە سەر ئەمە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێی خۆشە چۆن بنێژرێت، دیۆژن دەڵێت کە فڕێی بدەنە دەرەوەی دیوارەکانی شارەوە تا ئاژەڵە کێوییەکان جێژنێک لەسەر تەرمەکەی بگێڕن و ببمە خۆراک بۆیان. پرسیاریان لێکرد ئەم شتەت بەلاوە گران و ناخۆش نییە، لە وەڵامدا گوتی: "نا بۆ گران و قورس بێت، ئەڵبەت تا ئەو کاتەی دارێکم بۆ دابین بکەن تا بتوانم ئاژەڵەکان لە خۆم دوور بکەمەوە". کە پرسیاریان لێکرد دەی ئەو کاتەی ھۆشیاریت دادەبەزێت چۆن دەتوانی ئەو دارە دەکار بێنی، لە وەڵامدا گوتی: "کە ھۆشیاریم نەبوو، کە مردم، چیدی لەبەرچی لام گرنگ بێت چیم بەسەردا دێت؟". تەنانەت لە کۆتایییەکانیشدا دیۆژن گاڵتەی بە خەڵکی کۆرینس دەکرد کە نازانن مامەڵەی "دروست" لەگەڵ مردووەکانیش بکەن و نیگەرانییەکانیان لەسەر مردووەکان پووچ و بێ بنەمایە. کۆرینسییەکان بە یادی دیۆژنەوە پەیکەرەی ئەستوونێکی مەڕمەڕینیان دانا و سەگێکیش لە تەنیشتییەتی.

فەلسەفە

[دەستکاری]

دیۆژن لەگەڵ ئەنتیستەنیس وەک دامەزرێنەرانی سینسیزم پێناسە دەکرێن. بۆچوونەکانی دیۆژن وەک بۆچوونی زۆرێکی دیکە لە ھاوبیرەکانی دیکەی ڕەمزاوین و پێویستە ناڕاستەوخۆ پێیان بگەی. ئەگەرچی دەڵێن دە بەرگ کتێب و حەوت شانۆنامەی تراژێدیای نووسیوە بەڵام ھیچ نووسراوەیەکی لێ نەماوەتەوە. بیر و بۆچوونەکانی ئەو کۆمەڵە لە شێوازی ژیانیان جودا ناکرێتەوە بۆیە کۆی ئەو شتانەی لەسەر ناوبراو ئەوڕۆ لە بەردەستدایە دەگەڕێتەوە سەر ئەو سەرچاوە کلاسیکانەی کە بە شێوەی پەرژ و بڵاو باسیان کردووە.

زۆرێک لە وتە و چیرۆکەکان لەسەر دیۆژن ئاماژە بەوە دەکەن کە دیۆژن ھەڵسوکەوتی وەک سەگ بووە و ستایشی چاکە و تایبەتمەندییە باشەکانی سەگی کردووە. دیار نییە ئایا بەناوی سەگەوە سووکایەتی پێکراوە و ئەمەی کردووەتە چاکە و فەزیلەت یان ھەر بۆ خۆی سەرەتا سەگی کردووەتە تەوەری بیر و فەلسەفەکەی. کاتێک ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە کە لەبەرچی پێی دەڵێن سەگ، لە وەڵامدا دەڵێت: «سوپاسی ئەو کەسانەی دەکەم کە شتێکم دەدەنێ بۆ خواردن، حەپەحەپ دەکەم لەوانەی ڕەتم دەکەنەوە و بەرامبەر بە شەیتانەکانیش ددانم تیژە»

لەبەر چوار ھۆکار سینکییەکان وەک کەلبیگەر ئاماژەیان بۆ دەکرێت. یەکەم لەبەر ئەوەیکە شێوازی ژیانیان ھێندە لایان گرنگ نییە، و وەک سەگ لەبەردەم خەڵکدا دەخۆن و خۆشەویستی دەکەن و ڕووت و ڕەجاڵ لە شەقامەکاندا دەخولێنەوە و دەخەون. دووھەم ئەوەیکە سەگ ئاژەڵێکی بێشەرمە و ئەمانیش وەک سەگ شەرم لە ژیان ناکەن، ئەڵبەت ئەو بێشەرمییە واتای بێ حەیابوون نییە بەڵکوو ئەو جۆرە ژیانە پێگەی بەرزتری لە بێشەرمی ھەیە. سێھەم ئەوەیکە سەگ پاسەوانێکی باشە و ئەمانیش وەک سەگەکان پاسەوانی بنەما و بناغەکانی فەلسەفەی خۆیان دەکەن. چوارەم ئەوەیکە سەگ ئاژەڵێکی ژیر و لێزانە و دۆست و دوژمنەکانی خێرا لێک جودا دەکاتەوە و ئەمانیش وەک سەگ چاک و خراپ و یار و نەیارەکان خێرا دەناسنەوە و بۆ وەرگرتنی یاران ئامێزیان ئاوەڵایە و بەرامبەر نەیارانیش وەک سەگ لێیان دێنە جواب. ھەر بەم بۆنەوە ئەو کاتەی خەڵکی کۆرینس پەیکەرەیان بۆ ساز کرد، پەیکەرەی سەگێکیشیان لە تەنیشتی داناوە.

پاشماوە

[دەستکاری]

دەرکەوتنی فەلسەفەی سینیسیزم لە ھونەردا

[دەستکاری]

ھەم لە سەردەمی کۆندا و ھەمیش لە سەردەمی نوێدا، کەسایەتی دیۆژن تا ڕادەیەکی زۆر سەرنجی پەیکەرتاشان و شێوەکارانی ڕاکێشی خۆی کردووە. پەیکەرە کۆنەکانی دیۆژن لە مۆزەخانەکانی ڤاتیکان، لۆڤەر و کاپیتۆلدان. چاوپێکەوتن و دیداری ئەسکەندەر و دیۆژن لە کەتیبەیەکی مەڕمەڕینی کۆندا لە ئەلبانی دۆزراوەتەوە. لە تابلۆیەکی سەردیواری ڕافائێلدا کە ناوی قوتابخانەی دەتینای پایتەختە، کەسایەتییەک لە پێشەوە دانیشتووە کە نوێنەرایەتی دیۆژن دەکات.

دەروونناسی

[دەستکاری]

ناوی دیۆژن وەک ئاماژەیەک بۆ نەخۆشینێکی دەروونی دەکارھێنراوە.[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Diogenes»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥.