بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دڵ (ڕۆمان)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دڵ
سەردێڕی سەرەکیCuore
وڵاتئیتاڵیا
زمانئیتاڵی
بابەتنیشتمانپەروەری، چینی کرێکار
بڵاوبوونەوە١٨٨٦

دڵ (بە ئینگلیزی: Heart، بە ئیتالی: Cuore) ڕۆمانێکی بواری وێژەی منداڵ و ھەرزەکارانە، نووسەری ئیتاڵی ئیدمۆند دی ئەمیجی نووسیوویەتی، بووەتە سەرچاوەی زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ئەنیمێ بە ناونیشانی (گەشتەکانی مارکۆ). چیرۆکەکەی باسی ژیانی ئیتاڵییەکان دەکات لە سەدەی بیستەم.

ڕۆمانەکە بریتییە لە بیرەوەرییە تۆمارکراوەکانی ڕۆژانەی دی ئێمیجی لەکاتی قوتابخانەی (کە لە ١٩٠٨کۆچی دوایی کردووە)، دواتر لەشێوەی پەرتووک لەجیھان دەنگی دایەوە، بەتایبەت لەنێو چینی ھەرزەکار و منداڵان لە ئیتاڵیا و سەرجەم ئەورووپاوە.

پوختەی ڕۆمان

[دەستکاری]

چیرۆکەکە باس لە دۆخی گشتیی تۆرینۆ و یەکگرتنی ئیتاڵیا دەکات لە ماوەی مێژوویی نێوان ساڵی ١٨٧٨ (ساڵی تاج لەسەرنانی شا ئۆمبێرتۆی یەکەم) و ١٨٨٦ (ساڵی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە). بەدیاریکراوی، ڕووداوە باسکراوەکان لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٨٨١ تا ١٠ی تەممووزی ١٨٨٢ ڕوویانداوە. مەبەستی ئاشکرای دەقەکە فێرکردنی بەھا شارستانییەکانە بە ھاووڵاتیانی گەنج، کە بریتیین لە خۆشەویستیی نیشتمان، ڕێزگرتن لە دەسەڵاتداران و باوکان، گیانی قوربانیدان، پاڵەوانێتی، خێرخوازی، خواناسی، گوێڕایەڵی و خۆڕاگری لە بەرامبەر ناخۆشییەکاندا.

ڕۆمانەکە وەک یاداشتنامەیەک لەلایەن خوێندکارێکی قوتابخانەی سەرەتایی تۆرینۆوە، بە ناوی ئێنریکۆ بۆلینی، نووسراوە. ئەو باسی ژیان و ھاوڕێکانی دەکات لە پۆلی سێیەمدا، بەدیاریکراوی لە ساڵی خوێندنی ١٨٨١–١٨٨٢ (لە تشرینی یەکەمەوە تا تەممووز). لەگەڵ ئەمەشدا، «چیرۆکە مانگانەکان»ی مامۆستای سەرەتایی تێکەڵ کراون کە باس لە چیرۆکی جۆراوجۆر و سەرسووڕھێنەر دەکەن و ھەمیشە لەلایەن منداڵانەوە لێکدەدرێنەوە.

کتێبەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستھێنا، چونکە کارەکتەرەکانی چیرۆکەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئیتاڵیاوە ھاتوون، ئەمەش ئیلھامێکی بەھێزی بە یەکێتیی نێوان ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بەخشی، چ لە ڕووی کولتوورییەوە و چ لە ڕووی سیاسییەوە. ئەم سەرکەوتنە وای کرد نووسەر ببێتە خوێنراوەترین نووسەری ئیتاڵیا.

ئەم کتێبە گوزارشت لە منداڵانی قوتابخانەی سەرەتایی دەکات کە تەمەنیان لە نێوان ٩ بۆ ١٣ ساڵاندایە و دەتوانرێت ناوی لێبنرێت: یاداشتی ساڵێکی خوێندن کە لەلایەن خوێندکارێکی پۆلی سێیەمی سەرەتایییەوە لە قوتابخانەیەکی ئیتاڵیا نووسراوە. لە سەرەتادا بە شێوەی ئێستای چاپکراو بە ڕێکی نەنووسرابوو، بەڵکو بە دەستنووس لە تێنووسێکدا نووسرابوو. خوێندکارەکە باسی ھەموو یادەوەرییەکانی دەکات لە قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانە، پەیوەندیی لەگەڵ دایک و باوکی، و کۆتایی ساڵ. پاشان کاتێک گەورە بوو، شتی دیکەی لە یادەوەرییە باشەکانییەوە بۆ زیاد کرد.

وەرگێڕانێکی عەرەبی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەلایەن «دار المسک للنشر والتوزیع» لە میسر دەرچووە، کە لەلایەن یاسر شەڕەفەوە لەژێر ناوی «روایة القلب» (ڕۆمانی دڵ) وەرگێڕدراوە.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]