قەزای دووکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە دووکان (قەزا)ەوە ڕەوانە کراوە)
قەزای دووکان
بە عەرەبی: قضاء دوکان
بە ئینگلیزی: Dolan District
نەخشەی سەرەوە:
نەخشەی قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانیدا
(سوور)
نەخشەی خوارەوە:
نەخشەی کارگێڕی قەزای دووکان
Map
قەزای دووکان
پۆتانەکان: 35°54′35″N 45°02′25″E / 35.90979°N 45.04027°E / 35.90979; 45.04027پۆتانەکان: 35°54′35″N 45°02′25″E / 35.90979°N 45.04027°E / 35.90979; 45.04027
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ کوردستان
(ھەرێمی کوردستان)
پارێزگاسلێمانی
مەڵبەنددووکان
ژمارەی ناحیەکان٦
ژمارەی گوندەکان١٩٢
بوون بە قەزا١٩٧١
دەسەڵات
 • قایمقامسیروان سەرحەد
ڕووبەر
 • قەزا١٧٨٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٨٨ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٤٢٣ مەتر (١٬٣٨٨ پێ)
بەرزترین بەرزایی
٢٥٧٩ مەتر (٨٬٤٦١ پێ)
نزمترین بەرزایی
٤٠٣ مەتر (١٬٣٢٢ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • قەزا٨٤،٧٥٠
 • شاری
٥١٦٨٧
 • لادێیی
٣٣٠٦٣
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام(سوننە)
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٫٧٠٦[١]
بەرز · ٢ەم بۆ ١٧
ناوچەی کاتیUTC+٣ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٣ (ھاوین)
تەلەفۆن٩٦٤+
وێبگەhttp://www.slemani.gov.krd/ku/

قەزای دووکان یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق. ناوەندەکەی شارۆچکەی دووکانە.[٢] ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە ٨٤،٧٥٠ کەسە.[٣]

قەزای دووکان لە ساڵی ١٩٧١دا درووستکرا لە کەرت و گوندەکانی ناحیەی سورداش و ناحیەی چنارانی سەر بە قەزای سلێمانی. ئەم قەزایە پێکھاتووە لە شەش ناحیە:[٤]

کەوتووەتە نێوان چیاکانی ئاسۆس و کۆسرەت و شاخی گەورەی قەرەسرد، لە خۆرئاوای قەزاکەش چیای ھەیبەت سوڵتان لەگەڵ سنوری قەزای کۆیە جیایان دەکاتەوە، چیاکانی سارا و دابان ھەلاج و جاسەنە و پیرەمەگروون کەوتونەتە خۆرھەڵاتی قەزاکەوە، قەزای دووکان ھەڵکەوتووە لەسەر بەنداوی دووکان و زێی بچووک ، خاوەنی ھەردوو دەشتایی بە پیتی مەرگە و پیرەمەگروونە، بەوەش بێجگە لە سروشتە جوان و دڵڕفێنەکەی کە کردوویەتییە ناوچەیەکی گەشتیاریی، سنورێکی بەرفراوانی کشتوکاڵییش لەخۆدەگرێت.

ناو[دەستکاری]

ناوی قەزای دووکان لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە، کە ئەویش شارۆچکەی دووکانە.

چەند بۆچونێک ھەیە لەسەر ناوی دووکان کە لە چییەوە ھاتووە:

  • دەگوترێت ناوی دووکان لە (دوو+ کان)ەوە ھاتبێت کە مەبەست لێی کانی بەرد بووە.
  • بۆچوونێکی دیکە ھەیە دەڵێن لە (دوو + کانی)ەوە ھاتبێت، کە مەبەست لێی کانی ئاوە.
  • پێدەچێت ناوی دووکان لە ناوی گوندی جۆبڵاخ وەرگیرابێت، لە ڕاستیدا ناوی (جفت بلاق) بووە واتای جفت دووە و بڵاق کانییە.[٥]

جوگرافیا[دەستکاری]

قەزای دووکان ھاوسنوورە لەگەڵ؛ لە باکوورەوە قەزای ڕانیە و قەزای پشدەر، لە باشوورەوە قەزای سلێمانی و قەزای بازیان، لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای پشدەر و قەزای ماوەت و قەزای شارباژێڕ، لە ڕۆژاواوە قەزای کۆیە و قەزای چەمچەماڵ.[٦]

مێژوو[دەستکاری]

سەردەمی کۆماری[دەستکاری]

  • لە نێوان ساڵانی(١٩٦٥ - ١٩٧٧):

ھێنانە کایەی قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ناوەندەکەشی لە جێکەوتی بەنداوی دووکان، لە کەرتی (٤٧/تۆپزاوا) و ھەردوو ناحیەی سورداش و ناحیەی چناران بەستران بەم قەزایەوە بەپێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٢٤٧) لە ١٦\٦\١٩٧١دا.

نەخشەی کەرتەکانی قەزای دووکان لە ساڵی ١٩٧١دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٧٧ - ١٩٨٦)دا:
  1. دابڕاندنی ناحیەی مەرگە لە قەزای ڕانیە و لکاندنی بە قەزای دووکانەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە(٥٦) لە ٢٨\١\١٩٧٨دا.
  2. دابڕاندنی (٤) کەرت لە ناحیەی سورداش و (٧) کەرت لە ناحیەی چناران و لکاندنیان بە ناوەندی قەزای دووکانەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ ژمارە(٢٣٣) لە ساڵی ١٩٧٨دا.
  3. گواستەوەی ناوەندی ناحیەی سورداش لە گوندی سورداشەوە بۆ گوندی سوسێی سەیدان بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە(٤١٠٦)ی ساڵی ١٩٨١.
نەخشەی کەرتەکانی قەزای دووکان لە ساڵی ١٩٨١دا
  • لە نێوان ساڵانی(١٩٨٦ - ١٩٨٨)دا:

لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان دەستی کرد بە ھەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ناحیەکان، ناحیەی مەرگە بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٣٢١) لە ١١/٦/١٩٨٧دا و ھەردوو ناحیەی سورداش و ناحیەی چناران بە فەرمانی کۆماری ژمارە(٩١١) لە ١٦/١١/١٩٨٧دا ھەڵوەشێنرانەوە و ھەموو کەرتەکانیان بەسترانەوە بە ناوەندی قەزای دووکانەوە.[٩]

نەخشەی کەرتەکانی قەزای دووکان لە ساڵی ١٩٩٠دا

سەردەمی حکوومەتی ھەرێم[دەستکاری]

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩١ - ١٩٩٢)دا:

لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانیەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی ١٩٨٩ بەڕیوەدەبرا، لەبەرئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان دروست نەببوو تاوەکو لەساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان دروستکرانەوە.

  • لە ماوەی ساڵانی(١٩٩٢ - ٢٠٠٣)دا:
  1. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە(١٨) لە (٢٢ - ٩ - ١٩٩٢)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو قەزا و ناحیەیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەر لە نوێ پێکبھێنرێنەوە.[١٠]
  2. قەزای دووکان دروستبووەوە و پێکھاتبوو لە (٤) ناحیە، ناحیەی ناوەندی قەزای دووکان، ناحیەی سورداش، ناحیەی بنگرد و ناحیەی خەلەکان.
  3. لەساڵی ١٩٩٩ یەکێک لە دەسکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی خدران کراوە بە ناحیە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بەبریاری ٢٥٦ لە بەرواری ١٩٩٩/١٠/٢ ناحیەی خدران بریاری لەسەر درا کە سنوری گوندەکانی جیاکرایەوە بە ٢٣گوند بەڵام ناحیەکە لە ٢٠٠٢ دەست بەکاربوو.[١١]
  • قەزای دووکان لە ئێستادا سەر بە پارێزگای سلێمانییە و لە سەرەتای بە قەزابوونیشی ھەر سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە و یەکەم قائیمقامیش کە لە دووکان دەستبەکار بووە (جەمال ڕەمزی مەعروف) بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٧١ تا ١٩٧٤، دواتر چەندین قائیمقام و بەڕێوەبەر و فەرمانبەری تر خزمەتیان کردووە، لە ئێستادا لە سنوری قەزای دوکان (١١٩) فەرمانگەی جۆراوجۆر خزمەت بە ھاووڵاتیانی سنورەکە دەکەن، کە دابەش بوون لە ناوەندی قەزاکە و ھەر پێنج ناحیەکەدا و سەر بە پارێزگای سلێمانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.

گەشتیاری[دەستکاری]

بەھۆی بوونی زێی بچووک و بەنداوی دووکان، کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوچە جیاجیا کانی باشووری کوردستان و عێراق و دەرەوە ڕووی تێ دەکەن، ئەوەش دروستکردنی زۆر شوێنی گەشتیاریی لە خۆ دەگرێ، کە ھەلیکاری بۆ سەدان کەس لە دانیشتوانی قەزاکە دابین کردووە، ھەروەھا بووەتە ھۆی بژێوی بۆ خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان و کارمەندانی ئەو شوێنانە، کە خۆی دەبینێتەوە لە (قەشقۆڵی، بەنداوی دووکان، چەمی ڕێزان، زێوێ و دەربەندی بنگرد).[١٢]

شوێنەوار[دەستکاری]

شوێنەوارەکان لە ھەر جێگایەک بن، ئەبن بە شوێنی گەشتیاریی و سەرنجڕاکێش، ھەڵکەوتەی قەزای دووکان و ناوچەکانی سەر بەو قەزایەش، زۆر شوێنی گەشتیارییان لەخۆ گرتووە وەک ( ئەشکەوتی قزقاپان، ئەشکەوتی جاسەنە، ئەشکەوتی گەچکار و قەڵای ڕەبەنە لە شاخی پیرەمەگروون، قەڵای پاشا کوێرە)، بۆیە ئەو شوێنەوارە مێژووییانە گرنگی زیاتریان داوە بە ناوچەکە، بەھۆی سەردانیکردنی ھەزاران گەشتیار و شوێنەوارناس و مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان، کە بۆ لێکۆڵینەوەکانی خۆیان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، ھەر ئەو لێکۆڵینەوانەش وایانکردووە بزانین، کە سەدان ساڵ پێش ئێستا ژیان لەو جێگایانەدا ھەبووە.

سامانی ماسی[دەستکاری]

بەھۆی بوونی بەنداوی دووکان و زێی بچووک، گرنگیی زیاتر بە سامانی ماسی دراوە لە سنورەکەدا و بە سەدان خێزان بژێوییان لەسەر بەخێوکردن و ڕاوکردنی ماسییە، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە ماسی جۆراوجۆر کە بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ھەندێکجار بۆ باشوری عێراق و دەرەوەش دەنێردرێ، کەواتە قەزای دووکان لەڕووی سامانی ماسییەوە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ئابوریی ھەرێمی کوردستان.[١٣]

کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی[دەستکاری]

بەرز و نزمیی بان و چیا و دەشت و ئەشکەوت و بوونی سەرچاوە ئاوییەکان، سنووری قەزای دووکانی کردووە بە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی و شوێنی بە خێوکردنی ئاژەڵ، وەک بەھێزکردنی لایەنی ئابوریی و بژێوی بۆ دانیشتوانەکەی، کشتوکاڵ لەو سنورە بەو شێوەیە دابەش بووە، زۆربەی میوە و سەوزە و دانەوێڵە لە ناوچە دەشتە بە پیتەکاندا دەچێنرێ، سەبارەت بە میوەکانی وەک (ترێ، سێو، ھەڵوژە، بەڕوو، چوالە، گێوژ، سماق و... ھتد)ش لە بەرزایی و ناوچە چیاییەکاندا دەڕوێنرێن و زۆر لە شارەزایانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران بەرھەمیان دەھێنن، کە دەینێرنە بازاڕەکانەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان. لەلایەکی ترەوە لە پیشەی زۆربەی دانیشتوانی ئەو سنورەدا، بەھۆی بوونی ئەشکەوت و ئاو و لەوەڕگای زۆر، کە ئاو و ھەوایەکی گونجاوی ھەیە بۆ بەخێوکردنی (مەڕ، بزن، مانگا و گامێش)، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر ناوچەی پەلەوەری کراونەتەوە بۆ زیادکردنی بەرھەمی گۆشتی سپی بەشێوەیەکی تەندروست، زۆر کات دانیشتوانی گوندەکانی سنوری قەزای دووکان لە پاڵ کاری کشتوکاڵی، ئاژەڵدارییش دەکەن کە دوو کاری تێھەڵکێشی یەکن.[١٤]

بەنداوی دووکان[دەستکاری]

بەنداوی دووکان ساڵی ١٩٥٤ بە بڕیاری حکومەتی عێراق دەستکراوە بە دروستکردنی، ئەوەش دوای پشکنینی خاکی ناوچەکە، کە زانراوە ئەو جێگایە گونجاوە بۆ دروستکردنی بەنداو، بەھۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی ھەردوو چیای کۆسرەت و سارا، کە وەک تەنگەبەرێک ھەڵکەوتبوو، ھەروەھا ھەبوونی پانتاییەکی زۆر لە سەرووی ئەو جێگایەی کە بەنداوەکەی لێدراوە و دروستکراوە.[١٥]

بۆ کۆکردنەوەی ئاو، بەنداوی دووکان لەسەر زێی بچووک دروستکراوە بە دووری ٦٥ کیلۆمەتر و لە خۆرئاوای پارێزگای سلێمانی ھەڵکەوتووە، ئەو بەنداوە ساڵی ١٩٥٩ تەواو کراوە، بە تەواوبوونیشی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکەدا دەستی پێکردووە، کە بەرزترین ئاستی پڕبوون لەو دەریاچەیەدا (٥١١)مەترە و نزمترین ئاستیش بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا (٤٧٩)مەترە، ھەروەھا نزمترین ئاستی ئاوی دەریاچەکە، کە ناتوانرێت سەرف بکرێت (٤٦٩)مەترە، دەریاچەکە دەرچەیەکی بۆ دروستکراوە لە کاتی سەرڕێژبوون، ئاوە زیادەکە دەچێتەوە خوارەوە و (بە بێل ماوس) ناسراوە، ئەو دەریاچەیە دەیان سوودی سروشتی و مرۆیی ھەیە، لەوانەش ژینگەیەکی لەبارەی رەخساندووە بۆ ھەزاران جۆر ماسی و باڵندەی کێویی و ئاویی و ئاژەڵی تر.[١٦]

بەوتەی شارەزایان و لێکۆڵیاران، بەنداوی دووکان سوودی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی گەورەی ھەیە، لەلایەکی ترەوە سەرچاوەی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوییە، کە بەھۆی گونجاویی شوێن و بوونی ئاوی بەھێز، زۆر گرنگە بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا، وێستگەی کارەبای دووکان ڕۆڵی زۆری ھەیە لە پڕکردنەوەی پێداویستیی کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان.[١٧]

کارگێڕی[دەستکاری]

ناوەندی قەزا شارۆچکەی دووکانە. قەزای دووکان قەزایەکی پارێزگای سلێمانییە کەوتۆتە باکووری ڕۆژاوای. لەڕووی کارگێڕییەوە لە قەزای دووکان و ناحیەی ناوەندی قەزای دووکان(ناوەند) و ناحیەی سورداش و ناحیەی پیرەمەگروون و ناحیەی بنگرد و ناحیەی خدران و ناحیەی خەلەکان پێکھاتووە، لەگەڵ ١٩٢ گوند.[١٨]

ناحیەی ناوەندی قەزای دووکان[دەستکاری]

لە ١٤ گوندپێکھاتووە.

ناحیەی سورداش[دەستکاری]

لە ٣٦ گوند پێکھاتووە.

ناحیەی پیرەمەگروون[دەستکاری]

لە ٤٧ گوند پێکھاتووە:

ناحیەی بنگرد[دەستکاری]

لە ٥٥ گوند پێکھاتووە.

ناحیەی خدران[دەستکاری]

لە ٢٣ گوند پێکھاتووە.

ناحیەی خەلەکان[دەستکاری]

لە ١٧ گوند پێکھاتووە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  2. ^ یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  3. ^ پێشبینی دانیشتوان بۆ ساڵی ٢٠١٩. دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  4. ^ ‎یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی. سایتی پارێزگای سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٣.
  5. ^ ‎جەمال بابان. أصول أسماء المدن و المواقع العراقیة؛ الجزء الاول(عەرەبی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  6. ^ https://www.openstreetmap.org/#map=10/35.8501/45.0645
  7. ^ ‎مەحموود عوسمان مەعروف. بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠-٢-٢٠٢٣.
  8. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=2089&secID=5
  9. ^ شەھید مامۆستا سوھەیل خورشید عەزیز - شەماڵ. ئەتڵەسی باشووری کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 15-11-2022.
  10. ^ https://www.parliament.krd/media/6102/18.pdf
  11. ^ http://www.mdraparin.org/index.php/sharawanyakan/m3/xdran
  12. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=2089&secID=5
  13. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=2089&secID=5
  14. ^ http://slemani.gov.krd/so/newsDetail.php?newsID=2089&secID=5
  15. ^ https://archive.org/details/waterresourcesco00klio
  16. ^ https://web.archive.org/web/20110606031855/http://www.krg.org/pdf/WBPID_HydroPower.pdf
  17. ^ https://archive.org/details/encyclopediaofmo04simo
  18. ^ دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان. یەکە کارگێڕیەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان 2009 لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و ژینگە گەڕەک/گوند(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١٥-٥-٢٠٢٣.