دووڕیانەی ژووشک

دووڕیانەی ژووشک (ھەروەھا بە دووڕیانەی سووچڕ، دووڕیانەی ژیشک، یانیش دووفاقیی ژووشک ناسراوە؛ بە ئینگلیزی: Hedgehog's dilemma) مێتافۆرێکە سەبارەت بە تەحەددیاتی گەرموگوڕیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری. باس لە دۆخێک دەکات کە کۆمەڵێک ژووشک ھەوڵدەدەن لە یەکتر نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی لە کاتی کەشوھەوای سارددا گەرمیی جەستەیان ھاوبەش بکەن؛ کەچی دەبێت لە یەک نزیک نەکەونەوە، گەرنا بە دڕووە تیژەکانیان ئازاری یەکتری دەدەن. ھەرچەندە ھەموویان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ یەکتری دەخوازن، ھێشتا ناتوانن لەبەر ھۆکارێکی حەتمی بەدەستی بھێنن.
ئارتەر شۆپنھاوەر ئەم مێتافۆرەی بۆ دۆخی تاک لە کۆمەڵگەدا ھێنایە ئاراوە. سەرەڕای نیازپاکی، مرۆڤەکان ناتوانن بەبێ مەترسیی زیانگەیاندن بە یەکتری تێکەڵاو بن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی پەیوەندیی ھۆشیار و کاتی یان تاقیکاری. ژیرانەیە ھەوڵی پاراستنی خود یان کەسانی تر لە ئازار بدرێت. ڕەنگە ئەو دووفاقییە ھاندەری گۆشەگیری خۆسەپێنراو بێت.[١]
شۆپنھاوەر
[دەستکاری]
چەمکەکە لەم ڕازەیەی فەیلەسووفی ئەڵمانی شۆپنھاوەر سەرچاوەی گرتووە:[٢]
ڕۆژێکی ساردی زستان، ژمارەیەک ژووشک زۆر لە یەکتر نزیک بوونەوە تاکوو بە گەرمیی یەکتری خۆیان لە بەستن بپارێزن؛ بەڵام زۆری نەخایاند ھەستیان بە کاریگەریی دڕووەکانیان کرد لەسەر یەکتری، ئەمەش وای لێکردن دیسانەوە لێک جیاببنەوە. ئێستا کاتێک پێویستیی گەرمی جارێکی تر کۆیانی کردەوە، گرفتی دڕووەکان بە جۆرێک دووبارە بووەوە کە ژووشکەکان لە نێوان دوو ناحەزیدا دەھاوێژران، ھەتاکوو مەودایەکی گونجاویان دۆزییەوە کە یارمەتیی دان بە باشترین شێوە بەرگەی یەکتری بگرن. بەم شێوەیە پێویستیی کۆمەڵگە کە لە بۆشایی و ناخۆشیی ژیانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، پێکەوە کۆیان دەکاتەوە؛ بەڵام زۆرێک لە سیفەتە دڵنەگر و قێزەونەکانیان و کەموکوڕییە بەرگە نەگیراوەکانیان جارێکی تر لەیەکتر جیایان دەکاتەوە. ئەو مەودا پیسەی کە دواجار دەیدۆزنەوە و وایان لێدەکات بەرگەی پێکەوەبوون بگرن، ئەدەب و ڕەوشتی باشە. ھەرکەسێک پابەند نەبێت بەم شتە، لە ئینگلتەرا پێی دەوترێت 'مەودای خۆی بپارێزێت'. بەھۆی ئەوەوە، ڕاستە کە پێویستیی دوولایەنەی گەرموگوڕی تەنیا بە شێوەیەکی ناتەواو تێر دەبێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، چەقۆی دڕووەکان ھەستی پێناکرێت؛ بەڵام ھەرکەسێک ناو خۆی گەرم بێت، پێی باشترە لە کۆمەڵگە دوور بکەوێتەوە بۆ ئەوەی لە بەخشین یان وەرگرتنی کێشە و ناڕەحەتی بەدوور بێ.
- - ئارتەر شۆپنھاوەر (١٨٥١) پارێرگا و پارالیپۆمێنا[٢]
فرۆید
[دەستکاری]
دوای ئەوەی چیرۆکەکە لەلایەن زیگمۆند فرۆیدەوە دۆزرایەوە و وەرگیرا، ھاتە ناو کایەی دەروونناسییەوە. چیرۆکی شۆپنھاوەر لەلایەن فرۆیدەوە لە ژێدەری بەرھەمێکی ساڵی ١٩٢١ بە ناوی گرووپی دەروونناسی و شیکاری ئیگۆ (بە ئەڵمانی: Massenpsychologie und Ich-Analyse) ئاماژەی پێ دراوە. فرۆید لەبارەی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا لە ساڵی ١٩٠٩دا وتی: «دەچمە ئەمریکا بۆ ئەوەی چاوم بە سووچڕێکی کێوی بکەوێت و ھەندێک وانەی پێ بڵێمەوە.»
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]ئاماژەکان
[دەستکاری]- ^ Veit، Walter (٢٨ی ئازاری ٢٠٢٠). «The Hedgehog's Dilemma | Psychology Today United Kingdom». لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ ئ ا ب Schopenhauer، A. (١٨٥١). Parerga and Paralipomena: Short philosophical essays. Oxford University Press. volume II, chapter XXXI, section 396, pages 651–652. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٨٧١٨٥-٣.