دایک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە دایەەوە ڕەوانە کراوە)
دایک
تابلۆی دایک، لەلایەن ویلیلم بوگروو

دایک باوانی مێی مرۆڤە. دایک ئەو کەسەیە کە دووگیان دەبێت و منداڵی دەبێت.

دایکی بایۆلۆجی[دەستکاری]

دایکایەتیی بایۆلۆجی بۆ مرۆڤ، ھەروەک شیردەرەکانی تر، ڕوودەدات کاتێ مێیەنەیەکی دووگیان ھێلکەیەکی پیتێنراو ھەڵدەگرێت لەنێو لەشی. بە گشتی، ئاوڵەمەیەک پەرەدەسەنێت لە لە زایگۆتێکەوە، دواتریش دەبێتە کۆرپەلە. دووگیانی یان سکپڕی ڕوودەدات لە مناڵدانی ژنەوە تا ئەو کاتەی کۆرپەکە بە تەواوی پەرەدەسەنێت بۆ لەدایکبوون. لە مرۆڤەکان، ئاسایی سکپڕبوون ٩ مانگ دەخایەنێت، دوای ئەوە ژنەکە ژان دەگرێت و مناڵی دەبێت. بارەکە ھەموو کات بەم شێوەیە نییە، ھەندێک مناڵ زووتر یان درەنگتر لەدایک دەبن، یان ئەوەی ژنەکە تووشی حاڵەتی لەبارچوون دەھێت، و ماوەی دووگیانییەکەی تەواو ناکات. عادەتەن، ھەر کە کۆرپەکە لەدایکبوو، دایکەکە دەست بە بەرھەمھێنانی شیر دەکات لەڕێی کرداری شیرسازی. شیری مەمکی دایک سەرچاوەیە بۆ دژەتەنەکانی سیستەمی بەرگری و بە گشتی تاکە سەرچاوەی خۆراکە بۆ مناڵە ساواکە لە ماوەی یەکەم ساڵی تەمەنی، ئەم ماوەیە دەکرێ زیاتریش بێت.

دایکی نابایۆلۆجی[دەستکاری]

جگە لە دایکی بایۆلۆجی دەکرێت بە کەسانی تریش بوترێت دایک، بەتایبەتی بەوانەی کە ھەمان ڕۆڵی دایکێکی ئاسایی دەگێڕن لە بەخێوکردنی مناڵێک. ئاسایی دایکی نابایۆلۆجی ژنێکە کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵێکی گرتۆتەئەستۆ یان زڕدایکێکە (باوەژن) کە لەگەڵ پیاوێک مناڵدار ھاوسەرگیری کردووە. ھەڵگرتنەوە یان گرتنەئەستۆی مناڵ، بە چەندین شێوەی جیا، بە درێژاییی مێژوو ھەبووە، تەنانەت پێش شارستانییەتی مرۆڤیش. سیستەمە مۆدێرنەکانی گرتنەخۆی مناڵ لە سەدەی بیستەمەوە سەریان ھەڵدا، کە لە ڕێی کۆمەڵێک قانوون و ڕێنمایییەوە ڕێکخراوە. گرتنەخۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاسانترە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژاوا، ئەمەش وای کردووە نزیکەی نیوەی مناڵە ھەڵگیراوەکانی جیھان لە ئەمریکا بن.

بریدایک[دەستکاری]

بریدایک یان دایکی بەدیل ژنێکە کە ھەڵدەستێت بە ھەڵگرتنی مناڵێک لە مناڵدانەکەی کە گەراکەی پیتێنراوە لە ژنێکی تردا، بەھۆی ئەوەی کە ژنەکەی تر توانای مناڵبوونی نییە. بەمە دایکی بەدیل دووگیان دەبێت و منداڵێکی دەبێت لە کاتێکدا دایکی بایۆلۆجی یان ڕاستەقینەی مناڵەکە نییە. دایەکایەتیی بەدیل بووە مومکین لەگەڵ پێشچوونەکانی تەکنۆلۆژیای زاوزێ، وەک پیتاندن لەنێو شووشەدا.

ڕۆڵی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییانەی پەیوەندیدارن بە دایکایەتییەوە بەپێی کات، کولتوور، و چینە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێن. لە ڕابردوو، ڕۆڵی ژنان سنووردار بوو، ئەوان زۆرتر ئەرکی دایکایەتی و ھاوسەرێتیان بەجێ دەھێنا، و زۆرترین کاتیان لە ئاگاداربوون و ڕێکخستنی ماڵ بەسەردەبرد. لە زۆر کولتوور و کۆمەڵگە، ژنان یارمەتی لە ژنانی بەتەمەنەوە وەردەگرن، وەک دایکیان یان خەسوویان لە ڕاپەڕاندنی فرمان و کارەکانیان.
سەبارەت بە ژنان لە ھێزی کار، دایکان ناچاردەبن کە کارێک بکەن کە کاتی زۆریان لێ نەبات، زۆرینەیان ناتوانن ببنە ژنی کار، واتە ژنێک کە کاتێکی زۆر بەسەربەرێت لەپێناو پیشەکەی. بەشێکی ژنانیش ژیانیان وەک ژنی ماڵ بەسەردەبەن و کاری دەرەوەیان نییە. لە چەند دەیەی دواییدا ژمارەی ئەو باوکانەش زیادی کردووە کە لە ماڵەوە دەمێننەوە و لەبەر بێئیشی لەجیاتیی دایکی مناڵەکان چاودێریی مناڵەکان دەکەن، ڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم بابەتە بەپێی کولتوورەکان جیاوازە، لە ڕۆژاوا زۆرینەی ژنان لەپاڵ مێردەکانیان کار دەکەن، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات زۆرینەی دایکان کاری دەرەوەیان نییە و ژنی ماڵەوەن، و باوکانیش ئەرکی پەیاکردنی بژێویان لەئەستۆیە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]