داگیرکردنی ئەستەمبوڵ
| داگیرکردنی ئەستەمبوڵ | |
|---|---|
| بەشێکە لە | جەنگی جیھانیی یەکەم |
| جێ | قوستەنتینە |
| کاتی ڕوودان | ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ |
داگیرکردنی ئەستەمبوڵ کە پایتەختی خەلافەتی عوسمانی بوو، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ تا ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ لەلایەن ھێزەکانی شانشینی یەکگرتوو، فەڕەنسا، ئیتاڵیا داگیرکرا.[١] بەپێی ڕێککەوتننامەکانی ئاگربەستی موودرۆس ئەنجامدرا، کە بووە ھۆی دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانیی یەکەم. ھێزەکانی فەرەنسا بۆ یەکەمجار لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ چوونەتە ناو شارەکەوە، دواتر ھێزەکانی بەریتانیا ڕۆژی دواتر ھاتنە ناو شارەکەوە. ھێزەکانی ئیتاڵیا لە ٧ی شوباتی ١٩١٩ لە ناوچەی قەرەکۆی نیشتنەوە.[٢]
ھێزەکانی ھاوپەیمانان شارەکەیان داگیرکرد و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨دا ئیدارەیەکی سەربازییان دامەزراند، کە یەکەم داگیرکاری بوو لە دوای داگیرکردنی قوستەنتینییە لە ساڵی ١٤٥٣. داگیرکارییەکە بە دوو قۆناغدا تێپەڕی: یەکەم داگیرکاری بەپێی ئاگربەستەکە ڕوویدا و تا ١٦ی ئازاری ١٩٢٠ بەردەوام بوو. دوای ئەوە ماوەی داگیرکردنەکە بەپێی پەیماننامەی سیڤەر درێژکرایەوە، کە دواتر پەیماننامەی لۆزان لە ٢ی تەممووزی ١٩٢٣ واژووکرا. داگیرکردنی ئەم شارە و ئیزمیر لەلایەن یۆنانییەکانەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا و سەرھەڵدانی شەڕی سەربەخۆیی تورکیای کۆکردەوە. دوایین ھێزی ھاوپەیمانان لە ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ شارەکەیان بەجێھێشت و یەکەم چوونە ژوورەوەی ھێزەکانی بزووتنەوەی نیشتمانی تورکیا لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ بوو.
پێشینە
[دەستکاری]عوسمانییەکان ژمارەی دانیشتووانی ئەستەنبوڵیان لە ساڵی ١٩٢٠ لە نێوان ٨٠٠ ھەزار بۆ ١٫٢ ملیۆن کەس مەزەندە کرد، ئەمەش دوای کۆکردنەوەی ئاماری دانیشتووان لە دەزگا ئایینییە جیاوازەکان. گومان لە ژمارەکان گوزارشت لە نەبوونی ژماردنەوەی پەنابەرانی جەنگ و ناکۆکی لەسەر سنووری شارەکە دەکات. نیوە یان کەمتریان موسڵمان بوون و زۆربەی ئەوانی تریش ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی و ئۆرتۆدۆکسی ئەرمەنی و جوولەکە بوون؛ پێش جەنگ دانیشتووانێکی زۆر لە ئەورووپای ڕۆژاوا ھەبوون.[٣]
شەرعییەتی داگیرکاری
[دەستکاری]ئاگربەستی موودرۆس کە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ واژوو کرا و کۆتایی بە بەشداری عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا ھێنا، ئاماژەیە بۆ داگیرکردنی قەڵای بۆسفۆر و داردانێل. لەو ڕۆژەدا سۆمەرسێت گۆف کالتۆرپ، واژووکاری بەریتانی، ھەڵوێستی سێ لایەنەی ڕاگەیاند کە ھیچ نیازێکیان نییە حکوومەت ھەڵبوەشێننەوە یان بیخەنە ژێر داگیرکاری سەربازییەوە بە «داگیرکردنی قوستەنتینییە». ئەم بەڵێنە زارەکییە و باس نەکردن لە داگیرکردنی قوستەنتینییە لە ئاگربەستدا، واقیعی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی نەگۆڕی. دەریاوان سۆمەرسێت گۆف کالتۆرپ ھەڵوێستی بەریتانیا بەم شێوەیە وەسف دەکات کە 'ھیچ چاکەیەکی لەگەڵ ھیچ تورکێکدا نەکردووە و ھیچ ھیوایەکیان پێشکەش نەکردووە'. لایەنی عوسمانی بە ھەڵگرتنی پەیامێکی شەخسی لە کالتۆرپەوە گەڕایەوە پایتەخت، کە ئاراستەی حوسێن ڕەئوف ئۆربای بوو، کە تێیدا بەڵێنی دا، بەناوی حکوومەتی بەریتانیاوە، تەنھا ھێزەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا بەکاربھێنێت بۆ داگیرکردنی قەڵاکانی گەرووەکان. دەتوانرا ژمارەیەکی کەم لە ھێزەکانی عوسمانی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بمێننەوە وەک ھێمای سەروەری.[٤][٥][٦]
ئیدارەی سەربازی
[دەستکاری]ھاوپەیمانان چاوەڕێی واژووکردنی پەیمانی ئاشتییان نەکرد بۆ ئەوەی داوای زەوییە عوسمانییەکان بکەن. لیوایەکی فەڕەنسی لە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨ ھاتە ناو ئەستەنبوڵ، تەنھا ١٣ ڕۆژ دوای واژووکردنی ئاگربەستی موودرۆس. پاشان پێشەنگی ھێزەکانی بەریتانیا لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا چوونە ناو شارەکەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشێک لە ئەستەنبوڵیان داگیرکرد و لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ١٩١٨دا ئیدارەیەکی سەربازییان لەوێ دامەزراند.
کەتیبەیەکی ئیتاڵی کە لە ١٩ ئەفسەر و ٧٤٠ سەرباز پێکھاتبوو لە ٧ی شوباتی ١٩١٩ لە گالاتاسەرای نیشتنەوە، ڕۆژێک دواتر ٢٨٣ کارابینێری (جەندرمەی نیشتمانیی ئیتاڵیا) لەژێر سەرپەرشتی عەقید بالدوینۆ کابرینی پەیوەندییان پێوە کرد، کە ئەرکی پۆلیسی گرتە ئەستۆ.
لیژنەکە شارەکەی بەسەر ٣ ناوچەدا دابەشکرد بە ھۆکاری پەیوەست بە ئیدارەی پۆلیس: ستامبۆڵ (شارە کۆنەکە) لە ١٠ی شوباتی ١٩١٩ بە فەڕەنسییەکان و پێرا-گالاتا بە ئینگلیزەکان و کادیکۆی و ئوسکودار بە ئیتاڵییەکان سپارد. کۆمیساری باڵا دەریاوان سۆمەرسێت گۆف کالتۆرپ لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨ تا مانگی ئابی ١٩١٩ وەک ڕاوێژکاری سەربازیی لە ئەستەنبوڵ دەستنیشانکرا.[٧][٨]
کۆتایی ھاتنی داگیرکاری
[دەستکاری]دوای سەرکەوتنی ھێزەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لەدژی فەڕەنسی و یۆنانییەکان، دەستیان کرد بە ھەڕەشەکردن لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە چەناق قەڵا. ئینگلیزەکان بڕیاریان دا بەرەنگاری ھەر ھەوڵێک ببنەوە بۆ چوونە ناو ناوچەی بێلایەنی گەرووەکە. ھەروەھا فەڕەنسییەکان کەمالیان ڕازی کرد کە فەرمان بە ھێزەکانی بکات بۆ ئەوەی خۆیان لە ھەر جۆرە پێکدادانێک لە چەناق بەدوور بگرن؛ بەڵام قەیرانی چەناق قەڵا نزیک بوو ببێتە ھۆی شەڕ، بەڵام لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ بە واژووکردنی ئاگربەستی مودانیا کە کۆتایی بە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا ھێنا، ڕێگری لێکرا. خراپ مامەڵەکردنی حکوومەتی بەریتانیا لەگەڵ قەیرانەکەدا بووە ھۆی داڕمانی قەیرانەکە و دەستلەکارکێشانەوەی دەیڤید لۆید جۆرج لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢.
دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا (١٩١٩–١٩٢٢)، ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی ئەنقەرە لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ سوڵتانییەتی ھەڵوەشاندەوە و دوایین سوڵتان، محەممەدی شەشەم، لە ١٧ی تشرینی دووەمدا بە کەشتی جەنگی بەریتانی (HMS Malaya) وڵاتەکەی بەجێھێشت و لە سان ڕیمۆی ئیتاڵیا دەربەدەر بوو، لەوێش لە ١٦ی ئایاری ١٩٢٦ کۆچی دوایی کرد.
دانوستانەکان بۆ پەیمانی ئاشتی نوێ لەگەڵ تورکیا لە کۆنفرانسی لۆزان لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ دەستی پێکرد، پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣ واژوو کرا، بەپێی مەرجەکانی پەیماننامەکە، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ٢٣ی ئابی ١٩٢٣ دەستیان کرد بە چۆڵکردنی ئیستانبوڵ و لە ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ ئەرکەکەیان تەواو کرد - واتا بەریتانی و ھێزەکانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا لە یەک کاتدا ڕۆیشتن -.
ھێزەکانی تورکیای حکوومەتی ئەنقەرە بە فەرماندەیی شوکروو نایلی پاشا (فەیلەقی سێیەم) لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ بە مەراسیمێک چوونەتە ناو شارەکەوە کە بە ڕۆژی ڕزگاری ئەستەنبوڵ (بە تورکی: İstanbul'un Kurtuluşu)یادی دەکرێتەوە و ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەستەنبوڵدا بەڕێوەدەچێت. لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣دا، ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا دامەزراندنی کۆماری تورکیای بە ئەنقەرە وەک پایتەخت ڕاگەیاند و مستەفا کەمال ئەتاتورک بوو بە یەکەم سەرۆکی کۆمار.[٩][١٠][١١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «6 Ekim İstanbul'un kurtuluşu». 6 أكتوبر 2017. لە ڕەسەنەکە لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
{{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوت=(یارمەتی) - ↑ «Arma dei Carabinieri - Home - L'Arma - Oggi - Missioni all'estero - 1855 - 1935 - 1918 - 1923» (بە Italian). لە ڕەسەنەکە لە ٦ی ئایاری ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: زمانی نەناسراو (بەستەر) - ↑ Clarence Richard Johnson Constantinople To-day; Or, The Pathfinder Survey of Constantinople; a Study in Oriental Social Life, Clarence Johnson, ed. (New York: Macmillan, 1922) p. 164ff.
- ↑ Criss, Bilge, Constantinople under Allied Occupation 1918–1923, (1999) p. 1.
- ↑ Simsir BDOA, 1:6
- ↑ Yakn Tarihimiz, Vol. 2, p. 49
- ↑ https://web.archive.org/web/20220216174307/https://www.tdi.gov.tr/index.php?s=index
- ↑ Public Record Office, Foreign Office 371/4172/13694
- ↑ Psomiades, Harry J. (2000). The Eastern Question, the Last Phase: a study in Greek-Turkish diplomacy. New York: Pella. ص. 27–38. ISBN 0-918618-79-7.
- ↑ Macfie, A. L. (1979). "The Chanak affair (September–October 1922)". Balkan Studies. ج. 20 ع. 2: 309–41
- ↑ Darwin, J. G. (فبراير 1980). "The Chanak Crisis and the British Cabinet". History. ج. 65 ع. 213: 32–48. DOI:10.1111/j.1468-229X.1980.tb02082.x.