داگیرکردنی ئیزمیر
داگیرکردنی ئیزمیر | |
---|---|
![]() | |
دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ |
گۆڕدراوە لەلایەن | حکوومەتی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە |
جێگەی دەگرێتەوە | ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی |
ڕێکەوتی دەستپێکردن | ١٥ی ئایاری ١٩١٩ |
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ٩ی ئەیلوولی ١٩٢٢ |
داگیرکردنی ئیزمیر بە کۆنفرانسی ئاشتی نێونەتەوەییی کە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم لە پاریس بەڕێوەچوو بڕیاریدا، داگیرکردنی شاری ئیزمیر لە ١٥ی ئازاری ١٩١٩ لەلایەن شانشینی یۆنان دەستیپێکرد. داگیرکارییەکە بە ھاتنە ناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو شارەکە لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٢٢ کۆتایی ھات.
داگیرکارییەکە لەلایەن زلھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە مۆڵەتی پێدرا و ئاریستیدس ستارگیداس، کۆمیساری باڵای یۆنان بە فەرماندەیی دانرا. یەکێک لە ھۆکارەکانی داگیرکارییەکە نەبوونی ھیچ جۆرە پێکدادانێکی سەربازی بوو بە ھیچ جۆرێک لە نێوان شانشینی یۆنان و ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە کاتی جەنگی جیھانیی یەکەمدا و مشتومڕێکی زۆر لەنێو زلھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر ئەم پرسە سەریھەڵدا. ئامانجی سەرەکی زلھێزەکانی ھاوپەیمانان لە پێدانی مۆڵەت بە شانشینی یۆنان بۆ داگیرکردنی ئیزمیر، ھاوسەنگکردنی دەستکەوتەکانی ئیتاڵیا بوو لە خاکی ئەنادۆڵدا. ئیزمیر لەلایەن یۆنانیەکانەوە داگیرکرا و بەمجۆرە ڕێککەوتنی سانت جان دی مۆرین کە لە ٢٦ی نیسانی ١٩١٧ لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا ئەنجامدرا و بەڵێنی پێدابوو ناوچەی ئیزمیر بدرێتە ئیتاڵییەکان، جێبەجێ نەکرا. ھەروەھا ناوچەیەکی فراوان لە دەرەوەی ئیزمیر داگیرکرا، لەوانە کاھڤێ، سەلجووق، نیمچە دوورگەی چەشمە و شریتی کەنار دەریاکانی نێوان شارەکانی ئیزمیر و ئایڤالیک. دوای نیسانی ساڵی ١٩٢٠، سوپای یۆنان کە لە ئیزمیرەوە جووڵەی کرد، بەشێکی زۆری ڕۆژاوای ئەنادۆڵی کۆنترۆڵکرد، تا تریاک و کوتاھیا و ئەسکیشەھر و بورسا.