داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/نیسان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پریانکا چۆپرا (گۆکردن: [priˈjʌŋkaː ˈtʃoːpɽaː]؛ لەدایکبووی ١٨ی تەممووزی ١٩٨٢ لە جەمشێدپور، ھیندستان) خانمەکتەر، گۆرانیبێژ، بەرھەمھێنەری فیلم و نمایشکارێکی جلووبەرگی ھیندییە. لە ساڵی ٢٠٠٠، بە شاجوانی جیھان ھەڵبژێردرا. پریانکا براوەی چەندین خەڵات بووە لەنێویشاندا جارێک خەڵاتی فیلمی نیشتیمانی، و پێنج جاریش خەڵاتی فیلمفەیر ھەن. لە ساڵی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی ھیندستان خەڵاتی پادما شری پێدرا. ساڵی ٢٠١٧، گۆڤاری تایم ناوی پریانکای لە ١٠٠ کاریگەرترین کەس لە جیھان دا ھێنا، و لە ساڵی ٢٠١٨، لە گۆڤاری فۆربیس وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین ژنی جیھان ناوی ھێندرا.

یەکەم دەرکەوتنی چۆپرا لە جیھانی فیلم دا لە فیلمی تامیلی (تامیزان)ی ساڵی ٢٠٠٢ بوو. دوای ساڵێکیش واتە لە ٢٠٠٣ بۆ یەکەمین جار لە بۆلیوود بە فیلمی (پاڵەوانەکە:چیڕۆکی خۆشەویستی سیخوڕێک) دەرکەوت. بۆ یەکەمین جار وەک کەسایەتیی سەرەکی لە فیلمی (ئەنداز)ی ساڵی ٢٠٠٣ لەپاڵ ئاکشای کومار دەرکەوت. لە ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لە فیلمی ئیتراز دەرکەوت، ستایشی ڕەخنەگرانی وەرگرت. لە ساڵی ٢٠٠٦، بەشداریی لە فیلمەکانی دۆن و کڕیش کرد کە دوو پڕداھاتترینی فیلمی ئەو ساڵە بوون. لە ساڵی ٢٠٠٨، لە فیلمی فاشیۆن دەرکەوت، کە بەھۆی ئەم فیلمەوە خەڵاتی نیشتیمانیی بردەوە. پریانکا بە بەشداریکردنی لە فیلمەکانی دۆستانا، کەمینی، بارفی!، ماری کۆم و باجیراو ماستانی شوێنی خۆی لە بۆلیوود باش کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨، لە زنجیرەی ئینگلیزیی کوانتیکۆ لە کەناڵی ئەی بی سی دەرکەوت. دوای ئەم زنجیرەیش بە فیلمەکانی بای واتچ و ئزنت ئت ڕۆمانتیک لە ھۆلیوودیش دەرکەوت. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩، بە دەرکەوتنی لە فیلمی زە سکای ئز پینک گەڕایەوە بۆلیوود.

پریانکا وەک خۆبەخش و باڵیۆزی چاکەکار لە ڕێکخراوەی یوونیسێف چالاکە. پریانکا خاوەنی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلمیشە بەناوی (پێرپل پیبل پیکچەرز) کە زیاتر فیلمی ناوخۆیی بە زمانەکانی ماراتی، بۆجپووری، نیپاڵی و پەنجابی بەرھەم دەھێنێت. لە ساڵی ٢٠١٨، پریانکا چۆپرا لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەمریکی، نیک جۆناس ھاوسەرگیریی کرد.
خوێندنەوەی زیاتر...