داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/حوزەیران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
Greta Thunberg urges MEPs to show climate leadership (49618310531) (cropped).jpg

گرێتا تینتین ئەلیونوورا ئارنمان توونبەری (سویدی: [ˈɡrêːta ˈtʉ̂ːnbærj] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)؛ لەدایکبووی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣) کچە چالاکوانێکی سویدیی بواری گۆڕانی ئاووھەوایە. گرێتا لە ژمارەیەکی زۆر خۆپیشانداندا سەبارەت بە گۆڕانی ئاووھەوا بەشداریی کردووە. گرێتا کاتێک بە قسەکانی، باسەکانی گۆڕانی ئاووھەوای خستەوە بیری جیھان ناوبانگی لە جیھان پەیداکرد، ھەروەھا بەھۆی بچووکیی تەمەنی و شێوازی قسەکردنی ڕاستەوخۆ (بێ پێچ و پەنا) بەناوبانگە. گرێتا ڕەخنەی لە سەرکردە جیھانییەکان گرتووە، کە تا ئێستا ھیچ کارێکی جیدییان لەسەر بابەتی گۆڕانی ئاووھەوا نەکردووە.

چالاکییەکانی گرێتا ئەوکاتە دەستی پێکرد، کە دایک و باوکی ڕازی کرد کە بۆ کەمکردنەوە شوێنپێی کاربۆنیان ھەندێ کەرستە لە ماڵەوە بەکارنەھێنن. لە ئابی ٢٠١٨، کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵان بوو، مانگرتنی لە خوێندن ڕاگەیاند، لەبەردەم پەرلەمانی سوێد داوای کارکردنی بەھێزتری دەکرد لەمەڕ گۆڕانەکانی ئاووھەوا. بە گرتنی درووشمی «Skolstrejk för klimatet» (واتە: مانگرتن لە خوێندن بۆ ئاووھەوا)، بەزوویی قوتابیانی دیکەش لە شوێنی خۆیان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کرد. دواتر بەیەکەوە، بزووتنەوەی مانگرتنی قوتابخانەیان بۆ ئاووھەوا لەژێرناوی ('ھەینییەکان بۆ داھاتوو') ڕاگەیاند. دوای ئەوەی گرێتا بانگھێشتی کۆنفڕانسی گۆڕانی ئاووھەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ کرا، مانگرتنی خوێندکاران ھەموو ھەفتەیەک لە شوێنە جیاجیاکانی جیھان دەکرا. لە ساڵی ٢٠١٩، لە چەندین شار خۆپشاندانی گەورە ئەنجامدرا، کە ھەریەکەیان بەبەشداری زیاتر لە میلیۆنێک کەس، زۆرینەش قوتابی بوون. بۆئەوەی بە فڕۆکە گەشت نەکات، گرێتا بە پاپۆڕ چووە کۆڕبەندی کارکردن لەسەر ئاووھەوا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لەوێ لە وتارەکەیدا، گرێتا بە ڕستەی «چۆن دەوێرن؟» ڕەخنەی لە سەرکردەکان و جیھان لەبارەی کەمتەرخەمییان لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا گرت. قسەکانی توونبەری دەنگدانەوەی گەورەی میدیاییی بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەناوبانگبوونی گرێتا لەپڕێکدا، وای کرد وەک سەرکردەیەک چاوی لێ بکرێت، لە ھەمان کاتیشدا بکرێتە ئامانجی ڕەخنەگرتن. کاریگەرییەکانی گرێتا، لەلایەن دە گاردیان و ڕۆژنامەکانی دیکەوە بە «کاریگەری گرێتا» وەسفکرا. گرێتا چەند خەڵاتێکی پێدراوە لەوانە: شانازینامەی ھاوڕێیەتی لە ڕۆیال سکۆتیش جیۆگرافیکال سۆسایەتی؛ لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ ھەڵبژێردرا، کە ناوبراو بچووکترینیان بوو؛ ھەروەھا لەلایەن فۆربیسەوە، لە پێڕستی ١٠٠ بەھێزترین ژنانی ٢٠١٩ ھەڵبژێردرا. ھەروەھا بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی بۆ ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ پاڵێوراوکراوە.
خوێندنەوەی زیاتر...