داڕێژە:وھ/٢٠٢٠/ئایار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ/məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛ لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)، ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.

لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە پاڵێوراوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی ئەم خەڵاتەی وەرگرت. مەلالە بچووکترین وەرگری ئەم خەڵاتەیە. لەدوای بەدەستھێنانی خەڵاتەکە، چالاکییەکانی مەلالە بۆ ئاستی جیھان پەلی ھاوێشت. بە قسەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان شاھد خاقان عەباسی، مەلالە نموونەی باڵای ھاونیشتمانیی داھاتووی پاکستان دەبێت.

مەلالە لە خێزانێکی پەشتون، لە شاری مینگۆرا، ھەرێمی سوات لە پاکستان لەدایکبووە. مەلالە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و بێنەزیر بوتۆ بە نموونەی باڵای خۆی زانیوە، و ھەروەھا لە کارە مرۆڤایەتییەکانی باوکیشی ئیلھامی وەرگرتووە. لە سەرەتای ٢٠٠٩دا، کاتێک تەمەنی مەلالە ١١–١٢ ساڵان بووە، بە ناوێکی خوازراو بۆ تۆڕی بی بی سی ئوردوو لەبارەی ژیانی خۆی لەژێردەست تاڵیبان نووسیوە. ھاوینی دواتر، ڕۆژنامەنووس ئادەم ئیلیک، دۆکیومێنتارییەکی لەبارەی ژیانی مەلالە و چالاکییەکانی چەکداری پاکستانی لەناوچەکە بۆ نیویۆرک تایمز دروستکرد. دواتر مەلالە بەھۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا نووسراو و بینراوەکان دا، ھەروەھا پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی زیاتر ناسرا.
خوێندنەوەی زیاتر...