داڕێژە:وھ/٢٠١٠/ئاب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ بە ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ – ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠) شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینیی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەییی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.
خوێندنەوەی زیاتر...