دامەزراوەی نەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دامەزراوەی نەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (National Human Rights Institution - NHRI) یان کۆمیسیۆنی نەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ (National Human Rights Commission - NHRC) دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، بەرپرسیارێتیی پاراستن، چاودێری و برەودانی مافەکانی مرۆڤی پێ دراوە لە وڵاتێکی دیاریکراو. نووسینگەی کۆمیسیارای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێوەیکی تایبەتی ھانی زیادبوون و گەشەکردنی ئەم جۆرە دامەزراوانە دەدات و ھەروەھا ئەرکی پێدانی ڕاوێژ، خزمەتگوزاریی پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ دامەزراوەکە دەگرنەئەستۆ لە گەیشتن بە ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لقەکانی.

زیاد لە ١٠٠ دامەزراوەی ھاوشێوە ھەیە، کە لە ڕێکەوتنامەی بنەماکانی پاریس (Paris Principles) باسکراون و کراون بە پێوەر. پەیڕەوکردنی پێوەرەکانی ئەم بنەمایانە بە بنەچینەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ پەسەندکردن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و ھەڵسەنگاندنەکانی ئەم دامەزراوە نەتەوەییانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەناچێت بەڵکوو لەلایەن لیژنەیەکی لاوەکییەوە بەڕێوەدەبرێت بە ناوی دەستەی نێودەوڵەتیی ڕێکخستن بۆ دامەزراوە نەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ - ICC)[١][٢]

ئەرکەکانی دامەزراوە نەتەوەیییەکان[دەستکاری]

بەشێوەیەکی گشتی دامەزراوەی نەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ھەر کێشەیەکی مافی مرۆڤ بکەن کە پەیوەندی بەسەر لایەنە گشتی و حکومییەکانەوە ھەبێت و بۆ ئەو وڵاتانەشی ئەندام نین ھەندێک لە دامەزراوە نەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ بەلایەنی کەمەوە یەکێک لەم ئەرکانەیان ھەیە:

  • باسکردن یان جووڵاندنی سکاڵا، ستەم و ناکۆکییەکانی چەند جۆرێکی دیاریکراو لە دامەزراوە و کۆمپانیاکان (کۆمپانیاکانی دەوڵەت، کۆمپانیا تایبەتییەکان کە خزمەتگوزاری گشتی دابین دەکەن یان ئەو کۆمپانیایانەی لەسەر ئاستی فیدراڵی کار دەکەن)
  • مامەڵەکردن لەگەڵ چەند کێشییەکی دیاریکراوی مافەکانی مرۆڤ، وەک: کێشەی جیاکاری یان مافەکانی کرێکار.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ سکاڵا و ناکۆکییەکان دەربارەی ھەر کێشەیەکی مافی مرۆڤ کە پەیوەستدار بێت بە ھەر کۆمپانیایەکەوە.
  • ھەروەھا دەتوانن بەشداربن لە ھاندن و پاراستنی بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت و مافەکانی تاکەکەس لەڕێی:
  • دابینکردنی ڕاوێژ بۆ دەوڵەت بەمەبەستی یارمەتی لە دەستنیشانکردنی ئەرک و پابەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
  • وەرگرتن، لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی سکاڵاکانی مافی مرۆڤ.
  • دابینکردنی پەروەردەی مافەکانی مرۆڤ و بانگەشەی میدیایی بۆ ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی بۆ کۆمەڵە کەمایەتییەکان، وەک پەنابەران.
  • چاودێریی بارودۆخ و کردە پەیوەندیدارەکانی مافەکانی مرۆڤ لەنێو دەوڵەت.
  • ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بۆ جێبەجێکردنی پێشنیارەکان.[٣]

بنەماکانی پاریس[دەستکاری]

ڕێکەوتنامەی بنەماکانی پاریس لە کۆنفرانسی ١٩٩١ ھاتەکایەوە لەلایەن کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ (UNCHR). ھەرچەندە ئامانجە پێشینەیییەکان و پێکھاتەکەی لە ھەر وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی دەگۆڕێت بەڵام بنەما بنچینەیییەکانیان ھاوشێوەن. بەشی ئەی ٣ (A.3) ڕێککەوتنامەی بنەماکانی پاریس کە لە مانگی ئازاری ١٩٩٣ لەلایەن کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرا، ئەرکی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکانی دامەزراوە نەتەوەیییەکانی لەئەستۆیە کە بریتین لە پەسەندکردنی پەیماننامەکانی مافەکانی مرۆڤ و ھەماھەنگکردن لەگەڵ ڕێکارەکانی مافەکانی مرۆڤ. ئەم بەشی ڕێکەوتنامەیە شەش خەسڵەت دیاری دەکات بۆ ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت دامەزراوەی ھاوشێوە بنیاد بنێن یان کاریان پێ بکەن، ئەوانیش بریتین لە:

  • سەربەخۆیی لە حکوومەت (ڕێگەپێدان بە کارکردنیان وەک چاودێر یان ھاوسەنگکەر)
  • سەربەخۆیی وەرگرتن لە دەستوور و یاساکان (لەڕووی دارایی و ڕوەکانی دیکەوە)
  • ھەبوونی دەسەڵاتی گونجاو بۆ لێکۆڵینەوە بەبێ دەستێوەردان لەلایەن دەسەڵاتێکی بەرزترەوە یان کەس و لایەنی سکاڵا لەسەرکراو.
  • پێکەوەیی، ڕێگەدان بە پێکەوەبوونیان لەگەڵ دەزگایەکی حکوومی.
  • سەرچاوەی دارایی و مرۆیی گونجاو.
  • ھەبوونی بڕیارێکی یاسایی بەڕوونی پێناسەکراو و فراوان کە زامنی پاراستی و ھاندانی مافە جیھانییەکانی مرۆڤ بێت.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Convention on the Rights of Persons with Disabilities, Article 33
  2. ^ Lindsnaes, Birgit; Lindholt, Lone; Yigen, eds. (2001). National Human Rights Institutions, Articles and working papers, Input to the discussions of the establishment and development of the functions of national human rights institutions (PDF). The Danish Institute for Human Rights. Archived from the original (PDF) on 28 April 2004. ٢٨ی نیسانی ٢٠٠٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "National Human Rights Institutions". Archived from the original on 2010-11-08. ٢٥ی تەممووزی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "What are national human rights institutions? | Asia Pacific Forum". www.asiapacificforum.net (بە ئینگلیزی). Retrieved 2017-09-10. ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.