بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دادگاییەکانی نورنبێرگ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دادگای نورنبێرگ ڕیزی یەکەم (لە چەپەوە بۆ ڕاست): ھێرمان گۆرینگ ڕودۆڵف ھێس، یواکیم ڤۆن ڕیبنترۆپ، ویلھێلم کیتێل ڕیزی دووەم (لە چەپەوە بۆ ڕاست): کارل دۆنیتز، ئێریچ ڕەیدەر، بالدور ڤۆن شیراخ، فریتز ساوکێل

دادگاییەکانی نورنبێرگ (بە ئەڵمانی: Nürnberger Prozesse) زنجیرەیەک دادگای سەربازییە کە لەلایەن زلھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە بەڕێوەدەبرێن بەپێی یاسا نێونەتەوەیییەکان و یاساکانی جەنگ. دادگاییکردنەکان گەورەترین ناوبانگیان بەدەستھێنا، چونکە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەرکردایەتی سیاسی، سەربازی، دادوەری و ئابووری ئەڵمانیای نازی دەکرد کە بەشداربوون لە پلاندانان، جێبەجێکردن، یان بە شێوەیەکی تر بەشدارییان لە ھۆلۆکۆست و تاوانەکانی دیکەی جەنگدا کردبوو. دادگاییکردنەکان لە شاری نورنبێرگ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوون و بڕیارەکانیان خاڵی وەرچەرخان بوو لە ڕەوتی یاسای نێونەتەوەیی لە کلاسیکەوە بۆ ھاوچەرخ.

یەکەم و بەناوبانگترین دادگاییکردنی تاوانبارانی گەورەی جەنگ بوو لە بەردەم دادگای سەربازی نێونەتەوەیی. سێر نۆرمان بیرکێت، یەکێک لەو دادوەرە بەریتانیانەی کە بە درێژایی دادگاییکردنەکە ئامادەبوو، بە «مەزنترین دادگاییکردن لە مێژوودا» وەسفی کرد. [١] دادگاکە لە نێوان ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٥ و ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٦ کۆبووەوە، [٢] و ئەرکی دادگاییکردنی ٢٤ لە گرنگترین سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ڕاشی سێیەمی پێسپێردرا. ئەو دادگاییکردنە سەرەتایییانەی کە لەلایەن دادگای سەربازی نێونەتەوەیییەوە ئەنجامدراون لێرەدا بڕیاریان لەسەر درا. لەکاتێکدا دادگاییکردنەکانی دیکەی تاوانبارانی جەنگی کەمتر بەپێی یاسای ژمارە ١٠ی ئەنجومەنی چاودێری ھاوپەیمانان لە دادگاییکردنی دواتر لە نورنبێرگ ئەنجامدرا، کە دادگاییکردنی پزیشکان و دادگاییکردنی دادوەرەکانی لەخۆگرتبوو.

پۆلێنکردنی تاوانەکان و سیستمی دادگاکان نوێنەرایەتی بازدانێکی دادوەری دەکرد کە دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەوی لێکرد لە دامەزراندنی دادمەندی نێونەتەوەیی لەسەر پرسەکانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و شەڕە دڕندەکان و لە کۆتاییدا بووە ھۆی دامەزراندنی دادگای تاوانە نێونەتەوەیییەکان. بۆ یەکەمجار لە یاسای نێونەتەوەییشدا، تۆمەتەکانی نورنبێرگ ئاماژەیان بە جینۆساید کردووە (ژمارەی سێیەم، تاوانی جەنگ: «لەناوبردنی گرووپە ڕەگەزی یان نەتەوەییەکان، و تاوانی جەنگ دژی دانیشتووانی مەدەنی لە ھەندێک خاکی داگیرکراودا بە مەبەستی لەناوبردنی ھەندێک ڕەگەز یان چین، یان نەھێشتنی گرووپی نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی تایبەت، بەتایبەتی جوولەکەکان، پۆڵەندییەکان، دۆمەکان و ئەوانی دیکە»).[٣]

دامەزراندنی دادگاکان

[دەستکاری]

لە ٢٠ی نیسانی ١٩٤٢، نوێنەرانی ئەو نۆ وڵاتەی کە لە کاتی جەنگدا لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرابوون، لە لەندەن کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی «بڕیارنامەی ھاوپەیمانان سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگی ئەڵمانیا». لە کۆنفڕانسەکانی تاران (١٩٤٣)، یاڵتا (١٩٤٥) و پۆتسدام (١٩٤٥) سێ زلھێزی گەورەی سەردەمی جەنگ - شانشینی یەکگرتوو، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت - لەسەر شێوازی سزادانی ئەو کەسانە ڕێککەوتن کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ لەکاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا. جگە لەوەش فەڕەنسا کورسییەکی لە دادگاکەدا پێدرا. بنەمای یاسایی بۆ دادگاییکردنەکە لە ڕێگەی پەیمانی لەندەنەوە دانرا، کە لە ٨ی ئابی ١٩٤٥ لەلایەن وڵاتانی بەناو چوار زلھێزەوە ڕێککەوتن، کە کاری دادگاییکردنەکانی سنووردار کرد بە «سزادانی تاوانبارانی گەورەی جەنگی زلھێزەکانی ناوەندیی ئەورووپا».[٤]

شەرعییەتی دادگا

[دەستکاری]

تۆمەتبارانی تاوانەکانی جەنگی جیھانیی دووەم مافی ئەوەیان نەبووە دادوەری خۆیان ھەڵبژێرن! ئەمەش وای کرد زۆر کەس گومانیان ھەبێت لە دادپەروەری و یەکپارچەیی دادگاییکردنەکان، بە تایبەت کە دادوەرەکان لەو وڵاتانەوە ھاتبوون کە بە توندی کاریگەری تۆمەتبارانی نازییان لەسەر بووە. ڕەنگە ئەو ڕاستییەی کە دادوەری ڕووسی نیکیشنکۆ لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە ڕاسپێردرابوو، کاریگەری نەرێنی لەسەر دادپەروەری و یەکپارچەیی دادگاییکردنەکان ھەبووبێت. تۆمەتباران تیمێکی پارێزەریان نەبوو بۆ بەرگریکردن، دادوەرەکانیش زنجیرەیەک تۆمەتیان داڕشت کە لەسەر بنەمای ھیچ کام لە ستانداردە یاسایییەکانی لەو چوار وڵاتەی بەشداری دادگاییکردنەکان کرد، نەبوون.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Marrus 1997.
  2. Harris 2006.
  3. «The trial of German major war criminals : proceedings of the International Military Tribunal sitting at Nuremberg Germany». avalon.law.yale.edu. لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی شوباتی ٢٠١٩ ھێنراوە.
  4. Lawrence 1947، صفحة 151.
  5. نيكيشينكو: قاض ترأس المحاكم الهزلية التي أقامها "جوزيف ستالين" بين الأعوام 1936 و1938.