خەلەج (گەل)

خەلەج (بەفارسی: خلجھا. بە تورکی: خلجلر Qalaçlar)، گەلێکن لە تورک کە زۆرینەیان لە ئێران نیشتەجێن و ھێشتان بەشێکیان بە زمانی خەلەجی قسە دەکەن، ئەگەرچی فرەیان فارسێنراون و بە فارسی دەئاخەون.
ڕیشەی خەلەج
[دەستکاری]مەحمود کەشغەری یەکەم کەس بووە کە لە کتێبی دیوانی لەغاتی تورک دا باسی خەڵکی خەلەجی کردووە:
- "لە ناو ئۆغوزەکان تیرەی بیست و دووەم بە زمانی تورکان پێیان دەگوترا 'کەل ئاچ'. ئەمەش واتای 'مانەوە بە برسێتی'. دواتر پێیان دەگوترا 'خالاج'."
- " ئۆغوز و قەپچاقەکان 'خ' وەردەگێڕن بۆ 'ک'. ئەوان کۆمەڵێک 'خالاج'ن. ئەوان بۆ کچم دەڵێن 'خزم'، لەکاتێکدا تورکەکان دەڵێن 'قزم' دیسانەوە تورکەکانی دیکە دەڵێن ' قاندە ئەردینغ'، کەچی ئەوانە دەڵێن خاندە ئەردینغ'، بە مانای 'تۆ لە کوێ بوویت؟"
بەڵام بە گوێرەی مێژوونووس ڤیلادیمیر مینۆرسکی، شێوەی کۆنی تورکیی ناوەکە بەڕاستی قەڵەج (یان قەلەچ) بووە، بەڵام ق/ q /ی تورکی لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا گۆڕاوە بۆ خەلەج/ x / (Qalaj > Xalaj).[١]
زێد و بنەتار
[دەستکاری]
بە پشتبەستن بە ئەلخوارزمی، جۆزێف مارکوارت دەڵێ گوایە خەلەجەکان لە تۆرەمەی ھۆزی گەورەی ھەیتەڵن (ھەفتالی) و ئاخێوەری زمانی ھیندۆ-ئێرانی بوون ھەرچەندە ئەو بۆچوونەش ھەیە کە بە ڕەچەڵەک تورکی گاوجو بووبن.[٣][٤] بەپێی ئاندرێ وینک لەوانەیە خەلەجەکان لە نەوەی کۆچەرە ھیندۆئەورووپی و ئێرانییەکانی وەک کوشانەکان و ساکاکان و ھەیتەڵەکان بن کە دواتر زمانیان بووە بە تورکی و لەگەڵ گەلی ئەفغان تێکەڵ بوون.[٥] دەیڤید بیڤار لای وایە ڕەنگە خەلەج لە بنەڕەتدا تورک زمان بووبن و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەگەڵ ھۆزە پەشتۆنەکان یەکیان گرتبێت.[٦]
لە فەرھەنگی برھان قاطعدا لە بارەی خەلەج نووسراوە کە ھۆزێکی بیابانشینی تورکن کە دژ بە ھێرشی مەغۆلەکان وەستانەوە.
زمانی ئاخاوتنی خەلەجی شێوەزارێکی تورکییە و لە بری پیتی خ (لە زمانی تورکی ئازەری) خەلەجەکان پیتی ق و غ بە کاردێنن. نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس لە ناو ئێران پێی دەئاخێون.
خەلەج لە مێژوودا
[دەستکاری]زانایانی موسڵمانانی سەدەی ناوەڕاست، لەوانەش جوگرافیناسانی سەدەی نۆیەم و دەیەم (ئیبن خوردادبە و ئیستەخری) خەلەجەکان بە ھۆزێک لە تورکانی ناوەڕاستی ئاسیا ئەژمار دەکەن کە لە ڕووباری ئاموداریا پەڕیونەتەوە و لە بەشێک لە خاکی (ئەفغانستانی ئەمڕۆدا) نیشتەجێ بوون، بە تایبەت لە غەزنیە، قەڵاتی غیلجی (کە بە قەڵاتی خەلەجی ناسراوە)، و. ناوچەکانی زابولستان. بە گوێرەی ئیستەخری، «خەلەجەکان ھۆزێکی تورکن کە لە سەردەمی کۆندا ھاتوونەتە سەر خاکی نێوان ھندستان و سیجستان، لە سنووری پشت گور».[٧] کتێبی حدود العالم کە لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمدا دانراوە، خەلەجەکان بە کۆچەری مەڕخۆر لە غەزنە و ناوچەکانی دەوروبەری وەسف دەکات کە ھەمیشە وەک نەریت لە وەرزی لەوەڕدا بە نێو پاوانەکاندا بڵاودەبوونەوە. ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سەرەکی خەلەجەکان لە ئێراندا شێوازێکی ژیانی نیمچە کۆچەری دەژین و بە مەزھەب شیعەن.
خەلەج لە ئێران و ڕۆژھەڵات
[دەستکاری]- لە پارێزگای قوم ناحیەی خەلەجستان کە ناوەندەکەی دەستجردەو سەرژمێری نزیکەی ٩ ھەزارە و نزیکەی ٨٥ کیلۆ لە ناوەندی قومەوە دوورە.
- گوندی وێدەر و تەفرش لە پارێزگای ناوەند
- لە ناوچەی فردەنی ئەسفەھان
- لە باکووری شیراز (پارێزگای فارس) ئاوایییەکانی بوانات و سەفاشەھر و سەرچەھان.
- لە ئاوایی پیربەلوودی شاری کوردی بەختیاری و لە فێلاواد و فەتحاباد و باوەحەیدەر
- لە ورمێ لە بەراندێز و نزیک خۆیێ.
ناودێرانی خەلەج
[دەستکاری]- محمد بن بەختیار خالجی، دامەزرێنەری شانشینی خالجی بەنگال (١٢٠٦ز مردووە)
- شیران خاڵجی، دووەم حاکمی خاڵجی بەنگال (١٢٠٨ز مردووە)
- عەلی مەردان خاڵجی، یاخیبووی خالجی والی بەنگال (کۆچی دوایی ١٢١٢)
- ئیواز خاڵجی، سێیەم حاکمی خاڵجی بەنگال (کۆچی دوایی ١٢٢٧)
- عەلی شێر خاڵجی، حاکمی باکووری ڕۆژاوای بەنگال (کۆچی دوایی ١٢٢٧)
- مالیک بەڵخا خاڵجی، دوامین حاکمی خالجی لە بەنگال (١٢٣١ز مردووە)
- جەلال الدین خاڵجی، دامەزرێنەری شانشینی خالجی لە دەلھی (١٢٩٦ز)
- عەلائەدین خاڵجی، بەھێزترین سوڵتانی بنەماڵەی خاڵجی لە دەلھی (١٣١٦)
- قوتبەدین موبارەک شا، سوڵتانی دەلھی (١٣٢٠ز)
- مەحموود خاڵجی، سوڵتانی سوڵتاننشینی مالوا
- غیات شا، سوڵتانی سوڵتاننشینی مالوا
- محەمەد-تاغی خەلاجی، (لەدایکبووی ١٩٤٨) ئاخوند و سیاسەتمەداری ئێرانی
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ The Khalaj West of the Oxus, by V. Minorsky: Khyber.ORG.[usurped]; excerpts from "The Turkish Dialect of the Khalaj", Bulletin of the School of Oriental Studies, University of London, Vol 10, No 2, pp 417-437 (retrieved 10 January 2007).
- ↑ ALRAM، MICHAEL (٢٠١٤). «From the Sasanians to the Huns New Numismatic Evidence from the Hindu Kush». The Numismatic Chronicle. ١٧٤: ٢٧٩. ISSN ٠٠٧٨-٢٦٩٦. JSTOR ٤٤٧١٠١٩٨.
- ↑ de la Vaissière 2003.
- ↑ Rezakhani 2017. "The suggestion that the Hephthalites were originally of Turkic origin and only later adopted Bactrian as their administrative, and possibly native, language (de la Vaissière 2007: 122) seems to be most prominent at present."
- ↑ Wink، André (٦ی ئابی ٢٠٢٠). The Making of the Indo-Islamic World: c.700–1800 CE (بە ئینگلیزی). Cambridge University Press. لاپەڕە ٨٠. ژپنک ٩٧٨-١-١٠٨-٤١٧٧٤-٧.
- ↑ «HEPHTHALITES».
- ↑ Inaba، Minoru (١ی نیسانی ٢٠١٧). «Between Zābulistān and Gūzgān: A Study on the Early Islamic History of Afghanistan». Journal of Inner Asian Art and Archaeology (بە ئینگلیزی). ٧: ٢١٥. ISSN ١٧٨٣-٩٠٢٥.