خەج و سیامەند

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چیرۆکی دڵداری خەج و سیامەند سنوورەکانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی تێپەڕاندووە و لەلایەن زۆرێک لە هۆنەر و حەیران بێژەکان( بە هەموو زاراوەکانی کوردییه‌وه‌) وەک بەیت وتراوەتەوە . مێژووی ڕوودانی چیرۆکەکە تا ئێستاش هەر ناڕوونە بەڵام بە له‌به‌رچاوگرتنی ناوی کاراکتەری داستانەکە ( ناوەکان کوردین) وا پێدەچێت سەردەمی پێش هاتنی ئیسلام یا ساڵەکانی سەرەتایی هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە ڕوویدابێ، وەک هەموومان دەزانین لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ناوە عەرەبیەکان لە کوردستان زیاد بوو تا وای لێ هات بە دەگمەن ناوی کوردی لە مێژووی دوای ئیسلامدا دەبینرێ بۆیەش دەتوانین بڵێین بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم چیرۆکە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە و بابەتیانە نەکراوە ئەوەش کە ماوەتەوە پشتاوپشت و زار بە زار بە نەوەی ئێستا گەیشتووە وەک دەوترێ سیامەند و خەج ئامۆزای یەکتر بوونە و خەوج حەوت برای هەبووە و بەڵام بە هۆی کێشەی بنەماڵەو قسە و قسەڵۆکی خەڵک باوکی خەج، خەج نادات بە سیامەند لەگەڵ ئەوەش دا سیامەند لە ڕێی پیاو ماقووڵان زۆر هەوڵ دەدات باوکی خەج ڕازی بکات بەڵام باوکی خەج ڕازی نابێت،سیامەند و خەجیش ئەوەندەیان یەکتر خۆشویستوە کە گفتیان بە یەکدی دابوو تا مردن لەگەڵ یەک بن،سیامەند ناچار دەبێ خەج هەڵگرێ و بچنە دەر لە ئاوایی و ڕوو دەکەنە چیای سیپان (بەردی گوێز) کە دەڕوانێتە ئاواییەکە بۆیەش دەچن بۆ ئەو چیایە چونکە لە سەر لووتکەکەی ڕا دەیانتووانی جم و جۆڵی خەڵکەکە و بنەماڵەی خەج بخەنە ژێر چاو،هەروەک لە جۆگرافیای ناوچەکەشدا بەدی دەکرێ لە چیای سیپان ڕا دەتوانرێ چاوەدێری و جم وجۆلی خەڵک بکرێ، باوک و براکانی خەج بە شوێنیاندا دەگەڕێن،خەج و سیامەند ماوەیەک لە چیایەکەدا خۆ حەشار دەدەن تا ڕۆژێکیان سیامەند کە لەسەر ڕانی خەج خەوی لێکەوت و کاتێک لە خەو هەڵدەستێ چەندین بزنە کێوی دەبینێ کە بە هەموویان هێرش دەکەنە سەر دانەیەک لە بزنەکان کە ڕەنگی سوورە بەڵام دەرەقەتی نایەن،خەج بە سیامەند دەڵێ ئەو نێریە سوورە تۆی ئەوانی تریش براکانمن کە بە شوێنتەوەن و شەڕت لەگەڵ دەکەن،سیامەند بە بیستنی ئەو قسەیە تیرو کەوانەکەی دەر دێنێ و هێرش دەکاتە سەر نێریە سوورەکەو چەند تیری لێدەدات و دەیکەوێنێت،دوای کەوتنی بزنەکێوێکە سیامەند هەول دەدات  بیکووژێتەوە بەلام بزنەکێوێکە کە بە چەندین جێ بریندارە و خۆ لە خۆڵ دەگەوزێنێ تا سیامەند دێت سەری دەگرێ کە بیکوژێتەوە شەقۆنێک لە سیامەند دەدات، سیامەند لەڕرەوەزە سەخت و بەرزەکانی سیپان دەکەوێتە خوارەوە و بەسەر دارە بەنێکدا دەکەوێ،خەج کە هیچی بۆ یارمەتیدانی سیامەندی پێناکرێ هانا بۆ خەڵکی ئاوایی دەبات بۆ ڕزگار کردنی خۆشەویستەکەی،بەڵام بەهۆی بەرزی و جابەو ڕەوەزەکەی کە سیامەند لێ هەلدێراوە خەڵک هیچیان بۆ ناکرێ،خەجیش کە گفتی بە سیامەند دابوو تا مردن لەگەڵیدا بێ بۆیەش بڕیار دەدا ئەویش خۆ هەلدێرێ و تا دوا ساتەکانی ژیانیش لەگەڵ سیامەند بێ،خەج خۆ هەلدەدێرێتە خوارەوە و دەکەوێتە تەنیشت سیامەند و پێش سیامەند گیانی لە دەس دەدات و هەر دووکیان دەمرن.خەج و سیامەند چیرۆکی دوو دڵدارە کە بوونە قوربانیی داب و نەریتی خێڵەکیی ئەو سەردەمەی کوردستان.


سەرچاوە: تۆحفەی موزەفەرییە، ئۆسکارمان، وەرگێڕانی مامۆستا هێمن