خۆپیشاندان لە ئێران ١٩٦٣
| ڕووداوی ١٥ی خورداد | |||
|---|---|---|---|
| بەشێک لە پێشەکییەک بۆ شۆڕشی ئێران | |||
خەڵکی تاران لە خۆپیشاندانەکاندا بە وێنەکانی ڕووحوڵڵا خومەینییەوە لە دەستیاندا. | |||
| ڕۆژ | ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٣ | ||
| شوێن | |||
| ئەنجام | سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان | ||
| بەشداری حیزبەکان | |||
خۆپیشاندانەکانی ٥ و ٦ی حوزەیران، ھەروەھا پێشی دەوترێت ڕووداوەکانی حوزەیرانی ١٩٦٣ یان (بە بەکارھێنانی ڕۆژژمێری ئێرانی) خۆپیشاندانەکانی ١٥ی خورداد (بە فارسی: تظاهرات پانزده خرداد)،[٣] بریتی بوون لە خۆپیشاندان لە ئێران دژی دەستگیرکردنی ڕووحوڵڵا خومەینی دوای سەرکۆنەکردنی بۆ شا، محەممەدڕەزا پەھلەوی، و ئیسرائیل.[٤] ھەرچەندە خۆپیشاندانەکان لە چەند ڕۆژێکدا لەلایەن پۆلیس و سوپاوە سەرکوت کران، ڕووداوەکان گرینگی و ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئایینیی (شیعە)یان بۆ شا سەلماند، و ھەروەھا ئایەتوڵڵا خومەینییان وەک سەرکردەیەکی گەورەی ئایینی و ڕامیاری جێگیر کرد.[٥] پازدە ساڵ دواتر، خومەینی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئێرانی کرد کە شای و دەوڵەتی ئیمپراتۆریی ئێرانی ڕووخاند و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دامەزراند.
ڕووداوەکان
[دەستکاری]وتارەکەی خومەینی و دەستگیرکردنی
[دەستکاری]لە دوانیوەڕۆی ٣ی حوزەیرانی ١٩٦٣، لە عاشوورا، خومەینی وتارێکی لە خوێندنگەی فەیزییەدا پێشکەش کرد کە تێیدا بەراوردی لە نێوان خەلیفەی ئەمەوی یەزیدی یەکەم و شادا کرد. ئەو سەرکۆنەی شای کرد وەک «پیاوێکی داماو و بەدبەخت»، و ھۆشداریی پێ دا کە ئەگەر ڕێگاکانی نەگۆڕێت ئەوا ڕۆژێک دێت کە خەڵکی سوپاسگوزار دەبن بۆ ڕۆیشتنی لە وڵاتەکە.[٦] لە تاران، ڕێپێوانێکی موحەڕەم لە لایەنگرانی خومەینی کە بە ١٠٠٬٠٠٠ کەس خەمڵێندرابوون بە لای کۆشکی شادا تێپەڕین، و دەیانگوت «مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ دیکتاتۆر! خوا بتپارێزێت، خومەینی! مەرگ بۆ دوژمنی خوێنمژ!»[٧]
دوو ڕۆژ دواتر لە کاتژمێر سێی بەیانی، پیاوانی ئاسایش و کۆماندۆکان ھەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی خومەینی لە قوم و دەستگیریان کرد. بەپەلە گواستیانەوە بۆ زیندانی قەسر لە تاران.
ڕاپەڕین
[دەستکاری]
کاتێک بەرەبەیانی ٥ی حوزەیران داھات، ھەواڵی دەستگیرکردنەکەی سەرەتا لە قوم و پاشان لە شارەکانی تر بڵاوبووەوە. لە قوم، تاران، شیراز، مەشھەد و ڤەرامین، جەماوەرێکی تووڕەی خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی تانک و چەتربازەکان بوونەوە. لە تاران، خۆپیشاندەران ھێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس، نووسینگەكانی ساواک و باڵەخانەکانی حکوومەت، لە نێویاندا وەزارەتەکان. حکوومەتە شۆکبووەکە یاسای سەربازی و قەدەغەی ھاتوچۆی لە کاتژمێر ١٠ی شەو بۆ ٥ی بەیانی ڕاگەیاند. دواتر شا فەرمانی بە فیرقەیەکی پاسەوانیی ئیمپراتۆری کرد، لەژێر فەرماندەییی مەیجر جەنەڕاڵ غوڵام عەلی ئووڤەیسی، کە بچنە ناو شارەکە و خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکەن. ڕۆژی دواتر، گرووپەکانی ناڕەزایەتی بە ژمارەیەکی کەمتر چوونە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی تانکەکان و «سەربازان بە جلی شەڕەوە کە فەرمانی تەقەکردن بۆ کوشتنیان پێ بوو» بوونەوە.[٨] گوندی پیشڤا لە نزیک ڤەرامین لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا ناوبانگی دەرکرد. چەند سەد گوندنشینێک لە پیشڤاوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد بۆ تاران، و دەیانگوت «خومەینی یان مەرگ». ئەوان لەسەر پردێکی ڕێگای ئاسن لەلایەن سەربازەکانەوە وەستێندران کە بە ڕەشاش تەقەیان لێ کردن کاتێک گوندنشینەکان ڕەتیان کردەوە بڵاوببنەوە و «بە ھەرچییەک کە ھەیانبوو» ھێرشیان کردە سەر سەربازەکان. ئەوەی کە ئایا «دەیان یان سەدان» کەس کوژراون «نادیارە».[٨] تا شەش ڕۆژ دواتر ڕێکوپێکی بە تەواوی نەگەڕایەوە.[٦]
بەپێی وتەی ڕۆژنامەنووس باقر موعین، دۆسییەکانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن کە ٣٢٠ کەس لە پاشخانە جۆراوجۆرەکانەوە، لە نێویاندا ٣٠ پیاوی ئایینیی پێشەنگ، لە ٥ی حوزەیراندا دەستگیر کران. دۆسییەکان ھەروەھا ٣٨٠ کەس وەک کوژراو یان بریندار لە ڕاپەڕینەکەدا تۆمار دەکەن، بێجگە لەوانەی کە نەچوونەتە نەخۆشخانە «لە ترسی دەستگیرکردن»، یان ئەوانەی کە براون بۆ مردووشۆرخانە یان لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە نێژراون.[٨]
ئازادکردنی خومەینی
[دەستکاری]
توندڕەوان لە ڕژێمەکەدا، وەک سەرۆک وەزیران ئەسەدوڵڵا عەلەم و سەرۆکی ساواک نیعمەتوڵڵا نەسیری، لایەنگری لەسێدارەدانی خومەینییان دەکرد وەک بەرپرسیار لە ئاژاوەکان، و ھەروەھا مانگرتن و خۆپیشاندانە کەمتر توندوتیژەکان کە لە بازاڕەکان و شوێنەکانی تر بەردەوام بوون. فاتیمە پاکڕەوان – ھاوسەری حەسەن پاکڕەوان، سەرۆکی ساواک – لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت کە ھاوسەرەکەی ژیانی خومەینی لە ١٩٦٣دا ڕزگار کرد. پاکڕەوان ھەستی بەوە کرد کە لەسێدارەدانەکەی خەڵکی ئاساییی ئێران تووڕە دەکات. ئەو بەڵگەکەی خۆی پێشکەش بە شا کرد. کاتێک شای قایل کرد کە ڕێگەی پێ بدات ڕێگایەک بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە، بانگھێشتی ئایەتوڵڵا محەممەد کازیم شەریعەتمەداری کرد، کە یەکێک بوو لە سەرکردە ئایینییە باڵاکانی ئێران، و داوای یارمەتیی لێ کرد. شەریعەتمەداری پێشنیاری کرد کە خومەینی وەک مەرجەعێک ڕابگەیەنرێت. بۆیە، مەرجەعەکانی تر فەتوایەکی ئایینییان دەرکرد کە لەلایەن پاکڕەوان و سەید جەلال تارانەییەوە بردرایە لای شا.[٩] دوای نۆزدە ڕۆژ لە زیندانی قەسر، خومەینی سەرەتا گواسترایەوە بۆ بنکەی سەربازیی عەشرەتاباد و پاشان بۆ ماڵێک لە گەڕەکی داوودییەی تاران کە لەوێ لەژێر چاودێریدا ھێڵرایەوە. لە ٧ی نیسانی ١٩٦٤دا ئازاد کرا، و گەڕایەوە بۆ قوم.[٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Rahnema، Ali (February 20, 2013) [December 15, 2008]. «JAMʿIYAT-E MOʾTALEFA-YE ESLĀMI i. Hayʾathā-ye Moʾtalefa-ye Eslāmi 1963-79». Encyclopædia Iranica. Fasc. 5. بەرگی XIV. New York City: Bibliotheca Persica Press. لاپەڕە 483–500. لە March 15, 2016 ھێنراوە.
...the initial organization and mobilization of the demonstrations that occurred in Tehran after the arrest of Khomeini on 5 June 1963, was the work of the Coalition...
{{cite encyclopedia}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|access-date=و|date=(یارمەتی) - ↑ Shahibzadeh، Yadullah (٢٠١٦). Islamism and Post-Islamism in Iran: An Intellectual History. Springer. لاپەڕە ٣٤. ژپنک ٩٧٨١١٣٧٥٧٨٢٥٩.
The Freedom Movement participated actively in the 1963 uprising, instigated by Khomeini. The leading and younger members of the movement were imprisoned after the event.
- ↑ Hosseini، Mir M. «The 15 Khordad Uprising». The Iranian History Article. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ھێنراوە.
- ↑ Moin, Baqer (2000). Khomeini, Life of an Ayatollah. New York City: St. Martin's Press. p. 104. OCLC 255085717.
- ↑ Staff (undated). "Ayatollah Khomeini Biography" 2007-05-09 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە. Bio. Retrieved June 3, 2012.
- 1 2 3 "History of Iran: Ayatollah Khomeini".
- ↑ Moin, Baqer (2000). Khomeini, Life of an Ayatollah. New York City: St. Martin's Press. p. 106. OCLC 255085717.
- 1 2 3 Moin, Baqer (2000). Khomeini, Life of an Ayatollah. New York City: St. Martin's Press. pp. 111–113. OCLC 255085717.
- ↑ Pakravan, Fatemeh (1998). Memoirs of Fatemeh Pakravan – Wife of Gen. Hassan Pakravan, Army Officer, Chief of State Security & Intelligence Organization, Cabinet Minister. Cambridge, Massachusetts: Harvard Center for Middle Eastern Studies. ISBN 978-0-932-88519-7.