بۆ ناوەڕۆک بازبدە

خۆپیشاندانەکانی ئێران (٢٠٢٥–٢٠٢٦)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ناڕەزایەتییەکانی ئێران ٢٠٢٥–٢٠٢٦ زنجیرەیەک خۆپیشاندانی جەماوەری بوو کە لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە چەند شارێکی ئێران لە بەرامبەر خراپتربوونی قەیرانی ئابووریی وڵاتەکە سەریھەڵدا، کە دواتر گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی بەربڵاو دژی ڕژێم بە گشتی.[١] ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون و فراوانتر بوون لە ساڵی ٢٠٢٦، لە ئەنجامدا کوژراو و بریندار لەنێو خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان ڕوویدا، لەگەڵ ھەڵمەتە بەرفراوانەکانی دەستگیرکردن.[٢]

ناڕەزایەتییەکان لە تاران دەستیپێکرد و بەھۆی بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و دابەزینی بەرچاوی بەھای تمەنی ئێرانییەوە بوو. لەکاتێکدا سەرەتا لەلایەن دووکاندار و بازاڕفرۆشەکانەوە سەرکردایەتی دەکران، بە خێرایی فراوانتر بوون و گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی سیاسی، لەوانەش درووشمی دژە ڕژێم، بووە گەورەترین ناڕەزایەتی لە ئێران لە دوای ئەو نائارامییەی ساڵی ٢٠٢٢ کە دوای مردنی مەھسا ئەمینی ھاتە ئاراوە.[٣][٤][٥]

ناڕەزایەتییەکان لە ئەنجامی تێکچوونی خێرای دۆخی ئابووری سەریان ھەڵدا.[٦] ھەڵاوسان لە ئێران لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بۆ ٤٢٫٢٪ بەرزبووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بوودجەی ماڵان ھەبوو.[٣] نرخی تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ١٫٤٢ ملیۆن تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.[٣] نرخی خۆراک و کەلوپەلی سەرەتایی بەرزبووەوە، لەکاتێکدا زۆرێک لە ئێرانییەکان کۆششیان کرد بۆ دابینکردنی خەرجییە سەرەتایییەکانیان.[٧] قەیرانی دراو کە چەند ساڵێکە پەرەی سەندبووە، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە نێوان فشارە ئابوورییە بەردەوامەکاندا خراپتر بووە، لەوانە شەڕی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەگەڵ ئیسرائیل و نوێکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە ھەبوو، کە لە ڕێگەی میکانیزمی سناپباکەوە سەپێنران.[٣]

ئەوەی وەک ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لە ناوچە بازرگانییەکانی تاران دەستیپێکرد، بە خێرایی بۆ شارە گەورەکانی دیکە، لەوانە ئەسفەھان، شیراز و مەشھەد بڵاوبووەوە.[٣] لە تاران، ناڕەزایەتییەکان لە دەوری بازاڕی گەورە بوو، کە بازرگانان مانگرتنیان ئەنجامدا و داوای کردەوەی حکوومەتیان دەکرد. گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، دەرکەوتووە کە ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەھێنن بۆ بڵاوەپێکردنی قەرەباڵغی.[٣] لەگەڵ توندبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، خۆپیشاندەران لە شارە جۆربەجۆرەکاندا درووشمی دژە حکوومەت و دژە ڕێبەری ئێرانیان دەوتەوە، لەوانە «مرگ با دیکتاتور» (مەرگ بۆ دیکتاتۆر) و «نە غزە نە لبنان، جانم فدای ایران» (نە غەززە و نە لوبنان، ژیانم فیدای ئێرانە)،[٨] داوای کۆتاییھێنان بەو سەختییە ئابوورییانەیان دەکرد کە زۆرێکیان کۆشش دەکەن بۆ دابینکردنی تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانیش، لەبری ئەوەی ئێران سەرچاوەکانی بۆ سەرگەرمییە بیانییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بکات.[٣][٩]

پێشینە

[دەستکاری]

قەیرانی ئابووری لە ئێران

[دەستکاری]

لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ئابووریی ئێران شایەتحاڵی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی نرخی ئاڵوگۆڕ و دابەزینێکی توندی بەھای ڕیاڵی ئێرانی بوو، بەجۆرێک نرخی دۆلارێکی ئەمریکی گەیشتە نزیکەی ١٤٥ ھەزار تمەن. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی ھەڵاوسان لە وڵاتدا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ گەیشتە ٤٢٫٢٪، کە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم ١٫٨٪ زیادی کردووە. نرخی خۆراک بە ڕێژەی ٧٢٪ بەرزبووەوە، لەکاتێکدا نرخی کاڵا تەندروستی و پزیشکییەکان بە ڕێژەی ٥٠٪ لەسەر بنەمای ساڵانە زیادیان کردووە. ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە حکوومەت بەنیازە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی ئێرانی (نەورۆز) لە ٢١ی ئازاردا باج بەرز بکاتەوە، ئەمەش نیگەرانیی ھاووڵاتییانی زیاتر کردووە.

شرۆڤەکارانی ئابووری ئاماژەیان بە سیاسەتە نەختی و دارایییەکانی حکوومەت، خراپی بەڕێوەبردنی ئابووری، کورتھێنانی بەردەوامی بوودجە و بەردەوامی سزا نێونەتەوەیییەکان وەک ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە کردووە. ئەم دۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سەندیکا بازرگانییەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی پشت بە ھاوردەکردن دەبەستن. ھەڵاوسانی توندی نرخی ئاڵوگۆڕ بووە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە بازرگانان نەتوانن نرخ بۆ کاڵاکان دابنێن، پێداویستییەکان دابین بکەن، یان بەردەوامی بە چالاکی ئابووری بدەن.

دۆخی نادڵنیایی ئابووری لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا خراپتر بوو. لە مانگی حوزەیرانی ھەمان ساڵدا، ئێران چووە نێو ململانێیەکی چەکدارییەوە لەگەڵ ئیسرائیل، کە تێدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کرانە ئامانج و ڕووبەڕووی ھێرشی ئەمریکاش بووەوە. لە مانگی ئەیلوولی ھەمان ساڵدا، نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەوترێت «میکانیزمی پەلەپیتکە/گەڕانەوەی خێرا» (بە ئینگلیزی: Snapback mechanism)، کە بووە ھۆی بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئێران لە دەرەوە، وەستاندنی مامەڵەی چەک، و سەپاندنی سزا پەیوەستەکان بە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانەوە. زۆرێک لە ئێرانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر دەترسن کە ئەمریکاش بگرێتەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی تێکدانی سەقامگیری بازاڕ.

بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی پێشوو

[دەستکاری]

ئەم ناڕەزایەتییانە گەورەترین بوون لە ئێران لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە، کاتێک خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵات دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ سەریھەڵدا، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی نەبەستنی حیجاب بە شێوەیەکی دروست، گیانی سپارد.

بازرگانانی بازاڕ ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەبوو لە کاتی شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩، کە بەشدارییان کرد لە کۆکردنەوەی پشتیوانی جەماوەری و لە کۆتاییدا بووە ھۆی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی. ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی سەرکوتکردنی حکوومەت دژی نەیاران دەرکەوتوون، کە دەستگیرکردنی نەیارە دیارەکان و بەرزترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵدا بەخۆیەوە بینیوە.

ناڕەزایەتییەکان

[دەستکاری]

ژمارەیەک لە گرووپە جیاوازەکان لە ئێران پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە کرد، لەوانە بازرگانان، خاوەن دوکانەکان و خوێندکارانی زانکۆ، جگە لە گرووپە نەتەوەیییە جیاوازەکان، لە نێویاندا کورد و عەرەبەکانی ئەھواز.

٢٨ی کانوونی یەکەم

[دەستکاری]

لە ٢٨ی کانوونی یەکەمدا، گرووپێک لە خاوەن دوکان و بازرگانان لە ناوەندی بازرگانی عەلائەددین لە تاران و ناوەندە بازرگانییەکانی دیکە، لەوانە ناوەندی بازرگانی چارسوو، مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکانەکانیان داخست. ھاوکات گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دەوری ئەم شوێنانە دروست بوو، و وێنە و ڤیدیۆی داخستنی بەرفراوانی دوکانەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خۆپیشاندەران ئاماژەیان بە بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و ناسەقامگیری بازاڕ کردووە و ھۆشدارییان داوە لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەبێتە ھۆی مایەپووچبوونی زۆرێک لە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان. ھەندێک لە گردبوونەوەکان بۆ شەقامەکانی دەوروبەر، لەوانە شەقامی کۆماری تەشەنەیان سەند.

گرتە ڤیدیۆیییەکان و شایەتحاڵەکان گرووپێک لە بازرگانانیان نیشان دا کە دروشمی دژی خراپی بەڕێوەبردنی ئابووری دەوتەوە و لە ھەندێک حاڵەتدا ھەستی دژ بە حکوومەتیان دەربڕی. خۆپیشاندەران ھاواریان دەکرد «حیمایەت، حیمایەت» (پشتیوانی، پشتیوانی) و داوایان لە ھێزە ئەمنییەکان دەکرد پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بکەن.

داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران بریتی بوون لە سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ، چارەسەرکردنی ئەو گرفتە ئابوورییانەی ڕووبەڕووی بازرگانان دەبنەوە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەقامگیری کار، و ڕێگریکردن لە زیانەکانی بەھۆی ھەڵاوسانی بازاڕەوە دروست دەبن. لەو ڕۆژەدا ھیچ پێکدادانێک لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان تۆمار نەکرا و ھێمنی باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشا.

٢٩ی کانوونی یەکەم

[دەستکاری]

ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕۆژی دووەم لە ٢٩ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوون و بۆ ناوچە جیاجیاکانی تاران، لەوانە بازاڕی گەورە (بازاڕی تاران) تەشەنەیان سەند. بازرگانان و خاوەن دوکانەکان دوکانەکانیان داخست و لە شەقامەکان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە داڕمانی بێوێنەی ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی توندی نرخی دراو و زێڕ. خۆپیشاندەران دژایەتی خۆیان بۆ دۆخی ئابووری و بەڕێوەبردنی حکوومەت دەربڕی، ئاماژەیان بە دابەزینی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان کرد. ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی ئینتەرنێت بەردەوامی گردبوونەوەکانیان لە چەند ناوچەیەک وەک لالەزار، شەقامی چوارسوو و شەقامی کۆماری نیشان دا، کە بەشداربووان بەزۆری پابەندی ئاشتی بوون و پەیامی ڕەخنەئامێزیان ئاراستەی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت دەکرد.

دیمەنە تۆمارکراوەکان، کە لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاست کراونەتەوە، جەماوەرێکیان لە ناوەندەکانی بازاڕکردن لە نزیک بازاڕی گەورەی تاران نیشان دا کە ھاواریان دەکرد «ئازادی». ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە دەرەوەی سەنتەری بازرگانی عەلائەددین بەکارھێنا.

ناڕەزایەتییەکان بۆ شارەکانی دیکەی ئێران تەشەنەیان سەند. لە شەوی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ھەواڵی ناڕەزایەتی لە چەند ناوچەیەکی ئێران بڵاوبووەوە، لەوانە دوورگەی قیشم لە باشوور، و زەنجان و ھەمەدان لە باکوور. خۆپیشاندەران دروشمی ڕەخنەئامێزیان دژی ڕێبەری باڵای ئێران دەگوتەوە، لەوانە «مەرگ بۆ دیکتاتۆر» لە دوورگەی قیشم و «ئەمساڵ سەید عەلی [خامنەیی] دەڕوخێت» لە زەنجان.

٣٠ی کانوونی یەکەم

[دەستکاری]

لەگەڵ هاتنی سێیەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان، مانگرتن و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان فراوانتر بوون، بە شێوەیەک کە دوکانەکان لە هەندێک ناوچەی تاران وەک شوش و مەولەوی، هەروەها گۆڕەپانی نەقشی جەهان لە ئەسفەهان داخران. باس لە بڵاوبوونەوەی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە تاران و مەشهەد و زانکۆی خاجە نەسیر کراوە. کاردانەوەکانی حکومەت بریتی بوون لە دەرکردنی فەرمانی داخستنی کاتی لە ١١ پارێزگا، لەوانەش پارێزگای تاران، بە بیانووی سەرمای کەشوهەوا و کەمی وزە. هێزە ئەمنییەکان لە هەمەدان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لە تاران و مەلارد غازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێنا.

خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی دیکە، لەوانە کرماشان و شیراز و یەزد، و بەشێک لە تاران وەک شاد ئاباد و شوش تەشەنەی سەند. خوێندکارانی زانکۆکانی بەهەشتی، خاجە نەسیر، شەریف و زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیای تاران پەیوەندییان بە ڕێپێوانەکانەوە کرد و دروشمی وەک مەرگ بۆ دیکتاتۆر و هەموومان بەیەکەوەین-یان دەوتەوە.

٣١ی کانوونی یەکەم

[دەستکاری]

دانیشتوانی ئەسفەهان و کرماشان و فەسا لە چوارەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا کۆبوونەوە. لە فەسا، خەڵک گردبوونەوەیەکی گەورەیان لە بەردەم بینای پارێزگا ڕێکخست، لە کاتێکدا کرماشان شاهیدی مانگرتنی تەواوی بازاڕەکان بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، پۆلیس تەقەی ڕاستەوخۆ و گازی فرمێسکڕێژی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردووە. لە هەمان کاتدا، مامۆستایانی کارمەند و خانەنشین لە شیروان لە بەردەم فەرمانگەی پەروەردە کۆبوونەوە. لە کرماشان، هێزە سەرکوتکەرەکان لە گۆڕەپانی فیردەوسییەوە تا گەراج (نزیکەی ٨ کیلۆمەتر) بڵاوەیان پێکرا و بوونی چڕی هێزە ئەمنییەکان بەرچاو بوو. باس لە کوژرانی کەسێک بە ناوی مەهدی سەماوەتی لە دەرەوەی بینای پارێزگا لە کاتی ناڕەزایەتییەکەی فەسا کرا. ئاژانسی مێهر (ئاژانسی حکوومی) لە زاری پارێزگاری فەساوە ئەم هەواڵەی ڕەتکردەوە. هەروەها ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمی کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی بەسیجی لە شاری کوویەشت لە کاتی تێکهەڵچوون لەگەڵ خۆپیشاندەران و برینداربوونی ١٣ کارمەندی پۆلیس و بەسیجی ڕاگەیاند. حکومەت فەرمانی داخستنی گشتگیری کارەکانی لە سەرتاسەری وڵات لە زۆربەی ناوچەکان بە بیانووی سەرمای کەشوھەوا دەرکرد، هەرچەندە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئامانجی ڕاستەقینە کپکردنی ناڕەزایەتییەکانە.

داخستنەکە لە ٢١ پارێزگا لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران جێبەجێ کرا. حکومەت دەستیکرد بە هەڕەشەکردن لە خۆپیشاندەران بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی ترساندن و توندوتیژی و دەستگیرکردن دەبنەوە. دیمەنە ڤیدیۆییەکان خۆپیشاندەران نیشان دەدەن، لەوانەش بازرگانان و چالاکوانانی مافی ژنان و خوێندکاران، کە دروشمی وەک مەرگ بۆ دیکتاتۆر و نە غەززە و نە لوبنان، گیانم فیدای ئێرانە دەڵێنەوە. لە وەڵامی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکاندا، حکومەتی ئێران عەبدولناسر ھیمەتی، وەزیری پێشووی کاروباری ئابووری، وەک پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی ئێران دیاری کرد، ئەوەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی محەممەدڕەزا فەرزین.

١ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

لە پێنجەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا، کرێکاران و فەرمانبەرانی بازاڕی ناوەندی سەوزە و میوە لە تاران دەستیان لە کار هەڵگرت و بە تێکدانی سووڕی دابەشکردن پەیوەندییان بە ڕاپەڕینی نیشتمانییەوە کرد. خۆپیشاندەران دروشمی بەغیرەتەکان، پشتگیری بکەن پشتگیری بکەن-یان دەوتەوە و داوایان لە بازرگانان و خەڵکی گشتی دەکرد کە ئیرادەی نیشتمانی بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی فراوانکردنی مانگرتنەکانەوە بەهێز بکەن. هێزەکانی پۆلیس گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەریرە کەریمی، ئەمینداری ئەنجومەنی کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان و ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە لە زانکۆی تاران، کە لە ٣١ی کانوونی یەکەم دەستگیرکرابوو، بەرەبەیانی پێنجشەممە کاتژمێر ٤ی بەیانی ئازاد کرا.

باس لە گردبوونەوەی خۆپیشاندەران لە مەرودەشت کرا، کە دروشمی دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامییان دەوتەوە، لەوانە ئەمساڵ ساڵی خوێنە، سەید عەلی دەڕووخێت. لە مەشهەد، خۆپیشاندەران لە وێستگەی میترۆی سەعدی کۆبوونەوە و پۆلیسی دژە ئاژاوە هەوڵیدا بە هێرشکردنە سەر گردبوونەوەکە بڵاوەیان پێ بکات.

لە پارێزگای لوڕستان، شوێنی نیشتەجێبوونی کەمینەی لوڕ، باس لەوە کرا کە خۆپیشاندەران ئاگریان لە شەقامەکان کردووەتەوە و هاواریان دەکرد ئەمساڵ ساڵی بەیتە (کۆشکی ڕایبەر)، سەید عەلی دەڕووخێت. هەروەها ڕاپۆرتە زیادەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکان گوللەی ڕاستەوخۆیان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە. لە لوڕدێگان، گردبوونەوە لە بەشێک لە شاری لوڕدێگان، لەوانە دەوروبەری بینای پارێزگا و گۆڕەپانی شارەوانی ئەنجام درا. بەپێی ئەم سەرچاوانە، لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان، هەندێک کەس هەوڵی تێکدان و زیانگەیاندنیان بە بینا حکومییەکان و بانکەکان دا. پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، هەروەها باس لە دروستبوونی پێکدادان لە نێوان هەردوولا کرا کە بووە هۆی کوژرانی ٥ کەس لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان. هەروەها لایەنی کەم ٢٠ کەس لە شاری فارسان دەستگیرکران کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

٢ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

ڕۆژی هەینی ٢ی کانوونی دووەم، ناڕەزایەتییەکان لە چەندین گەڕەکی تاران دەستیان پێکردەوە، و خۆپیشاندەران دروشمیان دژی ڕژێم دەوتەوە، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بە ژمارەیەکی زۆر بڵاوەیان پێکرابوو و گازی فرمێسکڕێژ و دارلاستیکیان بۆ بڵاوەپێکردنی گردبوونەوەکان بەکارهێنا. هەروەها ناڕەزایەتی لە دەیان شاری دیکە ڕێکخرا، لەوانە شارە پیرۆزەکانی مەشهەد و قوم، جگە لە شیراز و هەمەدان و زاھیدان، کە شارێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و یەکێک بوو لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢.

شازادەی دوورخراوە ڕەزا پەھلەوی داوای لە ئێرانییەکان کرد دەست بەسەر شەقامەکاندا بگرن لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە لە ڕێگەی ئامادەبوونی جەماوەری هاوکات و سەپاندنی داخستنی ڕێگاکان، و داوای لە لایەنگرانی کرد بە گرووپی بچووک و یەکگرتوو لە شەقامەکانی گەڕەکەکانەوە بەرەو خوێنبەرە سەرەکییەکان جووڵە بکەن. ناوبراو وتی شەپۆلێکی ملیۆنی دەبێتە هۆی سەرلێشێوانی هێزە ئەمنییەکان و ڕەنگە هانی هەندێک لە ئەندامانیان بدات بۆ پاشەکشە یان تەنانەت پەیوەندیکردن بە خۆپیشاندەرانەوە، و دەستبەسەرداگرتنی شەقامەکانی پایتەختی بە هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دانا.

ژمارەیەک لە نەیارە دیارەکانی ئێران، لەوانە دەرهێنەری ناسراوی سینەما جەعفەر پەناھی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و دەستبەسەرکراو نێرگز محەممەدی، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا داوای گواستنەوەی ئاشتیانەیان لە دەرەوەی ڕژێمی ئێستا کرد، و جەختیان کردەوە کە ئێران لەبەر ڕۆشنایی هەڵکشانی فشارە ئابووری و سیاسییەکاندا لەبەردەم دووڕیانێکی یەکلاکەرەوەدایە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئێمە لەگەڵ گەلدا دەوەستین بۆ وەرگرتنەوەی مافی ژیانێکی شایستە، ئازادی، دادپەروەری، و کەرامەتی مرۆیی، و سەروەری بەسەر چارەنووسماندا، و بەیاننامەکە لەسەر هەژماری فەرمی محەممەدی لە سەکۆی ئێکس بڵاوکرایەوە.

واژووکاران، کە لە نێوانیاندا دەرهێنەری ئۆپۆزیسیۆن محەممەد ڕەسوولۆف، و دوو زیندانی سیاسی مستەفا تاجزادە و ڕەسووڵ قازیانی هەبوون، ڕوونیان کردەوە کە شەپۆلی نوێی بەرگری مەدەنی کە دەست بەسەر شەقامەکاندا دەگرێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی نیشتمانییە بۆ لابردنی ئەوەی بە ڕژێمێکی ناشەرعی وەسفی دەکەن، و بنیاتنانی سیستمێکی دیموکراسی کە لەسەر بنەمای سەروەری گەل و دادپەروەری و دامەزراندنی پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ جیهان دامەزرابێت.

٣ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

لە ٣ی کانوونی دووەمدا، عەلی خامنەیی ڕایبەری باڵای ئێران وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و گوتی: «ملکەچی دووژمن نابین، و زیادیشی کرد کە ئاژاوەگێڕان دەبێت لە شوێنی خۆیان دابنرێن (سەرکوت بکرێن). لە هەمان ڕۆژدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێدا سەرکوتکردنی مەراسیمە بەخاکسپاردنەکانی خۆپیشاندەرانی شەرمەزار کرد.»

ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران (NCRI) و ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران، باسیان لە خۆپیشاندان لە چەندین ناوچە لەو ڕۆژەدا کرد، لەوانە کازیروون، مەلەکشاھی، کرماشان، شیراز، مەشهەد، ئەرکەواز، ئەسفەهان، تاران، هەفشەجان، کەرەج، شەھری کورد و فەردیس. ڕێکخراوی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕای گەیاند کە ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە گەیشتووەتە ١٦ کەس، لە نێوانیاندا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت هەیە. هەروەها لە بازاڕی تاران بوونی هێزێکی ئەمنی چڕ ڕاگەیەندرا.

کلاودفلێر دابەزینی هاتوچۆی ئینتەرنێتی لە ئێران بە ڕێژەی ٣٥٪ ڕاگەیاند، لەگەڵ ڕاپۆرتی بەکارهێنەران دەربارەی پچڕانی بەردەوام و هێواشی لە پەیوەندییەکان.

٤ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

لە وەڵامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤێنیزوێلا لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرکردەی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، حکومەتی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ مادۆرۆ دەربڕی و هێرشەکانی ئەمریکای ئیدانە کرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک پەیامێکی هۆشداریدەر بۆ ڕژێمی ئێران و باڵەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی حەماس لە غەززە و حیزبوڵڵا لە لوبنان وەسف کرا، بۆ نیشاندانی توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ جووڵەکردن دژی ئەوەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت.

٥ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

لە نۆیەمین ڕۆژدا، ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران بەردەوام بوون. لە گەڕەکی باغی سپەسالار لە تاران، دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی دەوترایەوە. لە نزیک زانکۆی تاران، هێزە تایبەتەکان لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادا بوون، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لە هەڵگیرسانی مانگرتنی بەرفراوان لە شارەکانی وەک مەرودەشت دەکەن، کە ڕۆحی بەرگری لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادە بوو.

لە یاسووج، هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی خێزانی دەستبەسەرکراوان بوونەوە کە لە بەردەم بینای پارێزگا کۆببوونەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان گەیشتوونەتە شارۆچکە بچووکەکانی وەک سامان، سەنگسەر، و کوشک، لە چوارچێوەی حاڵەتی تووڕەیی جەماوەری ئێرانییەکان.

جگە لەو شارانەی پێشتر باسکران، ڕاپۆرت دراوە لەسەر ناڕەزایەتی لە چەندین ناوچەی دیکەی وڵات، لەوانە سامان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، سەنگسەر لە پارێزگای سمنان، زاهیدان، فەردیس لە کەرەج، مشکان لە پارێزگای فارس، و نورئابادی مەمەسەنی. هەروەها خۆپیشاندان لە قەزوین، هەمەدان، ئیلام، مەشهەد، نەیشابوور، ئابادە، بوشەهر، بابل، بوجنورد، و کوشک لە پارێزگای ئەسفەهان، شازەند لە پارێزگای مەرکەزی، جگە لە شارەکانی ڕەشت و ساری لە باکووری وڵات تۆمارکراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، خۆپیشاندەران لەم ناوچانە لە گۆڕەپانە گشتییەکان کۆبوونەوە، و دروشمیان دەوتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لە حکوومەتی خامنەیی دەردەبڕی، کە نیشانەیەکە بۆ بەردەوامی و فراوانبوونی ڕووبەری پشێوییەکان لەسەر ئاستی وڵات.

٦ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

خۆپیشاندەران مانگرتنێکیان لە بازاڕی گەورەی تاران ئەنجامدا. بازرگانانی بازاڕ بەشدارییان لە مانگرتنەکان کرد، بەتایبەتی لە کۆڵانەکانی بازاڕی زێڕ و دراو، قوماش، پێڵاو، و ئامێرە ناوماڵییەکان، کە زۆرێک لە دوکانەکان بەشێوەیەکی بەشەکی یان تەواوەتی داخران. وا دەردەکەوت کە ئەم مانگرتنانە خۆڕسکانە بوون و تەرکیزیان لەسەر داواکارییە ئابوورییەکان بوو. هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ مانگرتنەکەیان بڵاوە پێکرد.

ڕێکخراوی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆی گشتی شوێنەکانی ناڕەزایەتی لە ماوەی دە ڕۆژدا بە ٢٨٥ شوێن لە ٢٧ پارێزگا مەزندە کرد، لەگەڵ تۆمارکردنی ناڕەزایەتی لە ٢٢ زانکۆ. دروشمی ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون لە دەربڕینی شەپۆلێکی فراوان لە داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.

هەروەها هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر نەخۆشخانەی سینا لە تاران و نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە ئیلام، بە مەبەستی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە بریندارەکان، بووە جێی سەرنجێکی نیشتمانی فراوان. لە ئیلام، خێزانەکان و کارمەندانی پزیشکی بەرەنگاری هێزە ئەمنییەکان بوونەوە. شێوازەکانی هێرشکردن بریتی بوون لە تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ لە ناو بیناکان و دەورووبەری نەخۆشخانەکە. فەرمان بە وەزیری ناوخۆ کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی ئیلام و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە.

لە ٦ی کانوونی دووەمدا، میدیا فەرمییەکان کۆی ١٥ دانپێدانانی زۆرەملێی وێنەگیراوی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراویان پەخش کرد.

٧ی کانوونی دووەم

[دەستکاری]

بەپێی ڕێکخراوی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRANA)، لەم ڕۆژەدا ٣٧ شار لە ٢٤ پارێزگا شاهیدی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی و مانگرتن بوون، بەمەش کۆی گشتی شوێنەکان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە گەیشتە ٣٤٨ شوێن لە ١١١ شار لە چوارچێوەی ٣١ پارێزگا. هەروەها دە زانکۆ پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە کرد، بۆ ئەوەی ژمارەی زانکۆ بەشداربووەکان ببێتە ٤٥ زانکۆ. هەروەها ژمارەی دانپێدانانە زۆرەملێیەکان کە لە تەلەڤیزیۆنەوە پەخش کران لەلایەن دەستبەسەرکراوانەوە بۆ ٤٠ حاڵەت بەرزبووەوە. هونەرمەندان و مامۆستایان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان و ڕەخنەگرتن لە سەرکوتکردنی بەشداربووان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. ڕێکخراوی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران پێی وابوو کە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای دەستگیرکردن و توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران دەستیکردووە بەوەی تێچووی ناڕەزایەتی بە کەمتر لە تێچووی بێدەنگی و جووڵەنەکردن ببینێت. پرسە ئابوورییەکان و کێشەکانی حوکمڕانی هێشتا میحوەرێکی سەرەکی ناڕەزایەتییەکان پێکدەهێنن، و وەک دوو ڕووی یەک کێشە سەیر دەکرێن. هەروەها ڕێکخراوەکە بەیاننامەکانی هونەرمەندان و مامۆستایانی وەک بەڵگەیەک لێکدایەوە کە کەرتە پیشەیی و ڕۆشنبیرییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە پشتیوانیکردنی وتاری ناڕەزایەتییەکان دەکەن.

لە ئێرانشەھر، بەرەی خەباتکارانی گەل بەرپرسیارێتی خۆی لە تیرۆرکردنی ئەفسەرێکی ئێرانی ڕاگەیاند وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئێران و هەروەها بەشداریکردنی ئەفسەرەکە لە هەڵمەتە ئەمنییەکان دژی بەلووچەکان. هەروەها میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایان گەیاند کە خۆپیشاندەران دوو ئەفسەری فەرماندەیی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسایان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە لوڕدێگان کوشتووە، جگە لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەی مەلەکشاهی کە ناسنامەکەی دیاری نەکراوە.

قەدەغەکردنی ئینتەرنێت

[دەستکاری]

ئێران بە شێوەیەکی دووبارە (بەردەوام) بلۆککردنی ئینتەرنێتی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی لێشاوی زانیاری بەکارھێناوە، وەک ئەوەی لە ساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥دا ڕوویدا، کە بووە ھۆی زیانی ئابووریی گەورە و دابڕاندنی ئێرانییەکان لە جیھانی دەرەوە. لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٥دا، دەسەڵاتداران پچڕانی نزیکەی تەواوەتیی ئینتەرنێتیان سەپاند، و شێوازگەلی بەرفراوانی چاودێری و چەواشەکارییان گرتەبەر. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، و لەگەڵ ھەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان، وڵات شایەتحاڵی پچڕانێکی نوێی سەرتاسەریی ئینتەرنێت بوو کە ھاوکات بوو لەگەڵ گردبوونەوەی جەماوەریی گەورە و کەوتنەوەی قوربانی، بە ئامانجی سنووردارکردنی پەیوەندیکردن و داپۆشینی ڕووداوەکان.

کوژراوان

[دەستکاری]

ناڕەزایەتییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی قوربانییانی بەخۆیەوە بینی بەھۆی سەرکوتکاریی ھێزە ئەمنییەکانەوە. بەپێی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانەوە بۆ نزیکەی ٦٥ کەس بەرزبووەتەوە، کە لە نێوانیاندا خۆپیشاندەر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکانیش ھەن، ئەمەش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە زیاتر لە ٢٨٥ شوێن لە ٩٢ شار و ٢٧ پارێزگای ئێراندا. دەسەڵاتدارانی ئێران ھیچ ئامارێکی فەرمی یەکگرتوویان سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان بڵاونەکردووەتەوە. ھەروەھا دەستگیرکردنی بەرفراوان ئەنجامدراوە کە ٢٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «"لوموند": الاحتجاجات الشعبية بقيادة التجار وأصحاب المحلات تهزّ أركان النظام في إيران». www.iranintl.com (بە عەرەبی). ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  2. «احتجاجات إيران في يومها الخامس… سقوط 6 قتلى وتوسع إلى مدن صغيرة». aawsat.com (بە عەرەبی). لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  3. 1 2 3 4 5 6 7 «Protests erupt in Iran over currency's plunge to record low». AP News (بە ئینگلیزی). ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥. لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. «"لوموند": الاحتجاجات الشعبية بقيادة التجار وأصحاب المحلات تهزّ أركان النظام في إيران». www.iranintl.com (بە عەرەبی). ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  5. «احتجاجات إيران في يومها الخامس… سقوط 6 قتلى وتوسع إلى مدن صغيرة». aawsat.com (بە عەرەبی). لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  6. «"لوموند": الاحتجاجات الشعبية بقيادة التجار وأصحاب المحلات تهزّ أركان النظام في إيران». www.iranintl.com (بە عەرەبی). ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  7. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری :6 نەدراوە
  8. «مردم در کرمانشاه شعار «نه غزه، نه لبنان، جانم فدای ایران» سردادند». www.iranintl.com (بە فارسی). ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  9. «"لوموند": الاحتجاجات الشعبية بقيادة التجار وأصحاب المحلات تهزّ أركان النظام في إيران». www.iranintl.com (بە عەرەبی). ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦. لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «احتجاجات إيران 2025–2026»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦\ ٢٠ی بەفرانبار ٢٧٢٥.