خاڵی ئەزموون
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|

خاڵی ئەزموون (زۆرجار کورت دەکرێتەوە بۆ exp یان XP) یەکەیەکی پێوانەیە کە لە هەندێک کایەی ڕۆڵگێڕانی سەر مێز (RPG) و کایە ڤیدیۆیییە ڕۆڵگێڕانەکاندا بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی ئەزموونی ژیان و پێشکەوتنی کارەکتەری یاریزانێک بەدرێژاییی کایەکە. خاڵەکانی ئەزموون بەگشتی بۆ تەواوکردنی ئامانجەکان، تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ڕکابەرەکان، و ڕۆڵگێڕانی سەرکەوتوو دەبەخشرێن.[١]
لە زۆرێک لە کایە ڕۆڵگێڕانەکاندا، کارەکتەرەکان لە سەرەتادا تا ڕادەیەک لاواز و ڕانەهێنراون. کاتێک بڕێکی پێویست لە ئەزموون بەدەست دەهێنرێت، کارەکتەرەکە «ئاستی بەرز دەبێتەوە»، و بەمەش دەگاتە قۆناغی دواتری گەشەی کارەکتەر. ئەم ڕووداوە زۆربەی کات ئامارەکانی کارەکتەرەکە زیاد دەکات، وەک زۆرترین ئاستی تەندروستی، جادوو، و هێز، و لەوانەیە ڕێگە بە کارەکتەرەکە بدات توانای نوێ بەدەست بهێنێت یان ئەوانەی هەیەتی باشتر بکات. بەرزبوونەوەی ئاست لەوانەیە ڕێگە بە کارەکتەرەکە بدات بگات بە ناوچە یان شتومەکی قورستر.
لە هەندێک کایەی ڕۆڵگێڕاندا، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەنجنز ئەند دراگۆنز وەرگیراون، خاڵەکانی ئەزموون بۆ باشترکردنی کارەکتەرەکان لە ئاستە جیاوازەکانی ئەزمووندا بەکاردەهێنرێن؛ لە کایەکانی دیکەدا، وەک گورپس و کایەکانی جیھانی تاریکی، خاڵەکانی ئەزموون لەسەر توانای دیاریکراو یان تایبەتمەندیی هەڵبژێردراو لەلایەن یاریزانەوە خەرج دەکرێن.
لە زۆربەی کایەکاندا، لەگەڵ زیادبوونی سەختیی بەرەنگارییەکە، ئەو ئەزموونەی کە بۆ تێپەڕاندنی دەبەخشرێت، زیاد دەکات. کاتێک یاریزانان خاڵی ئەزموونی زیاتر بەدەست دەهێنن، ئەو بڕە ئەزموونەی کە بۆ بەدەستهێنانی توانا نوێیەکان پێویستە، بە شێوەیەکی گشتی زیاد دەکات. لە لایەکی ترەوە، هەندێک کایە ژمارەی خاڵەکانی ئەزموون بۆ هەر ئاستێک بە نەگۆڕی دەهێڵنەوە، بەڵام وردە وردە ئەو ئەزموونەی کە بۆ هەمان ئەرکەکان بەدەست دێت کەم دەکەنەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی کارەکتەرەکەدا. بەم شێوەیە، کاتێک کارەکتەری یاریزان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئەزموونەوە بەهێزتر دەبێت، هان دەدرێت ئەرکی نوێ وەربگرێت کە لەگەڵ توانا باشتربووەکانیدا بگونجێت بۆ ئەوەی پێش بکەوێت.