حەبرۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خۆرئاوابوون لە شاری حەبرۆن

حەبرۆن یان ئەلخەلیل، شارێکی فەلەستینییە، و ناوەندی پارێزگای حەبرۆنە. دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاوا و نزیکەی ٣٥ کم لە باشووری ئورشەلیمەوە دوورە. لەلایەن کەنعانییەکانەوە لە سەرەتای سەردەمی برۆنزی دامەزراوە، ئەمڕۆ گەورەترین شاری کەناری ڕۆژئاوایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەرەوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٢١٥ ھەزار کەس بووە، بە ڕووبەری ٤٢ کیلۆمەتری دووجا. [١] شارەکە بە گرنگییە ئابوورییەکەی دەناسرێتەوە، چونکە یەکێکە لە گەورەترین ناوەندە ئابوورییەکانی کەناری ڕۆژئاوا. حەبرۆن گرنگییەکی ئایینی ھەیە بۆ سێ ئایینی ئیبراھیمی, وەک چۆن مزگەوتی ئیبراھیمی لە ناوەڕاستی شارەکەدا مەزارگەی پێغەمبەرانی ئیبراھیم و ئیسحاق و یەعقووب و ھاوسەرەکانیان لەخۆدەگرێت.

شاری حەبرۆن لە ئێستادا دابەشکراوە بەسەر شارۆچکە کۆنەکە و شارۆچکە نوێیەکەدا، و لەلایەن شارەوانی حەبرۆنەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لە ساڵی ١٩٢٧ شارۆچکەکان دامەزراوە، و ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە زیاتر لە ٦٨٤ ھەزار کەسە (٢٠١٤). شارۆچکە کۆنەکە دەکەوێتە تەنیشت مزگەوتی ئیبراھیمی. پێکدێت لە کوچە و خانوو و دووکانە کۆنەکان و چەندین بازاڕیش لەخۆدەگرێت. ئیسرائیل بەشێکی زۆری دادەخات و ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل تێیدا جێگیر دەکات بەھۆی بوونی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی جولەکەکانی ئۆرتۆدۆکس کە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی خانووبەرە دەدەن لەو لەو ناوچەیە. ئیسرائیل نزیکەی ٢٠٪ی ڕووبەری شارەکەی کۆنترۆڵ کردووە بەپێی ڕێککەوتنی دووبارە جێگیرکردنەوە لە ساڵی ١٩٩٧ لە حەبرۆن بەڵام دەسەڵاتی فەلەستین بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری سڤیلی فەلەستینییەکانی ئەوێ. ھەروەھا شارەکە بە چەندین نیشینگەی ئیسرائیل دەورە دراوە، گەورەترینیان نیشتەجێبوونی کیریات عەربە، و نیشتەجێبوون و کۆمەڵگاکانی جوولەکەکان لەلایەن دەزگایەکی شارەوانی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێن. شارەکە یەکێکە لە چوار شارە پیرۆزەکەی ئایینی جوولەکەکان.

لە ٧ی تەمموزی ٢٠١٧ ڕێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونێسکۆ) شاری کۆنی حەبرۆن و مزگەوتی ئیبراھیمی خستە لیستی کەلەپووری جیھانی لە مەترسیدا وەک ناوچەیەک کە بە بەھای جیھانییەکەی ناسراوە، شاری حەبرۆن و مزگەوتی ئیبراھیمی زۆرینەی دەنگی وڵاتانی بەشداربووی بەدەستھێنا لە دەنگدانەکەدا کە لە شاری کڕاکۆفی پۆڵەندا بەڕێوەچوو. [٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ 1 2 الصفحة 80, السلطة الوطنية الفلسطينية الجهاز المركزي للإحصاء الفلسطيني . "نسخة مؤرشفة". Retrieved 31 مايو 2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  2. ^ "الخليل تنتصر في اليونسكو". Retrieved 7 يوليو 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)