بۆ ناوەڕۆک بازبدە

خۆیبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە حیزبی خۆمانەوە ڕەوانە کراوە)
Xoybûn
ڕێبەرجەلادەت عالی بەدرخان[١]
دامەزرا لە١٩٢٧ بەیرووت، لوبنانی فەڕەنسی
تێکچوو لە١٩٤٦
ئایدۆلۆجیاکوردایەتی[٢]
جیھانخوازی[٣]
کۆماریخوازی[٤]
ڕەنگە فەرمییەکان        سوور، زەرد، سپی و سەوز
ئاڵای حیزب
بەشدارانی کۆنگرەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی کورد خۆییبوون لە ساڵی ١٩٢٧

خۆیبوون ڕێکخراوەیەکی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو کە پاڵپشتییان لە سەرھەڵدانی ئارارات دەکرد، ئەم کۆمەڵەیە بە سەرکردایەتی ئیحسان نووری پاشا لە وڵاتی لوبنان لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧ دامەزرا.

دامەزراندن

[دەستکاری]

لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧، لە بەحەمدوون لە لوبنانی گەورە، لە میانەی کۆنفرانسێکدا کە ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد ئامادەی بوون، خۆیبوون دامەزرا. لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەی پێشخستنی کوردستان، ئازادی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)، ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی کورد و پارتی نەتەوەی کوردەوە دامەزرا. لەنێو ئەندامە دیارەکانی کۆنفرانسەکەدا کەسانی وەک کامەران بەدرخان، جەلادەت بەدرخان، مەمدوح سەلیم، مەھدی سەعید (برای شێخ سەعید) و حەجۆ ئاغا و شاھین بەگ ھەبوون. لە ھەمان مانگدا، خۆیبوون پەیمانێکی لەگەڵ یەکێتیی شۆڕشگێڕی ئەرمەنیدا بەست. پەیماننامەکە لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە بەیرووت لەلایەن ڤاھان پاپازیانەوە نوێنەرایەتیی یەکێتیی شۆڕشگێڕی ئەرمەنی و جەلادەت بەدرخان، محەممەد شوکروو سەکبان و عەلی ڕەزا (کوڕی شێخ سەعید و ئەندامانی دیکەی خۆیبوون) واژوو کرا. خۆیبوون دوو باڵی جیاوازی ھەبوو: باڵێکی چەکداری و باڵێکی سیاسی. باڵی چەکداری لەلایەن ئیحسان نوورییەوە سەرکردایەتی دەکرا کە سەربازێکی عوسمانی بوو. باڵی سیاسی بارەگاکەی لە دیمەشق بوو و لە چەندین وڵاتی ڕۆژاواییدا نوێنەرایەتیی ھەبوو، کە زۆربەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پێکھاتبوون.

شۆڕشی ئارارات

[دەستکاری]

بە سەرکردایەتیی جەلادەت عالی بەدرخان، کامەران عالی بەدرخان، ئەکرەم جەمیل پاشا، مەمدوح سەلیم و کەسانی دیکە، خۆیبوون بڕیاری دا پلەی ئیحسان نووری، ئەفسەری پێشووی سوپای عوسمانی و تورکیا، بۆ ژەنەراڵ (پاشا) بەرز بکاتەوە و لەگەڵ ٢٠ ھاوڕێیدا ڕەوانەی ئەرزەڕۆمی کرد. ئەوان ڕۆژنامەی «ئاگری»یان دەرکرد. کۆماری ئارارات لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧ سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند.

کۆمیتەی ناوەندیی خۆیبوون، ئیبراھیم حەسکی کە یەکێک بوو لە شێخەکانی ھۆزی جەلالی لە پارێزگای ئاگری، و ئیحسان نووری پاشای وەک فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی کورد دەستنیشان کرد. ھەروەھا خۆیبوون داوای یارمەتیی لە زلھێزەکان و کۆمەڵەی گەلان کرد، بەڵام لەژێر فشاری تورکیادا، ئیمپراتۆریەتیی بەریتانیا و فەڕەنسا چالاکییەکانی ئەندامانی خۆیبوونیان سنووردار کرد.

خۆیبوون «ھاندەری» سەرەکیی شۆڕشی ئارارات بوو، کە تێیدا کۆماری ئارارات دامەزرا و دواتر لە ساڵی ١٩٣١ لەلایەن ھێزەکانی تورکیاوە سەرکوت کرا.

چالاکییەکانی خۆییبوون لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

[دەستکاری]

لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئەمیرئەحمەدی لە سەرکردەکانی ئەرتەشی پاشایەتیی ئێران نووسراوە کە حیزبێک بە ناوی «حیزبی خۆمان» لە لایەنی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لە وڵاتی میسردا دامەزراوەتەوە و گۆڤارێک سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و لە ئێران و تورکیا خەریکی چالاکییە. بە وتەی ئەحمەد ئەمیرئەحمەدی ڕەزا شا پێڕستێک لە ناوی سەرکردەکانی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لەو حیزبە لایەنگریان دەکرد بەشێوەی تەلەگراف بە ئەمیرئەحمەدی ناردووە و ئەمیرئەحمەدیش کە لەو سەردەمە بەرپرسی سەرکوتکردنی سەربزێوییەکانی کوردستان و لوڕستان بوو، نەخشەیەک دادەڕێژینێت و بە بوونەی ڕێزلێگرتن داوەتیان دەکات بێن بۆ ساخلۆکانی ئەرتەش و ھەموویان دەستبەسەر و ڕەوانەی تاران دەکات و تا داکەوتنی ڕەزا شا و دەستپێکی جەنگی جیھانیی دووەم لە زینداندا دەیانپارێزێت. محەممەد عەلی سوڵتانی وای زانیوە کە حیزبی خۆمان ھەر ئەو حیزبی خۆیبوونە بێت.[٥] ھەروەھا ئەسغەر شیرازیش ئەمەی پشتڕاست کردووە و وتوویەتی کە خۆمان یان ھەر ئەو خۆیبوون لە بەھاری ساڵی ١٩٢٧ لە یەکگرتنی چوار ڕیکخراوەی کوردی باکووری کوردستان لە وڵاتی لوبناندا دامەزراوە و بەرەنگاری شەڕێکی سەخت بەرامبەر بە حکوومەتی تورکیا بووە. شیرازی ھەروەھا ئاماژە بەوە کردووە کە حکوومەتی ئێران لە سەرەتادا ھەر بە تەنھا نیگەرانی کشانەوەی ئەم شەڕە بە ناوی سنوورەکانی خۆی بووە، بەڵام بە دوای ماوەیەک کە ئەم بزووتنەوە لە سەری کوردەکانی عالی جەلالی کاریگەر دەبێت و جەلالییەکان سەرھەڵدەدەن، لە ساڵی ١٩٣١ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دژ بە خۆیبوون ڕێک دەکەوێت و ھاوکاری دەکاتەوە.[٦]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. McDowall 1996، لاپەڕە ٢٠٣.
  2. McDowall 1996، لاپەڕە 172.
  3. McMurray 2013، لاپەڕە 178.
  4. McMurray 2013، لاپەڕە ١٧٨.
  5. سلطانی، محمدعلی، احزاب سیاسی و انجمن‌ھای سری در کرمانشاە، از فراموشخانە تا خانەی سیاە: دورەھای ۵–۱ انتخابات مجلس شورای ملی و فریادگران بر نظام دیکتاتوری از کرمانشاە؛ تھران: مؤسسەی فرھنگی نشر سھا، جلد اول، چاپ یکم: ۱۳۷۸؛ ص ٢٧٣–٢٧٢.
  6. شیرازی، اصغر، ایرانیت، ملیت، قومیت؛ تھران: مؤسسۀ فرھنگی-ھنری جھان کتاب، چاپ یکم: ۱۳۹۵؛ ص ۷۵٢.

بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان باک (لێدوان) ١٥:٢٤، ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ (UTC)