حوسێن شەھرستانی
| حوسێن شەھرستانی | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٤٢ کەربەلا، عێراق |
| خوشک و برا | سالح شەھرستانی |
| خێزان | Al-Shahristani family |
| پیشە | سیاسەتوان، کیمیازان، ئەندازیار، زانای ئەتۆمی |
| شوێنی کارکردن | زانکۆی بەغدا |
| پۆستەکان | وەزیری نەوت، وەزیری دەرەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق |
| پەروەردە | کۆلێژی ئیمپراتۆری لەندەن، زانکۆی تۆرۆنتۆ |
| ئەندامی حیزبی | ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا |
| ئایین | شیعە |
| خەڵاتەکان | خەڵاتی چوار ئازادی – ئازادی لە ترس |
حوسێن ئیبراھیم ئەلشەھرستانی سیاسەتوانێکی عێراقییە و لە ساڵی ١٩٤٢ لە شاری کەربەلا لە عێراق لەدایکبووە. پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە حکوومەتی کاتی عێراق کە لە حوزەیرانی ٢٠٠٤دا ڕاگەیەندرا ڕەتکردەوە و ڕوونیکردەوە کە «پێی باشترە بە شێوازی دیکە خزمەت بە وڵاتەکەی بکات».[١][٢][٣]
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کیمیایی لە ساڵی ١٩٦٥ و بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاری ڕیاکتۆر لە ساڵی ١٩٦٧ و پاشان دکتۆرای لە ئەندازیاری کیمیایی بەدەستھێناوە.
لە ساڵانی ١٩٧٠–١٩٧٣ وەک توێژەری زانستی لە ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی کاری کردووە، ھەروەھا وەک مامۆستا لە زانکۆکانی نەینەوا و بەغدا کاری کردووە.
ئەلشەھرستانی وەک شارەزایەک بەشداری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی عێراقدا کردووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، گوایە زانیاری لەسەر ئەو بەرنامەیە بۆ قەوارە بیانییەکان گواستووەتەوە. دواتر سزاکە بۆ زیندانی ھەتاھەتایی گۆڕدرا. لە ساڵی ١٩٩١ لە زیندان ھەڵھات بۆ ئێران و دواتر ڕووی لە ئەمریکا کرد. ھاوکاری ئەحمەد چەلەبی کرد لە ڕازیکردنی کۆنگرێس بۆ دەرکردنی یاسای ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ١٩٩٨، لەوێدا شایەتحاڵی ئەوەی دا کە کار لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی عێراق کردووە و عێراق خاوەنی چەکی ئەتۆمییە. پێش ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، حازم شەعلان وەزیری بەرگریی عێراق تۆمەتباری کردبوو کە لە ڕیاکتۆری ئەتۆمی بوشێھر لە ئێران کاردەکات. ئێستا سەرۆکایەتی کوتلەی موستەقیلوون دەکات کە گرووپێکە لە ١٢ ئەندامی پەرلەمان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە لە حکوومەتی ئینتقالی و کاندید کراوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە حکوومەتی ئێستا.
لە مانگی ئایاری ٢٠٠٦ دوای کشانەوەی حیزبی فەزیلەتی ئیسلامیی عێراق - کە پۆرتفۆلیۆی نەوتی پێدرابوو - لە ھاوپەیمانی حکومڕانی وەک وەزیری نەوت دەستنیشانکرا. پاشان پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە لە حکوومەتی دووەمی نووری مالیکی پێسپێردرا. لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠١٦ وەک وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی ھەڵبژێردرا، ناوەکەی لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵیدا دیار بوو، بەو پێیەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن فەیرفاکس میدیا و ھافینگتۆن پۆستەوە ئەنجامدرا، کە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بە ژمارەیەک ناوی دیار لە عێراقدا کرد کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە گەندەڵییەکی گەورەوە ھەیە. لە دیارترین ئەو ناوانە ناوی حوسێن شەھیستانی وەزیری خوێندنی باڵا بوو کە لە حکوومەتی پێشوودا وەزیری نەوت بووە و لە حکوومەتی پێش ئەویش جێگری سەرۆکوەزیران بووە بۆ کاروباری وزە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Wayback Machine» (PDF). ٢١ی ئازاری ٢٠٠٥. لاپەڕە ٥. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی تەممووزی ٢٠١٤ ھێنراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20090216222155/http://news.bbc.co.uk/1/hi/world/middle_east/6218597.stm
- ↑ https://web.archive.org/web/20110725103853/http://www.bseef.org/speaker/he-hussain-al-shahristani