حەسەن سەلاح سۆران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە حه‌سه‌ن سه‌لاح سۆرانەوە ڕەوانە کراوە)

حەسەن سەلاح سۆران (١٩٤١-٢٠٠٩) نووسەر و ھۆنڕاوەنووس و وەرگێر و زمانزانی کورد بوو.

لە سەرەتای لاوییەوە دەستی بە نووسین و لێکۆلینەوە لەسەر زمان و مێژوو و وێژەی کوردی کردبوو کە لە بوارەدا ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی لە دوای خۆی بە جێھێشتووە. ھەروەھا بەسەر زمانی ئینگلیزیدا زاڵ بوو و چەندین بەرھەمی بەو زمانە نووسیوە و وەرگێراوە. و بە سەدان بەرھەمی کورت و درێژی لە سایتەکاندا بلاوکردبووە. سەرەتای بەرھەمەکانی بە رستەی «بە ناوی کوردستانی گەوروە» دەستی پێدەکرد. حەسەن سەلاح سۆران کوڕی برایم خان سەلاح و برای دوکتور عەلی گەلاوێژ بوو.

ژیاننامە[دەستکاری]

مامۆستا حەسەن سەلاح سۆران لە ٢٣/٩/١٩٤١دا لە ئاوایی ساروقامیش، لە ناوچەی بۆکان، لە رۆژھەڵاتی کوردستان ھاتۆتە دنیا. بابی مە بنەماڵەی بوداق سوڵتان (لە فەرمانڕەوایانی موکری) و دایکی لە بنەماڵەی ئەردەڵانە کە بنەماڵەی ئەردەڵانیش چەند سەدە فەرمانڕەوای کوردستانی گەورە بوون. (باوکی حەسەن خان، واتە برایم خان سەلاح، فەرماندەی گشت سوپای کۆمار بووە لە کۆماری کوردستاندا) سۆران بێجگە لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە شاری لەندەن لە کولیژەکانی ( Trinity، Sent Jorj، Dtanford) لە ئینگلستان زمانی ئینگلیسی خوێندووە و وەک پسپۆڕی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیسی لە تاران کار دەکات و لە ساڵی ١٩٦٥ ھەتا ئەمڕۆ وەک شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ بەرھەمەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش دەکات. ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٠٩ (٢٥ی‌ خەرمانان ١٣٨٨ ھەتاوی) لە ماڵی خۆی لە کرج کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گشتیی شاری بۆکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • شەجەرەی بنەماڵەی بەگزادە بە زمانی فارسی لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری تەورێز چاپ کراوە.
  • دیوانی سۆران، ھەڵبژاردەی ھونراوەکانی لە ساڵی ١٩٦٦ لە تەورێز چاپ کراوە.( ئەم کتێبە و کتێبی" چریکەی کوردستان"ی حەسەن زیرەک تاقە کتێبن کە لە دەورەی دەستەڵاتداریەتیی رژێمی پەھلەوێدا چاپ کراون. ئەوەی چۆن سەرڕای یاساغبوون ئەم دوو کتێبە چاپ کراون پرسیارێکە کە نووسەر حەسەن سەلاح سۆران لە نووسراوەیەکدا وڵامی دەداتەوە و خانم مێدیا زەندیش لە کتێبی زمانی دوولا دا باسی لێوە دەکات).
  • ئەشکەنجە و کوشتاری بنەماڵەیەکی کورد، بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٧٨ لە لەندەن چاپ کراوە.
  • ھۆنراوە و پەخشان، کۆمەڵە ھۆنراوەو پەخشان چاپی تاران
  • کەلماجاڕ کۆمەڵە ھۆنراوە لە تاران چاپ کراوە
  • زمان‌و ئەدەب، باسی زمان و ئەدەبی کوردی چاپی تاران.
  • کتێبخانەی سۆران( بیبلۆگرافی کوردی ) لە سێ بەرگدا بە زمانی کوردی کە لە ساڵی ١٩٧٦ ھەتا ئێستا کاری لە سەر دەکرێ. بەرگی یەکەم ساڵی ١٩٧٩ لە لەندەن چاپ کراوە.
  • داری مازو باسی ھەمە رەنگی زمان و ئەدەب بە زاراوەگەلی سۆرانی، ھەورامی، کەلھوڕی. لە تاران چاپ کراوە.
  • کانی سارد پەخشان لە تاران چاپ کراوە.
  • باڵە کۆلارە باسی نامە نووسین و زمانناسی کوردی لە تاران چاپ کراوە
  • یاسای ھەتاو، رۆمان لە ژێر چاپ دایە
  • ناوی کیژان و کوڕانی کورد (ناونامەی کوردی) لە ژێر چاپ دایە
  • بەیان کۆمەڵە ھۆنراوە. لە ژێر چاپ دایە. ( بەیان ناوی چیایەکە لە ناوچەی ھەوشار)
  • فەیزوڵڵابەگییەکانی بۆکان بە زمانی ئاڵمانی ھاوبەش لە گەڵ دوکتور W. Rudolf١٤. ئەم کتێبە لە لایەن دوکتور ن. عەبباس ئەحمەددەوە وەرگێڕدراوەتەوە سەر کوردی
  • یاسای ھەتاو ( رۆمان) چاپ دەکرێ
  • فەرھەنگی فارسی ـ کوردی (بچکۆلانە) بەر لە ساڵی ١٩٧٩پێش نوسخەی لێ چاپ کراوە
  • وەرگێڕانی‌ بابەتی زانستی، فەننی و تێکنۆلۆژی لە زمانگەلی ئورووپی بۆ سەر زمانی فارسی.
  • چاپی ژمارەیەکی زۆر وتار لە سەر زمان و ئەدەب و فەرھەنگ لە گۆڤارەکاندا.
  • بەشداری لە کۆڕوکۆمەڵ و سمینار و پێشکەش کردنی ھۆنراوە وتار.

سەرچاوەکان[دەستکاری]