بۆ ناوەڕۆک بازبدە

جەنگی جیھانیی سێیەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕی ناوکی ھێما و تەوەری ھاوبەشیی سیناریۆکانی جەنگی جیھانیی سێیەمە؛ ململانێیەکی لەو جۆرە گریمانەکراوە، کە نزیک دەبێتەوە لە لەناوچوونی مرۆڤایەتی یان دەبێتە ھۆی لەناوچوونی مرۆڤایەتی.

جەنگی جیھانیی سێیەم یان سێیەمین جەنگی جیھانی ئاماژەیە بە ململانێیەکی جیھانی گریمانەکراو، لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەمەوە ناونراوە. ئەم زاراوەیە ھەر لە ساڵی ١٩٤١ەوە بەکارھاتووە. ھەندێک بە شێوەیەکی سنووردار یان بچووکتر وەک شەڕی سارد یان شەڕی تیرۆر ئەم ناوە بەکار دەھێنن. لە بەرامبەردا ھەندێکی تر وا گریمانە دەکەن کە ململانێیەکی لەو شێوەیە ھەم لە ڕووی پانتایییەوە و ھەم لە ڕووی کاریگەرییە وێرانکەرەکانەوە شەڕە جیھانییەکانی پێشوو تێدەپەڕێنێت.[١]

بەھۆی پەرەپێدانی چەکی ناوکی لە پڕۆژەی مانھاتن، کە لە وێرانکارییەکانی ھێرۆشیما و ناگازاکی لە نزیک کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم بەکارھێنران، و دواتر بەدەستھێنان و جێگیرکردنیان لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە، مەترسی ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی دەبێتە ھۆی دروستبوونی لەناوبردنی بەکۆمەڵ و بەربڵاوی شارستانیەتی و ژیانی زەوی. یەکێکی دیکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە شەڕی بیۆلۆژیک دەتوانێت ببێتە ھۆی قوربانیدانی گەورەی گەلانی جیھان؛ دەکرێ بە ئەنقەست یان بەبێ ئاگاداری ڕووبدات.

پێش دەستپێکردنی جەنگی جیھانی دووەم لە ساڵی ١٩٣٩، لە جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤–١٩١٨) باوەڕ وابوو کە «جەنگی کۆتاییھێنانە بە ھەموو جەنگەکان». لەلایەن خەڵکەوە پێیان وابوو کە جارێکی دیکە ناتوانرێت ململانێیەکی جیھانی بەو قەبارە گەورەیە ڕووبدات. لە ماوەی نێوان جەنگەکاندا، جەنگی جیھانی یەکەم بە شێوەیەکی گشتی بە سادەیی بە «جەنگی گەورە» ناودەبرا. سەرھەڵدانی جەنگی جیھانی دووەم ئەو باوەڕەی پووچەڵکردەوە.[٢]

پلانە سەربازییەکان[دەستکاری]

ستراتیژیستە سەربازییەکان، یاری و کایە جەنگییەکانیان بەکارھێناوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ سیناریۆی جەنگی جۆراوجۆر و دیاریکردنی گونجاوترین ستراتیژییەکان. بەھەمان شێوە یارییە جەنگییەکان بۆ جەنگی جیھانیی یەکەم و جەنگی جیھانیی دووەم بەکاردەھێنران.[٣]

بەکارھێنانی درێژخایەنی ئەم زاراوەیە[دەستکاری]

جەنگی سارد[دەستکاری]

خاوەن کۆگا گەورەکانی چەکی ئەتۆمی لە جیھاندا (شینی تۆخ)، کۆگا ناوەندییەکان (شینی ناوەند)، کۆگا بچووکەکان (شینی کاڵ)

لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سۆڤیەت و ئەمریکا لە دوای جەنگی جیھانیی دووەم، ترسی ئەوەی کە گرژییەکان بەرەو جەنگی جیھانی گەورەتر ببرێت، ھەمیشە لە ئارادا بوو. ڕاپرسییەکی گالۆپ لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٠دا دەریدەخات کە زیاتر لە نیوەی ئەمریکییەکان بیریان لە جەنگی جیھانیی سێیەم کردووەتەوە لەوکاتەدا.

شەڕی تیرۆر[دەستکاری]

ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول

«شەڕی تیرۆر» کە بە ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول دەستی پێکرد، لەلایەن ھەندێکەوە بانگەشەی ئەوە کراوە کە جەنگی جیھانی سێیەمە.[٤]

شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی[دەستکاری]

لە ١ی شوباتی ٢٠١٥، ئیبراھیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند، شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی کاریگەر «جەنگی جیھانیی سێیەمە». بەھۆی ئامانجەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ خەلافەتێکی جیھانی، و سەرکەوتنەکانی لە بڵاوکردنەوەی ململانێکان بۆ وڵاتانی دەرەوەی ناوچەی شام. لە وەڵامی ھێرشەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی پاریس، پاشای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم ڕای گەیاند «ئێمە ڕووبەڕووی جەنگی جیھانی سێیەم دەبینەوە [لە چوارچێوەی ئیسلامدا]».[٥]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ The New Quotable Einstein. Alice Calaprice (2005), p. 173.
  2. ^ Safire, William (2008). Safire's Political Dictionary. Oxford University Press US. pp. 792–3. ISBN 978-0-19-534334-2. Archived from the original on 9 July 2021. Retrieved 2010-08-24.
  3. ^ Caffrey, Matthew B. (2019). On wargaming: how wargames have shaped history and how they may shape the future. Naval War College. Press, Naval War College. Center for Naval Warfare Studies. Newport, Rhode Island. ISBN 978-1-935352-65-5. OCLC 1083699795. Archived from the original on 3 May 2022. Retrieved 30 April 2022.
  4. ^ Micallef, Joseph V. (24 January 2017). "Are We Already Fighting World War III?". Military.com. Archived from the original on 16 April 2017. Retrieved 15 April 2017.
  5. ^ "Jordan's King Abdullah: We are facing a Third World War". The Jerusalem Post. 17 November 2015. Archived from the original on 14 February 2016. Retrieved 17 February 2016.