جیۆپۆلەتیک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جیۆپۆلەتیک (بە یۆنانی:Γη+Πολιτική)، لقێکی جوگرافیای ڕامیارییە، لە «جیۆ» بە واتای زەوی و «پۆلەتیک» بە واتای سیاسەت پێکھاتووە.[١]

مێژوو[دەستکاری]

زاراوەی جیۆپۆلەتیک بۆ یەکەمین جار لەسەر زاری مێژوونووس و ڕامکاری بەریتانی ڕۆدۆلف کیلین(١٩٢٢-١٨٦٤ز) لە ساڵی(١٩١٦ز)دا ھاتە کایە، پاشان بنەماکانی ئەم زانستە لە لایەن ژەنەڕاڵی ئەڵمانی کارل ھاوسھۆڤەر ەوە، داڕێژرا و پەرەی پێدرا. جەنگ جیۆپۆلەتیکی دروست کرد، بۆیە تەنانەت ھێندێ جار جیۆپۆلەتیک بە جەنگ بەراورد دەکرێت.

پێناسە[دەستکاری]

جیۆپۆلەتیک تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی دەوڵەت لە تێڕوانینی سیاسەتەوە، بەڵام وەکوو چەمکێکی جێگیر و نەگۆڕ تەماشای دەوڵەت ناکات، وەکوو زیندەوەرێکی زیندوو لێی دەڕوانێت. جیۆپۆلەتیک لە گۆشەنیگایەکی نەتەوەیی و زاتییەوە، پەیوەندییە ئاڵوگۆڕەکانی نێوان شوێن و ھەر یەکە لە دیمەنی سروشتیی (زەوی) و دیمەنی مرۆیی (دانیشتووان) و دیمەنی شارستانیی (توانا و تەکنۆلۆجیا)، دەکۆڵێتەوە. گەوھەری جیۆپۆلەتیک لێکۆڵینەوەی پەیوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە سایەی ھەلومەرج و پێکھاتە جوگرافییەکاندا. لە ڕاستیشدا جوگرافیا و توخمە جوگرافییەکان کرۆکی تیۆری جیۆپۆلەتیکن. جیۆپۆلەتیک ئەو تیۆرییەیە کە لە ھێزی دەوڵەت پێ بەپێی زەوی دەکۆڵێتەوە، یا تیۆری گۆڕانکارییە ڕامیارییەکانە بەپێی پەیوەندییان بە زەوییەوە. ڕۆدۆلف کیلین ئاوا پێناسەی جیۆپۆلەتیک دەکات؛ زانستێکە لە پەیوەندی نێوان ڕووداوە ڕامیارییەکان و زەوی دەکۆڵێتەوە. بەڵام بە بۆچوونی نیکۆلاس سپایکمانی ئەمریکی، جیۆپۆلەتیک نەخشەدانانە بۆ سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت لە چوارچێوەی فاکتەرە جوگرافیایییەکاندا. جیۆپۆلەتیک لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە لە تانوپۆکانی ستراتیج دەکۆڵێتەوە، ئەو پێی وایە ستراتیج فەلسەفەی ھێزە؛ بۆیە زەرورەت یاسا ناناسێت. ھەر لە بەر ئەوەشە جیۆپۆلەتیک گرنگی گەورە بە داواکانی دەوڵەت دەدات لە ڕووی ڕووبەرەوە و ڕووبەری دەوڵەت بۆ پێنج توخمی سەرەکی دابەش دەکات کە بێ دابینکردنی ئەو پێنج توخمە دەوڵەت ناتوانێت ھەست بە دڵنیایی بکات، ئەوانیش توانای خۆبژیوی، زیندەبوار، بیرۆکەی ھەرێمگیریی، ململانێی نێوان ھێزەکانی ئاو و وشکایی و سنووری ڕامیارییە. ئەگەرچی جیۆپۆلەتیک لە جوگرافیای ڕامیارییەوە سەری ھەڵدا، بەڵام جیاوازی گەورەشیان لەنێواندایە... جیۆپۆلەتیک بە پێچەوانەی جوگرافیای ڕامیارییەوە، ئەوەندەی گرنگی بە بارودۆخ لە پاشەڕۆژ دا دەدات، ھێندە گوێ بە ئەمڕۆ نادات. جیۆپۆلەتیک وێنەی دەوڵەت بەو شێوە دەکێشێت کە پێویستە ببێت، لەکاتێکدا جوگرافیای ڕامیاری لە قەوارەی ئێستای دەوڵەت وەکو ئەوەی ھەیە، دەکۆڵێتەوە. لەسەرێکی ترەوە جیۆپۆلەتیک ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ڕووی ڕامیارییەوە و بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت پێویستە ئەنجام بدرێت. بەڵام جوگرافیای ڕامیاری گرنگی بە لێکۆڵینەوەی جوگرافیای دەوڵەتان و یەکە ڕامیارییەکان دەدات پێ بەپێی ڕاستییە جوگرافییەکان. ھاوسھۆڤەر دەڵێت: جوگرافیای ڕامیاری لە ڕووی ڕووبەرەوە لە دەوڵەت دەکۆڵێتەوە، بەڵام جیۆپۆلەتیک لە ڕووی دەوڵەتەوە لە ڕووبەر دەکۆڵێتەوە،یان جوانتر پێناسەی بکەین جوگرافیای ڕامیاری بریتیە لەو سنورە جوگرافیایەی کە ئێستا ھەیەتی و دەسەڵاتی بەسەرداھەیە،بەڵام جیۆپۆلەتیک بریتیە لەوسنورەجوگرافیایەی کەلەداھاتوو دا دەیبێت دوای ھێلکاری ڕامیاری وپلانە داڕێژراوەکەی،وەک جوگرافیای میسر پێش ھەڵکەندنی نۆکەندی سوێس و دوای ھەڵکەندنی نۆکەندی سوێس کە چەندەگۆڕا،

ڕیشەی بیروباوەڕە جیۆپۆلەتیکییەکانی سەدەی بیستەم[دەستکاری]

پەیدابوونی تیۆری جیۆپۆلەتیکییەکانی سەدەی بیستەمی جیھانی رۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ ھەلومەرجی ڕامیاریی تایبەتی ئەو ماوەیە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا چەندین پێشکەوتنی لەڕادەبەدەر بەتایبەتی لە بواری دەستڕۆیی فیزیا جیھانی گرتەوە کە ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرۆکانە لەلایەن نەتەوە ئەورووپییەکانەوە داڕێژرابوو، پاشان ئەمریکییەکانیش پێشکەوتنی تریان خستە سەری، وڵاتانی جیھان، دۆخێکی ھەرەمیان ھەبوو، کە چینە دەستڕۆە ئەورووپییەکان بەھۆی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر وڵاتان و سەرمایەی نەتەوەکانی تردا، لە لووتکەی ئەو ھەرەمەدا بوون و ئەو دەست و باڵاییە ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئابووری و مەشرووعیەتەی خۆیان بە خواستەکی خودایی لە قەڵەم دەدا. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە دەسەڵاتی کەنیسەوە سەرچاوەی گرتبوو. دەستڕۆیی و کاریگەرییە فیکرییەکانی دەستەی پرۆتستانت، لەوانە ھاندان بۆکار و ھەوڵدان رۆڵێکی گەورەی لە شارستانیەتی و ئاراستەگیری بەرەو ماتریالیزمدا بینی. ئەورووپا وەکوو دڵی جیھان رۆڵی دەبینی و ھەموو شتێک لەوێوە دەستی پێدەکرد. لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا لە دەوروبەری ئەو زلھێزە ئیمپریالیستانە ژمارەیەک وڵات سەریانھەڵدا کە کاریگەریی کەلتوور و ژینگە سروشتییە نھێنیی ئامیزی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقایان لەسەر بوو. پێشکەوتنی شارستانیەتی ئەورووپا و بەردەوام بوونی ئەو دیاردەیە بەند بوو بەو دۆزینەوە و داھێنانەی کەلە ماوەی سێ سەدەدا بۆ ئەورووپا ڕەخسابوو و ئەوروپاییەکان دەیانویست ئاسەواری ئەم پێشکەوتنانە بگوازنەوە بۆ نەتەوە ھەژارە دواکەوتووەکان، بەڵام بە مەرجێک تاڕادەیەک مافی خاوەن پیشەکان ون نەبێت و بەرژەوەندییان دابین بکرێت. ھەبوونی تێگەیشتنی زانستییانە لەبارەی بەڕێوەبردنی سیستەمی میکانیکی جیھان لەلایەن ھێزێکی نەبینراوەوە زەمینەی بۆ شۆڕشێکی فیکری خۆش کرد کە ئیلھامەکەی لە تیۆری پەرەسەندن (داروینی) کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم وەرگرتبوو.

لە روانگەی ئیسلام، مەسیحیەت و ئایینە ئاسمانییەکانی ترەوە، تواناکانی ھەر کەسێک بە گوێرەی خواستی خوای گەورە دیاری دەکرێت. پەیدابوون و بەھێزبوونی ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە بووە مایەی سەقامگیری و بەردەوامییەکی تایبەت لە کۆمەڵە مرۆییەکاندا. (راتزل) (٢) لە کتێبی جوگرافیای ڕامیاریی خۆیدا کە لە ساڵی (١٨٩٧) چاپ کرا، سەرجەم دیدگاکانی خۆی لەو بارەیەوە ھەڵڕشت. راتزل باوەری وابوو کە وڵاتان وەک گیانەوەرێکی زیندوون و یاسای تایبەتی دەیانگرێتەوە و لە ڕوانگەی «راتزل»ەوە دەوڵەت بریتییە (لە دەرەنجامی پەرەسەندنی ئۆرگانێک و بەشە وابەستەکانی وەک درەختێک وایە کە ئەندامە فەزایی یەکەی لە خاک دایە و بۆ ئەوەی ئەو ئەندامە نەشونما بکات و کامڵ بێت پێویستی بە پەرەسەندنی زەمینی ھەیە). جوگرافیناسی سویدی (کیڵن) چاکەی زۆر بەسەر زاراوە جیۆپۆلەتیکەوە ھەیە ئەویش بەکاری ھێناوە و لە سەرەتاکاندا ئەوە بوو جیۆپۆلەتیکی لە جوگرافیای ڕامیاریی جیا کردەوە لەڕووی تیۆر و پراکتیکیەوە پێشبینی ئەوەشی کردبوو کە دەوڵەتی مەزن (super state) لە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقادا دروست دەبن و سەرکردایەتی دەگرنە دەست. کیڵن دەیوت دەوڵەتە مەزنەکەی ئەورووپا ئەڵمانیا دەبێت. ئەم زانایە لەڕووی بیروبۆچوونەوە لەژێر کاریگەریەکانی راتزلبوو.

شەڕی یەکەمی جیھانی بە یەکەم بەخاڵی وەچەرخانی گرنگ دادەنرێت لەو زووەوە زۆرتر لە ئەڵمانیادا بایەخ درا بە جوگرافیای ڕامیاری. (کارل ھاوسھۆڤەر ١٨٦٩-١٩٤٦) بە میراتگری بیری (کیڵن) دادەنرا لە ئەڵمانیادا. ئەگەر کیڵن بە داھێنەری جیۆپۆلەتیک دابنرێت، ئەوا کارل ھاوسھۆڤەر دەبێتە رێنیشاندەری. بیروبۆچوونەکانی ھاوسھۆڤەر ھەتا رادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی (بواری جوگرافیای)دا بوو، ئەو پێی وابوو ئەو بوارە کار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەکات. دەوڵەتیش دەبێت فراوان بێت، ئەگینا لەناو دەچێت. بەڕای «کارل ھاوسھۆڤەر» بنەماکانی دەوڵەت خۆی لە چوار لایەنی گرنگی جیۆپۆلەتیکیدا دەبینێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە: (ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان، رێژەی بەرزی لەدایک بوان، یەکیەتیی بەھێز لە نێوان خوێن و خاکی دانیشتوانەکەیدا، ھاوسەنگیی دادپەروەرانە لە نێوان شار و لادێدا.) روودانی جەنگی یەکەمی جیھانی وای کرد لەو ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکا ئەم لقە سەرھەڵبدات و گەشە بکات. حکوومەتی ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە جوگرافی زانەکانی ئەمریکیایان راسپارد کە لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر گرفتەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان ئەمە لە سەرەتادا لەناو (کۆمەڵەی ئەمریکایی) دابوو. دواتر لەناو ئەو ئەندامانەدا بوو لەگەڵ نێردراوەکەی سەرۆک (وڵسن) چوون بۆ کۆنگرەی ئاشتی، ھەرچەندە ئەم جوگرافی زانە ئەمریکاییانە پێشتر رانەھاتبوون لەسەر ئەم جۆرە لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە . (بۆمان) پێشەنگی جوگرافیناسەکانی ئەمریکییەکان بوو لەم بوارەدا کتێبەکەی جیھانی نوێ‌ ببووە سەرچاوەی سەرەکی بۆ کێشەکانی دوای جەنگی یەکەم (بۆمان) یەکێک بوو لەو پسپۆرە دەگمەنانەی کەلە دانوستانەکانی دوای جەنگی یەکەم ئامادە بوو راوێژکاری سەرۆک (رۆزفڵت) بێت لە جەنگی دووەمی جیھانیدا. ھەر لەناو ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکادا ژمارەیەکی تر دەرکەوتن وەک (درونت و تیلسی) و (ریتچارد ھارتشۆرن) و (ڤان ڤالکنبرگ) و (نۆرمان پونتس)و کەسانی تر. لەناو ئەورووپا لەگەڵ (ماکنیدەری) بریتانیادا کەسانی دیکە دەرکەوتن وەک (سفیجک)ی یوگسلافی و (دیمارتۆنی) فەرەنسی.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ فیلیپ مورو دفارژ، فرھنگ ژئوپلیتیک، سید حامد رضیئی، انتشارات فرھنگ معاصر، ١٣٩٢، ص ھفت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

١- عەبدوڵڵا، خەبات(٢٠٠١)؛ بنەما تیۆرییەکانی جوگرافیای عەسکەریی کوردستانی باشوور، وەزارەتی ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستان.

٢- محەمەد، عەبدولغەنی(٢٠٠٥)؛جوگرافیا و پەیوەندییە ڕامیارییە نێودەوڵەتییەکان، وەرگێڕانی (جەزا تۆفیق تالب و ئەحمەد عەلی ئەحمەد)، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠٠٥.