جۆری ھێرشبەر


جۆری ھێرشبەر یان جۆری داگیرکەر (بە ئینگلیزی: Invasive species) بە جۆرێک لە گیانلەبەر (وەک ڕوەک، ئاژەڵ، قارچک، یان بەکتریا) ذەوترێت کە بە ڕەسەنی لە ژینگەیەکدا نەبووبێ و ھاوردنی بۆ ژینگەکە دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە ئیکۆسیستەم، ئابووری، یان تەندروستیی مرۆڤ لەو شوێنەدا یان بەگشتی.[١] جۆرە ھێرشبەرەکان یان جۆرە داگیرکەرەکان لە شوێن بۆ شوێنەوە دەگۆڕێن. بۆ نموونە کەروێشکی ئەورووپی لە ئوسترالیا، نیووزیلاند، چیلی[٢] و کەنەدا[٣] بە جۆری ھێرشبەر دادەنرێت، بەڵام لە ژینگە ڕەسەنەکەی خۆیدا وا نیە. نموونەی باوی گیای ھێرشبەر لە بڕێک ئیکۆسسیتەمدا بریتین لە Ambrosia artemisiifolia، زەل یان قامیش وJapanese knotweed. بۆ حەیوانی ھێرشبەریش لە بڕێک ئیکۆسیستەمدا دەکرێت کەروێشکی ئەورووپی و پشیلە وەک نموونە بھێنرێتەوە. زۆربەی وڵاتان و ھەرێمانی جیھان یاسایان لەسەر ھاوردەکردنی جۆرە داگیرکەرەکان ھەیە و ئەوانەی ئەم جۆرە گیانلەبەرانە بھێننە ژینگەکەیان سزا دەدرێن.[٤]
ھۆکارەکان
[دەستکاری]ھۆکارەکانی گواستنەوەی جۆرە ھێرشبەرەکان بەربڵاون. جۆرە ھێرشبەرەکان دەکرێت بە دەستی مرۆڤ یان بەشێوازی سروشتی بگوێزرێنەوە.
ھۆکاری سروشتی
[دەستکاری]لە ئیکۆسیستەمەکاندا، بەردەستبوونی سەرچاوەکان کاریگەری جۆرەکانی زیادە لەسەر ئیکۆسیستەمەکە دیاری دەکات. ئیکۆسیستەمی جێگیر ھاوسەنگییەکی سەرچاوەی ھەیە، کە دەتوانرێت بشێوێت بەھۆی ھاتنی جۆرە داگیرکەرەکانەوە. کاتێک گۆڕانکارییەکانی وەک ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان یان لافاو ڕوودەدەن، گیانلەبەرەکان جێبەجێ دەبن و جۆرێکی تازە کە دەتوانێت خێراتر لە جۆرە ڕەسەنەکان بڵاوبێتەوە دەتوانێت ڕکابەری جۆرە ڕەسەنەکان بکات بۆ خۆراک و مادەی کیمیایی. ئەمەش جۆرە ڕەسەنەکان کز دەکات و بەرەبەرە لەناویان دەبات. زۆر جار بۆ ڕوەکەکان، نایترۆجین و فسفۆر ھۆکاری ڕکابەریی جۆرە ھێرشبەرەکان و ڕەسەنەکانن.
ھۆکاری مرۆڤی
[دەستکاری]
ھاتوچۆی مرۆڤ، وەک گەڕانی کەشتییەکان لە نێوان بەندەرەکاندا[٥] یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە شاڕێگەکاندا دەڕۆن، دەتوانێت دەرفەتی ھاوردەکردنی جۆری ھێرشبەر بڕەخسێنێت. بڕێک جاریش مرۆڤەکان بە قەسدی یان بە ھەڵە جۆرە ھێرشبەرەکان دەبەنە ژینەگ تازەکان. چالاکییە مرۆڤییەکانی تر وەک گواستنەوە خاکی زیادەی بیناسازی لەوانەیە ببێتە ھۆی کێشەی جۆرە ھێرشبەرەکانەوە لە ئیکۆسیستەمێکدا (بۆ نموونە ڕەگ و تووی ڕوەکێک لەگەڵ خاکەکەدا بگوێزرێتەوە).[٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «What are Invasive Species? | National Invasive Species Information Center». www.invasivespeciesinfo.gov (بە ئینگلیزی). لە 2026-09-09 ھێنراوە.
- ↑ Gübelin، Patricia؛ Correa-Cuadros، Jennifer Paola؛ Ávila-Thieme، María Isidora؛ Flores-Benner، Gabriela؛ Duclos، Melanie؛ Lima، Mauricio؛ Jaksic، Fabián M. (2023-03-31). «European Rabbit Invasion in a Semi-Arid Ecosystem of Chile: How Relevant Is Its Role in Food Webs?». Life (بە ئینگلیزی). 13 (4): 916. doi:١٠.٣٣٩٠/life١٣٠٤٠٩١٦. ISSN ٢٠٧٥-١٧٢٩. PMC ١٠١٤٤٠٢٨. PMID ٣٧١٠٩٤٤٥.
{{cite journal}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: unflagged free DOI (بەستەر) - ↑ «European rabbit». Invasive Species Council of British Columbia (بە ئینگلیزی). لە 2026-09-09 ھێنراوە.
- ↑ Canada، Service (2015-10-13). «Government of Canada». www.canada.ca. لە 2026-09-09 ھێنراوە.
- ↑ Verling، Emma؛ Ruiz، Gregory M؛ Smith، L. David؛ Galil، Bella؛ Miller، A. Whitman؛ Murphy، Kathleen R (2005-06-14). «Supply-side invasion ecology: characterizing propagule pressure in coastal ecosystems». Proceedings of the Royal Society B: Biological Sciences. 272 (1569): 1249–1257. doi:١٠.١٠٩٨/rspb.٢٠٠٥.٣٠٩٠. ISSN ٠٩٦٢-٨٤٥٢.
- ↑ Piryonesi، S. Madeh؛ Carnegie، David؛ Weissling، Lee (2025). Ng، Kelvin Tsun Wai؛ Basu، Onita؛ Robinson، Clare (eds.). «Circular Economy of Soil: Best Practices in Excess Soil Management in Ontario». Proceedings of the Canadian Society for Civil Engineering Annual Conference 2024, Volume 6. Cham: Springer Nature Switzerland: 91–103. doi:١٠.١٠٠٧/٩٧٨-٣-٠٣١-٩٧٦٩٣-٣_٨. ژپنک ٩٧٨-٣-٠٣١-٩٧٦٩٣-٣.