جوگرافیای چیلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆماری چیلی وڵاتێکی سەربەخۆی لاتینییە لە ئەمریکای باشوور. کەوتووەتە باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئەمریکای باشوور (لاتین)، و بە درێژاییی ٤٨٢٨ کم کەناراوەکانی ڕووبەڕوی ئۆقیانووسی ئارام درێژ بووەتەوە. پێروو کەوتووەتە باکووری، بۆلیڤیا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی، ئەرژەنتین لە ڕۆژھەڵاتی، و ئۆقیانووسی ئارامیش لە ڕۆژاوایەتی. زەوییەکی درێژکۆڵەی ھەیە، و تەواوی خاکەکەی دەڕوانێتە ئۆقیانووسی ئارام بە ھێڵی پۆتانەکانی ٣٨ لەھێڵی پانی و ھێڵی ٢١ی پانی ھێڵی کەمەرەییی باشوور دەست پێدەکات لە کەنداوی ھۆڕن بۆ ھێڵی ٢٦ ی پانی لە نیوەگۆی باشووری گۆی زەوی. ئەم کەناراوانەش چەندین دوورگەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن، جگە لەو دوورگانەی کەوتوونەتە ناوەوەی ھێڵی کەمەرەییی جەمسەری باشوور. خاکی چیلی بە زنجیرە چیایەکی درێژ ھەڵکەوتووە کە لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ بووەتەوە بە ناوی زنجیرە چیای ئەندێز، کە سنووری سروشتبی چیلییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی؛ بەرزیی لووتکەکانی ئەم زنجیرە چیایە لە ھەندێک شوێن دەگاتە ٥٤٩٠ مەتر، و بەرزترین شاخ لە زنجیرە چیای ئەندێز لوتکەی ئەگۆسدی سلادۆیە کە بەرزییەکەی ٦٨٧٠ مەترە. لە دامێنی ئەم زنجیرە چیایە دەشتە نیشتەنییەکانی کەناراوی ڕۆژاوا ھەڵکەوتوون کە دەڕواننە ئۆقیانووس ئارام، لە بەشی باشووری چیلی لەناو ئەم دەشتانە چەندین کەنداو و کەندری جۆراوجۆر دروستبوون. ڕووبارەکانی چیلی بەوە دەناسرێنەوە کە کورت و تیژڕەون.

پاریناکۆتا گڕکانێک لە باکووری چیلی

ڕووبەر[دەستکاری]

ڕووبەری تەواوی چیلی ٧٥٦٬٦٢٦ کم دووجایە، کە بە شێوەی تەشیلەیی دڕێژ بووەتەوە لە باکوور بۆ باشوور بە درێژی ٤٬٢٦٥ کم و پانی ٤٠٠ کم، و بەدرێژیی کەناراوە ئاوییەکان زنجیرە چیای نزم ھەن، بەڵام لە بەری ڕۆژاواەوە زنجیرە چیا سەختەکانی ئەندێز ھەن کە لەگەڵ ئەرژەنتین و بۆلیڤیا جیای دەکاتەوە. چیلی کەوتووەتە سەر ھێڵی سەرەکیی بوومەلەرزە، و ئەم دیاردەیەی بە خۆوە بینیوە. جگە لە لافاوی شەپۆڵە بەھێزەکانی دەریا، لە ڕووی بەرزی و نزمییەوە چیلی دابەش دەکرێت بۆ سێ ھەرێمی جیاواز وەک:

  1. ھەرێمی بیابانەکانی باکوور.
  2. ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست.
  3. ھەرێمی ئەرخەپێل(کۆمەڵە دوورگە).

ھەروەھا چیلی کۆمەڵێک دوورگەی بچووکی دوورەدەستی ھەیە کە کەوتوونەتە ناوەوەی ھێڵی خولەکی باشوور (جەمسەری باشوور) و شوێنە دوورە دەستەکانی ناو زەریای ھێمن.

ھەرێمەکان[دەستکاری]

ھەرێمی بیابانەکانی باکوور[دەستکاری]

بیابانی ئەتەکاما.

بیابانی باکووری بە ڕووبەری ١٬٦٠٠ کم درێژ دەبێتەوە لە باشووری پیڕۆ تاوەکو ڕووباری ئەکۆنکاگوا لە باکووری شاڕی ڤاڵپاڕەیسۆ، چیلییەکان بە بیابانە گەورەکە ناوزەندی دەکەن، کە نیوەی بەشی باکووری چیلی داپۆشیوە. بیابانی ئەتەکاما بە وشکترین شوێن دادەنرێت لەسەر ڕووی زەمین؛ ئەم بیابانە لە باکوورەوە ڕووبەرەکەی کەمترە و تا بەرەوە باشووری بیابانەکە بڕۆین بوارەکەی فراوانتر دەبێت. لەگەڵ ئەم وشکاوەکییەی، چەندین مێرگی بچووکی ھەیە کە کۆچەرییەکان لە ڕێگا کۆچەرییەکەیان سودی لێ دەبینن. ژێرەوەی ئەم بیابانە دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی بەتایبەت ئاسن و مس، ھەروەھا ھاڕاوەی سۆدیۆمی لە کڕۆکی شاردووەتەوە کە بەکار دێت بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ و ماددە تەقەمەنییەکان. ئەم بیابانە وشکە جگە لە چەند مێرگێک، ڕووبارێک بە کەنارەکەی ڕەت دەبێت کە لە چیاکانی ئەندێز سەرچاوە دەگرێت بە ناوی ڕووباری لوا، و دەڕژێتە زەڕیای ھێمن، بەڵام لە بەشی باکووری بیابانەکە کە بوارێکی تەسکتری ھەیە چەندین ڕووباری ھەیە. لەسەر ئەم ڕووبارانە چەندین شارەدێی بچووک دروستبوون کە دانیشتووانەکەی خەریکی ماسیگرین، و لەناوەڕاستی بیابانە وشکەکەشی ھەندێ شارەدێ دروستبوون بەھۆی سامانی سروشتییەوە کە بە کانەکان ناودەبردرێن. لە بەشی ڕۆژاوای بیابانەکە، ئەو بەشەی دەڕوانێتە سەر زەریای ھێمن، چەندین شاری گەورە ھەڵکەوتوون وەک: ئانتۆفاگاستا و ئەریکا. جگە لەشارۆچکە سەرئاوەکانی، ئەو شارانەی لەسەر ڕووی زەریا دروست کراون لەتەواوی شوێنەکانی چیلی. ھەروەھا چیلی گەلێک شاری بیابانی ھەیە بەتایبەت ئەو ناوچە بیابانییانەی کە ڕووباری تێدایە و لە کانەکان نزیکن. لە بەشی باکووری بیابانەکە خەڵکانێکی زۆر خەریکی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵن.

ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست.[دەستکاری]

ئەم ھەرێمە بە ڕووبەری ١٬٠٠٠ کم دەست پێدەکات لە ڕووباری ئەکۆنکاگوا تاوەکو پۆیڕتۆمۆنت، و ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست بە دڵی چیلی دادەنرێت، کە شارە گەورەکان و ناوەندە بازرگانییەکان و پیشەسازییەکانی لەسەر دروست کراوە. زۆرینەی دانیشتووانی چیلی لەم ھەرێمە کۆبوونەتەوە، و ئەم ھەرێمە چەندین ڕووبار لەخۆ دەگرێت کە لەچیاکانی ئەندێزەوە سەرچاوەیان گرتووە و شاری گەورەیان لە کەناری دروستکردوە وەک: ڕووبارەکانی ئەکۆنکاگوا، مابۆچۆ، مایبۆ، مۆلیێ، و پیۆپیۆ. ئەم ڕووبارانە بوونەتە ھۆی پڕئاوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی، شێدارکردنی کەشەکەی و دابەزاندنی پلەی گەرمییەکەی. ئەم ھەرێمە جگە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە خەڵووزی بەردین، مس، و مەنگەنیز. لەم ھەرێمە لە لووتکەی شاخی پیۆپیۆ لە زنجیرە چیای ئەندێز چەندین گڕکانی چالاک ھەیە کە بە بەفر داپۆشراون. ھەروەھا چەندین دەریاچەی ھەیە زێدەبار لە چەندەھا دۆڵی گەورە، کە دارستانی چڕی لەخۆگرتوە. کەناراوەکانی دەریاچەکانی شوێنێکی گەشتیاری سەرنجڕاکێشن و بوونەتەوە سەرچاوەیەکی ئابوریی باش بۆ خەڵکەکەی.

ھەرێمی ئەرخەپێل (کۆمەڵە دوورگە)[دەستکاری]

ئاوابوونی خۆڕ لە دورگەکانی خۆڕئاوا.

ھەرێمی ئەرخەپێل بە ڕووبەری ١٬٦٠٠ کم درێژ دەبێتەوە، لە پۆیڕتۆمۆنت دەست پێدەکات تاوەکوو کۆتا خاڵی باشوور کە لە ئەمریکای لاتین بە کەنداوی کیپ ھۆڕن بانگ دەکرێت. ئەم ناوچەیە بە ھەرێمێکی کراوەی بەربا دەناسرێت کە وشک و ساردە، جگە لە ھەبوونی چەندین دارستانی چڕ و دەریاچەی داپۆشڕاو بە بەفر. لە بەشی ڕۆژاوای ھەرێمەکە چەندین دوورگەی بەفرین لەخۆ دەگرێت کە بایەکی وشک و سارد تێیدا ھەڵدەکات، ھەروەھا لەکۆتا لووتکەی باشووریش نۆکەندی ماگلان ھەیە، و ئەمەش چیلی لە کۆمەڵە دوورگەکانی جەمسەری باشوور دادەبڕێنێت کە بە دوورگەکانی تیێڕادڵ ڤۆیگۆ ناوزەند دەکرێن، و لەنێوان ئەرژەنتین و چیلی دابەش بوونە. کەنداوی کیپ ھۆڕن بە کۆتا خاڵی سنووری ڕامیاریی چیلی دادەنرێت لەبەشی باشووری، و خەڵکانێک کەم تێیدا دەژین. ناوچەی بۆنتائەریناس لە نۆکەندی ماگلان بەناوچەی نشینگەی خەڵکانی ھەرێمەکە دادەنرێت، تاوەکوو ئێستا خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتوە، و بە ھێڵی ئاسنین بە شارەکانی تری چیلی نەبەستراوەتەوە، لەکاتێکدا لە کۆتا خاڵی باشووری ئەم ناوچەیە چەندین کێڵگەی نەوت ھەن.

ھەرێمە دوورەدەستەکان[دەستکاری]

چیلی خاوەنی چەندەھا دوورگەی بچووکی دوورەدەستە کە بەشێکی زۆریان کەوتوونەتە قۆڵاییی زەریای ھێمن وەک: دوورگەکانی ڕۆژاوا و خوان ڤێرناندێز. دوورگەکانی ڕۆژاوا شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگە، و بە کۆمەڵێک پەیکەری بەردینی دێرین ناوبانگی دەرکردووە، و بە دووریی ٣٬٧٠٠ کم لە خاکی چیلییەوە دوورە، بەڵام دوورگەی خوان ڤێرناندێز بە ٦٥٠ کم لە خاکی چیلییەوە دوورە.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

چیلی کەوتووەتە بەری خوارەوەی ھێڵی کەمەرەییی زەوی، و بەھۆی ئەمەوە وەرزەکانی ساڵی پێچەوانەی ناوچەکانی بەشی باکووری گۆی زەوین. وەرزی ھاوینی لە کۆتاییی مانگی کانوونی یەکەم دەست پێ دەکات تاوەکوو کۆتاییی مانگی مارس، و زستانیشی لە کۆتاییی مانگی یۆنیۆ دەست پێدەکات بۆ کۆتاییی مانگی ئەیلوول. بۆ چەندەھا ساڵ جارێک باران دەبارێت لە بیابانەکانی باکووری. لە بنەڕەتدا ناوچەیەکی گەرم نییە، بەڵام بەھۆی کەمبارانییەوە خاکەکەی وشک بووە، و بە دەم گەردەلولەوە ڕێ دەکات، و بەمە پلەی گەرمیی ناوچەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە بەشی ھەرە باکووری بیابانەکانی باکووری بەھۆی بای ساردی چیای ئەندێز کە لە پێرووەوە سەرچاوە دەگرێت پلەی گەرما لە شەو دادەبەزێنێت، ئاستی شێ لە بیابانەکانی بەرزدەکاتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی ھەندێ لە گژوگیا بیابانییەکان. جگە لە ھەبوونی شێی زەریا لە بەشی ڕۆژاوای، ئاستی پلەی گەرمی لە شاڕی ئانتۆفاگاستا لە ٢٠ پلەی سلیلیزی بەرزتر نابێتەوە لە مانگی یەنایەر، ھەروەھا لە ١٤ پلەی سلیلیزیش نزمتر نابێتەوە لە مانگی یۆلیۆ، و ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست پلەیەکی گەرمی مامناوەندی ھەیە، کە لە ھاوین وشکە و زستانیشی باراناوییە؛ کۆی ڕێژەی بارانبارین لە شاری سانتیاگۆ دەگاتە ٣٥ ملم لەساڵێکدا، لەگەڵ ئەمەش ئاستی پلەی گەرما لە ٢٠ پلەی سلیلیزی بەرزتر نابێتەوە، و لە ٩ پلەی سلیلیزیش نزمترنابێتەوە. بەڵام ھەرێمی ئەرخەپێل بارانێکی سارد و بایەکی توندی ھەیە، و کۆی ئاستی پلەی گەرمی دەوروبەری ١٥ پلەیە، و ساڵانە ٥٠٨ ملم بارانی لێ دەبارێت.

پێکھاتەی کارگێڕی[دەستکاری]

چیلی دابەشکراوە بۆ ١٥ ھەرێمی کارگێڕی (بە ئیسپانی: Regiones) ھەریەک لەم ھەرێمانە سەرۆکێکی خۆی ھەیە (بە ئیسپانی:Intendente) کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھەڵدەبژێردرێن.

ھەرێمەکانی چیلی.

ھەریەک لەم پازدە ھەرێمە دابەش کراون بۆ چەند پاڕێزگایەک (بە ئیسپانی:Province) کە بەدەسەڵاتی دووەمی چیلی دادەنڕێت، ھەریەک لەم پاڕێزگایانە لەلایەن پاڕێزگارەوە (Gobernador) بەڕێوە دەبردرێت، ژمارەی تەواوی پاڕێزگاکانی چیلی ٥٤ پاڕێزگایە، و ھەریەکە لەم پاڕێزگایانە بۆ کۆمەڵێک شاڕ دابەش بوون، ھەریەک لەم شاڕانە بەڕێوەبەڕایەتییەکی تایبەتی شاڕەوانیان ھەیە.

کلیل[١][٢] ناو
پایتەخت ڕووبەر (کم2) ژماڕەی دانیشتوان
ڕێزبەندی

باکوور بۆ باشوور

٠١ ھەرێمی تاراباکا ئەیکویکۆ 42,225.8 298,257 ٢
٠٢ ھەرێمی ئەنتۆڤاگاستا ئەنتۆڤاگاستا 126,049.1 542,504 ٣
٠٣ ھەرێمی ئەتەکاما کۆپیاپۆ (چیلی) 75,176.2 290,581 ٤
٠٤ ھەرێمی کۆکیمپۆ لا سێڕینا 40,579.9 704,908 ٥
٠٥ ھەرێمی ڤالبارایسۆ فالبارایسو 16,396.1 1,723,547 ٦
٠٦ ھەرێمی لیبرتادۆڕ جەنەڕاڵ بێرنادۆ ئەوھیگێنز رانکاگوا 16,387 872,510 ٨
٠٧ ھەرێمی مۆڵی تالکا 30,296.1 963,618 ٩
٠٨ ھەرێمی پایۆ پایۆ کۆنتبتیۆن، چیلی 37,068.7 1,965,199 ١٠
٠٩ ھەرێمی ئەرۆکانیا تیمۆکۆ 31,842.3 907,333 ١١
١٠ ھەرێمی لۆس لاگوس پۆیڕتۆمۆنت (چیلی) 48,583.6 785,169 ١٣
١١ ھەرێمی ئەیسن دیل جەنەڕاڵ کارلۆس ئەیبانیس دیل کامپۆ کۆیھایکیۆ 108,494.4 98,413 ١٤
١٢ ھەرێمی ماگلانزی ئەنتارتیکا چیلیا بۆنتا ئەریناس 132,291.1 159,152 ١٥
١٤ ھەرێمی لۆس ڕیۆس ڤاڵدیڤیا 18,429.5 363,887 ١٢
١٥ ھەرێمی ئەریکای پارینکۆتا ئەریکا 16,873.3 213,595 ١
١٣ ھەرێمی سانتیاگۆ مترۆپۆلیتان سانتیاغو 15,403.2 6,683,852 ٧

تێبینی: ئاماڕی دانیشتووان بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٢ دانراوە.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

جغرافیای شیلی