تەڵعەت عارف
تەڵعەت عارف عەلی | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٩٤٤ گەڕەکی تەیراوە، ھەولێر |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | مۆسیقاژەن، ئاوازدانەر، سەرپەرشتیاری چاڵاکییە قوتابخانەییەکان |
| چالاکبوون | ١٩٦٣-ئێستا |
تەڵعەت عارف عەلی (لەدایکبووی ١٩٤٤؛ گەڕەکی تەیراوە، ھەولێر) مۆسیقاژەن، ئاوازدانەر و سەرپەرشتیاری پێشووی چالاکییە قوتابخانەییەکانە لە شاری ھەولێر.[١] ئەو خاوەنی چەندین بەرھەمی مۆسیقییە و ئاوازی بۆ چەندین سروود و ئۆپەرێت داناوە.[٢]
ژیاننامە و کاروانی ھونەری
[دەستکاری]تەڵعەت عارف عەلی لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە. لە تەمەنێکی زووەوە ڕووی لە جیهانی هونەر و مۆسیقا کردووە و وەک مامۆستای ئامێری عوود لە ناوەندە هونەرییەکاندا ڕۆڵی هەبووە.

مامۆستا تەڵعەت لە ساڵی ١٩٦٣ خوێندنی لە خانەی مامۆستایان دەستپێکرد،[٢] دوای دەرچوونی لە خانەی مامۆستایان لە ١٣/١١/١٩٦٥ بە مامۆستا دامەزراوە لە گوندی خەلان بیاو لە شارۆچکەی خەلیفان، ساڵی ١٩٧١ گواستراوەتەوە بۆ هەولێر چالاکی قوتابخانەکان بە ناونیشانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر، هەر لە خانەی مامۆستایان دەستی بەکاری هونەری کردووە، وەکو کاری ژەنین و فێربوونی هونەری مۆسیقا خاوەن چەندین ئاوازی ناودار وناسراوە، پاش دەرچوونی لە خانەی مامۆستایان پەیوەندی کردووە بە گروپی مۆسیقای یەکێتی مامۆستایان وەکو ژەنیار ئامێری کەمان، ساڵی ١٩٧١ بووەتە ئەندامی تیپی هونەری هەولێر بە ژەنینی ئامێری (چەلۆ)، هەروەها بەرپرس و بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەم تیپە بووە، دواتر چۆتە خولی کاری هونەری وە بە پلەی نایاب دەرچووە، بەشداری لە (خولی ناوەندی مۆسیقا و ئاواز دانان) دەکات لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا لە ١٤/٥/١٩٧٥ لە خولی مۆسیقا و ئاواز دانان وە پلەی (شەرەف) بەدەستدەهێنێت.[١] هونەرمەند لە هەولێر وەکو ژەنیاری ئامێرەکانی (عوود- چێلۆ- کەمان - ئۆرگ) ناسراوە کە لەگەڵ زۆری گۆرانیبێژان بەژداری هەبوە وەکو (تاهیر تۆفیق، محمد ئەحمەد ئەربیلی، یەشار، مشکۆ، تەحسین تەها، حەمە جەزا، قادر کابان، جەبار ئەحمەد…هتد) هەروەها وەکو ئاواز دانەر، لە ماوەی خوێندنی لە بەغدا چەندین ئاوازی داناوە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغدا بەشی کوردی تۆمارکراوە وبڵاوکرایتەوە، ماوەکی زۆر درێژ تاوەکو خانەنیشین دەبێت وەکو بەرپرس وسەرپەرشتیاری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر کاری کردوە. وەکو ئاواز دانەر وژەنیاری ئامێری عوود بەشداری لە چەندین ڤیستیڤاڵی جیاواز کردووە لە عێراق و کوردستان و دەرەوەی ووڵات. دانەری ئاوازی ئۆپەرێتی (دەروازەی ژیان) لە دەرهێنانی هونەرمەند سەباح عەبدولرەحمان کە لە هۆڵی گەل نمایش کرا، دانەری ئاوازەی (شەهیدان قەت نامرن ئێوەن چرا بۆ ژیان)، سروودی (دڵسۆزین نەوەی کوردین) بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمارکرا بە بەشداری کۆمەڵێک گۆرانی بێژ و ژەنیارانی کوردستان وە ستۆدیۆی کەرکووک لە بەشی کوردی و تورکمانی تۆمار کرا، خاوەن چەندین ئاوازە هەربگرە لەسەر عەشق وخۆشەویستی وسروود وئۆپەرێتی کوردی کە ڕادیۆکانی بەغدا وکەرکووک تۆمارکراون وەئێستاکەش دوا بەرهەمەکانی بەزمانی ئەڵمانی نمایش دەکرێت لە ئەوروپا، ئاوازەکانی ئەم گۆرانیانەی داناوە لە ڕادیۆی بەغدا بەشی کوردی و تورکمانی تۆمار کراوە (کاکی شۆفێر لەسەر خۆ بە – (هەوێداری) نەسحەتو کەم دو ژن مەینن، کە بەدەنگی هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان تۆمار کراوە- گەل یارم - یاری جوانم - گازدم ئوزاخ یوڵاری دوستم هجران - شوفێر- کۆچی و دیاری- سوپای عێراق- دڵسۆزین- ئافرەتان- جوتیار- شەهیدان- بەفرین چەندە جوانی - من ئەزانم.

لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا، بەھۆی خزمەتەکانی لە بواری مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی لەلایەن کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی ھەولێرەوە بۆ ڕێکخرا.[١] لە ڕێوڕەسمەکەدا کە لە زانکۆی سەڵاحەدین بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومی و ئەکادیمی بەڕێوەچوو، قەڵغانی ڕێزلێنان و چەپکەگوڵ پێشکەش بە مامۆستا تەڵعەت کرا.[٢]
چیرۆکی گۆرانیی «کۆچ و یادی» (ئەی پەری)
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٧٤، ڕووداوێکی تراژیدی و پڕ لە ئازار لە شاری هەولێر بووە هەوێنی دروستبوونی یەکێک لە ناسراوترین و کاریگەرترین گۆرانییە کلاسیکییەکانی مۆسیقای کوردی بە ناوی «کۆچ و یادی» (کە بە «ئەی پەری»ش ناسراوە).
تەڵعەت عارف کە مامۆستای ئامێری عوود بوو لەگەڵ هاوسەرەکەی «مامۆستا سەمیرە» (مامۆستای ڕەسم) کە لە ناو ئاخاوتنی گشتی و لە ناو هۆنراوەکەدا بە «پەری» ناوی براوە. بەیانی ڕۆژێک لە کاتی نانخواردندا، دەمەقاڵێ و ئاڵۆزییەک لە نێوانیاندا ڕوو دەدات و لێک توڕەدەبن بە دڵگرانییەوە بەرەو کارەکانیان بەڕێ دەکەون.
لە کاتی نیوەڕۆدا، تەڵعەت عارف دەگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام هاوسەرەکەی دەچێتەوە ماڵی باوکی لەسەر قەڵای هەولێر. دوای نیوەڕۆ، کاتێک مامۆستا سەمیرە دڵگرانییەکەی ڕەوێتەوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە لای هاوسەرەکەی لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا و لە کاتی دابەزینی لە قەڵاوە (لای چایخانەی مەچکۆ)، شەڕێک ڕوو دەدات. لەو ئاڵۆزییەدا، دەکەوێتە بەر تەقەی بەهەڕەمەکیی سەربازانی ڕژێمی بەعس و بەهۆی سەختی برینی شەهید دەبێت. ئەم کۆچە لە ناکاوە، چوار منداڵ و خەم و حەسەرەتێکی قووڵی بۆ مامۆستا تەڵعەت بەجێهێشت. بۆ ساڕێژکردنی ئازاری دابڕانەکە، تەڵعەت عارف سەردانی شاعیر دکتۆر ئەکرەم خامۆشی کرد لە تیپی مۆسیقای هەولێر و داوای لێکرد هۆنراوەیەک دەربارەی ئازاری ئەم دابڕانە بنووسێت. ئەکرەم خامۆش هۆنراوەی «کۆچ و یادی» بۆ ئامادە کرد. تەڵعەت عارف ئاوازێکی بۆ هۆنراوەکە دانا و بەرهەمەکە لەلایەن گۆرانیبێژ حەمە جەزا لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر تۆمار کرا، کە دواتر دەبێتە یەکێک لە گۆرانییە دیارەکانی ئەو سەردەمە.
دەق و گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ
[دەستکاری]تەڵعەت عارف لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە دوا گفتوگۆی نێوان خۆی و هاوسەرەکەی دەڵێت:
مامۆستا تەڵعەت دواتر بەگریانەوە بە شعرێک دەڵێت:
| « | لە پاش کۆچت وەک غەریبێ ئەگەڕێم، هەر ئەڕۆم و ناشارەزای سەرە ڕێم | » |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 «قەڵغانى ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندى دیارى هەولێر و مۆسیقا و گۆرانى کوردى (تەڵعەت عارف عوزێری)». erbil.gov.krd. ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤. لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 «قەڵغانى ڕێزلێنان بە هونەرمەند تەڵعەت عارف عوزێری بەخشرا». kurdistan24.net. ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤. لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.