تەنوخەکان

تەنوخەکان یان تەنوخ گرووپێکی خێڵەکیی عەرەب بوون کە مێژووەکەیان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و ناوچەی کەوانەی بەپیت لە سەدەی دووەمی زایینییەوە تا سەدەی حەڤدەھەم درێژەی ھەبووە. ئەم گرووپە سەرەتا وەک ھاوپەیمانییەکی خێڵە عەرەبەکان لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان لە سەدەی دووەمدا سەری ھەڵدا و لە سەدەی سێیەمدا و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکاندا کۆچیان کرد بۆ مێزۆپۆتامیا. لەم کاتەدا ئەم ھاوپەیمانییە لەلایەن پاشاکەیانەوە بە ناوی (جەزیمە) سەرکردایەتی دەکرا، کە فەرمانڕەوایەتییەکەی بەھۆی نووسراوێکی یۆنانی-نەبەتییەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ڕۆڵێکی داستانی لە گێڕانەوە نەریتییەکانی سەردەمی پێش ئیسلامدا دەگێڕێت. لایەنی کەم بەشێک لە تەنوخەکان لە سەدەی چوارەمدا کۆچیان کرد بۆ سووریای ژێر دەسەڵاتی بیزەنتی، لەوێ وەک یەکەمین ھاوپەیمانی خێڵەکی عەرەب بۆ ئیمپراتۆرییەتەکە خزمەتیان دەکرد. پێگە باڵاکەی تەنوخ لە ناو ھاوپەیمانییەکاندا دوای یاخیبوونەکەیان لە ساڵانی ٣٨٠کان لەدەستیان چوو، بەڵام وەک ھاوپەیمانێکی مەسیحیی ئۆرتۆدۆکسی دڵسۆزی بیزەنتییەکان مانەوە تا فتووحاتی ئیسلامی بۆ سەر سووریا لە ساڵانی ٦٣٠کان.
لەژێر دەسەڵاتی سەرەتای ئیسلامدا، ھۆزەکە تا ڕادەیەکی زۆر باوەڕە مەسیحییەکەیان و نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری قینەسزین و حەلەب پاراست. تەنوخ ھاوپەیمانی خەلافەتی ئەمەوی بوو کە بنکەکەی لە سووریا بوو، و بوونە بەشێک لە بنکەی سەرەکیی پشتیوانیی خێڵەکیی ئەمەوییەکان، واتە ھاوپەیمانیی (قەزاعە). بەخت و پێگەی تەنوخ، وەک ھەموو سووریا بەگشتی، لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا کە بنکەکەی لە عێراق بوو دابەزی، کە لە ساڵی ٧٨٠دا پیاوانی ھۆزەکەی ناچار کرد موسڵمان ببن. بەھۆی ھێرشەکان لە کاتی جەنگی ناوخۆی چوارەمی موسڵمانان لە سەرەتای سەدەی نۆیەمدا، ناوچەی نیشتەجێبوونی تەنوخ گواسترایەوە بۆ (مەعرەت ئەلنوعمان) و چیاکانی کەنار دەریا لە نێوان لازقیە و حومس، کە تا سەدەی دەیەم بە «چیاکانی تەنوخ» (جەبەل تەنوخ) دەناسرا.
پیاوانی ھۆزی تەنوخ دواتر لە ناوچەی (غەرب) لە دەرەوەی بەیرووت لە چیای لوبنان نیشتەجێ بوون و لە سەدەی یازدەھەمدا بوونە یەکێک لە گرووپە خێڵەکییە پێشەنگەکان بۆ لەباوەشگرتنی ئایینی نوێی درووزی. بنەماڵەیەکی تەنوخی لە ناوچەی غەرب، بە ناوی (بوحتوورییەکان) (کە زۆرجار بە ناوی ھۆزە سەرەکییەکەیان «تەنوخ» دەناسران)، نزیکەی بە بەردەوامی بە درێژایی دەسەڵاتی خاچھەڵگران و ئەیووبی و مەملوکییەکان دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا ھەبوو و یەکێک لە بیرمەندە ئایینییە گەورەکانی درووزیان بەرھەم ھێنا، کە (السید التنوخی) بوو لە سەدەی پازدەھەمدا. کاریگەرییەکەیان ڕێگەی بۆ خێڵێکی ھاوپەیمانی دروزی لە چیای لوبنان خۆش کرد، کە (مەعن)ەکان بوون لە ناوچەی (شوف)، بەڵام تا سەردەمی عوسمانی لە سەدەکانی ١٦ و ١٧دا بەردەوام بوون لە باڵادەستیی ناوخۆیی بەسەر ناوچەی غەربدا. بوحتوورییەکان لە ساڵانی ١٦٣٠کاندا لەلایەن بنەماڵەیەکی ڕکابەری درووزەوە لەناوبران.
نەریتی عەرەبیی کۆن، بەتایبەتی بەرھەمەکانی مێژوونووسی کووفە (ئیبن کەلبی) (مردووی ٨١٩)، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنوخ ھاوپەیمانییەکی ھۆزە کۆچەرە عەرەبەکان بووە کە لە بەحرەین (ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان) پێکھاتووە. گێڕانەوە نەریتییەکان باس لە کۆچی ھۆزە پێکھێنەرەکان دەکەن لە تھامە (کەناراوەکانی ڕۆژاوای عەرەبستان لە مەککەوە بۆ یەمەن) بۆ بەحرەین. ھەرچەندە مێژوونووسانی مۆدێرن گومان لە مێژووییبوونی کۆچکردن لە تھامەوە دەکەن یان ڕەتی دەکەنەوە، بەڵام قبووڵکردنێکی گشتی ھەیە کە تەنوخ لە سەدەی دووەمی زایینی لە بەحرەین دروست بووە یان ئامادەیی ھەبووە. بەتڵیمۆس لە کتێبی (جوگرافیا) کەیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٠ی زایینی، ئاماژە بە تەنوخ دەکات لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبستان، بەڵام لە کتێبی پێشووتری پلینی بە ناوی (مێژووی سروشتی) کە ھی ساڵی ٧٧ی زایینییە، ناویان وەک دانیشتووی ناوچەکە نەھاتووە، ئەمەش دروستبوونیان لە سەدەی دووەمدا لەوێ پشتڕاست دەکاتەوە.[١][٢][٣][٤][٥]
لە بەحرەینەوە، تەنوخ کۆچیان کرد بۆ ناوەڕاستی عێراق (دۆڵی ناوەڕاستی ڕووباری فورات)، ڕەنگە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکاندا بووبێت، واتە پێش ساڵی ٢٢٠ی زایینی. بوونی ئەوان لە عێراق بەھۆی نووسراوێکی «سەبەیی» کۆتایی سەدەی سێیەمەوە پشتگیری دەکرێت کە باس لە ناردنی باڵیۆزەکان لەلایەن پاشای حیمییەری (شەممەر یووحاریش) دەکات بۆ پایتەختەکانی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی (کە شوێنگرەوەی ئەشکانییەکان بوون) و «خاکی تەنوخ». ئەگەری ھەیە لەلایەن پاشای ساسانی شاپووری یەکەم (٢٤٠–٢٧٠) لە کاتی گرتنی (حەزەر) لە ساڵی ٢٤٠دا ھێرشیان کرابێتە سەر. ماوەیەک دواتر، (جەزیمە ئەلئەبرەش) بوو بە پاشای تەنوخ. جەزیمە کەسایەتییەکی ناڕوونە کە ڕۆڵێکی داستانی وەک پاڵەوان-پاشای میللیی تەنوخ لە گێڕانەوە نەریتییەکاندا دەگێڕێت، بەڵام بوونی ئەو بەھۆی نووسراوێکی یۆنانی و نەبەتیی سەدەی سێیەمەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە لە (ئووم ئەلجیمال) (لە باکووری ئوردنی ئێستا) دۆزراوەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بە «جەزیمە» دەکات وەک «پاشای تەنوخ». بەپێی ڕای (ڕێتسۆ)، دەسەڵاتی جەزیمە دەبێت لایەنی کەم دۆڵی ناوەڕاستی فورات و ئەگەری ھەیە بیابانی سووریاشی گرتبێتەوە.[٦][٧][٨][٩][١٠][١١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) |