بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تێز، دژەتێز، سەنتێز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تێز-دژەتێز-سەنتێز سێیانەیەکە لە فەلسەفەدا بۆ ئاماژە بە دوابەدوای یەکدا ھاتنی سێ ئیدیا یا سێ قەزیە. یەکەم ئیدیا، کە پێی دەڵێن تێز، وتەیەکە بۆ درکاندنی مەبەستێک. بە دوای ئەوا، ئیدیای دووەم، کە پێی دەڵێن دژەتێز، دێ. ئەم دژەتێزە دژایەتیی تێزەکە دەکا و لەگەڵیا ناکۆک و ناتەبایە و بە چەشنێک ھەڵیدەدڕێنێتەوە. لە کۆتاییشدا، سێیەم ئیدیا دێ کە پێی دەڵێن سەنتێز. کاری سەنتێز ئەوەیە ناتەبایی و ناکۆکیی نێوان تێز و دژەتێز نەھێڵێ و چارەسەری بکا. تێز-دژەتێز-سەنتێز زۆرتر بۆ ڕوونکردنەوەی میتۆدە دیالێکتیکەکەی فریدریش ھێگڵ بە کار دەبرێ، ئەگەرچی خۆی قەت ئەم زاراوانەی بە کار نەھێناوە و، لە باتیی، زاراوەکانی «بەرھەست-دەرھەست-ڕەھا»ی بە کار بردووە. تێز-دژەتێز-سەنتێز لە ئەسڵا ھیی یۆھان فیشتەیە.[١]

بیرکردنەوەی دیالێکتیکی

[دەستکاری]

دەتوانین بڵێین بیرکردنەوەی دیالێکتیتکی لە سوکراتەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەوە ھێگڵ بووە کە توانیویەتی بیکات بە کرۆکی ھزری فەلسەفی  و، بە میتۆدێک بۆ گەیشتن بە ڕاستی. دیالێکتیک لەگەڵ ھێگڵدا گەیشتە ترۆپکی گەشەکردن و، لەو کاتەوە، کاریگەریی خۆی بەسەر ھەموو قوتابخانە فەلسەفییەکاندا داناوە. دیالێکتیک بۆ ھێگڵ تەنیا لۆژیک و بەڵگەھێنانەوە نییە، بەڵکوو سیستمێکی فەلسەفیی ھەمووشتلەخۆگرە کە دەتوانێ ھەموو دیاردەیەکی سروشتی و مێژویی ڕاڤە بکا.

دژەتێز لە دیالێکتیکی ھێگڵدا، پێچەوانەی دیالێکتیکی سوکرات، لە نێو خودی تێزەوە دەردەچێ (یەکێتیی دژەکان ببینە). دیالێکتیکەکەی ھێگڵ کایەی وشیاریی ڕەھایە لەگەڵ خۆیدا. لەم کایەیەدا وشیاریی ڕەھا لایەنی دژوەستاو (ئەویدی) بۆ خۆی دروست دەکا و ھەوڵ دەدا تێپەڕی بکا. وشیاری یانی ئاگاداربوون لە شتێ یا لە ئۆبژەیەک (مەبەستدارێتی ببینە). بەڵام لە سەرەتاوە وشیاریی ڕەھا ھیچ ئۆبژەیەکی نییە تا لێی ئاگادار بێ. مادام ھیچ بابەت و ئۆبژەیەک لە دەرەوەی وشیاریدا نییە، وشیاری تەنیا دەتوانێ لە خۆی ئاگادار بێ. واتە وشیاری بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە و خۆئاگایە. لەم خۆئاگایییەدا وشیاری ھەم ئەوەیە کە بیر دەکاتەوە و ھەمیش ئەوەیە کە بیری لێ دەکرێتەوە. بەڵام، لە ھەمان کاتیشدا، بیرکەرەوە و بیرلێکراو (سووژە و ئۆبژە) دوو شتی جیاوازن. سووژە ئۆبژە نییە و، ئۆبژەش سووژە نییە. ئەوەی بیر دەکاتەوە لە بیرلێکراو جیاوازە. لەم پرۆسەی «بیرلەخۆکردنەوە»دا وشیاریی ڕەھا (ئەویدی) یا ئۆبژەکە بۆ خۆی دروست دەکا. خۆی دەبێ بە لایەنی نەرێنی و دژەتێز بۆ خۆی. ئەمە ئەو کایە و گەمەیەیە کە وشیاری لەگەڵ خۆی دەیکا. ئەم دەرچوون لە خۆیە و بۆ نێو خۆ گەڕانەوەیە دوو ساتی بنەڕەتیی دیالێکتیکن. جووڵانی دیالێکتیکی کە جووڵانی وشیاریی ڕەھایە بەرەو ئەویدی و یەکگرتنیان، سێکوچکەیەک دروست دەکا، واتە سێ سات یا سێ قۆناغی ھەیە و ھەرسێکیان پێکەوە گرێ دراون:

یەکەم سات تێزە. تێز ئەو وتەزایەیە لە سەرەتای جووڵانەکەدا کە دەجووڵێ و ئەویدی لەوەوە دەردەچێ.

دووەم، بۆ ھەموو تێزێک دژەتێز ھەیە. ئەمە ساتی دووەمە. دژەتێز تێز ڕەت دەکاتەوە و دژایەتیی دەکا. لەگەڵ سەرھەڵدانی دژەتێزدا ناکۆکی و ناتەبایی نێوان تێز و دژەتێز دروست دەبێ و دەبن بە دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی.

سێیەم ساتی دیالێکتیک سەرھەڵدانی تێھەڵکێشەی تێز و دژەتێزە (یا سەنتێزی تێز و دژەتێز) کە یەکیەتیی نێوانیانە و ساتێکی نوێیە. ئەم ساتە، لەبەر ئەوەی کە ڕەتکردنەوەی دژەتێزەکەیە و، دژەتێزەکەش خۆی ڕەتکردنەوەی تێزەکە بووە، دەبێ بە ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە و، دوو جار ڕەتکردنەوە دەبێتەوە بە ئەرێنی. ئەم ساتە ئەرێنییە دەبێ بە تێزێکی نوێ. بە ناوەرۆک لە تێزی پێشوو دەوڵەمەندتر و چڕترە، چونکە تێزی پێشوو و دژەتێزەکەی لە نێو خۆیدا ھەڵگرتووە. بۆ نموونە، ئەگەر بڕوانینە سێکوچکە مێتافیزیکییەکەی ھێگڵ، وشیاری-سروشت-مێژوو، مێژوو وەکوو تێھەڵکێشی وشیاری (تێز) و سروشت (دژەتێز) لە ھەردوو ساتەکانی پێشووتر دەوڵەمەندترە، چونکە ھەردووکیانی ھەڵگرتووە. جووڵانی دیالێکتیکی بەردەوام بە نێو ئەم پرۆسەیەدا تێدەپەڕێ تاکوو ناتەبایییەکانی نێوان لایەنە دژەکان لە ڕێگەی یەکگرتنیانەوە لە ناو ببات.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Thesis, Antithesis, Synthesis». encyclopedia.pub (بە ئینگلیزی). لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  2. کەمال، محەمەد (٢٠١٦). لۆجیکی ھیگڵ. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. لاپەڕە ٦٧-٧٢.