تۆتالیتاریزم
تۆتالیتاریزم یان "تەواوخوازی" (Totalitarism) جۆرە کۆمەڵگایەکە کە تەواوی پانتاییەکانی ژیان و گوزەران و کایەو پێکھاتەکان بە ئیرادەیەکی گشتی و بە خەیاڵێکی سەرتاپاگیر داگیر کردووە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ھیچ ھێزێک لە ھێزەکان و ھیچ کایەیەک لە کایەکان وھیچ ڕێکخراوێک لە ڕێکخراوەکان خاوەن شوناسی خویان نین. لەو کۆمەڵگایانەدا تاکە یەک دنیا بینی و تاکە یەک ڕوانینی گشتی بۆ دنیاو گۆڕانکاری و کلتورو شتەکانی دەورو بەر ھەیە. لەم کۆمەڵگایانەدا تاکە یەک خەیاڵ تێیدا سەروەرە ئەویش خەیاڵی داخستنی دنیای دەرەوەیە. کۆمەڵگای داخراو قسە کەرێکە کە بە ناوی کلتورەوە ھەموو جیاوازییەکان دەکوژێت و جڵەوی بیرکردنەوەو ئارەزوی تاکەکان دەکات. بۆ مانەوەی دۆخی ئێستای داخران پێویستییەکی زۆری بە ستەمکاری و سەرکوتکردنی ئەو دەنگانە ھەیە کە بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان ھەیە بۆ ژیان و داوی گۆڕانکاری و چاکسازی دەکات لە ھەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگاکەی دەکات. تۆتالیتاریزم دیکتاتۆریی مۆدێرنە و تەنیا چەند نموونەی لە جیهاندا هەیە وەکوو یەکیەتیی سۆڤیەت، ئەڵمانی نازی، کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆریای باکوور.[١]
پێناسەی تۆتالیتاریزم[دەستکاری]
تۆتالیتاریزم یان تەواوخوازی بە سیستەمێکی زاڵ دەگوترێ کە لەودا دەوڵەت یان حکوومەت بە تەواوەتی بە سەر کۆمەڵگاو تاکدا زاڵه. لەو جۆرە سیستەمەدا، دەوڵەت بەشێوەیەکی زۆرەملێیانە دەستێوەردان لە تەواوی سێکتەرەکانی سیاسی، ئابووریو کۆمەڵایەتیدا دەکا. سیستەمێک کە لەودا، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدان. تۆتالیتاریزم بووە بە مژاری دیبەیتی زۆرێک لە توێژەرانی وەکوو هانا ئارێنت، کاڕڵ پۆپەر، رایمۆند ئاڕۆن، ژوان لەنز و هتد. هەر کام لە توێژەران چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەشی رێژیمەکان دەخەنە بەر توێژینەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، تۆتالیتاریزم سیستەمێکی سیاسییە کە خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە وەکوو : ئایدۆلۆژیا، تاکحیزبی، توندوتیژیی پۆلیسی، پڕوپاگەندا و ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراو. لە دوای ساڵی ١٩٤٥ـەوە، هەندێک توێژەر هەوڵیان داوە بە لێکۆڵینەوە لە چەند نموونە لە جیهاندا، تایبەتمەندییە گشتییەکانی رێژیمە تۆتالیتەرەکان دەستنیشان بکەن، بەڵام دەستەیەکیتر لە توێژەران لە سەر ئەو بڕوایەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هاوبەش لە نێوان رێژیمە تۆتالیتەرەکاندا بوونی هەیە، بەڵام هەر کام لەو رێژیمانە تایبەتمەندیی ناهاوبەشو تایبەت بە خۆیانیشیان هەیە کە لە یەکتر ناچن. (دیلان هەردی)[٢]
هانا ئارێنت[دەستکاری]
هانا ئارێنت، فەیلەسۆفی ئەمریکی بە رەگەز ئەڵمانی، یەکێک لەو توێژەرانەیەیە کە بۆ یەکەمجار تۆتالیتاریزمیان تیۆریزە کرد. بۆ ئارێنت، رێژیمێکی تۆتالیتەر رێژیمێکی تایبەتە، چونکە ئەوەی کە رەسەنایەتی و بنەمای تۆتالیتاریزم پێک دێنێ، بریتییە لە زێدەڕۆیی لە "ئیزمەکان"دا: هیستۆریسیزم (مێژووگەری)، یوتۆپیزم، ئەنتی لیبڕاڵیزم، رۆمانتیزم و هتد. دابڕانێکە لە هەموو جۆرە رێژیمێکی سیاسی کە پێشتر بوونیان هەبووە، چونکە تۆتالیتاریزم هەوڵدەدا هەموو شتێک وێران بکا؛ مرۆڤ، سیاسەت و جیهان. ئەو جۆرە رێژیمە هەوڵ دەدا لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبو رێکخراوەکان، تاکەکان لە هەموو جۆرە بەستراوەیییەک تەریک بخاتەوە. ئارێنت ناوی ئەوەی ناوە "ئەتۆمیزاسیۆن"ی کۆمەڵگا. بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم زیاتر لە رێژیمێک، بزووتنەوەیەکە کە هەوڵی لە نێوبردنی واقیع و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەدا، دیاردەیەکی جەماوەرییە. لە رێژیمێکی تۆتالیتەریدا، خەڵک دەگۆڕێ بۆ جەماوەر، چونکە تێکەڵبوونی تاکەکان بەو ریکخراوانەی کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دروستبوون، ئەستەمە. بۆ جەماوەرێک کە بە شێوەی هزری بێمەیل کراوە، پەسندکردنی ئایدۆلۆژیا زۆر ئاسانە. ئارێنت چەمکی "دێزۆلاسیۆن" یان "وێرانی" وەکوو لێکگرێدانی سێ فاکتەر بە کار دێنێ: تۆقاندن، ئایدۆلۆژیا و تەیارکردنی جەماوەر. تۆقاندن بە مەبەستی لەناوبردنی ئازادیی دەرەکی، ئایدۆلۆژیا بە مەبەستی لە نێوبردنی ئازادیی دەروونی، لە کۆتاییدا، لەناوچوونی ئەو دوو ئازادییەش دەبێتە هۆی تەیار کردنی جەماوەر بە شێوەیەکی ئاسان. رێژیمی تۆتالیتەر لە لایەن حیزبێک یان گرووپێک بەڕێوە دەبرێ کە خاوەن پێکهاتەیەکی سێکتەری و ئایدۆلۆژیکە. بوون بە ئەندام لە حیزب بە شێوەی جەماوەرییە و لە سەر بنەمای رازیبوونی تاک نییە، بەڵکوو لە سەر بنەمای نەزانی و شەیدایی بە کۆمەڵە، کە لە رێگەی رێورەسمەکانەوە بەردەوامی پێدەدرێ. لەو سیستەمەدا، دەوڵەت لە نێو حیزبدا دەتوێندرێتەوەو ناوەندی دەسەڵاتی سوپا دەچێتە ناو پۆلیس. ئەو رێژیمە چەشنێک لە سیاسەتێکی دەرەکی دەگرێتە بەر، کە هەوڵ دەدا زاڵ بێ بە سەر تەواوی جیهاندا . بۆ ئارێنت، تۆتالیتاریزم " بزووتنەوەیەکی نێونەتەوەیییە لە رێکخستنیدا، جیهانگیرە لە ئامانجی ئایدۆلۆژیایدا، زەمینییە لە رێبازە سیاسییەکانیدا". [٢]
کاڕڵ یواکیم فرێدریش[دەستکاری]
کاڕڵ یواکیم فرێدریش بیرمەندێکی دیکەیە کە توێژینەوەی لە سەر تۆتالیتاریزم کردووە و بە رێژیمێکی سیاسی پێناسەی دەکا کە خاوەن شەش تایبەتمەندییە:
- ئایدۆلۆژیایەکی رەسمی کە تەواوی ژیانی کۆمەڵگا دادەپۆشێ،
- حیزب یان گرووپێکی سیاسی کە پەیڕەوی لە ئیرادەی تاکێک دەکاو ئایدۆلۆژیاکەی جێگیر دەکا،
- کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگا لە لایەن پۆلیسێکی نەهێنی تۆقێنەر،
- دەسەڵاتێک کە دەست بە سەر هەموو رێگاکانی پەیوەندیدا دەگرێ،
- دەسەڵاتێک کە دەست بە سەر کەرستەو ئامرازەکانی توندوتیژیدا دەگرێ،
- دەسەڵاتێک کە کۆنتڕۆڵی هەموو سێکتەرەکانی ئابووری دەکا بۆ ئەوەی ئابوورییەکی ناوەندگرا بێنێتە کایەوە.[٢]
رێیمۆند ئارۆن[دەستکاری]
تۆتالیتاریزم بۆ رێیمۆند ئارۆن (دێمۆکراسی و تۆتالیتاریزم، ١٩٤٥)، "توانەوەی کۆمەڵگایە لە نێو دەوڵەتدا". ئارۆن تۆتالیتاریزم بە پێنج تایبەتمەندیی بنەڕەتییەوە پێناسە دەکا کە لە ناو پێناسەکەی کاڕڵ یواکیم فرێدریشدا هەن. بۆ ئارۆن، تۆتالیتاریزم رێژیمێکی سیاسییە کە لە لایەن حیزب یان گرووپێکەوە بەڕێوە دەبرێ، ئایدۆلۆژیا تێیدا بەهێزە، دەست بە سەر ئامرازەکانی هێزو رێگەکانی پەیوەندیدا دەگرێ، تۆقاندنی پۆلیسی و ئابوورییەکی دەوڵەتی تێیدا بوونی هەیە.
سیگمۆند نیومەن[دەستکاری]
بۆ سیگمۆند نیومەن (١٩٤٠)، تۆتالیتاریزم جۆرێک لە دەوڵەت نیە، بەڵکوو جۆرێک لە کۆمەڵگایە. ئەو کۆمەڵگایە راستەوخۆ بە شێوەیەکی زۆرەملێیانە بە ناوی دەوڵەتەوە لە لایەن یەک یان چەند گرووپی زاڵەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ. دەوڵەتی تۆتالیتەر "بە پێچەوانەی کۆنسێرڤاتیزمی زۆردارە کلاسیکەکان"، شۆڕش بە دامەزراوەیی دەکا بە مەبەستی گەرەنتیکردنی هەتاهەتایی، واتە "شۆڕشی هەتاهەتایی".
ئێدوارد هالێت کاڕ[دەستکاری]
ئێدوارد هالێت کاڕ (١٩٤٩) پێیوایە، تۆتالیتاریزم "بیروباوەڕێکە کە لەودا،گرووپێک یان دامەزراوەیەکی رێکخراو، مەزهەبی، حکوومی یان حیزبی، مافی تایبەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەقیقەت هەیە".
پێناسەکانی تۆتالیتاریزم، یان وەکوو ئەوەی هانا ئارێنت زۆر سنووردارن، کە جگە لە ئاڵمانی نازی دوای ١٩٣٨و رێژیمی ستالینی دوای ١٩٣٠، لەگەڵ شوێنی دیکەو رێژیمی دیکەدا زۆر گونجاو نیە، یان زۆر بەرفراوانن وەکوو ئەوەی ئێدوارد هالێت کاڕ، کە کۆمەڵێکی زۆر رێژیم لەخۆ دەگرێ، یان زۆر رواڵەتین وەکوو ئەوەی کاڕڵ فرێدریش، کە لە لایەکەوە، داینامیکی سیستەمەکە ناڕوونەو لە لایەکیترەوە ئەگەری ئەوە هەیە لە گەڵ ئۆتۆریتاریزم بە هەڵە بگیرێ و جیاکردنەوەیان ئاسان نەبێ. لەبەر ئەوە، توێژەرانی دیکە وەکوو کڵاود لێفۆرتو ئالێن بۆزانسۆن هەوڵ دەدەن هەم لە ناو مەنتقی ئایدۆلۆژیادا و هەم لە ناو داینامیکی سیستەمدا بە دوای تایبەتمەندییەکانی تۆتالیتاریزمدا بگەڕێن. بۆ لێفۆرت، تۆتالیتاریزم بە واتای ئەو سیستەمە دێ کە لەودا کۆمەڵگا لە ناو دەوڵەتدا تواوەتەوەو دەسەڵاتەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی سەربەخۆ نین. یەکگرتوو کردن، بە ناوەند کردن و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە کەسێک یان گرووپێکی سیاسیدا، لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سیستەمەنو دابەشبوونی کۆمەڵایەتیو ناهاوچەشنی تێیدا رەت دەکرێنەوە. گرووپی تایبەتو تاکخوازیو بەتاککردن لە لایەن دەوڵەتەوە دانی پێ دانانرێ. تۆتالیتاریزم هەوڵدەدا مرۆڤێکی نوێ لە بواری هزرییەوە بەرهەم بێنێتەوە. ئالێن بۆزانسۆن پێیوایە، بۆ تۆتالیتاریزم "نەک تەنیا ئامانج پاساودەری ئامرازە، بەڵکوو تۆتالیتاریزم بە سەپاندنی "سورڕێئالیزمی ئایدۆلۆژیک"، سەربەخۆیی تاک رەت دەکاتەوە" .
ژوان لەنز لە کتێبەکەیدا (تۆتالیتاریزمو ئۆتۆریتاریزم)، شیکردنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ پێناسە جیاوازەکانی تۆتالیتاریزم دەکا و لە ئەنجامدا سێ تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سیستەمێکی تۆتالیتەر دەستنیشان دەکا: ١) هەبوونی ئایدۆلۆژیا، ٢) تاکحیزبی یان هەبوونی ئۆرگانی دیکەی تەیارکردن، ٣) تاکێک کە دەستی بە سەر هەموو دەسەڵاتەکاندا گرتووە. لەنز پێیوایە، ئەو سێ تایبەتمەندییانەن کە تۆتالیتاریزم لە رێژیمەکانی دیکە جیا دەکەنەوە، بەڵام دەبێ هەر سێ تایبەتمەندی پێکەوە بوونیان هەبێ، چونکە هەر کام لەو تایبەتمەندییانە بە تەنیا لە رێژیمە ناتۆتالیتەرەکانیشدا بوونیان هەیە. هەندێک تایبەتمەندیی دیکەش هەن کە لەنز وەکوو تایبەتمەندیی بنەڕەتی ئەژماریان ناکا، وەکوو: رەتکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، نەبوونی رۆڵی سەرەکیی و گرنگی هەندێک دامەزراوەی وەکوو مزگەوت و کەنیسە، سوپای وڵاتو دامەزراوەی پیشەیی (ئەو دامەزراوانە لە هێڵی پێشەوەی ململانێکانی گەیشتن بە دەسەڵات نین)، ملکەچیی سوپای وڵات، لەنێوبردن یان هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو دامەزراوەو رێکخراوانەی کە پێشتر هەبوونو رێکخستنەوەیان بە ئێلیتی نوێ. لەنز پێیوایە، چەشنێک لە پلۆڕاڵیزمی سنووردار لە هەندێک رێژیمی تۆتالیتەردا بوونی هەیە. پلۆڕالیزمی سنووردار یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزمە.
تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگای داخراو[دەستکاری]
لە ڕوی سیاسیەوە[دەستکاری]
دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی دیکتاتۆری و داپڵۆسێنەر دوو دیوی دراوێکن و لێک جودا نابنەوە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا. تاک لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا ئاشنا نیە بە ماف و ئەرک و بەرپرسیاێتییەکانی، تاک مانای گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ھەلبژاردن و ئازادی سیاسی و حیزبی نازانێ، دەسەڵات لە دەست چەند چینێک دایە کە بە ویست و بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەھێنن، وە گۆڕانکاری دەسەڵاتی سیاسی لە باوکەوە بۆ نەوەکانی یان لە ڕیگای کودەتاوە ئەنجام دەدرێ، ئەم دەسەڵاتانەش ھەموو شێوەکانی ئەشکەنجەدانی دەرونی و جەستەیی دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سیستەمی سیاسی وڵات و باڵا دەستی حیزبی حاکم یان بنەماڵەی دەسەڵات دار. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە ھەمیشە بە کۆمەڵگەی سەربازی ناو دەبرێن و گرنگترین کایە لە لای سیاسەتمەداران و دەسەڵات داران بەھێز کردنی پێگەی سەربازی وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ھەڵ دەدەن کە چەک و جبە خانە و ھێزێکی سەربازی بێشومار پێکەوە بنێن.
لە ڕووی ئاینییەوە[دەستکاری]
بە زۆری لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ململانێ ی ئاینی و مەزھەبی لەو پەڕی بڵێسەی دایە، بە ڕادەیەکی زۆر پابەندی ئەفسانەو بیرە کۆنکرێت بووەکانن، دەسەڵات و ئاین تەواو کەری یەکترن، لە بەرژەوەندی خزمەتی یەکتر ھەڵس و کەوت دەکەن، لەم جۆرەکۆمەڵگایانەدا ھەندێ جار بەھۆی دەمارگیری ئاینی یەوە لایەنگرانی ئاینەکان پێکدادانی ھزری یاخود جەستەیی لە نێوان پەیڕەوان ی دوو ئاینی جیاواز یان دوو مەزھەبی جیاواز دروست دەبێت زۆر جار قوربانی گەورەشی لێدەکەوێتەوە، وە زۆر جار لە ناو یەک ئاینیش دا چەند مەزھەبێکی جیاواز دژایەتی و ململانێیەکی ئەوتۆ ھەیە لە نێوانیان دا کە ھیچی لە ململانێ ی دوو ئاینی جیاواز کەمتر نی یە. ھۆکاری سەرەکی ئەم ھەموو گرژی و ئاڵۆزییەش بۆ یەکتر قبوڵ نەکردن و ڕێز نەگرتنی پیرۆزییەکانی یەکتر دەگەڕێتەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە[دەستکاری]
لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کلتورو داب و نەریت دیاری کەری ھەموو پیرۆزی و بەھایەکی بەرزە، زۆر بە توندی دژی ھەر تازەگەری و گۆڕانێکن کە لە کلتوردا ڕوبدات، وە ئەگەر ھەر گۆڕانێکیش ڕووی دا ئەوا قوربانی گەورەی بەدواوەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا خەڵک بەوە ناسراوە ڕابردوو پەرستی داھاتوو کوژن، ھەموو یاساکان نافەرمی و دانەڕێژراون، ھیچ یاسایەکی فەرمی لە دەسەڵاتی فەرمی یەوە دەرناچێت کە پێچەوانەی یان نەگونجێت لەگەڵ بچوک ترین بەشی کلتور. خەڵک دیل و کۆتی ئەفسانەیە و ئەفسانە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لە لێکدانەوەی ڕوداو و دیاردەکان. چینایەتی و ھۆزایەتی خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤەکانە، زۆری کێشە کۆمەڵایەتی یەکان و تاوانە شەرعیەت پێدراوەکان لە سیما ھەرە دیارەکانی لایەنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای داخراوە.
لە ڕووی ئابورییەوە[دەستکاری]
لەم کۆمەڵگایانەدا ئابوری وڵات پشتی بە کشتوکاڵ بەستووە، بازرگانی و پیشەسازی لەوپەڕی ئاست نزمی دایە، ھیچ یاساو بیرێکی ئابوری سەروەری لەو کۆمەڵگایانەدا بوونی نی یە، واتا زۆر جار گۆڕینەوەی کەرستە بە کەرستە لە شێوەیەکی سنورداردا بوونی ھەیە و بازرگانی ناوخویی وڵات دەبینری نەک بازرگانی دەرەکی.
نەوەی نوێ و کۆمەڵگای داخراو[دەستکاری]
لە چاندی نەوەکانی پێشودا فەلسەفەیەک ھەیە بۆ داخران و پەراوێز کردنی عەقڵ و بێبایەخکردنی ئازادی بیرکردنەوەو بە لادان زانینی کلتورەکانی دەرەوە. لە کۆمەڵگای داخراو دا ھەولێکی گەورە لە ئارادایە بۆ خزمەتکردن و پیرۆز کردنی ئەو میراتییە کلتورییە بەجێماوەی کە شانازی بە سەروەرییەکانی ئاینی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و نەریتی و ئەقڵانییەکانی خۆیەوە دەکات. شانازی بە دژایەتیکردنی ئێستاو ڕازیکردنی نەوەکانی پێشو دەکات. لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ ھێشتنەوەی ئێستا وەک خۆی.
بابەتە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]
رێژیمی سیاسیی ئێران : لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزم دا
سەرچاوەکان[دەستکاری]
کۆمەڵگای داخراو / ئاسۆ جەبار / چاپی دووەم / سلێمانی / خانەی چاپ و بڵاو کردنەوەی چوارچرا / ٢٠٠٤.