ڕۆژژمێر: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
ب r2.6.5) (بۆت زیادکردن: zea:Kalender
ب r2.7.1) (بۆت لابردن: tt:Täqwim
ھێڵی ٢٢٨: ھێڵی ٢٢٨:
[[tl:Kalendaryo]]
[[tl:Kalendaryo]]
[[tr:Takvim]]
[[tr:Takvim]]
[[tt:Täqwim]]
[[uk:Календар]]
[[uk:Календар]]
[[ur:تقویم (ماہ و سال)]]
[[ur:تقویم (ماہ و سال)]]

وەک پێداچوونەوەی ‏١٤:١١، ١١ی ئابی ٢٠١١

ھەر وڵاتێک بەگوێرەی ڕۆژژمێر (تقویم)ێ کاروباری خۆی بەڕێوە دەبا و، ساتی قەومانی ڕووداوێکیش بووە بە دەستپێکی ڕۆژژمێرەکەی. زۆربەی وڵاتان بەگوێرەی "ساڵی زایینی" ھەڵسوکەوت دەکەن؛ ھەندێ وڵاتیش وەکوو چین، ئەفغانستان، ئێران و ھتد پێڕەوی ساڵی ترن.

دانیشتوانی ھەر پارچەیەک لە کوردستانیش چونکوو وڵات و دەسەڵاتی سەربەخۆیان نییە، خۆنەویست ڕۆژژمێری ئەو وڵاتە بەکار دەبەن کە تێیدان. ھەڵبەت کورد سەرەڕای بێوڵاتی، ساڵی تایبەتیی خۆی ھەیە کە بەو پێیەش "ڕۆژژمێری کوردی" داڕێژراوە. لێرەدا دەمانەوێ باسی «ساڵ» و «ڕۆژژمێر»ە گرنگەکان پەیوەندی و جیاوازییان لەگەڵ ساڵی کوردیدا بکەین.


ساڵی زایینی (میلادی)

دەستپێکەکەی ھەفتەی لەدایکبوونی عیسا مەسیحە و، ڕۆژژمێرەکەش "ڕۆژژمێری زایینی"یە. لە ساڵی ١٥٨٢ی زایینیدا، پاپ گریگووری ھەشتەم، دوایین ئاڵوگۆڕی لەو ڕۆژژمێرەدا کرد و ئێستاکە بە «ڕۆژژمێری گریگووری» بەناوبانگە. ٣١ی دیسامبر، کاتژمێر ١٢ی شەو (٢٤.٠٠)، ساتی گۆڕینەوەی ساڵی زایینییە بۆ ساڵی نوێ. (لە ساڵی ھەتاوییدا، ساتی گوڕینەوەی ساڵ بەو شێوەیە نییە). لە ڕۆژژمێری گریگووریدا پەیوەندی لەنێوان ساڵ و وەرزەکاندا نییە. بە شێوەیەکی بڕیاردراو، ژمارەی ڕۆژەکان لە حەوت مانگی ساڵدا ٣١ ڕۆژ، لە چوار مانگدا ٣٠ ڕۆژ و مانگێکیش لە ساڵدا بە شێوەیەکی ناڕێک ٢٨ یان ٢٩ ڕۆژە. ھەر چوار ساڵ جارێک، ساڵی پڕ (کبیسە leap year)‌یە، مەگەر ئەو ساڵانەی کە شیاوی دابەشکردن بن بە (١٠٠)، بەڵام نەک بە (٤٠٠). کەوا بێ، ساڵی ٢٠٠٠ ساڵی پڕ بوو (چونکوو شیاوی دابەشکردنە بە ٤٠٠) بەڵام ساڵی ٢١٠٠ ساڵی پڕ نییە. ڕۆژژمێری گریگووری لە ھەر ٣٣٣٠ ساڵ یەک ڕۆژی ھەڵەیە. زۆربەی وڵاتانی دنیا پێڕەوی ساڵی زایینین، تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش، ھەرچەند لەدایکبوونی عیسا مەسیح دەستپێکی ساڵی زایینییە.

ساڵی ھەتاوی (شمسی)

ئەو ساڵەی کە لە ئێراندا پێڕەویی لێ دەکرێت پێی دەوترێت ساڵی ھەتاوی (خورشیدی، شمسی). ھەروەھا کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش کە کەوتوونەتە چوارچێوەی ئەو وڵاتەوە، بەگوێرەی ئەو ساڵە ھەڵسوکەوت دەکەن. ساڵی ھەتاوی (خورشیدی، شمسی) لە بنەڕەتدا ھی کلدانییەکان بوو کە شارستانییەتێکی دێرین بوون لە (نێوان دووڕووباران = بین النھرین)دا. ئێرانییەکان پێش لە ھاتنی ئیسلام پێڕەوی "ڕۆژژمێری زەردەشتی" بوون و، "ساڵی ھەتاوی"یان بەکار نەدەھێنا. کاتێ عەرەبەکان ھێرشیان بردە سەر ئێران، ناچاریانیان کرد کە بەگوێرەی "ڕۆژژمێری عەرەبی" باج و پیتاک و سەرانەیان بدەنێ. ڕۆژژمێری زەردەشتی لە برەو کەوت. دواتر ئێرانییەکان ڕۆژژمێرێکیان داھێنا کە لەسەر بنەمای ساڵی ھەتاوی داڕێژرابوو و سەرەتاکەشی خاکەلێوە (فروردین) بوو.

لە کۆتاییی سەدەی پێنجەمدا، بە خواستی (جلال الدین ملکشاە سلجوقی)، بە سەرکردایەتیی عومەری خەیام، شاعیر و ئەستێرەناس ـ کۆمەڵێ ئەستێرەناس کۆ بوونەوە و دەستکارییان لەو ڕۆژژمێرەدا کرد. کاتێ ویستیان دەرکەوتنی خاکەلێوە (فروردین) تاووتوێ بکەن، بینییان کە ڕۆژژمێرەکەیان ١٨ ڕۆژ کەموکووڕیی ھەیە. ئەوە بوو ١٨ ڕۆژیان خستە سەر ڕۆژژمێرەکە. ئەو ساڵە،‌ دوو جار، یەکەم تا ھەژدەھەمی خاکەلێوەی تێدا بوو. ئیتر لەوە بەدوا ئەو ڕۆژژمێرە بە "ڕۆژژمێری جەلالی" ‌ناوبانگی دەرکرد‌. لەو ڕۆژژمێرەدا ساڵ پێک ھاتبوو لە ١٢ مانگی ٣٠ ڕۆژە کە لە کۆتاییی ساڵدا ٥ ڕۆژ زێدەی ھەبوو (لە ساڵەکانی پڕدا ٦ ڕۆژ). تا سەرەتاکانی پاشایەتیی (ڕەزاخانی پەھلەوی)، ئەو ڕۆژژمێرە بەکار دەچوو.

لە ساڵی ١٩٢٥دا ڕۆژژمێرێک کە لەسەر بنەمای ڕۆژژمێری جەلالی ئامادە کرابوو ئاراستەی پەرلەمانی ڕەزا پەھلەوی کرا و بوو بە ڕۆژژمێری ڕەسمیی ئێران. ڕۆژژمێری ئێران ـ کە ئێستاکەش ھەر بە ڕۆژژمێری جەلالی بەناوبانگە ـ بەگوێرەی سووڕی زەوی بە دەوری ھەتاو داڕێژراوە، بۆیە پێی دەڵێن "ڕۆژژمێری ھەتاوی" (خورشیدی، شمسی). ھەر ساڵێک نزیکەی ٣٦٥ ڕۆژ، ٥ کاژێر و ٤٩ خولەکە.

ساڵی پڕ

ئەو ساڵانەی کە ٣٦٦ ڕۆژن پێیان دەوترێت: "ساڵی پڕ" (کبیسە leap year)‌‌. لە ڕۆژژمێری ھەتاویدا دەکرێ بوترێت لە ھەر ٣٣ ساڵ، ٨ ساڵی، ساڵی پڕە. ساڵی پڕ ئەو ساڵانەن کە کاتێ دابەش کرێن بەسەر ٣٣دا، پاشماوەکەیان دەبێتە یەکێک لەم ژمارانە: (٦، ٢٢، ١٧، ١٣، ٩، ٥، ١ و ٣٠). بۆ وێنە ئەگەر ١٣٧٠ دابەش کەین بەسەر ٣٣دا، پاشماوەکەی دەبێتە ١٧، کەوا بێت ساڵی ١٣٧٠ ساڵێکی پڕە.

ساڵگۆڕین‌

سەرەتای ساڵ، ساتێکە کە ھەتاو لە "نیوگۆی باشووری" بەرەو "نیوگۆی باکووری" بەسەر ھێڵی ئیستوادا تێ دەپەڕێ. بەو جۆرە ساڵ دەگۆڕێ بۆ ساڵی نوێ و نەورۆز دەست پێ دەکات. جا ئەگەر ئەو گۆڕانە پێش لە نیوەڕۆ (بە کاتی تاران) بێت، ئەو ڕۆژە دەبێتە یەکەم ڕۆژی ساڵ واتە ١ی نەورۆز. بەڵام ئەگەر لە نیوەڕۆ یان دوای نیوەڕۆ بێت، ڕۆژی دواتر دەبێتە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵ. لەبیرمان نەچێت، لەو کاتەدا بەھار تەنیا لە "نیوگۆی باکووری"ی زەوی دەست پێ دەکات، لە "نیوگۆی باشووری"ی زەویدا پاییز دەست پێ دەکات. کەوا بێ، باش نییە بڵێین بەھار دەست پێ دەکات، ڕەنگە باشتر بێ‌ بڵێین نەورۆز (خاکەلێوە) دەست پێ دەکات. لەم ڕۆژژمێرەدا ھەر ساڵێک ١٢ مانگە، شەش مانگی یەکەمی ٣١ ڕۆژە و پێنج مانگی دووەم ٣٠ ڕۆژە و، دوایین مانگ، ئەگەر ئەو ساڵە ساڵی پڕ بێت ٣٠ ڕۆژە، ئەگینا ٢٩ ڕۆژە.


یەکەم ساڵی ڕۆژژمێرەکە

ساڵی دەستپێکی ئەو ڕۆژژمێرە، واتە ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە، ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەری ئیسلام لە شاری مەکەوە کۆچ (ھجرت) دەکات بۆ شاری مەدینە (ساڵی ٦٢٢ی زایینی)‌. ھەر بۆیە بە ساڵی ھەتاوی دەڵێن "ساڵی کۆچیی ھەتاوی" (ھجری شمسی).

ڕۆژژمێری پاشایەتی: دوایین شای ئێران موحەمەدڕەزا پەھلەوی، ویستی ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە بکاتە کاتێ کە ئیمپراتۆریی ماد ڕووخێنرا و پاشایەتیی ھەخامەنشیی پارس بۆ یەکەم جار لە ئێراندا دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ڕێکەوتی ٢٤/١٢/١٣٥٤ مەجلیسەکانی (شورای ملی) و (سنا) بڕیاریان دا کە دەستپێکی ڕۆژژمێری ئێرانی ببێتە دەستپێکی پاشایەتیی کوورووش (یەکەم پاتشای ھەخامەنشی کە ئیمپراتۆریی مادی ڕووخاند و بەو جۆرە پارسەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست). لە دەستپێکی ساڵی ١٣٥٥دا ڕۆژژمێری پاشایەتی (تقویم شاھنشاھی) بەکار برا و بوو بە ساڵی ٢٥٣٥ی پاشایەتی. بەڵام بە سەرھەڵدانی شۆڕشی ئێران کە بوو بە ھۆی‌ ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێراندا، ئەو بیرۆکەیە تێک چوو و لە ڕێکەوتی ٥/٦/١٣٥٧ ڕۆژژمێری پاشایەتی ھەڵوەشێنرایەوە و بووەوە بە "کۆچیی ھەتاوی" (ھجری شمسی).


یەکەم ڕۆژی ڕۆژژمێرەکە

ڕۆژی دەستپێکی ڕۆژژمێرەکە، کرایە ١ی بەھار، کە ١ی نەورۆزی ئەو ساڵە بوو کە پەیامبەری ئیسلام تێیدا کۆچ (ەجرت)ی کردبوو بۆ مەدینە. (١/١/١ی ساڵی ھەتاوی بەرانبەر بوو لەگەڵ ڕۆژی ھەینی ١٩ی مارسی ٦٢٢ی زایینی).

کەوا بێت ساڵی ١ی ھەتاوی = ساڵی ٦٢٢ی زایینی، واتە ساڵی زایینی ٦٢١ ساڵ لە ساڵی ھەتاوی گەورەترە: (‌٦٢١ = ١ – ٦٢٢)

کەوا بێ، ئێرانییەکان لە ڕۆژژمێری جەلالیدا بە تیرێک دوو نیشانیان پێکاوە، ھەم دابونەریتی خۆیان پاراستووە، ھەم ڕۆژێکی گرنگی ئیسلامییان بەکار ھێناوە‌:

  • یەکەم ڕۆژی ساڵ، ١ی نەورۆزە، کە دابونەریتێکی دێرینەیە.
  • یەکەم ساڵی ڕۆژژمێرەکە، واتە ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە، ساڵی کۆچ (ھجرت)ی پێغەمبەری ئیسلامە لە مەکە بۆ مەدینە‌، کە بۆنەیەکی گرنگە لە جیھانی ئیسلامدا.

مانگەکانی ڕۆژژمێری ئێرانی، کە بنەڕەتی ئاڤێستایییان ھەیە بریتین لە:

  • بەھار: (١. فروردین ٢. اردیبھشت ٣. خرداد).
  • ھاوین: (٤. تیر ٥. مرداد ٦. شھریور).
  • پاییز: (٧. مھر ٨. آبان ٩. آذر).
  • زستان: (١٠. دی ١١. بھمن ١٢. اسفند).

گۆڕینی ساڵی زایینی بۆ ھەتاوی

چونکوو ساڵی زایینی و ساڵی ھەتاوی لە یەک ڕۆژدا دەست پێ ناکەن، کەوا بێت ناشتوانن بەرانبەری یەک بن. بۆ گۆڕینی ئەو دوو ساڵ بۆ یەکتری دوو ئەگەر ھەیە کە لێرە باسیان دەکەین:

  1. ئەگەر لە نێوان ١ی ژانڤییە ھەتا ٢٠ ـ ٢١ی مارس ـ بەستە بەوەی کە نەورۆز بکاتە کام لەو ڕۆژانە ـ (١ی نەورۆز)ی ئەو ساڵە زایینییە بێت، ٦٢٢ ساڵ لە ساڵە زایینییەکە کەم دەکەینەوە. بۆ نموونە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی ئاوا دەکەین: (٢٠٠٥ – ٦٢٢ = ١٣٨٣)
  1. ئەگەر دوای ٢٠ ـ ٢١ی مارس (١ی نەورۆز) ھەتا کۆتاییی ئەو ساڵە زایینییە بێت، ٦٢١ ساڵ لە ساڵە زایینییەکە کەم دەکەینەوە. بۆ نموونە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی ئاوا دەکەین: (٢٠٠٥ – ٦٢١ = ١٣٨٤)

دیارە ئەگەر ساڵی ھەتاویشتان ھەبێت و بتانەوێ بیکەنە زایینی بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەن:

  • (١٣٨٣ + ٦٢٢ = ٢٠٠٥)
  • (١٣٨٤ + ٦٢١ = ٢٠٠٥)

بۆمان دەر کەوت کە ڕۆژژمێری ئێرانی، ھاوکات کە ڕۆژژمێرێکی ھەتاوییە، ڕۆژژمێرێکی کۆچیشە، واتە: کۆچیی ھەتاوی (ھجری شمسی)یە.

ساڵی کوردی

ساڵی کوردییش، ھەر وەک ساڵی ئێرانی، ساڵێکی ھەتاوییە. واتە بەگوێرەی سووڕی زەوی بە دەوری ھەتاوە. ژمارەی مانگەکان و دەستپێک و کۆتاییی ساڵەکان و ساتی گۆڕان بۆ ساڵی نوێ، کتومت ھەر وەک ساڵی ئێرانییە. بەڵام دوو جیاوازیی سەرەکیی ھەیە کە بریتین‌ لە:

١. ڕۆژژمێری کوردی بەپێچەوانەی ڕۆژژمێری ئێرانی، کۆچی نییە. بەڵکوو ساڵی ١ی ڕۆژژمێری کوردی ئەو ساڵەیە کە ئیمپراتۆریی مەزنی ماد لە لایەن "دیاکۆ"وە دامەزرا. ئەویش ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بوو.

٢. لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباددا ناوی مانگەکان کران بە کوردی کە بریتین لە:

بەراوردی ساڵی کوردی لەگەڵ ساڵی ھەتاویی کۆچیدا

ساڵی کوردی (١٣٢١) ساڵ لە ساڵی ئێرانی گەورەترە. ئەگەر ئەمساڵ ساڵی (١٣٨٤)ی ھەتاوی بێت، ئاوا دەبێتە کوردی: (٢٧٠٥ = ١٣٢١ + ١٣٨٤)

یان ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت، بۆ ئەوەی بیکەینە ساڵی کۆچیی ھەتاوی (ئێرانی) بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین: (١٣٨٤ = ١٣٢١ - ٢٧٠٥)

بەراوردی ساڵی کوردی لەگەڵ ساڵی زایینیدا

یەکەم ساڵی دەستپێکی ڕۆژژمێری کوردی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بووە. بەھاری ئەو ساڵەش دەستپێکی ساڵەکە بووە. ھەروەکوو چۆن ساڵی کۆچیی ھەتاوی ھاوکات نییە لەگەڵ ساڵی زایینیدا، ساڵی کوردیش لەگەڵ ساڵی زایینیدا ھاوکات نییە. ساڵی کوردی ٧٠٠ ساڵ لە ساڵی زایینی گەورەترە. بۆ گۆڕینی ئاوا دەکەین:

  1. ئەگەر لە نێوان ١ی ژانڤییەی ساڵی زایینی تا ٢٠ یان ٢١ی مارس (واتە ١ی نەورۆز) بێت، ٦٩٩ ساڵ دەخەینە سەر ساڵە زایینییەکە، دەبێتە ساڵی کوردی، بۆ نموونە ئەگەر ساڵی ٢٠٠٥ بێت ئاوا دەکەین: (٢٧٠٤ = ٦٩٩ + ٢٠٠٥)

کە ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین:(٢٠٠٥ = ٦٩٩ - ٢٧٠٤)

  1. ئەگەر لە نێوان ٢١ی مارس تا ٣١ی دیسامبر بێت، ٧٠٠ دەخەیەنە سەری. بۆ نموونە ئەگەر ٢٠٠٥ بێت ئاوا دەکەین: (٢٧٠٥ = ٧٠٠ + ٢٠٠٥)

کە ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین: (٢٠٠٥ = ٧٠٠ - ٢٧٠٥)

ساڵی ھەیڤی (قمری)

یەکێکی تر لە ساڵەکان کە لە جیھانی ئیسلامیدا گرنگیی خۆی ھەیە، ساڵی ھەیڤی (قمری)یە. ئەم ساڵە لە لایەکەوە وەک ساڵی ئێرانی، ساڵێکی کۆچی (ەجری)یە، واتە یەکەم ساڵی ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەر لە مەکەوە بۆ مەدینە کۆچی کرد‌. لە لایەکی ترەوە بەپێچەوانەی ساڵی ئێرانی کە ھەتاوییە، وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، ساڵی ھەیڤی، ساڵێکی ھەیڤی (قمری)یە. واتە ئەو ماوەیە کە ھەیڤ لە (ەلال)ی خۆیەوە دەورێکی خۆی لە ماوەی ٢٩ ڕۆژ و ١٢ کاژێر و ٤٣ خولەک دەپێوێ. ساڵی ھەیڤی (قمری) ٣٥٤ ڕۆژە.

سەرچاوەکان

بەستەری دەرەکی

  • Calendar Converter بەرنامەیەکی سەرچاوەکراوەی جاڤاسکریپت بۆ گواستنەوەی ھەموو ڕۆژژمێرە گرنگەکان بۆ یەکتر