کارگێڕیی زانستی: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
پەڕەی دروستکرد بە «كاڕگێڕیی زانستانە» Scientific Management ==کارگێڕیی زانستانە / Taylorism== ڕوانگەی Scientific Management یا...»ەوە
(بەبێ جیاوازی)

وەک پێداچوونەوەی ‏١٤:٢٣، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣

كاڕگێڕیی زانستانە» Scientific Management

کارگێڕیی زانستانە / Taylorism

ڕوانگەی Scientific Management یان Taylorism سەرەتای سەدەی بیستەم هاتە کایەوە. (Frederick Winslow Taylor (1856-1915 - ئەندازیار و سەرۆک کۆمپانیای بواری پیشەسازی و خاوەن بەرهەمی ناودار: (The Principles of Scientific Management (1911 بە داڕێژەری ئەم ڕوانگەیە دادەنرێت. نووسەرانی Integrerad organisationslära (2011) هەلومەرجی ئەمەریکای ئەو زەمانە ڕوون دەکەنەوە و دەڵێن جەنگی نێوخۆی دەرباز کردبوو، پیشەسازی تێیدا لە ئاستێکدا بوو گەشەی تەکنیکی دەچەرخاند، تەونی ئاسنەڕێ بە وەڵاتدا بڵاو دەبۆوە و بازاڕی نوێی بۆ کۆمپانیاکان دەکردەوە[١]. کۆمپانیا بەدەم گەورەبوونەوە پێویستی زیادتر دەبوو بە بازدان لە بەرهەمی مرۆڤکردەوە بۆ بەرهەمی ماشینکرد. کارگە پێویستی بە تایبەتکاری و بە تەکنینکی نوێ دەبوو. بەڕێوەبەر و سەرکاران ئەرکیان هەتا دەهات سەختتر دەبوو. ورەی کارگەر و ئاستی بەرهەمهێنان کەم بوو. مێتودی کار ناجۆر و ناڕوون بوون. Taylor بۆ چارەسەری کەمیی بەرهەمهێنان وەک ئەندازیار کەوتە سەر تۆژینەوە لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، مەتریاڵ (ماددە) و ماشین. بناخەی دیدی Taylor بریتی بوو لەوەی تۆژینەوەی زانستی و گەڕان بەدوی چارەسەردا باشترین ڕێگەیە بۆ چوستاندنی بەرهەمهێنان (سەرخستنی ئاستی چوستیی سازمان).

کتێبی (Management från A till Ö (2007 لە پێناسەی Taylorism دا دەڵێ ئەم تیۆرییە جەخت دەکاتە سەر دیدی زانستانە لە کارگێڕ و دابەشینی کاردا بۆ وەدەست هێنانی باشترین چوستی[٢]. تایلەر باس لەوە دەکات کە کارگەر دەبێ کارێکی دیاریکراوی هەبێت و هەروەها دەرفەتی فراژووتنی هەبێت بۆ ئەوەی لە کاردا ئەوپەڕی سوود لە توانای ئەو کارگەرە وەدەست بێت. هەر بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی چوستی و سوود، دەبێ سیستەمی مووچە هاندەر بێت، دەبێ مووچە وابەستەی بەرهەم بێت.


خاڵە سەرەکییەکانی Taylorism

١- تۆژینەوە و ڕێسای زانستانە

- هەموو ئەرکێک لە سازماندا دەبێ تۆژینەوەی زانستانەی لێ بکرێت و هەروەها مۆدێل و ڕێسای زانستانەی بۆ داڕێژرێت. پرۆسەی کار دابەش بکرێت بەسەر چەندین هەنگاوی جیاوازدا. کات و ڕەوتی هەموو هەنگاوێک بە وردی تۆژینەوەی لێ دەکرێت بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی چوستی.


٢- هەڵبژاردنی زانستانەی کارمەند - بۆ هەر ئەرکێک، کەسی هەرە شیاو، کارمەندی هەڵبژاردە، دیاری دەکرێت. جۆری کار لە یەک جودا دەکرێنەوە و هەر جۆرە کارێک، کارمەندی خۆی بۆ دیاری دەکرێت. هەڵبژاردن و دیاری کردنی کارمەند پێویستی بە پێوەری زانستانە هەیە. بەم جۆرە «تایبەتکاری» دروست دەبێت.


٣- فێرکاری و ڕاهێنانی زانستانە

- کارمەندی هەڵبژاردە لە خولی تایبەتدا فێری وردەکاریی ئەرکی خۆی دەکرێت. ئەم فێرکاری و ڕاهێنانە بە شێوازێکی زانستانە دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی هەم زاڵبین بەسەر کێشەی نەزانیندا و هەم کەسیش نەبێتە کارمەندی دەگمەن.


٤- سەرکار و سەرۆک دەبێ بڕیاردەری هۆشەکی بن

- هۆش بڕیاردەرە نەک خواست و خولیا، لایەنگری و ئارەزوو. دەبێ پەیوەندی و هاریکاریی باش هەبێت لە نێوان کارگەر و سەرکاردا.


پیادە کردنی هەنگاو

Taylor بۆ پیادە کردنی ئەم هەنگاوانە داوا دەکات کار مێتودی زانستانەی هەبێت. ئامانج دیاری بکرێت و پێکانی ئامانج خەڵاتی لەدوو بێ و خولی ڕاهێنانیش هەبێ بۆ ئەوەی کارمەند فێر بێت چۆن کار بکات بۆ پێکانی ئامانج. نووسەرانی Organisation och organisering (2006) دەڵێن لای چەمکی «کارگێڕی زانستانە»، لە بواری کاردا تەنها «یەک شێوەی هەرە باشی کار» one best way هەیە [٣]، ئەویش ئەندازیاران و پسپۆران دەیزانن و بڕیاری دەدەن. کەواتە پسپۆر کاری زانستانە، کاری هۆشەکی، دەگرێتە ئەستۆ، کارگەر ئەرکی کردەکی پێ دەسپێردرێ. Taylor ئەم جوداوازی و هەڵاوێردنە لە نێوان «کاری دەستی» - بۆ کرێکار و کارمەند- لە لایەک و «کاری هۆشەکی» Brain Work - بۆ پسپۆران - لە لایەک، ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ کاری هۆشەکی دەبێ لە مەیدانی کاری کارگەوە ڕاگوێزری بۆ دەفتەری پسپۆران - خانەی ستافی پسپۆران. ئەمەیە کڕۆکی زانستانەی «دابەشینی کار» لە تیۆریی «کارگێڕی زانستانە»دا. هەر ئەمەشە دەبێتە مایەی ڕەخنەی توند لە لایەن نەیارانەوە.

ڕێز و سەنگی تایبەت بۆ سەرتەڵ (دەستبژێر، نوخبە، ئەلیت) و پسپۆران، وەلانانی کارگەر و کارمەندان لە بازنەی پرسوڕا، دابڕانیان لە پرۆسەی بڕیاردان، Taylorism ی دایە بەر شەپۆلی ڕەخنەی بەهێز. کتێبی Hur moderna organisationer fungerar (2002) دەڵێ دابەشینی کار و بەستنەوەی کارگەر بە یەک جۆر کاری یەکنەواز (مۆنۆتۆن) بێزاربوونی لێ دەزێت. چارلی چاپلن Charlie Chaplin (1889–1977) لە فیلمی Modern Times (1936) دا هونەرمەندانە ئەم دیاردەیە دەداتە بەر ڕەخنە[٤].


دابەشینی کار و بەرپرسایەتی

Taylorism لە دابەشینی کار و بەرپرسایەتیی سنوورداردا داوای دەکرد هەشت جۆر سەرکار و بەرپرس هەبێ، هەر جۆرە بۆ ئەرکێکی دیاری کراو[٥]:

- دابەشکار - بۆ دابەشێنی کار

- فەرماندار - بۆ دیاری کردنی ئاڕاستەی کار

- کاتگر - بۆ کات گرتن لە پرۆسەی کاردا

- چاودێر - بۆ کۆنترۆڵی کارگەران


ئەم چوار سەرۆکە لە بەشی پلانڕێژیدا دانرابوون، ئەوجا چواری دیکەش لە مەیدانی کاردا، وەک:

- سەرکار - بۆ جڵەوکێشێ پرۆسەی کار

- چاودێری خێرایی - بۆ کۆنترۆڵی خێرایی ڕەوتی کار

- وردبین - بۆ کۆنترۆڵ کردنی وردەکاری

- وەستای ماشینناس - بۆ چاک کردنەوەی پارچەی ماشین


وردەکاری لە دابەشینی ئەرک و بەرپرسایەتی لە بواری چوستاندنی سازماندا دەرئەنجامی بەرزی هەبوو. هەر بۆ نموونە زەمینەی ساز دەکرد بۆ: کەم کردنەوەی خەرجی، سەرخستنی مووچە، زیاد کردن و جۆراندن (باشتر کردنی جۆرایەتی) ی بەرهەم. بەڵام ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێ کە سێرەی زیادتر لەسەر چوستیی سازمان و سیستەمی کارگێڕیی و بەرهەمهێنانە نەک لەسەر خودی مرۆڤ.


ڕەخنە

ڕەخنە گرتن لە «کارگێڕی زانستانە» هەرچییەک بێت دەبێ هەلومەرجی زەمان و زەمینی Taylorism ڕەچاو بگرێت دەنا دروست ناپێکێ. مرۆڤ دەبێ بزانێت ئەو زەمانە، بازاڕی کاری ئەمەریکا و کەرەستەی دیدی Taylor بریتی بوون لە کۆچبەرانی بێسەواد و کەمخوێندووی ئینگلیزینەزانی ئەورووپا. Taylor لە «کارگێڕی زانستانەدا» یەکێکە لەو کەسایەتییە یەکەمانەی نەخشیان هەبووە لە داڕشتنی خەتوخاڵ مۆدێلی تایبەت بە کارگێڕی و ڕێبەرایەتیی سازمان. نەیار و ڕەخنەگری زۆر بوون بەڵام کاریگەریی یەکجار مەزنی هەبووە لەسەر دیدی سازمانگەریی سەردەم.


سەرچاوە

سازمانگەری، ئاسۆس شەفیق - کوردستان ٢٠١١


پەراوێز

  1. ^ Bruzelius & Skärvad (2011): 41.
  2. ^ Karlöf & Lövingsson (2007): 341.
  3. ^ Eriksson-Zetterquist & Kalling & Styhre(2006): 45.
  4. ^ Jacobsen & Thorsvik (2002): 88.
  5. ^ Bruzelius & Skärvad (2011): 42.


به‌سته‌ری ده‌ره‌کی‌

Stevens Institute of Technology has an extensive collection at its library