ویکیپیدیا:ھۆکارەکانی جیابوونەوەی ویکیپیدیای کوردیی ناوەندی: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(بەبێ جیاوازی)

وەک پێداچوونەوەی ‏١٧:١٨، ٢٢ی شوباتی ٢٠١٠

بۆ ماوەیەکی درێژ وتارە سۆرانییەکان لە ماڵپەڕی ku.wikipedia.org دەنوسران. ئەم ھۆکارانەی خوارەوە بوون بە ھۆی ئەوە کە داوای پرۆژەیەکی زمانیی نوێ بکرێ بۆ شێوەزاری سۆرانی.

زمانناسی

زۆربەی زمانناسەکان، کوردی بە macro language دەزانن کە لە چەند شێوەزار یان ژێرزمان پێکھاتووە. تێگەشتن و بەتایبەت قسەکردن و نووسین بە شێوەزارەکانی تر زۆر سەختە و فێرکاری و ڕاھێنانی دەوێت. بڕێک دەڵێن کە دەبێ زمانێکی دەستکردی کوردی (سۆرمانجی) بە تێکەڵ کردنی شێوەزارەکان دروست بکەین کە زۆر کەس دژ بەم بڕیارەن. ھەڵبژاردنی شێوەزارێک و نافەرمی کردنی شێوەزارەکانی تریش دوژمنی زۆری ھەیە. ئەم حاڵەتە بۆ چەند زمانی دیکەش ھەیە وەک چینی و نرویژی کە زمانەکەیان ئێستا چەند ستاندارییە. ئەو زمانانەش بۆ ھەر شێوەزارێکیان ویکیپیدیایەکیان داناوە.

دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە مەبەست لە دروست کردنی ماڵپەڕی ویکیپیدیا چی بووە؟ ویکیپیدیا زانستنامەیەکی ئازادە کە دەیەوێت بە یارمەتیی ھەموو مرۆڤێک ھەموو زانیارییەکانی لەبەردەستی مرۆڤایەتی، کۆ بکاتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە خۆڕایی و بە ھەر زمانێک کە بەکارھێنەر دەزانێت پێشکەشی بکات. ویکیپیدیا شوێنی نیشان دانی باشتر بوونی زمانێک یان کێبەرکێی زمانەکان نیە. ویکیپیدیا شوێنی تاقی کردنەوەی بیرۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش نیە و بە باشی زانیاری گەیاندن بە بەکارھێنەران ئامانجیەتی.

ئەلفوبێ

سۆرانییەکان لە دوو وڵاتی ئێران و عێراق دەژین. لەم دوو وڵاتەدا لە مێژەوە ئەلفوبێی عەرەبی بە کار دێت و کوردەکانیش ئەلفوبێی کوردییان لە ئەلفوبێی عەرەبییەوە وەرگرتووە. نووسەرە سۆرانییەکان، نووسراوەکانیان بە ئەلفوبێی عەرەبی بڵاو دەکەنەوە. کتێبەکانی قوتابخانە لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان و ماڵپەڕە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی عەرەبی دەنووسرێن. خوێندن و نووسین بەم ئەلفوبێ بووە بە عادەت و خوێندن و نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زۆربەی سۆرانییەکان سەختە. بە تایبەت ئەگەر دەقێکی درێژ بێت. بە ھۆی ئەم مەبەستانەوە بڕیارمان دانا لە ویکیپیدیا بۆ زۆرتر کردنی بەشداری و نزیکتر کردنەوەی بەکارھێنەران وتارە سۆرانییەکان بە ئەلفوبێی سۆرانی بنووسین.

چەپ بۆ ڕاست بوونی رووکاری بنەڕەت لە ku.wikipedia.org کێشەیەکی گەورە بوو بۆ نووسین بە ئەلفوبێی سۆرانی. ئەم کێشەیە بە دروست کردنی دوو قاڵبی RTL و /RTL تا ڕادەیەک چارەسەر کرا بەڵام کاتێک بەکارھێنەر زمانی ڕووکاری دەکرد بە سۆرانی، ئەم جارە وتارە کورمانجییەکان دەشێوان. ئەم جارە نەدەکرا بۆ ھەموو وتارە کورمانجییەکان (١٢٠٠٠ وتار) قاڵبی LTR دابنێین.

زمانی ڕووکار

لە حاڵەتی بنەڕەت دا (Default) زمانی ڕووکاری (interface) لە ku.wikipedia.org دا کورمانجییە. بۆ بە سۆرانی کردنی دەبێ ئەندامی ویکیپیدیا بیت و لە پەڕەی ھەڵبژاردەکانت دا زمانەکەی بکەیت بە ku-arab . کێشکانی ئەمە بوو کە بەکارھێنەرە تۆمار نەکراوەکان کە بەشێکی زۆری بەشدارییەکانی ھەموو ویکپیدیایەک دەکەن، نەیاندەتوانی بە ئاسانی لە ڕووکاری سۆرانی کەڵک وەرگرن و و یارمەتییان بدات. زۆر جاریش تازەکارەکان تا پەڕەیەکیان دەدی، وایان دەزانی کە ئەم ماڵپەڕە ھەمووی کورمانجییە.

وتارە دوو زاراوەییەکان

کاتێک کە وتارێک بە ھەر دوو زاراوە دەنووسرا، ئەبوا بە شێوەیەک ئەم دووانە پێوەندی بدرێن بە یەکەوە. بۆ ئەم مەبەستە دوو قاڵب درووست کرا کە بە شێوەی پەیامێک لە نێو دەقی وتارەکە، کە بەکارھێنەری ئاگادار دەکردەوە کە ئەم وتارە بە زاراوەی دیکەش لە بەر دەست دایە و بەستەرەکەی ئەمەیە. کێشە لە سەر شوێنی ئەم پەیامە بوو. ئەگەر لە سەرەتای وتارەکەدا دەبوو کە شێوازی ستانداری وتارەکانی ویکیپیدیا دەشێوا (لە ویکیپیدیا تەنھا بۆ کێشە گرینگەکانی وتارەکە لە سەرەتای وتار پەیام دادەنن). ئەگەر لە ئاخری وتارەکە دائەنرا (وەک ویکیپیدیای ئازەربایجانی) لە بەرچاو دا نەبوو و دێر ئەدۆزرایەوە. لە ئاکام دا، پێش لە دەست پێ کردنی دەقی وتارەکە و لە لای ناوی وتارەکە دامان نا کە ئەمەش لە بڕێک لە وێبگەڕەکاندا بە جووانی دەرنەدەکەوت و کاتێک بەکارھێنەر ستایلی ویکیپیدیای دەگۆڕی ئەم پەیام دەکەوتە شوێنێکی نەخوازراو.

زمانەکانی تری ویکیپیدیا

لە گەورەترین چاکییەکانی ویکیپیدیا ئەوەیە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانی زمانەکانی تری ھەموو وتارێک ببینی. کێشەیەک کە لە ku.wikipedia.org بوو ئەوە بوو کە زمانەکانی تر بەستەر بۆ وتارە کورمانجیەکان دابنێن یان سۆرانییەکان. ئەگەر بۆ کورمانجیمان دادەنا (بە ھۆی زۆرتر بوونی وتارەکان) کەسێک کە وتاری سۆرانی دەویست ئەبووا سەردانی وتارە کورمانجییەکەی بکردبایێ و ئەگەر قاڵبی «بەسۆرانی» بووبایێت ئەوا وتارە سۆرانییەکەی دەدۆزییەوە، ئەگەرنا ھیچ. کە ئەمە بە خۆڕایی کاتی بەکارھێنەری دەگرت.

ناوی مانگەکان

ناوی مانگەکان بە شێوەیەکی ھاوبەش بە لاتینی بوو و لە کاتی واژۆ نووسین دەقە سۆرانییەکانی ناحەز دەکرد.

بۆ زانیاری زیاتر

www.کاریزه‌ وشک .com