تان تان لە تبت (کۆمیک)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تان تان لە تبت (بە ئینگلیزی: Tintin in Tibet) بیستەمین کتێبی کۆمیکی زنجیرە کتێبی کۆمیکەکانی تینتین و میلۆ ئەڤێنتێرزە. ئەم کتێبە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن ھێرگێ نووسراوە و دیزاین کراوە و چاپ کراوە. دەوترێت کتێبی «تینتین لە تبت» بەناوبانگترین چیرۆکی زنجیرەی سەرگەرمیەکانی تینتین بووە بۆ ھێرگێ. ئەم چیرۆکەی لە دۆخێکی زۆر سەختدا لە ژیانی تایبەتی خۆیدا و کاتێک لە ھاوسەری یەکەمی جیابووەتەوە، ئەم چیرۆکەی نووسیوە. چیرۆکەکە دوای ئەوە دێت کە پەیامنێری گەنج تینتین بەدوای ھاوڕێکەیدا دەگەڕێت، چانگ چۆنگچێن، کە دەسەڵاتداران دەڵێن لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکدا لە چیای ھیمالایا گیانی لەدەستداوە. تینتین بە بڕوا بەوەی کە ھاوڕێکەی ڕزگاری بووە، لەگەڵ میلۆ و کاپتن ھادۆک و تارکی (ڕێبەرێکی شێرپا) لە ھیمالایاوە بەرەو فەلاتی تبت گەشت دەکەن و لە ڕێگادا ڕووبەڕووی نھێنیەک دەبنەوە.

چیرۆک[دەستکاری]

ھەروەھا چیرۆکی ئەم ئەڵقەیە لەو شوێنە دەست پێدەکات کە تینتین لەگەڵ میلۆ و کاپتن ھادۆک و پرۆفیسۆر تۆرنسێل پشوویەک لە بەرزاییەکانی ئەلب بەسەر دەبەن. لەم کاتەدا تینتین ھەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک لە بەرزاییەکانی ھیمالایا لە تبت دەخوێنێتەوە. دوای خوێندنەوەی ئەم ھەواڵە، تینتین چێنگ چۆنگچێنی خەوتوو ھاوڕێکەی دەبینێت کە بە سەختی بریندار بووە و پێویستی بە یارمەتی ھەیە. تینتین بە بڕوا بەوەی کە چێنگ لە ژیاندایە و پێویستی بە یارمەتی ئەو ھەیە، لەگەڵ میلۆ و کاپتن ھادۆک لە ڕێگەی دەھلیەوە گەشت دەکات بۆ کاتماندۆ.[١] لەوێ شێرپا (ڕێبەرێک) بە ناوی تارکی بەکرێ دەگرن و بە نیپاڵدا دەڕۆن بۆ شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە. لە کاتی گەشتەکەیاندا بۆ شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، گرووپەکە تووشی شوێنپێی سەیر دەبن و دواجار دەگەنە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە. تینتین بە ھاوکاری میلۆ، شوێن پێی چێنگ دەکەوێت و ئەشکەوتێک دەدۆزێتەوە کە چێنگ ناوی خۆی لەسەر بەردێک ھەڵکەندووە. دوای ئەوەی لە زریانێکدا دەگیرێن، کەسایەتییەکی نھێنی دەبینن کە لە مرۆڤ دەچێت. شێرپاکەیان بە توندی پێی وایە ئەو فیگەرە یێتی بووە، زەبەلاحە نھێنییەکەی شاخەکانی ھیمالایا و ھەوڵدەدات تینتین لە گەڕان بەدوای چێنگدا ڕابگرێت. دوای ئەوەی تینتین ئەو ئۆفەرە ڕەتدەکاتەوە، شێرپاکەیان بەردەوام نابێت لە گەشتەکە و تینتین و ھادۆک و میلۆ بە تەنیا دەڕۆن. لە کاتی ھەندێک ڕووداودا ھادۆک ئامادەیە ژیانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی تینتین، بەڵام ئەو بەختەی کە بەدەستیان دەھێنن ئەوەیە کە شێرپاکەیان سەرنجی ئەو دۆخە سەختە دەدات کە تینتین و ھادۆک تێیدا بوون و دەگەڕێتەوە بۆ ڕزگارکردنیان. لەم نێوەندەدا ڕووبەڕووی زریانێکی تر دەبنەوە و یەکێک لە دەروێشەکانی گوندی نزیک لە خەودا دەبینێت کە گرووپەکەیان تووشی ڕووداوێک دەبێت. میلۆ بە ھانایانەوە دێت و تینتین و ھادۆک ڕزگار دەکات بە گەیاندنی یاداشتێک بۆ گوندەکە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]