تاقیکردنەوەی میلەر – یوری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

تاقیکردنەوەی میلەر – یوری[١] (یان تاقیکردنەوەی میلەر)[٢] بریتیی بوو لە تاقیکردنەوەیەکی کیمایی کە ھەڵدەستا بە ئەنجامدانی لێکچواندنێکی ئەلکترۆنیی (Simulation) ئەو بارانەی لەو سەردەمەدا (ساڵی ١٩٥٢) وا دادەنرا بوونی ھەبووبێت لە سەرەتایی زەوی دا و ھەروەھا ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر ڕەسەنایەتی پێکھاتەی کیمیایی ژیان لەژێر ئەو بارانەدا. لەو سەردەمەدا تاقیکردنەوەکە لایەنگریی گریمانەکانی (ئەلێکساندەر ئۆپارین و ج.ب.س. ھاڵدەین)ی دەکرد کە بارە باوەکان دەربارەی زەوی سەرەتایی زیاتر پشتگیری ئەو کارلێکە کیمیاییانە دەکات کە لە ماددی سەرەتاییە نائەندامییە سادەکانەوە دەبنە ھۆی پێکھاتنی ئاوێتەی ئەندامی ئاڵۆزتر. تاقیکردنەوەکە لە ساڵی ١٩٥٢ دا لەلایەن ستانلی میلەرەوە ئەنجامدرا لەگەڵ ھاوکاری کردنی ھارۆلد یوری لە زانکۆی شیکاگۆ و بۆ ساڵی دواتر بڵاوکرایەوە و بەچاپگەیەنرا.[٣][٤]

دوای کۆچی دوایی میلەر لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، زاناکان ھەستان بە ھەڵسەنگاندن و پشکنینی دەفرە داخراوەکان کە پارێزراوبوون لە تاقیکردنەوە ڕەسەنەکان دا و توانیان پیشاندەری ئەوە بن کە لە تاقیکردنەوە ڕەسەناکانی میلەردا زیاد لە ٢٠ جۆری جیاوازی ترشە ئەمینییەکان (Amino Acid) بەرھەم ھاتوون. ئەم ژمارەیە بە ڕادەیەکی بەرچاو زیاترە بەرامبەر ئەوەی میلەر ئاماژەی پێکردبوو وە لەوە زیاترە کە بەشێوازێکی سروشتی لە ژیان دا ڕوودەدات.[٥] نوێترین بەڵگە پێشنیار دەکات کە لەوانەیە کەشوھەوای ڕەسەنی زەوی خاوەنی پێکھاتەیەکی جیاواز بووە وەک لەو گازەی میلەر لە تاقیکردنەوەکەی دا بەکاریھێناو.

کردەی تاقیکردنەوەکە[دەستکاری]

تاقیکردنەوەکە ھەڵدەستا بە بەکارھێنانی ئاو (H2O)، میسان (CH4)، ئامۆنیا (NH3) و گازی ھایدرۆجین (H2). ھەموو ئەم پێکھاتە کیمیاییانە دادەنران لە ناو دەفرێکی شووشەیی داخراو (٥ لیتر) و پاکژکراو لە بەکتریا کە پەیوەست کرابوو بە بە دەفرێکی (٥٠٠ ملیلیتر) ی کە نیوە بوو لە ئاو. ئاو لە دەفرە بچووکەکەدا گەرم دەکرا بۆ دروستکردنی کردەی بەھەڵمبوون و دواتر ڕێگەیان دەدا ھەڵمی ئاوەکە بچێتە ناو دەفرە گەورەکەوە. لە گیراوەی ھەڵمی ئاو و گازەکەدا، پریشکی بەردەوامی کارەبایی دادەگیرسا لەنێوان گەیەنەرەکان دا بەمەبەستی لێکچواندن بە بروسکە و پاشان کەشە لێکچوێندراوەکە جارێکی دی سارد دەکرایەوە بۆ ئەوەی ئاوە خەستبۆوەکە دلۆپەبکات بۆ ناو پارچەیەکەی شێوە پیتی (U) لە خواری ئامێرەکەدا.

دوای رۆژێک، گیراوە کۆکراوەکە لە پارچەکەی خوارەوەی ئامێرەکەدا ڕەنەگەکەی دەگۆردرێت بۆ پەمەیی.[٦] دوای ھەفتەیەک لە کردارەکە و لە کۆتایی دا، دەفرە کوڵاوەکە لادەبرا و ماددەی (HgCl2) دەکرایە ناوی بۆ ڕێگری کردن لە پیسبوونی بەھۆی میکرۆبەوە. دواتر کارلێکەکە دەوەستێنرا بە زیادکردنی (Ba(OH)2) و (H2SO4) و ھەڵماندنی بۆ لابردنی خڵتەکان. لەڕێی بەکارھێنانی کردەی جیاکردنەوەی ڕەنگاکان (Chromatography) بە کاغەز، میلەر توانی پێنج ترشی ئەمینی دەستنیشان بکات لە گیراوەکەدا: (glycine، α-alanine و β-alanine) بە تەواوی و دڵنیای دەستنیشان کران بەڵام (aspartic acid C4H7NO4 و (α-aminobutyric acid (AABA) بە ڕادەیەکی کەمتر لە دڵنیایی دەستنیشان کران بەھۆی لاوازی و کاڵی خاڵەکانیان.

لەمرۆدا تاقیکردنەوە ڕەسەنەکە لەژێر بەرپرسیاری و ئاگاداری (جێفری بادا) دایە کە خوێندکاری پێشووی میلەر و یوری بووە و ئێستا پرۆفیسۆرە لە زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیاگۆ، پەیمانگای سکریپس بۆ زانستی زەریایی. ئامێرەکەی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە بەکارھاتووە پارێزراوە بۆ تەماشاکردن لە مۆزەخانەی دێنڤەر بۆ سروشت و زانست.[٧]

کەشوھەوای سەرەتایی زەوی[دەستکاری]

ھەندێک لە بەڵگە و ئەنجامەکان پێشنیار دەکەن کە لەوانەیە کەشوھەوای ڕەسەنی زەوی خاوەنی ژمارەیەکی کەمتری تەنۆلکەکان بووبێت وەک لەو ڕێژەیەی لە سەردەمی تاقیکردنەوەکەی میلەر – یوری دا بیری لێ دەکرایەوە. چەندەھا بەڵگەی پتەو ھەن لەسەر تەقینەوەی گەورەی چیا گڕکانەکان بە نزیکەی ٤ میلیارد ساڵ لەمەوبەر کە بۆتە ھۆی دەرکردنی گازەکانی دوانەئۆکسایدی کاربۆن (CO2)، نایترۆجین (N2)، ھایدرۆجین سەلفاید (H2S) و دوانەئۆکسیدی سەلفەر (SO2) بۆ ناو بەرگەھەوای زەوی.[٨] لەڕێی بەکارھێنانی ئەم گازانە لەگەڵ گازەکانی تاقیکردنەوە ڕەسەنەکەی میلەر – یوری، تاقیکردنەوەکان ھەستاون بە بەرھەمھێنانی تەنۆلکەی پتر ھەمەجۆر.

لە ڕاستی دا سەرەتا وا بیردەکرایەوە کە ئامۆنیا (NH3) و میسان (CH4) ڕێژەی زۆرینەیان پێکدەھێنا لە کەشوھەوا لاوەکییە سەرەتاییەکان بەڵام ئەگەرێکی زۆر ھەیە کە زۆربەی کاربۆنی ناو بەرگەھەوا دوانەئۆکسایدی کاربۆن (CO2) بووبێت لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم تاکە ئۆکسایدی کاربۆن (CO) و نایترۆجین (N2).

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Hill HG، Nuth JA (2003). "The catalytic potential of cosmic dust: implications for prebiotic chemistry in the solar nebula and other protoplanetary systems". Astrobiology. 3 (2): 291–304. Bibcode:2003AsBio...3..291H. PMID 14577878. doi:10.1089/153110703769016389. 
  2. ^ Balm SP؛ Hare J.P.؛ Kroto HW (1991). "The analysis of comet mass spectrometric data". Space Science Reviews. 56 (1–2): 185–9. Bibcode:1991SSRv...56..185B. doi:10.1007/BF00178408. 
  3. ^ Miller، Stanley L. (1953). "Production of Amino Acids Under Possible Primitive Earth Conditions" (PDF). Science. 117 (3046): 528–9. Bibcode:1953Sci...117..528M. PMID 13056598. doi:10.1126/science.117.3046.528. لە ڕەسەن (PDF)ەوە ئەرشیڤ کراوە لە 2012-03-17. 
  4. ^ Miller، Stanley L.؛ Harold C. Urey (1959). "Organic Compound Synthesis on the Primitive Earth". Science. 130 (3370): 245–51. Bibcode:1959Sci...130..245M. PMID 13668555. doi:10.1126/science.130.3370.245.  Miller states that he made "A more complete analysis of the products" in the 1953 experiment, listing additional results.
  5. ^ Bada، Jeffrey L. (2013). "New insights into prebiotic chemistry from Stanley Miller's spark discharge experiments". Chemical Society Reviews. 42 (5): 2186–96. PMID 23340907. doi:10.1039/c3cs35433d. 
  6. ^ Asimov، Isaac (1981). Extraterrestrial Civilizations. Pan Books Ltd. پەڕە 178. 
  7. ^ "Astrobiology Collection: Miller-Urey Apparatus". Denver Museum of Nature & Science. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 2013-05-24. 
  8. ^ Oró J، Kamat SS (April 1961). "Amino-acid synthesis from hydrogen cyanide under possible primitive earth conditions". Nature. 190 (4774): 442–3. Bibcode:1961Natur.190..442O. PMID 13731262. doi:10.1038/190442a0.