بەڵقانکردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مێژووی ئەورووپای ناوەند وبالکان لە ساڵی ١٧٩٦ بۆ ٢٠٠٨.

بەڵقانکردن بریتییە لە کەرتبوونی ناوچەیەک یا دەوڵەتێکی گەورە بۆ چەند ناوچە یا دەوڵەتی بچووکتر، کە لەوانەیە لەگەڵ یەکتردا دژ یان ناھاوئاھەنگ بن. بە شێوەیەکی گشتی ھۆکارەکەی بریتییە جیاوازییەکانی ئێتنیک، کلتوور، وئاین، و ھەندێک ھۆکاری تر وەک ڕق بەھۆی ستەمی ڕابردوو. چەمکەکە بۆ ڕەخنە گرتن بەکاردێت.[١]؛ کاتێک بەڵقانکردن لەلایەن لایەنێکی سێھەمی خاوەن سەروەرییەوە پشتگیری دەکرێت یاخود ھاندەدرێت، ئەوا وەک تۆمەتێک دژی ئەو لایەنە سێھەمە بەکاردەھێنرێت. ئەم چەمکە زۆرکات لەلایەن ئەو لایانەنەوە بەکادەھێنرێت کە پشتگیری مانەوەی دۆخی ناوچەیەکی دیاریکراو وەک خۆی دەکەن بۆ ڕوبەڕوبەنەوەی مەترسییەکانی جوداخوازییەکی تووڕە یاخود لەپڕ کە کۆنترۆل نەکرێت.

وڵات وکۆمەڵگەکان[دەستکاری]

نەخشەی گۆڕانی ناوچەکان لە ئەورووپا لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم (لە ساڵی ١٩٢٣).

چەمکەکە (کە لە سەرەتای سەدەی ١٩دا دانراوە) ئاماژە بۆ دابەشکردنی نیمچەدورگەی بەڵقان دەکات، کە بە نزیکی ھەر ھەمووی لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە حوکم دەکرا، بۆ ژمارەیەک دەوڵەتی بچووک لە نێوان ساڵانی ١٨١٧ بۆ ١٩١٢.[٢] چەمکەکە بەربڵاو بوو لە پاش کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەم، بۆ ئاماژەدان بۆ زۆر دەوڵەت کە دەرکەوتن لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی نەمسا-ھەنگاریا و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی.

بەکارھێنانی بۆ جووڵاندنی بیروڕا[دەستکاری]

گۆڕانی سنووری وڵاتان لە دوای کۆتایی جەنگی سارد وڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت.

وڵاتان لە ئەورووپا، کە لە ماوەیەکی نزیکی ڕابردوو خەڵکانێک یا وڵاتانێکی تێدا یەکخراون کە لە مێژوودا جودابوون، جوداخوازیی تێدا بینراوە. کە بوەتە ھۆی پەیدابونی دەنگێکی دواکەوتوو کە لە بەڵقانکردن دەترسێت. نیمچە دوورگەی ئیبیریا، بە تایبەتی ئیسپانیا، لە سەردەمی ئەندەلوسەوە (کە لە ساڵی ١٤٩٢ کۆتایی ھات) چەند دەنگێکی تێدا پەیدابووە کە لە کەرتبوونی ناڕێکخراو ترساون. سەرەکیترین جووڵانەوە جوداخوازەکانی بریتین لە جوداخوازی باسک وسەربەخۆگەری کەتەلۆنیی.[٣]

کەنەدا دەوڵەتێکی جێگیرە بەڵام جووڵانەوەی جوداخوازی ھەیە، کە بەھێزترینیان جووڵانەوەی سەروەریی کێبێکە، کە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیییە لە کێبێک، کە زۆرترین ھاووڵاتی کەنەدی-فەرەنسی کەنەدایان تێدایە. دوو گشتپرسی بۆ دیاریکردنی مەسەلەکە کراوە، یەکیان لە ١٩٨٠ ویەکیان لە ١٩٩٥. جوداخوازەکان لە ھەردوکیاندا شکستیان ھێنا، ئەوەی کۆتاییان بە جیاوازییەکی کەم. ھەروەھا جووڵانەوەی کەمتر باو وبچوک بوونیان ھەیە لەدەشتایییەکانی کەنەدا، بەتایبەت ئەلبێرتا، بۆ ڕوبەڕوبونەی ئەوەی کە پێی دەڵێن زاڵبوون لە سیاسەتی کەنەدیی لەلایەن کێبێک وئۆنتاریۆ. سەرۆکی ساسکاتچێوان ڕۆی ڕۆمانۆو بیری لە جیابوونەوە لە کەنەدا کرد ئەگەر گشتپرسی ١٩٩٥ سەرکەوتنی بە دەستبیھێنایە، کە دەبوە ھۆی بەڵقانکردنی کەنەدا.

کێبێک بووەتە شوێنێک بۆ جووڵانەوەیەکی دابەشکاری بچووک بەڵام خاوەن دەنگ لەلایەن ئانجلۆ کێبێکییەکان (واتە ئەوانەی بە ئینگلیزی قسە دەکەن وەک زمانی یەکەم) کە دژی بیرۆکەی سەربەخۆیی کێبێکن لەکاتێکدا کە کە ٨٠٪ ناوچەکە بە فەڕەنسی قسەدەکەن. یەکێک لەو پڕۆژانە بریتییە لە پێشنیاری پارێزگای مۆنتریال کە ئامانجی دامەزراندنی پارێزگەیەکی جیابوەوە لە کێبێک بۆ کۆمەڵگە ئەنگلۆفۆن وئالۆفۆنەکان (واتە ئەوانەی کە نە بە فەرەنسی ونە بە ئنگلیزی قسەدەکەن).

لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧، پشتگیرییە بەردەوامەکان بۆ سەربەخۆیی سکۆتلاند وای لەگۆردۆن براون ڕاوێژکاری گەنجینە ودواتر سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو کرد کە باس لە «بەڵقانکردنی بەریتانیا» بکات.

ھەروەھا جووڵانەوەی سەربەخۆخوازی دیکە لە شانشینی یەکگرتوو لە ھەریەک لە ئینگلتەرا، وێڵز، کۆرنۆڵ، وباکوری ئینگلتەرا (کە خۆیان بەشێکن لە ئینگلتەرا) وباکوری ئێرلەندا بوونیان ھەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Todorova, Maria (1994). "The Balkans: From Discovery to Invention". Slavic Review. 53: 453–482 – via JSTOR.
  2. ^ Pringle, Robert W. (2016). "Balkanization". Encyclopædia Britannica.
  3. ^ McLean, Renwick (29 September 2005). "Catalonia steps up to challenge Spain". The New York Times.