بەنداوی ئازاد
| بەنداوی ئازاد | |
|---|---|
| وڵات | ئێران |
| پۆتانی شوێن | ٣٥°٢٠′٤″N ٤٦°٣٢′٥٦″E |
![]() | |
بەنداوی ئازاد بەنداوێکی خاکییە لە شارستانی سنە و لە نزیکی گوندەکانی میانە و نگڵ دروست کراوە. لە پاشەکەوتی ئاوی ئەم بەنداوە بۆ کشتوکاڵی دەشتی قوروە و دێولان کەڵک وەردەگیرێت.[١]
بڕیارە وێستگەی کارەبای پەمپکراو لە ڕێگەی تونێلێکەوە بە درێژایی ١٦٠٠ مەتر (٥٢٠٠ پێ) بە بەنداوەکەوە ببەسترێتەوە، کە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٠، ١١٠ مەتر (٣٦٠ پێ)ی لێ دروست کرابوو. بەنداوەکە درێژییەکەی ٥٩٥ مەتر (١٩٥٢ پێ) و بەرزییەکەی ١١٥ مەتر (٣٧٧ پێ)یە، و توانای گلدانەوەی ٢٦٠،٠٠٠،٠٠٠ مەتر سێجا (٢١٠،٠٠٠ ئیکر-پێ) ئاوی ھەیە. کەناڵێک بە درێژایی ١٧٥ کیلۆمەتر (١٠٩ میل) بەنداوەکە بە شارەکانی قوروە و دێولان دەبەستێتەوە و ساڵانە زیاتر لە ٠.٢٥ کیلۆمەتر سێجا (٢٠٠،٠٠٠ ئیکر-پێ) ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بۆ ئەم شارانە دابین دەکات. بەھۆی بەکارھێنانی زیاد لە پێویستی ئاوی ژێرزەوی بۆ چاندنی بەروبووم، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەم شارانەدا زیاتر لە ١٨ مەتر (٥٩ پێ) دابەزیوە، بۆیە دروستکردنی ئەم بەنداوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی ناوچەکە. بەھۆی دروستکردنی بەنداوەکەوە، گوندێک گواستراوەتەوە و گوندێکی نوێ لە نزیک بەنداوەکە دروستکراوە. بەپێی خەمڵاندنەکان، بەنداوی ئازاد ساڵانە نزیکەی ٩٥ گێگاوات/کاتژمێر کارەبا بەرھەم دەھێنێت. بەنداوەکە لە ساڵی ٢٠١٤ کەوتە کار.[٢]
