ھەلوور بلوور
ئەم وتارە پێویستی بە بەستەری زیاترە بۆ وتارەکانی تر تا یارمەتیی یەکخستنی لەگەڵ ئینسایکڵۆپدیاکە بدات. (نیسان ٢٠١٧) |
ھەلوور بلوور،[١] ھەلوور بەلوور یان ھەتەڵ مەتەڵ[٢] کایەیەکی کوردەوارییە کە لە ناو مناڵاندا باوە. ئەم یارییە بە چەندین شیعری جۆراوجۆر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا دەگوترێتەوە؛ بەڵام بە گشتی پێکھاتەی ھەڵبەستەکە و کێشەکەی یەک شتە. کێشی شیعرەکە کێشی بڕگەیییە کە لە ھەڵبەستە کۆنە کوردییەکاندا بە دی دەکرێت، واتە ھەر خشتەیەک لە دوو بەشی چوار بڕگەیی پێک ھاتووە.
چۆنییەتی کایە
[دەستکاری]چەند کەسێک لە پاڵ یەکدا دادەنیشن و لاقیان ڕادەکێشن. دوای ئەوە یەکێک لەوانە کە دانیشتووە دەست دەکات بە گوتنەوەی شیعری کایەکە و دوا لە دوای یەک دەستی دەنێتە سەر لاقی ھەر بەشداربوویەک تا شیعرەکە تەواو دەبێت. کەسی کۆتایی کە دەستی شاعیرەکە لەسەر لاقی ڕادەوەستێت دەبێت لاقێکی کۆ بکاتەوە، کایەکە ھەروا بەردەوام دەبێت ھەتا لە کۆتاییدا تەنیا یەک کەس دەمێنێتەوە و ئەو کەسە دەبێتە براوەی کایەکە.
بۆ نموونە لە گەرمیان، سنە و ھەندێک ناوچەی تر، مناڵان بە تەنیشت یەکەوە دائەنیشن و لاق ڕائەکێشن و بەم جۆرە ھەلوور بلوور ئەکەن و ئەڵێن:
ھەتۆڵ مەتۆڵ، سەگی گەڕۆڵ، ئاردەکێ ئاردانەکێ
مێخم کوتا مێخ ھەڵبەزی، تیکەی چەپم لێ نەبەزی
بەن سوور بام دا، عایلەمەنەی خوام دا
کاسەی ماس پڕ لە پووش، خوا دای ھەڵیلووش
«ھەڵیلووش» بەر ھەر لاقێک کەوت ئەوەیان ئەو لاقەی ھەڵئەکێشێت و دیسان لە لاقی تەنیشت ئەوەوە دەست ئەکەنەوە بە یاری تا ھەموو لاقەکان ھەڵئەکێشرێنەوە.[٣][٤]
شیعرەکان
[دەستکاری]ھەلوور، بلوور، تەکامانێ
زەرد و سوور و شەمامانێ
کۆترە قنجێ، بار بارنجێ
زایە مایە، لووت سڕنایە
سڕنا چەکێ، بێ بەلەکێ
خوا داوییەتی، ھەڵگرە یەکێ
ھەلوور، بلوور تەکامێ
زەرد و سوور و شەمامێ
ئالنجی، بل بارنجی، سلێمان قنجی
ئایشێ مامان، لە خۆشناوان، دەگرێ قاوان
بۆ نازداران، بۆ دڵداران، بۆ منداڵان
ئای لەوەی، ھەڵگرە ئەوەی، لابدە ئەمەی
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «ھەلوور بلوور»، فەرھەنگی وشەنامە، جەمال حەبیبوڵڵا فەرەج (کوردیی ھەورامی بۆ کوردیی ناوەندی). فەرھەنگەکانی ڤەژین lex.vejin.net. سەردان لە ڕێکەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥.
- ↑ «ھەتۆڵ مەتۆڵ»، فەرھەنگەکانی ڤەژین lex.vejin.net. سەردان لە ڕێکەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٢٥.
- ↑ ھەلوور بلوور لە ڤەژینبوکس
- ↑ شەونم، ع. ع. «ھەلوور بلوور ئەکەن». kurdwatanee.org (بە کوردی). لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.