بەرزایییە باگرەکان
ناونیشانی چاپی یەکەم، ١٨٤٧ | |
| نووسەر | ئێمیلی برۆنتی |
|---|---|
| زمان | ئینگلیزی |
| چەشن | تراژدیا، وێژەی گۆتیک |
| بڵاوبوونەوە | 24 November 1847[١] |
| بڵاوکەرەوە | Thomas Cautley Newby |
| ژپنک (ISBN) | 0-486-29256-8 |
| OCLC | ٧١١٢٦٩٢٦ |
| ٨٢٣٫٨ | |
| LC Class | PR4172 .W7 2007 |
| Text | بەرزایییە باگرەکان at Wikisource |
بەرزایییە باگرەکان (بە ئینگلیزی: Wuthering Heights) تەنھا ڕۆمانی نووسەری ئینگلیزی ئێمیلی برۆنتییە. ئەم ڕۆمانە یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤٧ لەژێر ناوی خوازراوی ئێلیس بێڵ (Ellis Bell) بڵاو کرایەوە. چیرۆکەکە دەربارەی دوو موڵکی گەورە و بنەماڵەی خاوەن موڵکەکانە، واتە بنەماڵەکانی ئێرنشا و لینتۆن، و ھەروەھا پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیان لەگەڵ ھیتکلیف، ئەو کوڕەی خێزانی ئێرنشا بەخێویان کردووە. بابەتە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە خۆشەویستی، خاوەندارێتی، تۆڵەسەندنەوە و ئاشتبوونەوەن، و کاریگەری لە ڕۆمانتیزم و وێژەی گۆتیک وەرگرتووە. ئەم ڕۆمانە ئێستا وەک یەکێک لە بەرھەمە کلاسیکەکانی وێژەی ئینگلیزی ناسراوە. بڵاوکەرەوەی تۆماس نیوبی ئەم ڕۆمانەی لەگەڵ ڕۆمانی ئاگنێس گرێ بەرھەمی ئان برۆنتی بۆ بڵاوکردنەوە پەسەند کرد، پێش سەرکەوتنی ڕۆمانی جەین ئێری شارلۆت برۆنتی، بەڵام جەین ئێر زووتر لەو دوو ڕۆمانە بڵاو کرایەوە. یەکەم چاپی ئەمریکیی ڕۆمانەکە لە نیسانی ساڵی ١٨٤٨ لەلایەن Harper & Brothers لە نیویۆرک بڵاو کرایەوە.[٢] دوای مردنی ئیمیلی، شارلۆت برۆنتی دەستکاریی چاپی دووەمی بەرزایییە باگرەکانی کرد، کە لە ساڵی ١٨٥٠ بڵاو کرایەوە.[٣] ھەر چەند ڕەخنەکان لەسەر ئەم ڕۆمانە جیاواز و زۆر جار دژ بەیەک بوون، دواتر وەک یەکێک لە گەورەترین ڕۆمانەکانی زمانی ئینگلیزی ناسرا. ئەم بەرھەمە بەھۆی پیشاندانی توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی، لەوانەش توندوتیژیی ناوخۆی خێزان، ھەروەھا بەھۆی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەخلاقی سەردەمی ڤیکتۆریا، ئایین و سیستەمی چینایەتی، زۆر جێگای مشتومڕ بوو.
چیرۆکەکە
[دەستکاری]دەستپێک
[دەستکاری]لە ساڵی ١٨٠١، مستەر لاکوود، کرێگرتەی نوێی تراشکراس گڕەینج لە یۆرکشایر، بۆ سەردانی خاوەنماڵەکەی، ھیتکلیف، دەچێتە بەرزایییە باگرەکان ماڵێکی دوورەدەست کە لە ناو دشت و لێڕەوارەکان ھەڵکەوتووە، لەوێ لەگەڵ ژنێکی گەنج و کەمقسە، کە دواتر دەردەکەوێت کەتی لینتۆنە، جۆزف، خزمەتکارێکی بەدڕەفتار، و ھارەتۆن، گەنجێکی نەخوێندەوار کە وەک خزمەتکاران قسە دەکات، ئاشنا دەبێت. ھەموویان تووڕەن و نێوانیان لەگەڵ میواندارێتی نییە. بەھۆی بارینی بەفر، لاکوود ناچار دەبێت ئەو شەوە لەوێ بمێنێتەوە. لە ژوورەکەی خۆی، یادداشتە ڕۆژانەکانی کاترین ئێرنشا، نیشتەجێی پێشووی ژوورەکە، دەخوێنێتەوە. پاشان خەونێکی ترسناک دەبینێت کە تێیدا ڕۆحی کاترین لە پشت پەنجەرەکەوە داوا دەکات ڕێگای پێ بدرێت بێتە ژوورەوە. بەھۆی ھاوارەکانی لاکوود، ھیتکلیف لە خەو ھەڵدەستێت و زۆر شێواو و پەرێشان دەبێت. لاکوود دەگەڕێتەوە تراشکراس گڕەینج و نەخۆش دەکەوێت. لە ماوەی چاکبوونەوەیدا، خزمەتکاری ماڵەکەی، ئێلەن «نێلی» دین، چیرۆکی ئەو بنەماڵە سەیر و ئاڵۆزەی بۆ دەگێڕێتەوە.
چیرۆکی نێلی
[دەستکاری]سی ساڵ پێش ڕووداوەکان، بنەماڵەی ئێرنشا لە بەرزایییە باگرەکان لەگەڵ دوو منداڵەکەیان، ھیندلی (چواردە ساڵان) و کاترین (شەش ساڵان)، و خزمەتکارەکەیان نێلی دەژیان. دوای گەڕانەوەی مستەر ئێرنشا لە گەشتێک بۆ لیڤەرپوول، منداڵێکی ھەتیو لەگەڵ خۆی دەھێنێتە ماڵەوە و ناوی ھیتکلیفی لێ دەنێت. بنەچە و ڕەگەزی ھیتکلیف ڕوون نییە. ئێرنشا زۆرتر لە منداڵەکانی خۆی گرنگی بە ھیتکلیف دەدات، بە تایبەتی دوای مردنی ھاوسەرەکەی. ھیندلی بەردەوام لە ھیتکلیف دەدات، بەڵام وردە وردە ھیتکلیف و کاترین دەبنە ھاوڕێی نیزیکی یەکتری. ھیندلی بۆ خوێندن دەچێتە زانکۆ، و سێ ساڵ دواتر، دوای مردنی باوکی، وەک خاوەن و بەڕێوەبەری نوێی بەرزایییە باگرەکان دەگەڕێتەوە. ئەو و ھاوسەرە تازەکەی، فرانسس، ھیتکلیف ناچار دەکەن وەک خزمەتکارێک بژی. ئێدگار لینتۆن و خوشکەکەی، ئیزابێلا، لە تراشکراس گڕەینج دەژین. ھیتکلیف و کاترین دوای یەکێک لە گەشتەکانیان لە دشت و لێڕەوارەکان، بە نھێنی چاودێرییان دەکەن. کاتێک سەگی بنەماڵەی لینتۆن ھێرش دەکاتە سەر کاترین، بنەماڵەی لینتۆن کاترین دەبەنە ژوورەوە، بەڵام ھیتکلیف دەگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە. کاتێک بنەماڵەی لینتۆن سەردانی ئێرنشا دەکەن، ھیندلی و ئێدگار گاڵتە بە ھیتکلیف دەکەن و شەڕێک لەنێوانیان ھەڵدەگیرسێت. ھیتکلیف کە بۆ ژووری ژێر بان ڕاگوێزرابوو، سوێند دەخوات ڕۆژێک تۆڵەی ھەموویان بسێنێتەوە. فرانسیس دوای ئەوەی کوڕێکی دەبێت بە ناوی ھارەتۆن دەمرێت. دوو ساڵ دواتر، کاترین داواکاری ھاوسەرگیریی ئێدگار قبووڵ دەکات. ئەو بە نێلی دەڵێت ھیتکلیفی لە قووڵایی دڵەوە خۆش دەوێت، بەڵام بەھۆی باروودۆخە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو ناتوانێت لەگەڵی ھاوسەرگیری بکات. نێلی کاترین ئاگادار دەکاتەوە کە لە ھیتکلیف دوور بکەوێتەوە. ھیتکلیف بەشێک لە گفتوگۆکەیان دەبیستێت، بەڵام بە ھەڵە لە ھەستە ڕاستەقینەکانی کاترین تێ دەگات و ماڵەکە بەجێ دەھێڵێت و ڕادەکات. کاترین، کە زۆر پەرێشان و شێواو بووە، نەخۆش دەکەوێت. سێ ساڵ دوای ڕۆیشتنی ھیتکلیف، لە کاتێکدا ئێدگار و کاترین ھاوسەرگیرییان کردووە، ھیتکلیف کە دەوڵەمەند بووە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەگەڕێتەوە. ئەو لە خۆشەویستیی ئیزابێلا بۆ خۆی وەک ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێدگار کەڵک وەردەگرێت. ئێدگار، کە لە ھاتنەوەی ھیتکلیف بۆ تراشکراس گڕەینج تووڕە بووە، لەوێ دەری دەکات. کاترین، کە زۆر پەرێشان بووە، خۆی لە ژوورەکەی زیندانی دەکات و بۆ سێ ڕۆژ ھیچ ناخوات. لە بەرزایییە باگرەکان، ھیتکلیف لە ئاڵوودەبوونی ھیندلی بە قومار سوود وەردەگرێت و دەبێتە ڕەھنگری موڵکەکە. پاشان ئیزابێلا فریو دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵی ھەڵبێت، بەڵام ھەردووکیان زۆر زوو دەگەڕێنەوە. ھیتکلیف بە نھێنی سەردانی کاترین دەکات، کاترین کە دەو ماوەیەدا زۆر نەخۆش بووە و دووگیانە، ماوەیەک دوای لەدایکبوونی کچێک بە ناوی کەتی دەمرێت. ھیتکلیف لە خەم و تووڕەییدا ھاوار دەکات و لە ڕۆحی کاترین دەپاڕێتەوە ھەرگیز بەجێی نەھێڵێت. ئیزابێلا کە لە توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی ھیتکلیفدا ئازاری چەشتووە، بۆ باشوور ڕا دەکات و لەوێ کوڕێکی بە ناوی لینتۆن دەبێت کە نەخۆش و لاوازە. شەش مانگ دواتر، ھیندلی بەھۆی ئاڵوودەبوون بە ئەلکۆل دەمرێت. ھارەتۆن دەبێتە میراتگری بەرزایییە باگرەکان، بەڵام ھیتکلیف دەستی بەسەر موڵکەکەدا دەگرێت. دوازدە ساڵ دواتر، دوای مردنی ئیزابێلا، لینتۆن، کە ھێشتا نەخۆشە و میراتگری تراشکراس گڕەینجە، بۆ ژیان دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوێ، بەڵام ھیتکلیف پێداگری دەکات کە کوڕەکەی لەلای خۆی بژی. کەتی و لینتۆن دەبنە ھاوڕێی یەکتر. ھیتکلیف پیلان دادەنێت تا ئەوان ھاوسەرگیری بکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت دەستی بەسەر میراتی کەتیدا بگرێت. دوای مردنی ئێدگار، ئەو ھاوسەرە گەنجە دەچن بۆ بەرزایییە باگرەکان. ھیتکلیف ڕۆژبەڕۆژ شێواوتر دەبێت و ئاشکرا دەکات کە دوو جار گۆڕی کاترینی کردووەتەوە. کاتێک لینتۆن دەمرێت، کەتی، کە بووەتە بێوەژن، ھیچ ھەڵبژاردەیەکی تری نییە جگە لەوەی لە بەرزایییە باگرەکان بمێنێتەوە، لەوێش ھیتکلیف زۆر بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. کاتێک چیرۆکەکە دەگاتە کاتی ئێستا، گێڕانەوەی نێلی کۆتایی دێت.
کۆتایی
[دەستکاری]لاکوود لەو ناوچەیە دەڕوات، بەڵام ھەشت مانگ دواتر بۆ ئەوەی کرێی ماڵەکەی بداتەوە دەگەڕێتەوە. نێلی، کە ئێستا سەرپەرشتیاری ماڵی بەرزایییە باگرەکانە، لە ڕووداوە نوێیەکان ئاگاداری دەکاتەوە. کەتی داوای لێبووردن لە ھارەتۆن دەکات و ئاشتبوونەوەیان دەبێتە ھۆی دروستبوونی خۆشەویستی لەنێوانیان. دواتر، کەتی ھیتکلیف بەوە تاوانبار دەکات کە بە نایاسایی دەستی بەسەر ھەردوو موڵکەکەیاندا گرتووە. ھیتکلیف، کە لە ڕووی جەستەیییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت و زیاتر ھۆگری بیرکردنەوە لە کاترینی مردوو دەبێت، لەو ھاوسەرە گەنجە دوور دەکەوێتەوە. لە کۆتاییدا، لە خواردن دەوەستێت و چەند ڕۆژێک دواتر، لە ژوورە کۆنەکەی کاترین بە مردوویی دەدۆزرێتەوە. کەتی ھارەتۆنی فێری خوێندنەوە کردووە و ھارەتۆن بەرزایییە باگرەکان بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە. ئەوان بڕیاری ھاوسەرگیری دەدەن و دەچن بۆ تراشکراس گڕەینج بژین، کە ئێستا کەتی بە بێ ھیچ مشتومڕێک خاوەنی یاسایی ئەو موڵکەیە.[٤] جۆزفیش بۆ چاودێریکردنی بەرزایییە باگرەکان لەوێ دەمێنێتەوە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ڕۆحی کاترین و ھیتکلیفیان بەیەکەوە لە دشت و لێڕەوارەکان بینیوە. لاکوودیش سەردانی گۆڕەکانی کاترین، ئێدگار و ھیتکلیف دەکات، کە لەتەنیشت یەکترن، و دڵنیا دەبێت ڕۆحی ھەر سێکیان لە کۆتاییدا ئارام بووە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «New Novels, Published by Mr. Newby, in 3 vols, this day, Wuthering Heights and Agnes Grey, by Acton and Ellis Bell, Esqrs». The Morning Post. ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٨٤٧. لاپەڕە ١ – لەڕێگەی British Newspaper Archive.
- ↑ Lindseth، John (٢٠١١). «'A Note on the Search for the Publication Date of Wuthering Heights, Boston, Coolidge & Wiley, 1848». ResearchGate. Bronte Studies. لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی
<ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "Wiltshire2005" نەدراوە - ↑ Sangar، Charles Percy (١٩٢٦). 'The Structure of Wuthering Heights' in Hogarth Essays X1X. لاپەڕە ١٩٣–٢٠٨Hogarth Press.
- بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Wuthering Heights»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦.