بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بەرخۆدانی جوولەکەکان لە ئەورووپا لەژێر داگیرکاریی ئەڵمانیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گروپی بەرخۆدانی جوولەکەکان لە بێلاڕووس ١٩٤٣

بەرخۆدانی جوولەکەکان لەژێر دەسەڵاتی نازییەکان شێوەی جۆراوجۆری لە بزووتنەوە بەرخۆدانەکانی ڕێکخراوەوە وەرگرت کە بە بزووتنەوەی نھێنی وەسف دەکران کە لەلایەن جولەکەکانەوە دژی ڕژێمە داگیرکەرەکانی ئەڵمانیا لە ئەورووپا لە کاتی جەنگی جیھانی دووەمدا ئەنجامدرابوون. بە گوێرەی مێژوونووس یەھودا باوەر، بەرخۆدانی جوولەکەکان بەو کارانە پێناسە کرا کە دژی ھەموو یاسا و ڕێکارەکان کە ئەڵمانییەکان ئەنجامیان دابوو. ئەم زاراوەیە بە تایبەتی پەیوەستە بە ھۆلۆکۆستەوە و چەندین وەڵامی کۆمەڵایەتی جیاوازی لەلایەن چەوسێندراوەکانەوە لەخۆدەگرێت، ھەروەھا ھەردوو بەرخۆدانی ئاشتیانە و چەکدارانە لەلایەن جوولەکەکانەوە.

بەرخۆدانی سەربازی کاریگەر نەبوو بەرامبەر بە چارەسەری کۆتایی بۆ زۆرێک لە جوولەکەکان، بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی سەربازی ئەڵمانیای نازی و ھاوپەیمانەکانی، و سیستمی کارگێڕی گۆشەگیری و دووژمنایەتی بەرامبەر بە توێژە جیاوازەکانی دانیشتووانی مەدەنی؛ بەڵام زۆرێک لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوە بە شێوەیەک یان شێوەیەکی تر ڕوویدا، لەوانە زیاتر لە سەد ڕاپەڕینی چەکداری جوولەکەکان. لە ڕووی مێژوویییەوە لێکۆڵینەوە لە بەرخۆدانی جوولەکەکان بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئەڵمانیا لایەنێکی گرنگە.

چەمک و پێناسەکان

[دەستکاری]

مێژوونووس جوولیان تی. جاکسۆن ئاماژەی بەوەدا کە بەرخۆدانی جوولەکەکان لە کاتی داگیرکردنی فەڕەنسا لەلایەن ئەڵمانیاوە سێ شێوەی ھەبووە: «یەکەم، تاکەکەسی جولەکەکانی فەرەنسی لە بەرخۆدانی گشتیدا؛ دووەم، بە تایبەتی ڕێکخراوە جوولەکەکان لە بەرخۆدانی گشتیدا؛ سێیەم، ڕێکخراوەکانی بەرخۆدان (مەرج نییە تەنھا جولەکەکان پێکبھێنن) کە ئامانجی تایبەتی جوولەکەکانیان ھەیە.»

مارتین گیلبێرت لە کتێبەکەیدا «ھۆلۆکۆست: تراژیدیای جوولەکەکان»، بەرگریی جوولەکەکان بە شێوەیەکی فراوانتر پێناسە دەکات. ئەو باسی بەرگریی بەربڵاوی تاکەکەسی دەکات بە چەندین شێوە، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە جوولەکەکان بە ھەر ئامرازێک کە لەبەردەستیان بووبێت، دژی ستەمکارانیان جەنگاون. گیلبێرت ھەروەھا گرنگیی بەرگریی پاسیڤ (نائاشکرا) ڕوون دەکاتەوە، و دەڵێت کە بەرگەگرتنی ئازار و تەنانەت مردن بە شکۆمەندییەوە، شێوەیەک بووە لە بەرەنگاربوونەوە. ئەو دەنووسێت: «تەنھا مانەوە لە ژیاندا سەرکەوتنێکی ڕۆحی مرۆڤایەتی بوو.»

نێچاما تێک پێی وایە کە ھەر کردارێکی بەرەنگاربوونەوە دژی ئەو بارودۆخە سنووردارکەر و نامرۆییانەی کە بەسەر جوولەکەکاندا سەپێنرابوو لە ئەورووپا، دەبێت وەک بەرگریی ڕۆحی لە قەڵەم بدرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کارەکانی وەک گەڕانی سەرکردەکانی گێتۆکان بۆ خۆراک و دەرمان یان پاراستنی ھونەر و کولتووری جوولەکەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵەی کولتووریی جوولەکەکانەوە، بەرگریی پاسیڤ بوون. تێک دەڵێت کە ئەم ھەوڵانە، دژی ئامانجی نازییەکان بوون بۆ سڕینەوەی ناسنامە و کولتووری جوولەکەکان. بە ھەمان شێوە، ڕیچارد میدڵتۆن-کاپڵان بەرگریی ڕۆحی لەناو کەمپەکانی کاری دا دەستنیشان دەکات، کە بریتی بوون لە خوێندنی نوێژەکانی شەبات (شەممە) لەلایەن زیندانییەکانەوە، شیوەنگێڕان بۆ مردووەکان، و ھەوڵدان بۆ چاودێریکردنی خۆیان و ئەوانی تر.

ئەم دیدگایە لەگەڵ یەھودا باوەردا یەکدەگرێتەوە، کە پێی وایە بەرەنگاربوونەوەی نازییەکان تەنھا بەرپەرچدانەوەی فیزیکی نەبووە، بەڵکو ھەر کردارێکیشی گرتووەتەوە کە کەرامەت و مرۆڤایەتیی جوولەکەکانی لە بەرامبەر چەوساندنەوەدا پاراستبێت. باوەر چەمکی "ئامیدا"ی (עמידה، بە عیبری بە واتای "ڕاوەستان لە دژی") ھێنایە ئاراوە، کە ھەر ھەوڵێک بۆ بەرگریکردن لە لەناوبردنی ژیانی جوولەکەکان وەک کردارێکی بەرەنگاربوونەوە پێناسە دەکات. لێکۆڵینەوەکانی دواتریش بەکارھێنانی "ئامیدا"یان فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی پابەندبوونی ئایینی و پاراستنی کولتووری جوولەکەکان، تاکگەرایی، و ئیرادەی ژیان لەخۆبگرێت.

باوەر ھەروەھا ئەو باوەڕە باوە ئاڵنگار دەکات کە زۆربەی جوولەکەکان بە پاسیڤانە چوونە بەرەو مەرگ— «وەک مەڕ بۆ سەربڕین». ئەو دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە زۆر سەختەی کە جوولەکەکانی ئەورووپای ڕۆژھەڵاتی تێیدا دەژیان، ڕاستییە سەرسووڕھێنەرەکە ئەوە نییە کە چەندە کەم بەرگری کراوە، بەڵکو ئەوەیە کە چەندە زۆر ڕوویداوە. میدڵتۆن-کاپڵان دەستەواژەی «وەک مەڕ بۆ سەربڕین» لە ھەردوو نەریتی جوولەکە و مەسیحییەتدا دەکۆڵێتەوە، و پێشنیازی ئەوە دەکات کە لە نووسراوەکانی جوولەکەکاندا، دەکرێت ھێمایەک بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە وجودییەکان بە باوەڕ و ئازایەتییەوە.

لە کتێبی «ئەفسانەی پاسیڤبوونی جوولەکەکان» دا، میدڵتۆن-کاپڵان ئاماژە بە سەرکردەی بەرگریی جوولەکەکان، ئابا کۆڤنەر، دەکات کە لە ساڵی ١٩٤١دا دەستەواژەی «وەک مەڕ بۆ سەربڕین»ی وەک بانگەوازێک بۆ کردار بەکارھێنا. کۆڤنەر واتای ڕەسەنی دەستەواژەکەی گۆڕی و ئاراستەی خودایەکی بێ وەڵام یان ئامادەنەبووی کرد. مێژوونووسانێک وەک پاتریک ھێنری پێیان وایە کە گێڕانەوەی «وەک مەڕ بۆ سەربڕین» بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شێوازەکانی تری بەرگریی جوولەکەکان جگە لە شۆڕشی چەکداری زۆرجار پشتگوێ خراون.

جۆرەکانی بەرگری

[دەستکاری]

گێتۆکان لە سەرانسەری پۆڵەندای داگیرکراوی ئەڵمانیادا

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٤٠، گێتۆی وارشۆ لە گەیشتن بە ڕۆژنامە نھێنییەکانی پۆڵەندا بێبەش کرا، و تەنھا ڕۆژنامەیەک کە ڕێگەی پێدرابوو لەناو گێتۆکەدا بڵاوبکرێتەوە، ھەیییەی پڕوپاگەندەی حکوومەتی گشتی، «گازێتا ژیدۆفسکا» (Gazeta Żydowska) بوو. لە ئەنجامدا، لە نێوان مانگی ئایاری ١٩٤٠ و تشرینی یەکەمی ١٩٤١، جوولەکەکانی گێتۆ ڕۆژنامەی نھێنی خۆیان بڵاوکردەوە، کە ھەواڵی ھیوابەخشیان لەسەر جەنگ و داھاتوو دەگواستەوە. دیارترینی ئەمانە لەلایەن حیزبی سۆسیالیستی جوولەکە و بزووتنەوەی کرێکارانی زایۆنییەوە بڵاوکرانەوە، کە ھاوپەیمانییەکیان پێک ھێنابوو؛ بەڵام ئەم گرووپانە دەستیان بە چەک نەدەگەیشت. لە کاتێکدا کە ئەم ڕۆژنامانە خەفەتیان بۆ ئەو وێرانییەی کە جەنگ ھێنابووی دەخوارد، بە گشتی ھانی بەرگریی چەکدارییان نەدەدا.

بەرگریی جوولەکەکان لە ئەورووپای ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا شێوەی جیاوازی ھەبوو. لە ئەورووپای ڕۆژھەڵات، جوولەکەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بەشدارییان لە بەرگریی بێچەکدا دەکرد، وەک قاچاخچێتیی خۆراک، ساختەکردنی بەڵگەنامە، یان ڕابەرایەتیکردنی ھەوڵەکانی ھەڵاتن بۆ دارستانەکان، وەک لە کەمپەکانی مەرگی سۆبیبۆر و ترێبلینکادا بینرا. بە پێچەوانەوە، بەرگریی چەکداری لە ئەورووپای ڕۆژاوا باوتر بوو.

لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئایاری ١٩٤٣، جوولەکەکانی گێتۆی وارشۆ ڕاپەڕینێکی چەکدارییان دژی نازییەکان دەستپێکرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە دانیشتووانە ماوەکان ڕەوانەی کەمپی لەناوبردنی ترێبلینکا دەکرێن. شەڕکەرانی ڕێکخراوی شەڕکەری جوولەکەکان و یەکێتیی سەربازیی جوولەکەکان بە چەکی سنووردار، لەوانە چەکی بچووک و مۆلۆتۆڤ کۆکتێل، بەرگرییان کرد. دەوڵەتی نھێنیی پۆڵەندا پشتیوانی دەرەکی پێشکەش کرد بە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی گێتۆ. سەرەڕای بەرگریی سەخت، ھێزە زۆر باڵادەستەکانی ئەڵمانیا لە کۆتاییدا ڕاپەڕینەکەیان سەرکوت کرد، و ١٣٬٠٠٠ جوولەکەیان کوشت و ٥٦٬٨٨٥ی تریان ڕەوانەی کەمپەکانی کار و لەناوبردن کرد. ئەڵمانەکان ١٨ کوژراو و ٨٥ برینداریان ڕاگەیاند، ھەرچەندە سەرکردەی بەرگری، مارێک ئێدێلمان، زیانەکانی ئەڵمانیای بە نزیکەی ٣٠٠ کەس مەزەندە کرد.

بەرگریی جوولەکەکان لە گێتۆکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە. ھێزی سەربازیی زەبەلاحی نازییەکان بەرگریی چەکداریی زۆر قورس کردبوو، و دەستگەیشتن بە چەک زۆر کەم بوو. زۆرێک لە جوولەکەکانی گێتۆکان پشتیان بە پشتیوانی دەرەکی دەبەست بۆ بەدەستھێنانی چەک، بەڵام ئەم جۆرە یارمەتییە سنووردار بوو.

سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، چەندین ڕاپەڕینی تری گێتۆکان ڕوویاندا، ھەرچەندە زۆربەیان لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوون. ڕاپەڕینی گەورە لە گێتۆکانی وەک بیاڵیستۆک و چێنستۆخۆڤادا ڕوویاندا. بە گشتی، ڕاپەڕینەکان لە پێنج شاری گەورە و ٤٥ شارۆچکەی ھەرێمیدا تۆمار کراون.

دوای جەنگ

[دەستکاری]

نۆکمیم

[دەستکاری]

لە دوای جەنگی جیھانیی دووەم، ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست، کە زۆربەیان ئەندامی پێشووی گرووپەکانی بەرگریی جوولەکەکان بوون، پێکەوە کۆبوونەوە بۆ پێکھێنانی گرووپێک بە ناوی نۆکمیم (بە عیبری بە واتای "تۆڵەسێنەرەوان"). ئەوان شوێنپێی ئەو نازییە پێشووانەیان ھەڵدەگرت کە بەشدارییان لە ھۆلۆکۆستدا کردبوو و لەسێدارەیان دەدان. ژمارەی ئەو نازییانەی کە لەلایەن نۆکمیمەوە کوژراون، نەزانراوە، و وا بڕوا دەکرێت کە ھەوڵەکانیان تا ساڵانی ١٩٥٠ بەردەوام بووبێت. ئامانجەکان زۆرجار دەڕفێنران و بە ھەڵواسین یان خنکاندن دەکوژران؛ ھەندێکی تر لە ھێرشی لێدان و ڕاکردندا دەکوژران. ئەفسەرێکی پێشووی باڵای گێستاپۆ دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە چاوەڕوانی نەشتەرگەری بوو، بەھۆی دەرزیلێدانی کیرۆسینەوە لە خوێنیدا، گیانی لەدەستدا. ڕەنگە ھەندێک لە سەرکەوتووترین ئەندامانی نۆکمیم، سەربازانی پێشووی لیوای جوولەکەکان بووبن، کە دەستیان بە زانیاریی ھەواڵگریی سەربازی، گواستنەوە، و توانای گەشتکردنی ئازادانە بە سەرانسەری ئەورووپادا ڕادەگەیشت.

نۆکمیم ھەروەھا گەشتیان دەکرد بۆ شوێنەکانی وەک ئەمریکای لاتین، کەنەدا، و ئیسپانیا بۆ شوێنپێھەڵگرتن و کوشتنی ئەو نازییانەی کە لەوێ نیشتەجێ ببوون. لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، وا بڕوا دەکرێت کە ڕووبەڕووی ئەلێکساندەر لاک بووبنەوە، کە بەرپرس بوو لە کوشتنی ٨٬٥٠٠ جوولەکە لە کەمپی کاری یاگالادا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری وینیپێگ. دوای ئەوەی ئاگاداریان کردەوە لە نیازی کوشتنی، ڕێگەیان پێدا خۆی بکوژێت.

لە ساڵی ١٩٤٦، نۆکمیم ھێرشێکی ژەھرخواردکردنی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا دژی ئەندامانی پێشووی ئێس ئێس کە لە ستالاگ ١٣ (Stalag 13) زیندانی کرابوون، بە تێکەڵکردنی نانەکانیان بە ئارسێنیک لەو نانەواخانەیەی کە نانی بۆ دابین دەکردن. نزیکەی ١٬٢٠٠ زیندانی نەخۆش کەوتن، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی مردن ڕانەگەیەندرا. سوپای ئەمریکا سەرچاوە پزیشکییەکانی خۆی کۆکردەوە بۆ چارەسەرکردنی زیندانییە ژەھرخواردکراوەکان. وەڵامەکان لەناو نۆکمیمدا جیاواز بوون، لە بینینی ئەم ھەوڵی تیرۆرکردنە بەکۆمەڵە وەک شکستێکەوە تا ئیدعاکردنی ئەوەی کە ھاوپەیمانان ڕاستیی مردنی زیندانییەکانیان شاردووەتەوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

    بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Jewish resistance in German-occupied Europe»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٥\٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٥.