بێبەش (شاعیر)
مەسعوود کوڕی مەلا عەبدوڵڵای شەنەغەیی (١٩٣٢ ھەولێر، عێراق ‒ ١١ ئایاری ١٩٩٨ ھەولێر)، مەلا و شاعیرێکی کورد بوو. لەو کاتەی خۆی بە شاعیر ناسیوە نازناوی «بێبەش»ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە، لە ھەندێ شیعریدا بەکاری ھێناوە.
ژیان
[دەستکاری]باوکی بێبەش مەلای مزگەوتی ناو بازاڕی ھەولێر بوو (لە ھەولێر مزگەفتی ناوەندی باژێڕی پێ دەڵێن). سەرەتای خوێندن و ھەموو قۆناغەکانی زانستی ئیسلامی و زمانی عەرەبی لای باوکی بووە.
بێبەش دەنگی خۆش بووە، بایەخی زۆری بە تەجویدی قورئان داوە. شارەزایی لەو زانستەدا پەیدا کردووە لە ڕووی تیۆری و پراکتیکەوە. لە ساڵی ١٩٥٦ ھەندێ لە ھونەری تەجویدی قورئانی گۆڕیوەتە سەر زمانی کوردی و بە کتێب بڵاوی کردووەتەوە. بەشێک لە خوێندنەکانی بە دەنگی خۆی تۆمار کراون.
گوزەران و بەڕێوەچوونی ژیانی لە ڕووی داراییەوە لەسەر مەلایەتی بووە. لە مزگەوتێکی بچووکی گەڕەکی خۆیان مەلایەتی کردووە، بەڵام بەگشتی بە پێچەوانەی مەلایان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا ئەوەندە لێیانەوە نزیک نەبووە، زیاتر پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەر و مووچەخۆران بووە. جوببە و عەمامەی لەبەر نەکردووە، لە پێشاندا شەرواڵ و مرادخانی و لە پاشاندا ڕانک و چۆغەی لەبەر کردووە.
بێبەش کەسێکی قسە خۆش و ڕۆح سووک بوو، نوکتە لە دەمی نەدەکەوت، لە ھیچ پرس و ھەڵوێستێکدا دانەدەما، ھەولێری زۆر خۆشدەویست، بە درێژایی ژیانی لێی دوور نەکەوتەوە. تا لە ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ١٩٩٨ لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٦٢٧ تا ٦٣٧، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
![]() | ئەم ژیاننامە وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |