بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە
وێنەیەک کە قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە (مێتاستاسیس) نیشان دەدات.
تایبەتمەندیئەنکۆلۆجی/شێرپەنجەناسی

بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، یان مێتاستاسیس (ناوە ئینگلیزییەکەی: Metastasis)، کە لە کوردیدا بە شێرپەنجەی دەرەجە چوار ناسراوە، پڕۆسەیەکی بایۆلۆژیی تێکدەرە، کە تێیدا خانە شێرپەنجەیییەکان لەو گرێیانەوە کە سەرەتا درووست بوون، جیا دەبنەوە و لە ڕێی خوێن و لینفەگرێیەکانەوە بڵاو دەبنەوە و دەگەنە ئەندامەکانی دیکەی جەستە و گرێی شێرپەنجەییی نوێ پێک دەهێنن. بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە یان مێتاستاسیس، نیشانەیەکی سەرەکییە بۆ شێرپەنجە کوژەرەکان و بەرچاوترین هۆکاری گیانلەدەستدانی شێرپەنجەیییە.[١][٢] ڕەوتی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، لە چەند قۆناغێکی لە دوای یەک پێک هاتووە، لەوانە، هێرشکردنەسەر خانە تەندرووستەکانی دەوروبەری خۆی، چوونەناو دەمارە خوێنبەرەکان یان لینفەگرێیەکانەوە،[٣] جێگربوون لە سووڕی خوێندا، دەرچوون لە دەمارەکان و گەشە و مانەوە لە بەشە نوێیەکانی جەستەدا و تووشکردنیان.[٤] هەرچەندە زۆرێک لە خانە شێرپەنجەیییەکان لەم پڕۆسەیەدا لەناو دەچن، بەڵام هەندێکیان دەتوانن لە ئەندامەکانی دیکەی جەستەدا کۆڵۆنیی نوێ دابمەزرێنن و ببنە هۆی گەشەی نەخۆشییەکە.

بەرچاوترین ئەندامەکانی جەستە کە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، هێرشیان دەکاتە سەر، بریتین لە سییەکان، جەرگ، ئێسک و مێشک.[٥] بەڵام شێوازی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە پەیوەستە بە جۆری خانە شێرپەنجەیییەکەی سەرەتاوە. بۆ نموونە، شێرپەنجەی مەمک زیاتر بە ئێسک، جەرگ، مێشک و سییەکاندا بڵاو دەبێتەوە، لە کاتێکدا شێرپەنجەی پرۆستات زیاتر بە ئێسکەکاندا تەشەنە دەکات.[٦] چۆنیەتی و هۆکاری بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە ئاڵۆزە جیناتی و مولوکوولییەکان و هەروەها پێکهاتەی بایۆلۆژیی دەوروبەری خانە شێرپەنجەیییەکەوە هەیە.[٧] بۆیە توێژینەوە لە پڕۆسێسی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لقێکی سەرەکیی توێژینەوەی زانستیی شێرپەنجەیە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی شێوازەکانی پشکنین، ڕێگری و دەرمانی نەخۆشییەکەدا هەیە.[٨]

نیشانەکان

[دەستکاری]

نیشانەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە پەیوەستن بە شوێنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەکەوە و لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی دیکە دەگۆڕێن.[٩] لە زۆربەی کەیسەکانی شێرپەنجەدا، گەورەبوونی لینفەگرێیەکانی نزیک خانە شێرپەنجەیییەکەی سەرەتا، یەکێک لە نیشانە یەکەمینەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەیە.[١٠][١١] ئەگەر شێرپەنجە بگاتە سییەکان، ئەگەری کۆکەی بەردەوام، تەنگەنەفەسی و کۆکەی خوێناوی هەیە.[١٢] بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە جەرگدا، دەکرێت نیشانەی گەورەبوونی جەرگ، ئازار و ناڕاحەتی لە بەشی ڕاست و سەرەوەی سک، یان ڕشانەوە و ڕەنگزەردی درووست بکات.[١٣]

بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، زۆربەی جار دەبێتە هۆی ئازاری ئێسک و کەمبوونەوەی چڕیی ئێسک، هەروەها ئەگەری ئێسکشکان بەرز دەکاتەوە.[١٤] کاتێک شێرپەنجە بە مێشکدا بڵاو ببێتەوە، نیشانەکانی وەک ژانەسەر، گێژی، گرژی، تێکچوونی هاوسەنگی، بێهیزیی ئەندامەکان یان کێشە دەمارییەکان دەردەکەون.[١٥] هەروەها هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی دابەزینی کێش، هیلاکیی بەردەوام و نەمانی ئیشتیا دەبن، کە لە نیشانە گشتییەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەن.[١٦]

هەندێک جاریش ئەگەری هەیە شێرپەنجە بە جەستەدا بڵاو ببێتەوە بەبێ ئەوەی نیشانە دیارەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە نەخۆشەکەدا دەربکەون.[١٧]

لە لایەکی دیکەوە لە نیشانە دەروونییەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە بەشە جیاوازەکانی مێشکدا، دەکرێت ئاماژە بەم حاڵەتانە بدرێن،[١٨] کە لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی دیکە دەگۆڕێن و کەسانی نزیکی نەخۆشەکە لەسەریان پێویستە ئەم گۆڕانکارییە ڕەفتاری و دەروونییانەی نەخۆشی شێرپەنجە لەبەر چاو بگرن و بە نەرمی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن:

  • نەخۆش ئارام دەبێتەوە و کەمتر تاقەتی هەیە گفتوگۆ بکات.
  • ڕۆتینەکانی ڕۆژانەی بەڕێ ناکات.
  • تووشی بێهەستیی سۆزداری دەبێت.
  • بیرەوەریی لاواز دەبێت.
  • لە بڕیارداندا گرفتی بۆ درووست دەبێت.

یان بە پێچەوانەوە:

  • نەخۆش تووشی هەستیاری دەبێت و زوو هەڵدەچێت.
  • شەڕانی دەبێت.
  • ڕەفتاری نەشیاو و هەڵنەسەنگێنراو ئەنجام دەدات.
  • هەستوسۆزی بەرزونزم دەکات.

ئەگەر شێرپەنجەکە زیاتر بە مێشکدا بڵاو ببێتەوە، نیشانەکانی:

  • گێژی و سەرلێتێکچوون
  • کات-لێتێکچوون یان شوێن-لێتێکچوون
  • نەناسینەوەی ئەندامانی خانەوادە
  • وڕێنە
  • دابەزینی ئاستی هۆشیاری
  • پانیک ئەتاک

پاتۆفیزیۆلۆژی

[دەستکاری]

بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە یان مێتاستاسیس، پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە تێیدا بەشێک لە خانە شێرپەنجەیییەکان لە یەکەمین گرێی شێرپەنجەیی جیا دەبنەوە و دەتوانن بگوازنەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە.[١٩] لە بارودۆخی ئاساییدا، خانەکانی جەستە لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و ناتوانن سەربەستانە لە نێوان پێکهاتەکانی جەستەدا هاتوچۆ بکەن، بەڵام خانە شێرپەنجەیییەکان بە هۆی گۆڕانکارییە جیناتی و مولوکوولییەکانەوە ئەم بەربەستانە تێک دەشکێنن.[٢٠]

شوێنە سەرەکییەکانی مێتاستاسیس لە هەندێک لە شێرپەنجەکاندا

لە دەستپێکی ئەم پڕۆسەیەدا، خانە شێرپەنجەیییەکان پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان لاواز دەکەن و دەگەنە ڕووبەری دەرەوەی خانە شێرپەنجەیییەکە. پاشان دەکرێت بچنە ناو دەمارە خوێنبەر و لینفەگرێیەکانەوە.[٢١] ئەم قۆناغە گرنگترین قۆناغی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەیە، چونکە لە پڕۆسەی گواستنەوەکەدا زۆرێک لە خانە شێرپەنجەیییەکان لەناو دەچن و هەژمارێکی کەمیان بە زیندوویی دەمێننەوە و دەگەنە ئەندامی نوێ.[٢٢]

پاش گەیشتن بە ئەندامەکانی دیکەی جەستە، خانە شێرپەنجەیییەکان لە دەمارە خوێنبەرەکان دەردەچن و تێکەڵی ئەندامە نوێیەکانی جەستە دەبن. ئەگەر ئەم خانە شێرپەنجەیییانە بتوانن لەگەڵ ژینگە نوێیەکەدا خۆیان بگونجێنن، پەرەزا دەبن و دووەم گرێی شێرپەنجەیی درووست دەکەن. سەرەڕای ئەوەی ئەم گرێیە لە ئەندامێکی نوێدا درووست دەبێت، بەڵام هێشتا تایبەتمەندییەکانی یەکەمین گرێی شێرپەنجەیی- کە لە ئەندامێکی پێشتردا درووست بووبوو، دەپارێزێت.[٢٣]

توێژینەوە نوێیەکان دەریان خستووە، کە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، تەنیا ئەنجامی شوێنگۆڕکێی خانەی شێرپەنجەیی نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە کارلێکی ئاڵۆزی نێوان خانە شێرپەنجەیییەکان، سیستمی بەرگریی جەستە، دەمارە خوێنبەرەکان و ژینگەی دەوروبەری گرێ شێرپەنجەیییەکانەوە. هەروەها درووستبوونی دەمارەخوێنبەری نوێ- پڕۆسەیەک کە پێی دەگوترێت دەمارزایی  angiogenesis-، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشە و مانەوەی گرێ مێتاستاتیکەکاندا هەیە، چونکە ئۆکسجین و خۆراکی پێویست بۆ خانە شێرپەنجەیییەکان دابین دەکەن.[٢٤]

دەستنیشانکردن

[دەستکاری]

بۆ دەستنیشانکردنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، پزیشک سەرەتا پێشینەی نەخۆش، نیشانە گشتییەکان و ئەنجامەکانی پشکنینی فیزیکی، تاوتوێ دەکات. پاشان بۆ زانینی شوێن و ڕیژەی بڵاوبوونەوەکە، سوود لەم پشکنینانە وەردەگرێت:

  • پشکنینی سی تی سکان CT
  • پشکنینی موگناتیزیی MRI
  • پشکنینی PET و پێت سی تی سکان[٢٥]

ئەم پشکنینانە دەتوانن گرێ شێرپەنجەیییەکان لە ئەندامە جۆراوجۆرەکانی جەستەدا دەستنیشان بکەن.[٢٦]

لە زۆر کەیسدا، بۆ دڵنیابوونەوە، نموونە (بیۆپەسی) لە پارچەی گوماناوی هەڵدەگیرێت. تاوتوێی میکرۆسکۆپییانەی نموونەکە یارمەتیی پزیشک دەدات سەرچاوەی خانە شێرپەنجەیییەکان ئاشکرا بکات و پەیوەندییان بە گرێی شێرپەنجەییی یەکەمەوە بدۆزێتەوە.[٢٧] هەروەها پشکنینی خوێن و تاوتوێی گرێیەکان یارمەتیی پزیشک دەدات بەرچاوڕوونییەکی سەبارەت بە ڕەوتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و شیوازەی دەرمانەکەی، بۆ درووست ببێت.[٢٨]

پشکنینی جینات

لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا کە شێرپەنجەی دەرەجەچوار- مێتاستاستیکیان هەیە، پشکنینی جیناتی و مولوکولی بۆ ناسینەوەی گۆڕانە جیناتی و بایۆلۆژییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەم جۆرە پشکنینانە بە NGS ناسراوە و دەتوانێت هاوکار بێت بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری ئامانجدار و شێوەیەکی تایبەتمەند بۆ نەخۆشەکە.[٢٩]

هەندێک لەم پشکنینانە لە بری جیناتە بۆماوەیییەکان، گۆڕانکاریی جیناتیی ناو خودی خانە شێرپەنجەیییەکان تاوتوێ دەکەن. ئەم زانیارییانە ئەو گۆڕانکارییە جیناتییانە دەردەخەن، کە لە چارەسەردا دەکرێنە ئامانجی دەرمانە تایبەتەکان و لە بڕیاریدانی چارەسەردا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.[٣٠]

هەڵبەت سەبارەت بە قۆناغی دەرەجەچواری هەندێک لە شێرپەنجەکان، وەک شێرپەنجەی پڕۆستات، ڕینمایییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وا باشترە هاوکات پشکنینی جیناتیی بۆماوەیییش Germline Testing ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامەکانی جگە لەوەی یارمەتیی پڕۆسەی چارەسەر دەدات، هەروەها دەکرێت لە ڕێیەوە مەترسیی تووشبوونی ئەندامانی خانەوادەش هەڵبسەنگێنرێت.[٣١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute.
  2. «Metastasis: Mechanisms of Cancer Dissemination and Implications for Treatment». Nature Reviews Clinical Oncology.
  3. «Metastasis». Encyclopaedia Britannica.
  4. «The Metastatic Spread of Cancer». Nature Education.
  5. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute.
  6. «Metastatic Cancer: When Cancer Spreads». National Cancer Institute.[بەستەری مردوو]
  7. «The Biology of Cancer Metastasis». Nature Reviews Cancer.
  8. «Cancer». World Health Organization.
  9. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute.
  10. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute.
  11. «Cancer Staging». National Cancer Institute.
  12. «Understanding Advanced and Metastatic Cancer». American Cancer Society.
  13. «Liver cancer - Symptoms and causes». Mayo Clinic.
  14. «Bone Metastasis». National Cancer Institute.[بەستەری مردوو]
  15. «Adult Central Nervous System Tumors Treatment (PDQ®)». National Cancer Institute.
  16. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute. National Cancer Institute.
  17. «Metastatic Cancer». Memorial Sloan Kettering Cancer Center.[بەستەری مردوو]
  18. «Brain Metastases Fact Sheet». National Cancer Institute. National Cancer Institute.[بەستەری مردوو]
  19. «Metastasis». Encyclopaedia Britannica.
  20. «Definition of metastasis». National Cancer Institute.
  21. «Pathogenesis of Cancer Metastasis». NCBI Bookshelf.
  22. «Pathogenesis of Cancer Metastasis». NCBI Bookshelf.
  23. «Metastatic Cancer». National Cancer Institute.
  24. «Metastasis: Mechanisms of Cancer Dissemination and Implications for Treatment». Nature Reviews Clinical Oncology.
  25. «Positron emission tomography (PET) scan». Mayo Clinic.
  26. «Tests and Procedures Used to Diagnose Cancer». National Cancer Institute.
  27. «What Are Advanced and Metastatic Cancers?». American Cancer Society.
  28. «Tumor Markers Fact Sheet». National Cancer Institute.
  29. «Somatic Genomic Testing in Patients With Metastatic or Advanced Cancer». Journal of Clinical Oncology (ASCO).
  30. «Biomarker Testing for Cancer Treatment». National Cancer Institute.
  31. «Germline and Somatic Genomic Testing for Metastatic Prostate Cancer». Journal of Clinical Oncology (ASCO).