بوومەلەرزەی ٩٥٧ی دەریای قەزوین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بوومەلەرزەی ٩٥٧ی دەریای قەزوین بوومەلەرزەیەک بوو کە ناوچەی دەریای قەزوینی لە ساڵی ٩٥٧ (٣٤٦ی ھیجری) گرتەوە. بوومەلەرزەکە لەلایان چەندین مێژوونووس و نووسەری عەرەبی و ئاشووری ئاماژەی پێکراوە، کە دەڵێن بە شێوەیەکی سەرەکی بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتە سەر ناوچەی عێراقی عەجەم. لەرزینەوەکە ٤٠ ڕۆژ بەردەوام بووە بە شێوەیەک بۆ چەند ساتێکی چەندجارە وەستاوە و دووبارە ڕوویداوەتەوە. لەکاتی ڕوودانی بوومەلەرزەی سەرەکی زیان گەیشتووە بە شارەکانی ڕێی، تلیکان و حەلوان، ھەروەھا نووسراوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ١٥٠ گوند وێران بوون بەھۆی بوومەلەرزەکەوە.[١][٢]

وەسفکردنی لەلایان مێژوونووسان[دەستکاری]

بوومەلەرزەکە وەسفکراوە لەلایان کۆمەڵێک کەسەوە وەک: ئیبن مسکەوی (لە سەدەی ١١)، ئیبن جووزی (لە سەدەی ١٢)، ئیبن عیبری (لە سەدەی ١٣)، ئیبن ئەسیر (لە سەدەی ١٣)، جرجیس بن ئەلعەمید (لە سەدەی ١٣)، ئەبوو فیدا (لە سەدەی ١٤)، ئەلسویوتی (لە سەدەی ١٥) و کاتب چەڵەبی (لە سەدەی ١٧).

لە تۆمارەکاندا[دەستکاری]

لە باس و تۆمارەکانی «ئەلسویوتی» ھاتووە کە بوومەلەرزەکە چەند لەرینەوەیەکی بەھێزی یەک لەدوای یەک بووە کە ماوەیەک لە نێوانیاندا ھەبووە و دەڵێت چیایەک لە نزیک شاری ڕێی بە تەواوەتی ڕووخاوە و درزی و کەلەبەری گەورە بەھۆی بوومەلەرزەکەوە دروستبوون کە ئاوی پیس و دووکەڵی لێدەھاتە دەرەوە، و چەندەھا گوند بە تەواوەتی نوقم بوون لەناو چاڵەکان و لەناوچوون بە دانیشتووانەکەیەوە؛ و لەنووسراوەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات شاری تلیکانیش خاپووربووە و تەنیا ٣٠ کەس ڕزگاریان بووە لە دانیشتووانی شارەکە، ھەروەھا شاری حەلوانیش نقوم بووە و ڕووخاوە و بوومەلەرزەکە بووەتە ھۆکاری ئەوەی ئاو لە ھەموو درز و کەلەبەرەکان بێتە دەرەوە و شارەکەی کردە گۆڕستانێکی گەورە بۆ دانیشتووانەکەی. بە گوێرەی ئەلسویوتی و ئەبوو فیدا و ئیبن عیبری، دەریای قەزوین (لە کۆندا پێیدەگوترا دەریای مەزن) ئاستی ئاوەکەی ١٥ مەتر نزم بووەتەوە و ٤٦٠ مەتریش کشاوەتەوە پاش، ئەوە بووەتە ھۆکاری ئەوەی بەردی نوێ و دوورگەی نوێ دەرکەون لەناو ئاوەکە. مسکەوی لە نووسراوێکدا ئاماژە بەوە دەکا بەھۆی گۆڕانی کەناراوەکانی دەریاکە، دەریاوانەکان شڵەژاون و ترساون کە لەو کاتەدا خەریکی دەریاوانی بوون. ھەر بەپێی ھەندێک تۆماری تری مێژوونووسان وادەردەکەوێت دەریای قەزوین بووبێتە مەڵبەندی دروستبوونی بوومەلەرزە و لەرینەوەکان لەوێوە دەستی پێکردبێت لەکاتی کارەساتەکەدا.

مێژوونووسانی نوێ[دەستکاری]

مێژوونووسان یووھان جەیکەب ڕیسکی لە سەدەی ١٨ و واڵیس بوودج لە سەدەی ٢٠ ڕوونیان کردەوە و گوتیان سەرچاوەی شوێنی دروستبوونی بوومەلەرزەکە کەنداوی فارس بووە نەک دەریای قەزوین، بەڵام ڕۆبێرت ماڵێت لە سەدەی ١٩ گوتی سەرچاوەی شوێنی دروستبوونی بوومەلەرزەکە دەریای قەزوین بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن کە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتە سەر ھەرێمی جیبا لە خەلافەتی عەباسیدا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Antonopoulos, 1980
  2. ^ Antonopoulos, J. (1980), Data from investigation of seismic Sea waves events in the Eastern Mediterranean from 500 to 1000 A.D., Annals of Geophysics