بنەمای مۆنرۆ
| بنەمای مۆنرۆ | |
|---|---|
| بەشێکە لە | پەیوەندییەکانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا |
| دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٢٣ |
| ناونراوە لەدوای | جەیمز مۆنرۆی |
| وڵات | ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا |
| کاری وەرگیراو | Roosevelt Corollary، Donroe Doctrine |
| لە دوای | Donroe Doctrine |
| ئافرێنەر | جۆن کوینسی ئادەمز، جەیمز مۆنرۆی |
| شوێنی بڵاوکردنەوە | واشینگتن دی سی |
| بەستەری وەسفکراو | https://bvpb.mcu.es/es/consulta/registro.cmd?id=451444 |
بنەمای مۆنرۆ بەیاننامەیەک بوو کە سەرۆکی ئەمریکا جەیمس مۆنرۆ لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٨٢٣دا ڕای گەیاند.[١][٢] ئەم بنەمایە داوای دڵنیایکەرەوەی سەربەخۆیی سەرجەم وڵاتانی نیوەگۆی ڕۆژاوای دەکرد لە دژی ھەر دەستتێوەردانێکی ئەورووپی بە مەبەستی چەوساندنەوەیان، یان دەستخستنە ناو مافی چارەی خۆنووسینیان. ھەروەھا ئاماژەی بەوە دەکرد کە نابێت ئەمریکییەکان لە داھاتوودا وەک ڕەعییەت و ژێردەستەی کۆلۆنیالیزمی ھیچ ھێزێکی ئەورووپی سەیر بکرێن. مەبەست لەم بەیاننامەیە ئەوە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگە نادات ھیچ کۆلۆنی (داگیرگە)یەکی نوێ لە ھەردوو ئەمریکادا دروست بکرێت، سەرەڕای ڕێگەنەدان بە فراوانبوونی سنووری ئەو کۆلۆنییانەی کە پێشتر ھەبوون.
ئەگەری زۆرە لە ڕووی بازرگانییەوە بنەمای مۆنرۆ سوودێکی ئەوتۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبووبێت؛ چونکە ئەورووپا بەردەوام بوو لە بەدەستھێنانی پشکی شێر لە بازرگانیی ئەمریکای لاتینی، کە بەریتانیا زۆرترین بەشی بەرکەوت. ھەروەھا ئەم بنەمایە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەمریکای لاتی نیشی باشتر نەکرد. ئەو وڵاتانەی کە وابریار بوو ئەم فەلسەفەیە بیانپارێزێت، نیگەران بوون لەو شێوازەی کە ئەمریکا خۆبەزلزانینی خۆی بەسەریاندا سەپاندبوو؛ ئەم وڵاتانە زیاتر لە ھەژموونی باکوور (ئەمریکا) دەترسان وەک لە ھەر دەوڵەتێکی ئەورووپی.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سەرۆکی ئەمریکا تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت، ڕۆح و مانایەکی نوێی بە بنەمای مۆنرۆ بەخشی؛ ئاماژەی بەوە کرد کە لاوازی و ھەڵسوکەوتە ھەڵەکان لە ھەر یەکێک لە وڵاتە بچووکەکانی ئەمریکادا، ڕەنگە وڵاتانی ئەورووپا ھان بدات بۆ دەستتێوەردان
لای سەرۆک ڕۆزڤێڵت وا دەرکەوت کە وڵاتانی ئەورووپا پاساوی خۆیان ھەیە بۆ ھەوڵدان بۆ پاراستنی گیان و موڵکی ھاووڵاتیانیان یان کۆکردنەوەی ئەو قەرزانەی کە لەلایانە. ڕۆزڤێڵت جەختی لەوە کردەوە کە بەرگریکردن لە بنەمای مۆنرۆ پێویستی بەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگری لەم دەستتێوەردانە پاساو بۆ ھێنراوە بکات؛ ئەوەش لە ڕێگەی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی خۆیەوە. لەژێر سایەی ئەم سیاسەتەدا کە بە سیاسەتی گۆچانی ئەستوور ناسرابوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوپای خۆی ڕەوانەی کۆماری دۆمینیکان (ساڵی ١٩٠٥)، نیکارایگوا (ساڵی ١٩١٢) و ھایتی (ساڵی ١٩١٥) کرد.
بەگشتی سەرۆک ودرو ویلسۆن پەیڕەوی لە سیاسەتەکەی ڕۆزڤێڵت کرد، بەڵام بەڵێنی دا کە ئەمریکا جارێکی دیکە بە زەبر و ھێز ھیچ ناوچە و پێگەیەکی دیکە داگیر ناکات. ھەروەھا خۆپارێزیی نواند لە مامەڵەکردن لەگەڵ شۆڕشی مەکسیکدا کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا ڕووی دا. ئەو دەیوتوانی لێکدانەوەکەی ڕۆزڤێڵت بۆ بنەمای مۆنرۆ بەکاربھێنێت وەک پاساوێک بۆ داگیرکردنی تەواوەتیی مەکسیک، بەڵام سیاسەتی چاوەڕوانیی وریایانەی پەیڕەو کرد.
سیاسەتی دراوسێی باش. ئەمریکا دوای جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤–١٩١٨) کار بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین کرد. سەرۆک ھێربێرت ھوڤەر پێش دەستبەکاربوونی گەشتێکی نیازپاکی لە ئەمریکای باشوور ئەنجامدا.
سەرۆک فرانکلین دیلانو ڕۆزڤێڵت لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا سیاسەتی دراوسێی باشی ڕاگەیاند و وتی: پێویستە ھەموو ئەمریکییەکان بەشدار بن لە پشتیوانیکردنی بنەمای مۆنرۆدا بەم شێوەیەش بەرگریکردن لە نیوەگۆی ڕۆژاوا بوو بە ئەرکێکی بەکۆمەڵ. لە ماوەی ھەردوو ئیدارەی ھوڤەر و ڕۆزڤێڵتدا، ئەمریکا بەشێوەیەکی پلەبەندی ھێزەکانی لەو وڵاتە بچووکە ئەمریکییانە کشاندەوە کە داگیری کردبوون، و دەستبەرداری ئەو ئیمتیازاتە تایبەتانە بوو کە بەدەستی ھێنابوون. لە دەرئەنجامی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی بازرگانیی ھاوبەش، ئەمریکا بەردەوام بوو لە کەمکردنەوەی بەربەستە باجە گومرگییە بەرزەکان کە پێشتر کاریگەرییان ھەبوو لە ھێشتنەوەی گۆشەگیریی ئەمریکییەکاندا.
چەندین کۆنگرە سەبارەت بە کاروباری ناوخۆیی ئەمریکا لە مۆنتیڤیدۆ، لە ساڵی ١٩٣٦ لە بوینس ئایرێس، لە ساڵی ١٩٣٨ لە لیما و لە ساڵی ١٩٤٠ لە ھاڤانا بەڕێوەچوو.
ترسی دەستدرێژی و ھێرشبردن، ھەموو کۆمارەکانی ئەمریکای لە یەکتر نزیک کردەوە و جارێکی دیکە لە ڕیۆ دێ جانێرۆ لە ساڵی ١٩٤٢، لە مەکسیکۆ سیتی لە ساڵی ١٩٤٥، و لە پێتڕۆپۆلیس لە بەڕازیل لە ساڵی ١٩٤٧ کۆبوونەوە. ھەروەھا لە کۆبوونەوەی بۆگۆتا لە کۆلۆمبیا لە ساڵی ١٩٤٨ ڕێکخراوی دەوڵەتانی ئەمریکا (OAS)یان دامەزراند.
تێنەگەیشتن و تێکەڵکردن لەگەڵ گۆشەگیریدا. زۆرێک لە خەڵک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرجار بنەمای مۆنرۆیان لەگەڵ بنەمای گۆشەگیری یان دوورکەوتنەوە لە کاروباری جیھانی تێکەڵ دەکرد، کە جۆرج واشنتۆن لە وتاری ماڵاوایی خۆیدا لە ساڵی ١٧٩٦دا ئاماژەی پێکردووە. لە ڕاستیدا مۆنرۆ لە پەیامەکەیدا سیاسەتی وڵاتەکەی بۆ دوورکەوتنەوە لە کاروباری ئەورووپی دووبارە کردەوە، بەڵام ئەمەی تەنیا بۆ بەھێزکردنی ئەو بەڵگەیە بەکار ھێنا کە وڵاتانی ئەورووپاش دەبێت لە بەرامبەردا لە کاروباری ئەمریکا دوور بکەونەوە؛ بۆیە ناکرێت بنەمای گۆشەگیری وەک بەشێک لە بنەمای مۆنرۆ ھەژمار بکرێت؛ ئەوەی ڕووی دا ئەوە بوو کە گۆشەگیری ئەو سیاسەتە بوو کە حکوومەتی ئەمریکا پەیڕەوی دەکرد لەو کاتەی کە فەلسەفەکەی مۆنرۆی تێدا ڕاگەیەندرا.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Howe، Daniel (٢٠٠٧). What Hath God Wrought. New York: Oxford University Press. لاپەڕە ١١٥. لە ڕەسەنەکە لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ New York Times Current History: the European war, Volume 9. ١٩١٧. لاپەڕە ١٥٨-١٥٩. لە ڕەسەنەکە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە.
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی سیاسەت
- دەروازەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
- دەروازەی پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (ئابی ٢٠٢٦) |