بنکە سەربازییەکانی وڵاتە بێگانەکان لە باشووری کوردستان
بنکە سەربازییەکانی وڵاتە بێگانەکان لە باشووری کوردستان بریتین لە ئەو بنکە سەربازییانەی کە لە لایەن ھێزە سەربازییەکانی وڵاتانێک جگە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، و ھەروەھا پارتە کوردییەکان لە ئاخی باشووری کوردستاندا دامەزراوەتەوە.[١][٢]
لە ئێستادا سێ حکوومەتی تورکیا، ئێران و ھەروەھا ئەمریکا بنکەی سەربازییان لە ئاخی باشووری کوردستاندا دامەزراندووەتەوە.
لە ١٢ی ئایاری ٢٠٠٣ نوێنەرانی پەرلەمانی باشووری کوردستان یاسایەکیان پەسەند کرد و حۆکمێکیان تۆمار کرد کە ھێزە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان بڕۆن بۆ دەرەوە و بنکە سەربازییەکانیانیش دابخرێنەوە[٣] کە ئەمە تا بە ئێستاکە ڕوو نەداوە.
تورکیا
[دەستکاری]تورکیا تا بەر لە ھەڵمەتھێنانەوە بۆ شاری کوردنشینی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان، خاوەنی ١٤ بنکەی سەربازی و ٤ بنکەی زانیاری لە باشووری کوردستان بووە. بەڵام بەدوای داگیرکردنی عەفرین، ھەڵمەتی خۆی لە ئاخی باشووریش زۆرتر کرد و ٧ بنکەیەکی دیکەی لە پارێزگای ھەولێر دامەزراند. ھەمووی ئەم ٢٥ بنکەی تورکیا لە دوو پارێزگای دھۆک و ھەولێردایە.[١]
بەدر ئەلزیادی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢١ ڕاگەیاند کە ئەرتەشی تورکیا ھەتا ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ١٠ بنکەی سەربازی و ٢٥٠٠ سەربازی لە باشووری کوردستان بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ ژماری بنکە سەربازییەکانی خۆی گەیاندووەتە بە ٧٠ بنکە و ھێزە چەکدارەکانیشی گەیشتووە بە ١٠ ھەزار کەس. بە وتەی ئەلزیادی ھێزەکانی تورکیا لە قوولایی ٤٠ کیلۆمتر پێشڕەویان لە خاکی باشووری کوردستان کردووە.[٤]
لە دانیشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٢ بۆ بڕیاردانەوە سەبارەت بە ھەڵمەتھێنانی تورکیا بۆ سەر عێراق کە بە ئامادەبوونی ٢٤٢ نوێنەر، وەزیرەکانی بەرگری و دەرەوەی عێراق و ھەروەھا سەرۆکی ئەرتەش و جێگری فەرماندەی ھاوبەشی ئەرتەشی عێراق بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتێک لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراق خوێندرا کە نیشان دەدا تورکیا ١٠٥ بنکەی بچۆک و مەزنی لە ھەرێمی کوردستان ساز کردووە و ٤ ھەزار سەربازی ھێناوەتە نێوی خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان و لەم بنکەیانە جێگر کردووە.[٥] لە ٢ی ئابی ٢٠٢٢ ڕاگەیاندرا ئەرتەشی تورکیا بنکەیەکی دیکە لە گوندی سێگرێی لە سنووری قەزای ئامێدی ساز کردووە و خەریکی گواستنەوەی کەرەستە و چەکی قورسی سەربازی بەو بنکەیەیە.[٦]
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ باقر زوبێدی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراق ڕایگەیاند تورکیا بنکەیەکی سەربازیی نوێی لە سنووری پارێزگای دھۆک لە نێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا دامەزراندووەتەوە.[٧]
لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٤ ماڵپەڕی «ئەلعەرەبی ئەلجەدید» بە پشتبەستن بە لێدوانێکی بەرپرسێکی کورد لە پارێزگای دھۆک ڕایگەیاند سوپای تورکیا چەند ڕۆژێکی پێشتر دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ لەسەر لوتکەی چیای کیستە لە شاری ئامێدی سەر بە پارێزگای دۆھوک و ھەروەھا گوتی ئەم سەربازگەیە کە دەسەڵاتی بەسەر ٥٠ گوندی ناوچەی کانی ماسی، بامەرنی و باتوفادا ھەیە، دەبێتە چوارەم بنکەیەک کە تورکیە لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە لەو ناوچەکەدا درۆستی کردووە.[٨]
لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ عەدنان کەنانی شارەزای ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاند تورکیا ٣٠ بنکە و کەمپی سەربازیی لە خاکی باشووری کوردستان و عێراق ھەیە و خەڵکی سڤیلی ھەرێمی کوردستانی دەکاتە ئامانجی خۆی.[٩]
لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥دا ھەواڵنێریی بی بی سی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند تورکیا ھەر بە تەنیا لە گوندی سەرگەلە کە ١٦ کیلۆمەتری سنووری باشووری و باکووری کوردستاندا داکەوتووە لانیکەم ٧ بنکەی سەربازیی ساز کردووەتەوە و ئیزنی ژیان و کار و وەرزێریش بە خەڵکی گوندەکە نادات. ھەروەھا لە گوندی کانیماسی بنکەیەکی زۆر گەورە بە دیوارە کۆنکریتییەکان و تاوەرە چاودێرییەکان ساز کردووە و ناھێلێت خەڵکی گوندەکە لەوێدا بژێن. بە وتەی ھەواڵنێریی بی بی سی تورکیا لانیکەم ١٣٦ بنکەی سەربازی و ٦٦٠ کیلۆمەتر ڕی ساز کردووە کە زۆربەی لە ٢٠١٨ بەدوا ساز کراوە و ھەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە زۆرتر لە ٢ ھەزار کیلۆمەتری چوارەکی لە خاکی باشووری کوردستانی داگیر کردووەتەوە.[١٠]
پێڕستی ئەو بنکەکان کە تا بە ئێستاکە ئاشکرا بووە بریتییە لە:
بنکە زانیارییەکان
[دەستکاری]- بنکەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ئامێدی، پارێزگای دھۆک
- بنکەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوچەی باتۆفە، زاخۆ، پارێزگای دھۆک
- بنکەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوی شاری دھۆک[١]
بنکە سەربازییەکان
[دەستکاری]- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە شیلادزێ، پارێزگای دھۆک
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە شیرتی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە زاخۆ
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە کانیماسی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە بامێرنی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە باتۆفە
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە ناوچەی کوێکی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە ناوچەی سینکی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە کۆمری
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە کۆکەی سپی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە داری دەواتی
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە سەرزێڕی
- بنکەی ھێزی ئاسمانیی ئەرتەشی تورکیا لە بامێرنی
- دوو بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە زیلخام[١]
- بنکەی سەربازی بیلیچیان[١١]
- بنکەی سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە سنووری دھۆک[٧]
- حەوت بنکە سەربازیی ئەرتەشی تورکیا لە سەرگەلە[١٠]
ئەمریکا
[دەستکاری]ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی ١٢ بنکەی سەربازی لە وڵاتی عێراقە کە ٢ دانەی لە ئاخی باشووری کوردستاندا داکەوتووە. ئەمریکا ھەروەھا بنکەیەکی سەربازیی لە ناوچەی کەرکووکدا ھەیە.[١٢]
- بنکەی ھەوایی ئەمریکا لە ھەولێر[١٣]
ئێران
[دەستکاری]لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٠ ماڵپەڕی زەمەن پرێس ڕایگەیاند سپای پاسدارانی ئێران بنکەیەکی سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە. زەمەن پرێس نووسیوە کیوومەرس حەیدەری فەرماندەی ھێزی زەمینیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا ئەو ھەواڵەی ئاشکرا کردووە کە سوپای پاسداران لە قووڵاییی ٤٠ کیلۆمەتری ھەرێمی کوردستاندا بنکەیەکی سەربازیی کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەیەک بە شوێنی بنکەکە نەکردووە. زەمەن پرێس ھەروەھا ئاماژە بەوە کردووە کە دانیشتوانی چەندین گوندی سەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان پێیان وابووە کە ئێران لە سنوورەکانی لەگەڵ کوردستان چەندین بنکەی سەربازیی کردووەتەوە.[١٤]
لە حوزەیرانی ٢٠١٦ ڕۆژنامەی ئەلشەق ئەلئەوسەت سەر بە عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند ئێران خەریکە لە ناوچەی سەید سادق لە ھەرێمی کوردستان بنکەیەکی سەربازی ساز دەکات.[١٥] بەڵام نازم دەباغ نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران ئەو ھەواڵەی ڕەت کردەوە.[١٦]
لە ئازاری ٢٠٢٥ ئەندامێکی تیمی باشووری کوردستانی ڕێکخراوەی ئەمەریکیی سی پی تی ڕایگەیاند، ئێران ١٥١ بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی ھەرێمی باشووری کوردستان دروستکردووە، کە سنوورەکانی بەزاندووە و بە قوڵایی ٥ بۆ ١٠ کیلۆمەتر سنورەکانی ئێرانی فراوانکردووە و ھاتووەتە نێو خاکی باشووری کوردستانەوە.[١٧]
لە ئێستادا باردۆخی بنکە سەربازیەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا نادیارە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 کوردپرێس: ژمارە و شوێنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ئاخی ھەرێمی کوردستان (بە فارسی)، نووسراو لە ٥ی تەممووزی ٢٠١٩؛ ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
- ↑ ھەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا): تورکیا ٢٠ بنکەی سەربازیی لە کوردستانی عێراق دا ھەیە (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١؛ سەردان لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
- ↑ ڕۆژنامەی دونیای ئیقتیساد: تورکیا ٢٠ بنکەی سەربازیی لە عێراق دا ھەیە (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١؛[بەستەری مردوو] سەردان لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
- ↑ کوردپرێس: تورکیا لە ھەرێمی کوردستاندا چەند بنکە سەربازیی ھەیە؟ (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢١.
- ↑ کوردپرێس: ژماری بنکەکان و قووڵایی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە خاکی عێراق (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٢؛[بەستەری مردوو] سەردان لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٢.
- ↑ شارپرێس: تورکیا بنکەی سەربازیی نوێ لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٢ی ئابی ٢٠٢٢؛ ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢ی ئابی ٢٠٢٢.
- 1 2 ڕۆژنیوز: باقر زوبێدی: درووستکردنی بنکەی سەربازیی لەلایەن تورکیاوە پێشێلکردنى سەروەریی خاكی عێراقە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤؛ ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
- ↑ ئەلعەرەبی ئەلجەدید: سوپای تورکیا بنکەیەکی نوێ لەسەر لوتکەی چیای کیستە لە باکووری عێراق دروست دەکات (بە عەرەبی)، نووسراو لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٤؛ ٢١ی ئایاری ٢٠٢٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٤.
- ↑ ئەلمەعلوومە: کەنانی ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق ئاشکرا دەکات (بە عەرەبی)، نووسراو لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
- 1 2 بی بی سی: ژیانی ناو 'ناوچەی قەدەغەکراو'ی عێراق کە لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥؛ ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥.
- ↑ «وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی بنکەیێکی سوپای وڵاتەكەی کرد لە ھەرێمی کوردستان». کوردپرێس. ٣ی ئایاری ٢٠٢١. لە ٣ی ئایاری ٢٠٢١ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ کوردپرێس: ئەمریکا چەند سەرباز و بنکەی سەربازیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوێندا ھەیە؟ (بە فارسی)، نووسراو لە ١٨ی تەممووزی ٢٠١٩؛ ١٠ی ئابی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
- ↑ «ئەمریکییەکان بنکەی بەلەد بە جێدەھیلێن؛ ٥٠ کەس بۆ ئەمریکا ھەڵدەگەڕێنەوە و ٢٠ کەسیشیان دەچێت بۆ ھەولێر» (بە فارسی). کوردپرێس. ١٤ی ئایاری ٢٠٢١. لە ١٤ی ئایارئ ٢٠٢١ ھێنراوە.
{{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوتی سەردان=(یارمەتی)[بەستەری مردوو] - ↑ زەمەن پرێس: ئێران کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٠؛ئەرشیڤکراو لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٣؛ سەردان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
- ↑ ئیکورد دەیلی: ئەلشەرق ئەلئەوسەت: ئێران خەریکە بنکەیەکی سەربازی لە ھەرێمی کوردستان ساز دەکات (بە ئینگلیزی)، نووسراو لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦؛ ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
- ↑ دیپلۆماسیی ئێرانی: ئیدیعای سازکردنی بنکەیەکی سەربازیی ئێران لە ھەرێمی کوردستاندا (بە فارسی)، نووسراو لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٦؛[بەستەری مردوو] سەردان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
- ↑ دەنگی ئەمەریکا: سەرچاوەیەک: ئێران ١٥١ بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لەسەر سنوری ھەرێمی کوردستان دروستکردووە (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢ی ئازاری ٢٠٢٥؛ سەردان لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٥.