بنکەی ئاسمانیی قەیارە
| بنکەی ئاسمانیی قەیارە | |
|---|---|
| وڵات | عێراق |
| دابەشکاریی کارگێڕی | پارێزگای نەینەوا |
| پۆتانی شوێن | ٣٥°٤٥′٥٧″N ٤٣°٧′١٨″E، ٣٥°٤٦′١″N ٤٣°٧′٣٠″E |
| Aerodrome reference point | ٣٥°٤٥′٥٧″N ٤٣°٧′١٨″E |
| کۆدی فڕۆکەخانەیی ئیاتا | RQW |
| کۆدی فڕۆکەخانەیی ئیکائۆ | ORQW |
بنکەی ئاسمانیی قەیارە (پێشتر بنکەی ئاسمانیی سەددام) بنکەیەکی ئاسمانی عێراقییە و دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا و نزیکەی ٣٠٠ کم لە باکووری بەغدا و ١٦ کم لە ڕۆژاوای شاری قەیارە دوورە. بنکەکە ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا، فەوجەکانی فڕۆکەکانی میراج و میگ-٢٣ و میگ-٢٥ (مۆدێرنترین فڕۆکەی ھێزی ئاسمانی عێراقی لەو کاتەدا)ی تێدابووە.
بنکەی ئاسمانی قەیارە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن کۆمپانیاکانی یووگۆسلاڤیاوە دروستکراوە وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی بنکەیەکی گەورە بۆ سوود وەرگرتنی وانەکانی شەڕەکانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣.
بنکەکە لە دوو ڕێڕەوی فڕین پێکھاتووە کە ھەریەکەیان ٣٥٠٥ مەتر و ٣٥٩٦ مەتر و نزیکەی ٣٣ ھەنگاری فڕۆکەی قاییمکراو کە بەسەر بنکەکەدا بڵاوبوونەتەوە. بنکەکە بە سیاجێک دەورە دراوە کە تیرەکەی ٢٠ کیلۆمەترە، کە بە پشتێنەیەکی سەوزی دار دەورە دراوە بۆ داپۆشینی بینین و دڵنیابوون لە نھێنی.
بنکەکە لە کاتی جەنگی کەنداو و لە کاتی جەنگی عێراقدا بۆردومانی قورسی لێکرا.
دوای ٢٠٠٣ ھێزەکانی ئەمریکا دوای نۆژەنکردنەوەی ڕێڕەوی فڕین و تاوەری کۆنتڕۆڵ، بنکەی قەیارەیان وەک کەمپێکی سەربازی بەکارھێنا. تا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوام بوون لە بەکارھێنانی، دواتر ڕادەستی ھێزە عێراقییەکانیان کرد.
بنکەی ئاسمانی قەیارە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ بەبێ شەڕ کەوتە دەست داعش. ئەو گرووپە وەک ئۆردوگای سەربازی و زیندان بەکاریان ھێنا. لەماوەی کۆنترۆڵکردنی ئەو بنکەیە لەلایەن فڕۆکەکانی عێراق و ھاوپەیمانی نێونەتەوەیییەوە ھێرشی توندی کرایە سەر.
ڕۆژی ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٦، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نەوفەل حەمادی سوڵتان پارێزگاری نەینەوا ئازادکردنی ئەو بنکەیەیان لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بەبێ ھیچ بەرەنگارییەک ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئەندامانی داعش بەرەو ناوەندی شاری مووسڵ ھەڵھاتن.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |