برسێتی گەورەی ئیرلەندا
| برسێتی گەورەی ئیرلەندا | |
|---|---|
| ناو بە زمانی فەرمی | an Gorta Mór، the Great Famine |
| جێ | ئیرلەندا |
| پۆتانی شوێن | ٥٣°٢١′٤″N ٧°٥٥′١٦″W |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٤٥ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٥٢ |
| ھۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم ڕووداوە | Phytophthora infestans، laissez faire، کۆلۆنیاڵیزم |
![]() | |
برسێتی گەورەی ئیرلەندا یان برسێتی پەتاتەی ئێرلەندی لە نێوان ساڵانی ١٨٤٥ بۆ ١٨٥٢ ڕوویدا [١] بووە ھۆی مردنی یەک ملیۆن کەس و کۆچکردنی ملیۆنێکی دیکە لە ئێرلەندا، ژمارەی دانیشتووانی دوورگەکە بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠-٢٥٪ کەمیکرد. [٢] یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێرلەندا بەھۆی ھەژارییەوە پشتیان بە پەتاتە بەستبوو بۆ بژێوی ژیانیان. لە ساڵانی ١٨٤٠ دا، نەخۆشییەکی ڕوەکی کە پێی دەوترێت کەڕووی درەنگەوەرە بەرھەمەکانی پەتاتەی لە سەرانسەری ئەورووپا وێران کرد [٣] و ئیرلەنداش کاریگەری لەسەر بوو، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر زیاتر، لە ئەنجامدا زیانە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بوو. ئەمەش بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکاری ئابووری و ڕامیاری و کولتوورییەوە بوو کە تا ئێستاش وەک بابەتێکی مشتومڕی مێژوویی سەیر دەکرێت. [٤] [٢] لەم برسێتیەدا، پێدانی کرێ و باج و ھەناردەکردن بەردەوام بوو. ئەم برسێتییە بۆ ھەمیشە دیمەنی دانیشتووانناسی ڕامیاری و چاندی ئیرلەندای گۆڕی و بوو بە خاڵێکی جیاکەرەوە لە مێژووەکەیدا. [١]
پێشینەی مێژوویی و ھۆکارەکان
[دەستکاری]بێبەشکردنی ئیرلەندییە کاتۆلیکەکان لە مافەکانیان
[دەستکاری]ئیرلەندا چیرۆکێکی چەوساندنەوەی بەخۆیەوە بینی کە کەمینەی پرۆتێستانت بەسەر زۆرینەی کاتۆلیکدا لە سەدەکانی حەڤدەیەم و ھەژدەیەمدا سەپاندبوویان، کاتێک کاتۆلیکەکان لە خاوەندارێتی زەوی و لە خوێندن و لە مافی دەنگدان و لە چوونە ناو پەرلەمانی ئیرلەندی ئەو کاتە بێبەش کران، ھەروەھا یاسایەک دەرچوو کاتۆلیکەکانی پابەند دەکرد بە دابەشکردنی میراتی کەسی مردوو لە زەوی و زار لە نێوان کوڕەکاندا بە یەکسانی، و ئەگەر برای گەورە مەزھەبەکەی بۆ پرۆتێستانت بگۆڕیایە تەواوی میراتەکەی بەدەست دەھێنا، ھەروەھا کەمینەکە زۆرێک لە یاساکانیان دەرکرد کە زۆرینەیان ھەژار کرد و بووە ھۆی تێکچوونی باری ئابوورییان بۆ چەندین دەیەی درێژ پێش برسییەتییە گەورەکە، لە بەرامبەردا ئەم یاسایانە کەمینەکەیان بەھێز کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی ژیان. کاتێک شانشینی یەکگرتوو لە ساڵی ١٨٠١دا فەرمانڕەوایی ئیرلەندای کرد، ئابووری ئیرلەندای زیاتر لە جاران قۆرخ کرد، و ژمارەی ئیرلەندییەکان زیادی کرد و لەو کاتەدا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژیان [٥] سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٢٩دا بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد کە تێیدا مافە زەوتکراوەکانیان بۆ کاتۆلیکەکان گەڕاندەوە وەک چوونە ناو پەرلەمان [٦]، و ئیرلەندا نوێنەری لە ئەنجومەنی گشتی و ئەنجومەنی لۆردەکان ھەبوو [٧]، و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەریتانیا ڕووبەڕووی کێشەی چۆنیەتی حوکمڕانی لە وڵاتێکدا بوونەوە کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بینجامین دزرائیلی لە ساڵی ١٨٤٤دا بەوە وەسفی کردبوو کە «دانیشتووانەکەی برسین و ئەرستۆکراتەکانی لێی نین و مەزھەبێکی کڵێسایی جیاوازی ھەیە و جگە لەوەش بێھێزییەکی جێبەجێکردنی تێدایە کە لە جیھاندا وێنەی نییە»[٨]
خاوەن زەوییەکان و کرێنشینەکان
[دەستکاری]خاوەن زەوییەکان دەسەڵاتەکانی خۆیان بێ ویژدانانە لە دژی ئیرلەندییە ھەژارەکان بەکارھێنا، و ئەو شێوازەی کە دارایی خاوەن زەوییە ئەنگلۆ-ئیرلەندییە پرۆتێستانتەکانی پێ بەڕێوە دەبرا کە ژمارەیەکیان لە ئینگلتەرا نیشتەجێ بوون و بە خاوەن زەوییە غایببووەکان دەناسران، ھۆکارێکی تری برسییەتییەکە بوو، و ئەم شێوازە ئاسوودەیی بۆ خاوەنەکان دابین دەکرد لە ڕێگەی سپاردنی ئەرکی کۆکردنەوەی پارەی کرێکان بە ناوەندگیر یان وەکیل، و لە کەموکوڕییەکانی ئەم سیستمە ئەوە بوو کە ناوەندگیرەکان کرێنشینەکانیان دەچەوساندەوە. حکوومەتی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٤٣دا بابەتی زەوی و زار و خانووبەرەی لە ئیرلەندا بە بنەمای کێشەی ناڕەزایەتی و ناپاکی دانا، بۆیە لێژنەیەکی شاھانەی نارد بۆ لێکۆڵینەوە لە یاساکانی پەیوەست بە خاوەندارێتی زەوی لە ئیرلەندا، ڕامیار و پارێزەری ئیرلەندی دانیال ئۆکۆنێڵ کە لە ساڵی ١٨٢٩دا حکوومەتی بەریتانیای ناچار کرد بڕیاری ئازادکردن دەربکات - وەسفی کرد - کە لێژنەیەکی لایەنگرە و لە خاوەن زەوییەکان پێکھاتووە بەبێ کرێنشینەکان،[٩] بەڵام لێژنەکە لە شوباتی ساڵی ١٨٤٥دا ڕای گەیاند کە «مەحاڵە وەسفی ئەو بێبەشییە بەردەوامە بکرێت کە ئیرلەندییەکان بە بێدەنگی بەرگەی دەگرن، خواردنیان پەتاتە و تاکە خواردنەوەیان ئاوە و ماڵەکانیان بە دەگمەن لە توندی کەشوھەوا دەیانپارێزێت، و جێگا و لێفە کەم دەست دەکەون، و ھەموو بەرازەکانیان لەگەڵ پاشماوەکانیان تاکە ماڵ و موڵکیانن»، لێژنەکە گوتی ھۆکاری خراپیی دۆخی ئیرلەندییەکان پەیوەندی خراپی نێوان خاوەن زەوییەکان و کرێنشینەکانە، و زۆربەی ئەم خاوەنەکان بە چاوێکی دوژمنکارانە سەیری ئیرلەندایان دەکرد و وەک شوێنێکی نەگونجاو بۆ ژیان دەیانبینی، بۆیە زۆریان لە دەرەوەی ئیرلەندا دەژیان و ڕەنگە یەکێکیان تەنیا جارێک یان دوو جار لە ژیانیدا بێتە سەر موڵکەکانی یان ھەرگیز نەیەت، بۆیە پارەی کرێکان لە ئیرلەنداوە ڕەوانە دەکران تاوەکو سەرمایەکان کۆببنەوە و لە ئینگلتەرا خەرج بکرێن.
کرێنشینەکان و دابەشکردنی زەوی و مایەپووچی
[دەستکاری]یاسای دابەشکردنی میرات کە پێش حوکمڕانی بەریتانیا بەسەر کاتۆلیکەکاندا سەپێنرابوو بووە ھۆی کەمبوونەوەی خاوەندارێتییان لە زەوی، بۆیە پشکە کشتوکاڵییەکانیان زۆر سنووردار بوون، و پارچە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەشی جوتیارەکەی نەدەکرد تا کشتوکاڵەکەی جۆراوجۆر بکات بۆ ئەوەی بەرھەمی جۆراوجۆر بەدەست بھێنێت و مەڕوماڵات بەخێو بکات، ھەروەھا ڕووەکێکیان دەست نەدەکەوت کە لەسەر ڕووبەرێکی سنوورداری زەوی بەرھەم بدات و بەشی تێرکردنی خێزانەکانیان بکات جگە لە پەتاتە، بۆیە شانشینی یەکگرتوو بڕیاری دا کە شێوازی دابەشکردنی میرات نایاسایی بێت دوای ڕوودانی برسییەتییەکە. پشکی جوتیارەکان لەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە بە کرێیان دەگرت زۆر بچووک بوو، ھەروەھا لە خاوەنەکانیان بە کرێ دەگرت و ناچار بوون بەبێ مووچە کار بکەن بۆ دانەوەی کرێی زەوییەکە و بۆ بەرھەمھێنانی بەرھەمێک کە بە زەحمەت بەشی تێرکردنی خێزانەکانیانی دەکرد، بۆیە پەتاتەیان بە زۆری چاند لەبەر ھەمان ھۆکار، بۆیە پەتاتە بووە خاوەن چاندنێکی زۆر، لە ئەنجامدا سیستمی ئیرلەندا بووە تاک کشتوکاڵی کە ھۆکارێکی گرینگ بوو بۆ کارەساتی برسییەتییەکە. خاوەندارێتی پارچە زەوییەک لە ئیرلەندا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا بە واتای جیاوازی نێوان ژیان و مردن بوو.[١٠]
پشتبەستن بە پەتاتە
[دەستکاری]

کاتێک ڕوەکی پەتاتە لە ئەمریکای باشوورەوە ھاتە ناو ئیرلەندا تەنیا ڕوەکی جوانی بوو کە لە باخچەکاندا دادەنرا، پاشان لە کۆتایی سەدەی حەڤدەیەمدا پەتاتە بووە خواردنێکی باو و پاشان گۆڕا بۆ خواردنێکی سەرەکی بۆ ھەژاران بەتایبەت لە وەرزی زستاندا [١٢]، و پشتبەستن بە کشتوکاڵی پەتاتە و پشتگوێخستنی بەرھەمەکانی تر لە ئیرلەندا بووە ھۆی کارەساتێکی خۆراکی دوای ئەوەی ئافاتی کەڕووی درەنگەوەرەی کشتوکاڵی بەرھەمەکانی پەتاتەی لەناو برد، و ئیرلەندا تەنیا وڵات نەبوو کە بەرھەمەکانی تووشی ئەم ئافاتە بن بەڵکو وڵاتانی تری ئەورووپاش تووشی بوون بەڵام برسییەتی لێ ڕووی نەدا بەھۆی ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی پشتیان بە پەتاتە نەبەستبوو جگە لە نەبوونی بارودۆخ و ھۆکارەکانی تر کە بوونە ھۆی ڕوودانی لە ئیرلەندا.
پەتاتە وەک بەرھەمێکی خۆراکی و ھەروەھا ئالیک بۆ مەڕوماڵات پێش ڕوودانی برسییەتییە گەورەکە بەکارھاتووە، نزیکەی ٣٣٪ی بەرھەمی کشتوکاڵی پەتاتە کە بە ٥،٠٠٠،٠٠٠ تەنی ئەمریکی (نزیکەی ٤،٥٠٠،٠٠٠ پاوەند) دەخەمڵێنرێت وەک خۆراک و ئالیک بەکار دەھێنرا.[١٣]
ئافاتی کشتوکاڵی
[دەستکاری]چەندین برسییەتی لە ئیرلەندا ڕوویانداوە بەڵام بەھۆی بچووکییانەوە سەرنجیان ڕانەکێشاوە، و تۆمارەکان ٢٤ لەناوچوونیان - لە ماوەی دەیەکانی پێش برسییەتییەکەدا - لە بەرھەمەکانی پەتاتەدا بەھۆی ئافاتی کشتوکاڵییەوە نیشان داوە، و ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە ژیرانە نییە تەنیا پشت بە پەتاتە ببسترێت وەک ڕووەکێکی خۆراکی کشتوکاڵی. ئیرلەندا بەرگەی شۆکی ھەواڵەکەی نەگرت کاتێک چوونە ناوەوەی ئافاتێکی نەناسراو کە ئەویش کەڕووی درەنگەوەرە بوو بۆی ڕاگەیەندرا کە سێیەکی بەرھەمی ساڵی یەکەمی لەناو برد. بنەچەی ئافاتی کەڕووی درەنگەوەرە دەگەڕێتەوە بۆ دۆڵی تۆلوکا لە مەکسیک[١٤]، کە لەوێوە گوازرایەوە بۆ ئەوەی لە ئەمریکای باکوور بڵاوببێتەوە و پاشان لە ڕێگەی کەشتییەکانەوە بۆ ئەورووپا. ھەواڵەکان دەربارەی ئەو ئافاتە نوێیە لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانی ئەورووپا و ئیرلەندای ئەو کاتە بڵاوکرایەوە[١٥]، ھەر کە کەشتییەکان لە نێوان ھاوین و پاییزی ساڵی ١٨٤٥دا لە بەندەرە ئەورووپاییەکان لەنگەریان گرت، کەڕووی درەنگەوەرە لە ناوەڕاست و باکووری ئەورووپا لە کێڵگەکانی بەلجیکا و ھۆڵەندا و باکووری فەڕەنسا و باشووری ئینگلتەرا بڵاو بووەوە [١٦] و لەوێوە بۆ باقی ئەورووپا.
ھەوڵەکانی فریاگوزاری
[دەستکاری]بەخشین بە بڕی ١٤,٠٠٠ پاوەندی ئیستەرلینی لەلایەن سەربازانی ئیرلەندی و فەرمانبەرانی ئیرلەندی لە کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵات لە کڵکەتە کۆکرایەوە، ھەروەھا پاپا پیۆسی نۆیەم بڕێک پارەی بەخشی، و شاژن ڤیکتۆریا دوو ھەزار پاوەندی ئیستەرلینی بەخشی، و ١٧١,٥٣٣ پاوەند لە ئینگلتەرا و ئەمریکا و ئوسترالیا کۆکرایەوە وەک وەڵامێک بۆ پەیامێکی شاژن ڤیکتۆریا،[١٧] و کۆی گشتی بەخشینە بەریتانییەکان گەیشتە نزیکەی دوو سەد ھەزار پاوەندی ئیستەرلینی.
یارمەتی لە دەوڵەتی عوسمانییەوە
[دەستکاری]سوڵتانی عوسمانی عەبدولمەجیدی یەکەم ڕای گەیاند کە مەبەستییەتی دە ھەزار پاوەندی ئیستەرلینی ببەخشێتە جوتیارانی ئیرلەندی، بۆیە شاژنی بەریتانیا ڤیکتۆریا داوای کرد بیکات بە ھەزار پاوەند چونکە ئەو خۆی تەنیا دوو ھەزار پاوەندی بەخشیبوو، بەڵام سوڵتانی عوسمانی ھەزار پاوەندی نارد و لەگەڵیدا سێ کەشتی پڕ لە خۆراک، و بەریتانیا ڕێگری لە چوونە ناوەوەی کەشتییەکانی بۆ بەندەرەکانی بێڵفێست و دبلن کرد، بەڵام خۆراکەکان گەیشتنە بەندەری درۆگێدا لەسەر پشتی کەشتییە عوسمانییەکان.[١٨][١٩] و نامەیەکی سوپاسگوزاری لە ئەرشیفی عوسمانی لە تورکیا پارێزراوە کە لەلایەن کەسایەتییە ئیرلەندییەکانەوە ئاراستەی سوڵتان کراوە بۆ یارمەتییەکەی و وەک دانپێدانانێک بە چاکەکەیدا.[٢٠]
یارمەتی لە سوورپێستەکانەوە
[دەستکاری]کۆمەڵێک لە سوورپێستەکانی چۆکتاو حەوت سەد و دە پاوەندی ئیستەرلینییان کۆکردەوە بۆ یارمەتیدانی ئیرلەندا لە ناوەڕاستی برسییەتییەکەدا.
کۆچ
[دەستکاری]ھەندێک لە ئیرلەندییەکان لە چەندین دەیەی پێشترەوە کۆچیان کردبوو و نیشتەجێ بوون و کاریان کرد و ئەو پارانەیان ڕەوانە کردەوە کە بڕەکەی گەیشتە ١،٤٠٤،٠٠٠ لە ساڵی ١٨٥١دا[٢١] بۆ کەسوکاریان لە ئیرلەندا بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بێن، بەڵام ژمارەی کۆچکردن بەھۆی برسییەتییە گەورەکە گەیشتە ٢٥٠ ھەزار کۆچبەر لە یەک ساڵدا لە کاتی برسییەتییەکەدا، و کۆی گشتی کۆچبەران لە ماوەی برسییەتییەکەدا زیاتر لە ملیۆنێک کەس بوو، کۆچیان کرد بۆ ئینگلتەرا و سکۆتلەندا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا، و ئەوانەیان کە چوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شارەکانی بۆستن و ماساچووسیتس و نیوویۆرک و فیلادلفیا و پێنسیلڤانیا و باڵتیمۆر، مارایلاند نیشتەجێ بوون، و بوونە خاوەن دەسەڵات لە پیشەسازی کانزاکان لە ھەندێک ناوچەدا.
قوربانییانی برسییەتییەکە
[دەستکاری]
ژمارەی مردووان بە تەواوی نەزانراوە بەڵام زۆرێک لەوانەی مردوون بەھۆی نەخۆشییەوە بووە نەک برسییەتی [٢٢]، و ھەندێک لەوانەی گەواھیدەری برسییەتییەکە بوون وەسفی ئەوەیان تۆمار کردووە کە بە چاوی خۆیان بینیویانە
ئامارەکان تۆماریان کردووە کە ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ١٨٤١دا ھەشت ملیۆن و نیو بووە [٢٥]، و پێشبینی دەکرا ژمارەی دانیشتووانی ئیرلەندا لە نێوان ھەشت ملیۆن بۆ نۆ ملیۆن کەس بێت لە ساڵی ١٨٥١دا، بەڵام تۆمارەکان نیشانیان داوە کە ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ١٨٥١دا بووەتە ٦،٥٥٢،٣٨٥ ملیۆن واتە ملیۆنێک و نیو کەمی کردووە لەم ماوەیەدا[٢٦]، و نەخۆشییەکان ڕێگەی خۆیان دۆزییەوە لە ڕێگەی شوێنە قەرەباڵغەکانەوە وەک پەناگەکان و شوێنەکانی کۆبوونەوە، بۆیە نەخۆشییەکانی وەک تیفوس و تای تیفۆئید و سگڵ و وەزەمە و سورێژە و سکچوون و ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە و کۆکەڕەشە و زۆرێک لە کرمە مشەخۆرەکان و ھەروەھا ئەنفلۆنزا و ھاوڵە زۆرێک لە گیانی مرۆڤەکانیان دروێنە کرد[٢٧] .[٢٨]
دوای برسییەتییەکە
[دەستکاری]بەرھەمەکانی پەتاتە وەک کاڵای سەرەکی لە ئیرلەندا مانەوە، و ڕێژەی بەکارھێنان بۆ ھەر تاکێک لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا چوار پاوەند بوو لە ڕۆژێکدا و بەرزترین بوو لە جیھاندا،[٢٩] و شوێنەوارەکانی برسییەتی دوای ئەوە کەمی کرد و بوونە بەشێک لە ڕابردوو تەنیا لای مێژوونووسان نەبێت، و ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ١٩١١دا بۆ ٤.٤ ملیۆن کەس دابەزی.[٢٥] زۆرێک لە مۆنۆمێنتە یادگارییەکانی برسییەتی لە ئیرلەندا ھەن بەتایبەت لەو شوێنانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە و لەو شوێنانەی ئیرلەندییەکان بۆی کۆچیان کردووە لە دەوروبەری جیھان وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 Kinealy 1995.
- 1 2 Kinealy 1994.
- ↑ Ó Gráda 2002.
- ↑ Woodham-Smith 1991.
- ↑ Woodham-Smith 1991، لاپەڕە 31.
- ↑ MacManus 1979، لاپەڕەکانی 458–459.
- ↑ Póirtéir 1995.
- ↑ Blake 1969، لاپەڕە 179.
- ↑ Woodham-Smith 1991، لاپەڕەکانی 20–1.
- ↑ Laxton 1997.
- ↑ Bourke، P. M. Austin (١٩٦٠)، [The Extent of the Potato Crop in Ireland at the time of the Famine «The Great Irish Potato Famine, and: Famine, Land and Culture in Ireland (review)»]، Dublin: Journal of the Statistical and Social Inquiry Society of Ireland، بەرگی XX, Part III، دبلن، جزيرة أيرلندا: Statistical and Social Inquiry Society of Ireland، ISSN ٠٠٨١-٤٧٧٦.
{{citation}}: نرخی|ناونیشان=بپشکنە (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|تاريخ أرشيف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|تاريخ الوصول=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|لاپەڕەکان=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|مسار أرشيف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|مسار=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی) - ↑ Póirtéir 1995، لاپەڕە 19–20.
- ↑ [Production, prices and exports, 1846–51 3.5. Higher domestic prices in Brazil boost sugar and alcohol production and exports]، A New History of Ireland، بەرگی V، Oxford University Press، ٢٠١٠، ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-٩٥٧٨٦٧-٢
{{citation}}:|یەکەم=missing|یەکەم=(یارمەتی); نرخی|ناونیشان=بپشکنە (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەش=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|دوایی=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|لاپەڕە=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|محرر=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی) - ↑ Neiderhauser, JS 1991 Phytophthora infestans: the Mexican connection pp 25–45 Symposium of the Mycological Society. Lucas, JA, Shattock, RC, Shaw, DS, Cooke, LR, eds. چاپخانەی زانکۆی کامبریدج.
- ↑ Kinealy 1995، لاپەڕە 31.
- ↑ Donnelly 2005، لاپەڕە 42.
- ↑ Kinealy 1995، لاپەڕە 161.
- ↑ Akay 2012.
- ↑ Aymaz 2007.
- ↑ [Abdülmecid'in İrlanda halkına yaptığı yardım 'efsane' değilmiş «http://www.zaman.com.tr/gundem_abdulmecidin-irlanda-halkina-yابتigi-yardim-efsane-degilmis_1256853.html»]. Zaman.
{{cite web}}: بەستەری دەرەکی لە(یارمەتی); نرخی|سەردێڕ=|ناونیشان=بپشکنە (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەروار=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەرواری ئەرشیف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|سەردێڕی ئەرشیف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی) - ↑ Foster 1988، لاپەڕە 371.
- ↑ Woodham-Smith 1991، لاپەڕە 204.
- ↑ Ghabhann 1997.
- ↑ Society of Friends. Central Relief Committee 1852.
- 1 2 Killen 2003.
- ↑ Vaughan 1978.
- ↑ Kennedy et al. 1999، لاپەڕە 104.
- ↑ Levi-Bacci.
- ↑ Waldron، George B. [The World's Bill of Fare «https://books.google.com/books?id=QC00iTpXcQ4C&pg=PA16#v=onepage&q&f=false»]. McClure's.
{{cite news}}: بەستەری دەرەکی لە(یارمەتی); نرخی|سەردێڕ=|ناونیشان=بپشکنە (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەروار=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەرواری ئەرشیف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|بەرواری گەیشتن=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|سەردێڕی ئەرشیف=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی)
<ref> بۆ گرووپێک بەناوی «fn» ھەن، بەڵام ھیچ تاگێکی ھاوتای <references group="fn"/> نەدۆزرایەوە